بۆچی ڕەخنە ئەخلاقییەکان لە ئایین لەناو چوارچێوەیەکی مادیگەراییدا بە شێوەیەکی بنەڕەتی شکستخواردوون؟

نووسینی: محەمەد لایڵ
پێشەکی 2024-03-11 کۆمێنت 5 خولەک بۆ خوێندنەوە 365 جار بینراوە

بێگومان ئەگەر بەخێرایی سەیرێکی ئینتەرنێت بکەیت، دەیان پێگە و سەرچاوەی جیاواز کە هەڵگری جیهانبینیەکی مادیگەرایین، ڕەخنەی ئەخلاقییان لە ئیسلام گرتووە وەکو بابەتی ئافرەت و کۆیلە و جەنگ. جا لەم نووسینەدا بەپوختی ئەوە پیشان دەدەم بۆچی ئەگەر کەسێک باوەڕدار بێت بە مادیگەرایی، ڕەخنە ئەخلاقییەکانی هەر لە بنچینەوە شکستخواردوون.

بێگومان عەقڵێکی ساغ بەئاسانی لەوە تێدەگات، ئەگەر شتێک ویستی ئازادی نەبێت و تەنها بووکەڵەیەک بێت بجووڵێنرێتەوە لەلایەن پێکهاتەکانی، ئەوا هەر شتێک بکات لە ڕووی ئەخلاقییەوە بەرپرسیارێتیی لەسەر نییە. بۆ نموونە، بێمانایە و گاڵتەجاڕییە پێمان وابێت تۆپەڵە بەفرێک کە بەردەبێتەوە لە شاخێک بە ویستی خۆی دێت و دەچێت، چونکە تۆپەڵە بەفرەکە پێکهاتووە لە ئەتۆم و ملکەچی ئەتۆم و کارلێکە فیزیکییەکانە.

جا با ئێستا بچینە لای ویستی ئازاد، فیزیکگەرایی و ناحەتمییەت.

ئەگەر دوالیزم* بکەینە دەرەوەی باسەکە، ئەوا دۆخی ناحەتمییەت باشتر نابێت لە حەتمییەت. ڕوونە کە حەتمیەت (ناچارگەرایی – Determinism) ڕێ نادات بە شتانێک کە پێی دەوترێ ویستی ئازاد و بەرپرسیارێتیی ئەخلاقی، بەڵام هەندێک پێیان وایە ناحەتمییەت ژوورێک بە ویستی ئازاد و بەرپرسیارێتی دەدات.

ئێستا با بپرسین بۆچی ئەگەر ناحەتمییەت ڕاست بێت، مرۆڤ ویستی ئازاد و بەرپرسیارێتیی ئەخلاقیی هەیە؟

تەنها لەبەر ئەوەی زنجیرەی هۆکار و کاریگەرییەکان حەتمی نین، چۆن بتوانین بڵێین مرۆڤ ویستی ئازادی هەیە؟ لەناو چوارچێوەیەکی ناحەتمیدا ئەو سەرچاوەیە چییە کە دەبێتە هۆی بڕیارەکانی مرۆڤ؟

ئەگەر بپرسین مرۆڤ لەنێو جیهانبینیەکی مادیگەراییدا چییە، وەڵامەکە ڕوونە، تەنێکی فیزیکی پێکهاتوو لە ئەتۆمە و شتێک نییە بە ناوی agent یاخوود بکەرێک، ئەتۆمەکانی جەستەی مرۆڤیش بەرهەمی کارلێک و ڕووداوە فیزیکییەکانی پێش خۆیانن، جا ئەو ڕووداو و زنجیرەی هۆکار و کاریگەرییانە حەتمی بن یان نا گرنگ نییە، ئەوەی لێرەدا ڕوونە لامان، ئەمەیە: ئەوەی کە پێمان وایە بڕیاری خۆمانە، (ئەوە بخەینە ئەولاوە شتێک نییە بە ناوی self و خۆمان) تەنها کاریگەریی ڕووداوی فیزیکی پێشترە جا لە ناو چوارچێوەیەکی حەتمیدا بێت یان ناحەتمی. ئەوەی ئێمە دەتوانین پێی بڵێین پرۆسەی بڕیاردان Decision-making process، بە شێوەیەکی حەتمی بێت یان نا، بەرهەمی ڕووداو و دۆخە فیزیکییەکانی پێشووترە.

