تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان سەرگەرمی و خۆشی دەبەخشن، بەڵام کاتێکی زۆر لە ژیانمان دەبەن، ئەمە جگە لەوەی پڕن لە دژیەکی. دەکرێت خۆش بن، بەڵام هەندێک جار تووڕەمان دەکەن.
سۆشیاڵ میدیا دەتوانێت هەستی تەنیاییت کەم بکاتەوە، هاوکات هەستی دابڕان و کەمتوانایی درووست دەکات. وەکو ئالوودەبوونە، ئەگەر کاتێکی زۆر لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان یان بەگشتی لەسەر مۆبایلەکەت بەسەر دەبەیت، ڕەنگە زەحمەت بێت بیر لە ژیانێکی خاڵی لەوانە بکەیتەوە.
سەرەڕای ئەمەیش، هۆکاری زۆر هەن کە وات لێ دەکەن بیر لە پشوودان لەم چاوپێداخشاندنە بێکۆتایە بکەیتەوە.
ئەمانە هەندێک لەو گۆڕانکارییانەن کە لە ژیانتدا دەیانبینیت، کاتێک لە سۆشیاڵ میدیا دوور دەکەویتەوە، تەنانەت بۆ ماوەیەکی کورتیش بێت:
١- کارەکانت زیاتر و خێراتر ئەنجام دەدەیت.
کاتێک واز لە دڵەڕاوکێی نۆتیفیکەیشنەکانی ئامێرە ئەلیکترۆنییەکانت دەهێنیت، بێگومان باشتربوونێک لە ئاستی بەرهەمهێنانت دەبینیت، بەپێی ڕاپۆرتێکی Reader's Digest.
د. جۆن کانتۆر، پسپۆڕی دەروونناسیی میدیا و پەیوەندییەکان، دەڵێت: "ئەوەی سۆشیاڵ میدیا جیا دەکاتەوە ئەوەیە کە بەردەوام دەمانپچڕێنێت". دەیشڵێت: "کاتێک بەردەوام سەیری سۆشیاڵ میدیا دەکەین، ڕاستییەکەی جۆرێک لە فرەکاری دەکەین، فرەکارییش وا دەکات هەموو کارەکانمان کاتێکی زیاتریان پێ بچێت و بە شێوەیەکی خراپتر ئەنجامیان بدەین."
ڕاستییەکەی بەپێی خەمڵاندنەکانی کۆمەڵەی دەروونناسیی ئەمریکایی، هەوڵدان بۆ ئەنجامدانی چەند کارێک لە یەک کاتدا -وەک هاتن و چوون لەنێوان فەیسبووک و پرۆژەیەکی گرنگدا- دەکرێت کاتی بەرهەمهێنان بە ڕێژەی ٤٠٪ کەم بکاتەوە، ئەمەیش نرخێکی زۆر بەرزە لە بەرانبەر چەند لایک و کۆمێنتێکدا.
٢- بیرۆکەی داهێنەرانەت زیاتر دەبێت.
ئەگەر هەست دەکەیت لە ڕووی داهێنەرێتییەوە چەقبەستوویی ڕووی تێ کردوویت، لەوانەیە پەیوەندیی بە خووی بەکارهێنانی سۆشیاڵ میدیاوە هەبێت. د. کانتۆر پێی وایە وەرگرتنی پشوو لەنێوان کارکردندا کلیلی بیرۆکەی داهێنەرانەیە. دەڵێت: "بوونی سۆشیاڵ میدیا لەسەر شاشەکەت دژی چالاکیی داهێنەرانەتە."
کاتێک واز لە سۆشیاڵ میدیا دەهێنیت، خۆت لەم نۆتیفیکەیشنە بێزارکەرانە ڕزگار دەکەیت و ڕێگە بە بیرۆکە داهێنەرانەکانت دەدەیت گەشە بکەن.
٣- لەوانەیە سەرەتا نیگەران بیت.
هەرچەندە کاریگەرییەکانی وازهێنان لە سۆشیاڵ میدیا بەگشتی لە ماوەی درێژخایەندا ئەرێنین، بەڵام یەکەم کاریگەری کە هەستی پێ دەکەیت دڵەڕاوکێ و نیگەرانییە. ئەم هەستانە بەهۆی کشانەوەی دەمارییەوەن و لە هەستی هەمیشە پەیوەندیداربوونەوە سەرچاوە دەگرن.
د. دەیڤید گرینفێڵد، پڕۆفیسۆری یاریدەدەری پزیشکی دەروونی لە زانکۆی کالیفۆرنیا و دامەزرێنەری سەنتەری ئالوودەبوونی ئینتەرنێت و تەکنەلۆژیا، دەڵێت: "ئەگەر سۆشیاڵ میدیا بە شێوەیەکی ئالوودەبوو بەکار بهێنیت، وەک هەندێک کەس دەیکەن، ئەوە ڕێژەی دۆپامینت بەرز دەکاتەوە، بۆیە کاتێک واز دەهێنیت، هەست بە نیشانەکانی کشانەوەی دەکەیت."
خۆشبەختانە ئەم هەستانە دوای چەند ڕۆژێک لە وازهێنان لە سۆشیاڵ میدیا کۆتاییان پێ دێت، بۆیە زوو سوودەکانی دەبینیت.
٤- کەمتر هەست بە دڵەڕاوکێ دەکەیت.
لەبەرئەوەی دەستگەیشتن بە سۆشیاڵ میدیا لە هەر کات و شوێنێک ئاسان بووە، زۆر جار هەست دەکەین ناچارین بەردەوام ئاگاداری هەواڵ و ڕووداوەکان بین.
بەپێی د. گرینفێڵد، هەستی بەردەوام ئاگاداربوون لەوەی لە ئینتەرنێتدا ڕوودەدات، دەبێتە هۆی زیادبوونی هۆرمۆنی کۆرتیزۆل کە بە هۆرمۆنی دڵەڕاوکێ ناسراوە. بەرزبوونەوەی ئاستی کۆرتیزۆل دەتوانێت کۆمەڵێک کاریگەریی نەرێنی لەسەر مێشک درووست بکات، وەک لاوازبوونی یادەوەری و زیادبوونی مەترسی خەمۆکی.
بەڵام دوورکەوتنەوە لە سۆشیاڵ میدیا ڕووبەڕووبوونەوەت لەگەڵ ئەم بەرزبوونەوەیەی کۆرتیزۆل کەم دەکاتەوە، کە یارمەتیت دەدات هەست بە ئارامیی قووڵتر و سەرنجدانی چڕتر بکەیت.
٥- متمانەت بە خۆت زیاتر دەبێت.
خەڵکی بەگشتی حەز دەکەن تەنیا ساتە خۆش و سەرنجڕاکێشەکان لەسەر سۆشیاڵ میدیا بڵاو بکەنەوە، چونکە دەیانەوێت خەڵکی بەو شێوەیە بیانبینن، نەک بە شێوەیەکی خراپ دەرکەون.
ئەمە لەوانەیە وا دیار بێت زیانبەخش نییە، بەڵام کاتێک خەڵکی تەنیا لە باشترین دۆخیاندا دەبینین، ئاسان دەبێت هەست بە کەمتریی خۆمان لە ئاستیاندا بکەین. ئەم ڕەفتارە وامان لێ دەکات بە شێوەیەکی نەرێنی خۆمان لەگەڵ ئەوانی تر بەراورد بکەین، بەتایبەت ئەوانەی پێمان وایە لە ئێمە باشترن، ئەمەیش ئەوەیە کە دەروونناسان پێی دەڵێن: "خۆبەراوردکردنی کۆمەڵایەتی".
بۆ نموونە، ئەگەر کێشەت لە منداڵبوون هەیە، لە ژیانی ڕاستەقینەدا کەس نایەت پێت بڵێت: "سەیری منداڵە جوانەکەم بکە!"، بەڵام لەسەر سۆشیاڵ میدیا، ئەمە ڕوودەدات، چونکە شتەکانمان بۆ فۆڵۆوەرگەلێک پۆست دەکەین، بێ ئەوەی بارودۆخیان بزانین.
٦- خەوی زیاترت دەبێت.
زۆر جار پێش خەوتن دەست بە سەیرکردنی سۆشیاڵ میدیا دەکەیت، لەناکاو دەبینیت کاتێکی زۆر زیاترت بەسەر بردووە لەوەی پلانت بۆ دانابوو.
د. گرینفێڵد ئاماژە بەوە دەکات کە ئەم خووە لای زۆرێک لە خەڵک لە شەودا بووەتە شتێکی باو، کە کاتژمێرێک یان دوو کاتژمێر لەناو جێگادا سۆشیاڵ میدیا بەکار دەهێنن.
دەڵێت: "بیری لێ بکەرەوە، ئەگەر ڕۆژانە ئەمە بکەیت، مانای وایە ١٥ کاتژمێر لە هەفتەیەکدا تەنها لەسەر سۆشیاڵ میدیا بەسەر دەبەیت". بۆیە بە وازهێنان لە سۆشیاڵ میدیا، خۆت لەم پابەندبوونە زیادانە ڕزگار دەکەیت و خەوێکی باشی تەندروست وەردەگریت.
٧- کەمتر دادەنیشیت.
زانایان دەڵێن دانیشتنی درێژخایەن وەک جگەرەکێشان بۆ تەندروستییت مەترسیدارە. دوای ڕۆژێکی درێژی کارکردن، بەشێکی زۆری کاتی پشوومان بۆ سەیرکردنی سۆشیاڵ میدیا، بە دانیشتنەوە بەسەر دەبەین.
دوورکەوتنەوە لە سۆشیاڵ میدیا کاتت بۆ چالاکیی تەندروست ئازاد دەکات، بەڵام دڵنیا بە لەوەی سەیرکردنی سۆشیاڵ میدیا بە یاریی ئەلیکترۆنی یان تەلەفزیۆن نەگۆڕیتەوە.
٨- کەمتر تووڕە دەبیت.
لە پشت شاشەوە زۆر ئاسانترە کۆمێنتێکی توند بنووسیت، بەراورد بەوەی ڕوواوڕوو سووکایەتی بە کەسێک بکەیت. بەڵام کاتێک دەست لە سۆشیاڵ میدیا هەڵدەگریت، لەم شەڕە بێسوودانە دوور دەکەویتەوە و کەمتر هەڵدەچیت.
د. کیرستینگ دەڵێت "ناچار نابیت بەدرێژایی ڕۆژ هەستی تووڕەیی هەڵبگریت، بەهۆی ئەوەی کەسێکی تر پۆستێکی کردووە."
٩- پەرە بە هۆشیاریی سۆزدارییت دەدەیت.
وازهێنان لە سۆشیاڵ میدیا نەک تەنها دەتکات بە کەسێکی باشتر، بەڵکو یارمەتییشت دەدات هۆشیاریی سۆزدارییت پەرە پێ بدەیت، کە توانایەکی بەنرخە لە پەیوەندییەکانماندا لەگەڵ خێزان، هاوڕێیان و لە کاریشدا. بەڵام ئەم تواناییە پێویستی بە پەیوەندیی زیاتر هەیە لەگەڵ خەڵکدا.
تۆم کیرستینگ، چارەسەرکاری دەروونی، دەڵێت: "کاتێک ڕۆژانە بۆ چەندین کاتژمێر لەبەردەم شاشەی کۆمپیوتەردا دادەنیشین، دەرفەتی پەیوەندیی ڕووبەڕوو لەگەڵ کەسانی تردا کەم دەکەینەوە، بەم شێوازە هۆشیاریی سۆزدارییشمان کەم دەکەینەوە."
سەربەرزکردنەوەت لەسەر شاشەکە و ئەنجامدانی گفتوگۆی ڕاستەقینە، دەتوانێت کوالێتیی پەیوەندییەکانت باشتر بکات و یارمەتییت بدات پەرە بەم توانا گرنگە بدەیت.
سەرچاوە: ماڵپەڕە ئەلیکترۆنییەکان