ئەگەر ئەمە بکەینە فۆرمێکی ستانداردی ئارگومێنت بەم شێوەیەی لێ دێت:

هەموو تەنێکی فیزیکی بەرهەمی ڕووداو و کارلێک و دۆخی فیزیکیی ڕابردووە، بە شێوەیەکی حەتمی بێت یان نا. (وا گریمانە کراوە هەموو کاریگەرییەک بەرهەمی هۆکارێکی فیزیکی بێت causal closure)

مرۆڤ تەنها تەنێکی فیزیکییە. (وا گریمانە کراوە ڤێرشنێکی فیزیکگەرایی ڕاستە physicalism)

کەواتە دۆخە عەقڵییەکانی مرۆڤ (mental states) کە هەر دۆخەکانی مێشکن (brain states) و سەرچاوەی بڕیارەکانی مرۆڤن، بەرهەمی ڕووداو و کارلێک و دۆخی فیزیکیی ڕابردوون. (لە پێشەکیی 1 و 2)

کەواتە، حەتمییەت ڕاست بێت یان نا، مرۆڤ ویستی ئازادی نییە. (لە پێشەکیی 1 بۆ 3)

چۆن بتوانین لەم ئارگومێنتە دەربچین؟ تەنها دەتوانین پێشەکیی یەکەم و دووەم ڕەت بکەینەوە:

بە ڕەتکردنەوەی پێشەکیی یەکەم، هەروەها بڵێین هەندێ کاریگەریی فیزیکی هەن بەرهەمی هۆکاری نافیزیکین. بێگومان دەتوانین ئەمە بڵێین، بەڵام بە کردنی ئەمە واتا مادیگەرایی/فیزیکگەرایی هەڵەیە.

 ڕەتکردنەوەی پێشەکیی دووەم، هەروەها بڵێین مرۆڤ زیاترە لە جەستەیەکی فیزیکی و لایەنێکی ناماددیی هەیە وەکو ڕۆح، یان فۆرمێکی دوالیزم ڕاستە. بێگومان دەتوانین ئەمە قبووڵ بکەین، بەڵام بە کردنی ئەمە واتا ماددیگەرایی/فیزیکگەرایی هەڵەیە.

بۆیە ئەو هەوڵانەی کە دڵیان بە ناحەتمییەت خۆشە بەوەی ڕێ بە ویستی ئازاد دەدات، هەر لە بنچینەدا شکستخواردوون.

تاکە ڕێگایەک بۆ بوونی ویستی مرۆڤ بریتییە لەوەی باوەڕمان وا بێت ڤێرشنێک لە ڤێرشنەکانی دوالیزم ڕاستە و جەستەی فیزیکیمان تەواوی چیرۆکەکە نییە، بەڵکو دەبێت لایەنێکی ناماددی (وەک ڕۆح) بوونی هەبێت، کە بە شێوەیەکی سەرەوە بۆ خوار (Top down causation) کار بکاتە سەر بەشەکانی جەستە. بەڵام بوونی ئەمەیش واتا هەڵەبوونی مادیگەرایی.

با بێینەوە بۆ لای ڕەخنە ئەخلاقییەکان، ئەگەر کەسی ماددیگەرا جیهانبینیی خۆی پێ ڕاست بێت، ئەوا چیتر نابێت باس لە ڕەخنەی ئەخلاقی بکات، چونکە لە جیهانبینییەکەی ئەودا شتێک نییە بە ناوی ویستی ئازاد و توخمەکانی ویستی ئازاد (بکەرێتی agency، نییەت intention، هەڵبژاردەکان options) بەڵکو ئەوەی تەنها هەیە بریتییە لە کۆمەڵێک تەنی ماددی کە پێکهاتوون لە ئەتۆم؛ ئەم ئەتۆمانەیش بەرهەمی زنجیرەی هۆکار و کاریگەریی خۆیانن، جا بە شێوەیەکی حەتمی بێت یان نا. کاتێکیش ویستی ئازاد بوونی نەما، شتێک بە ناوی بەرپرسیارێتیی ئەخلاقی نامێنێت.

*************************

بۆ زانیاریی زیاتر کە بۆچی مادیگەرایی ڕێ بە بوونی ویستی ئازاد نادات، بڕوانە ئەم سەرچاوە بەشی Will:

Rasmussen, J. L. (2023). Who are you, really? A philosopher’s inquiry into the Nature and origin of persons. InterVarsity Academic.

* دوالیزم-Dualism: تێڕوانینێکە لەناو فەلسەفەی عەقڵدا هەیە، پێی وایە مرۆڤ تەنها بریتی نییە لە جەستە و مێشکێکی فیزیکی بەڵکو لایەنی ناماددیی هەیە.

تێبینی: ئەمە تەنها یەک لایەنە بۆ پیشاندانی شکستخواردوویی و ناتەبایی ڕەخنە ئەخلاقییەکان لە ئایین لەلایەن ماددیگەراکان، هەندێ لایەنی تر هەن کە گرنگن بۆ گفتوگۆ وەک ئەوەی ئایا ڕاستییە ئەخلاقییەکان Moral truths بوونیان هەیە یان نا؟ ئەگەر هەن لەسەر چی بەندن؟ هاندەر چین بەپێی ئەوان بژیین؟

تاگەکان    
مۆدێرنە یاری ئایا سۆفیا کۆیلایەتی ئیلحاد نەتەوایەتی سۆفیگەری یادەوەری ڕەخنە بۆ ئەوانەی وەكو خۆمن ڕەزا بابایی وەلی ئەمر زانکۆ کتێب عیرفان
پێشەکی
2024-03-11 کۆمێنت 5 خولەک بۆ خوێندنەوە 365 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی