زەوی لەپێشی لێشاوێکی ڤایرۆسیی نوێیە تا ساڵی ٢٠٧٠!

نووسینی: مەڕوە عیززەت وەرگێڕانی: محەمەد جەبار
زانست 2022-06-02 کۆمێنت 5 خولەک بۆ خوێندنەوە 1642 جار بینراوە

لە جێگەیەک لە خاکی چین ئەوەی کە نەدەبوو ڕووبدات، قەوما! لە یەکێک لە بازاڕە تەڕ و قەرەباڵەغەکانی، گۆشتی سەربڕاو و باڵندە دەفرۆشران، لەگەڵ ٣٨ جۆری جیاوازی ئاژەڵی کێویی نامۆ، لە سەگ، ڕاکۆن، مشکی بامبۆ، ڕێوی سوور، جرج و مار، چڕوجانەوەر، هەریەکەیان کۆمەڵێکی تایبەتی خۆیان هەڵگرتبوو لە ڤایرۆسە مەترسیدارەکان.١  لە هەلومەرجێکی ئاساییدا بڕیار نییە ئەم کۆمەڵە و جۆرە جیاوازانەی ڕەگەزی ئاژەڵان لە یەک شوێن کۆببنەوە، بەڵکو مرۆڤی لاسار هەمیشە لە هەوڵی زاڵبوون بووە بەسەر یاساکانی سروشت بۆ چێژی خۆی، ئەنجامەکەشی چی بووە؟

ئەو ئەنجامەی کە تا ئەمڕۆ بەدەست لێکەوتەکانیەوە دەناڵێنین، سەرهەڵدانی ڤایرۆسێکی نوێیە کە توانی لە جیهانی ئاژەڵەکانەوە باز بدات بۆ جیهانی مرۆڤەکان، تا ئێستا ملیۆنان کەسی کوشتووە.٢   باس لە ڤایرۆسی "سارس-کۆڤ ٢" دەکەین کە دەبێتە هۆی نەخۆشی "کۆڤید-١٩"، کە پێدەچێت توانیبێتی لە شەمشەمەکوێرەیەکەوە باز بدات بۆ تووشکردنی مرۆڤ لەڕێگەی ئاژەڵێکی ترەوە لە بازاڕی ئاژەڵان کە تێکەڵبوونە، کە تا ئێستا نەناسراوە چ ئاژەڵێک بووە.

لێرەدا پرسیارە گرنگەکە ئاراستە دەکرێت! ئەگەر بەڕاستی سەلمێندرا کە ڤایرۆسی "Covid-19"  گۆڕانی جێنەتیکی لێڕوویداوە بە بازدان  لە ئاژەڵەوە بۆ مرۆڤ بەهۆی تێکەڵکردنی جۆرەکانی ئاژەڵ کە نابێت پێکەوە کۆببنەوە،ئاخۆ چی ڕوودەدات ئەگەر ئاژەڵەکانی تر لە ژینگە و جۆرە جیاوازەکانەوە لە یەکشوێندا کۆببنەوە شوێن، بەهۆی
کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا کە لە دەرئەنجامی دەستێوەردانی مرۆڤەوە دروست دەبێت؟

دەرفەت و گونجان
لە سەرەتادا دەبێت لەوە تێبگەین کە کۆبوونەوەی ئاژەڵە کێوییە نامۆکان لە شوێنێکدا بەس نییە بۆ پرۆسەی "Viral spillover" کە بریتییە لە گواستنەوەی ڤایرۆسێکی تایبەت بە جۆرێکی ئاژەڵ بۆ جۆرێکی تر، بەدەر لە هەموو بەربەستە سروشتییەکان کە ڕێگری لێ دەکا،٤ بەڵکو تەنها "دەرفەت"ێکی گونجاو بۆ بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە دروست دەکات بۆ ڕوودانی و جگە لەم دەرفەتە، پێکهاتەی ڤایرۆسەکان و بەرگری خانەخوێ و وەرگرەکانی خانەکانی دەبێت لەگەڵ یەکتردا بگونجێت بەبێ وەرگرە گونجاوەکان، ڤایرۆسی نوێ ناتوانێت بچێتە ناو خانەکانی ئاژەڵە قوربانییەکە، هەربۆیە بڵاوبوونەوەکە ڕوونادات.٥

ڕەنگە بڵاوبوونەوە ڕاستەوخۆ لە "خانەخوێی سەرەتایی-Primary Host" ڕووبدات بۆ "خانەخوێی لاوەکی-Secondary Host" کە مرۆڤە، بەهۆی بەرکەوتنی ڕاستەوخۆ لەگەڵ خانەخوێ یان بەرکەوتنی دەردراوەکانی جەستەی کە بە ڤایرۆسەکە پیس بوون. لەوانەیە بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ لە ڕێگەی ناوەندێکەوە ڕووبدات، کە لەوانەیە ئاژەڵێکی تر بێت، ئەم پرۆسەیە تایبەتە، کە خانەخوێیەکی ناوەند لە خۆدەگرێت، دەبێتە هۆی دروستبوونی ڤایرۆسەکان کە لەبارتر  و ئاسانترن لە توانایان بۆ بازدانیان بۆ ئاژەڵێکی تر، یان بۆ مرۆڤەکان، تا ئەو کاتەی توانیویانە یەکەم بازدان بکەن.

پێشبینییەکان
گەر ئەوەلەبەرچاو بگرین کە ٦٠-٧٥%ی نەخۆشییە درمیەکانی مرۆڤ لە جەستەی ئاژەڵەکانی دیکەوە سەرچاوەیان گرتووە، ئەوا درک بە ڕادەی ئەو ڕۆڵە دەکەین کە دیاردەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆس لە سەرهەڵدانی نەخۆشییە تووشبووە نوێیەکان لە مرۆڤدا دەیگێڕێت. ٦-٧
 کۆڤید-١٩ یەکەم نییە و دوایەمیت پەتا نابێت، چونکە لیستێکی درێژی ئەو ڤایرۆسانە هەیە کە سەرکەوتوو بوون لە بازدان لە خانەخوێی ئاژەڵەوە بۆ مرۆڤ، وەک ڤایرۆسی ئیبۆلا، ڤایرۆسی سارس، ڤایرۆسی ئەنفلۆنزای وەرزی، و ئایدز.

ڕەنگە شەمشەمەکوێرە لەم ڕووەوە بەشێکی زۆری تاوان هەڵگرێت، بەڵام ئاژەڵەکانی دیکە کەمتر مەترسیدار نین، تەنانەت ئاژەڵی وەک مشک و کۆتر، تەنانەت ئاژەڵە کێڵگەییەکانیس کە گۆشتیان دەخۆین، ڕەنگە هەمان چانسی شەمشەمەکوێرەیان هەبێت کە نەخۆشییە تووشبووە نوێیەکان بڵاوبکەنەوە لە نێوان مرۆڤەکاندا.
لێرەدا چەند سیناریۆیەک هەیە کە لەوانەیە چی ڕووبدات کاتێک شیردەرە جیاوازەکان لە شوێنی زێدی خۆیانەوە کۆچ دەکەن بۆ بەرزایی شاخەکان. ئەگەر جۆرەکانی ئاژەڵ بتوانن بە هەمان خێرایی گۆڕانی کەشوهەوا لە شوێنی نیشتەجێبوونیان کۆچ بکەن، پێشبینی دەکرێت زۆرینەی شیردەرەکانی کۆچبەر لە شوێنێکدا لە داهاتوودا لەگەڵ جۆرێکی تری نامۆ بە ژینگەکە کۆببنەوە، ئەمەش دەرگا بەڕووی بازدانی ڤایرۆسیدا دەکاتەوە.

ئێمە لێرەدا باسی ئەگەری دوور یان دوور لە چاوەڕوانی ناکەین. لە ماوەی سێ سەدەی ڕابردوودا، بەهۆی شۆڕشی پیشەسازی و دۆزینەوەی سووتەمەنی بەردینی، ڕێژەی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن - کە بزوێنەرێکی سەرەکی پرۆسەی گۆڕانی کەشوهەوا و گەرمبوونی جیهان - بە ڕێژەی 46% زیادی کردووە بە بەراورد بە ئاستی پێش پیشەسازی. ئەمە جگە لە گازی میسان -کە 16%ی دەردانی گازی زەرەرمەند بە ژینگە و زەپۆش پێکدەهێنێت- کە لە چالاکییەکانی مرۆڤەوە دروست دەبێت.

لەبیرمان نەچێت کە ئەمە نەک هەر پلەکانی گەرما بەرز دەکاتەوە، بەڵکو ڕێژەی وشکەساڵی و بە بیابانبوون و دارستانبڕین و ترشبوونی زەریاکان و لەناوچوونی چەندین جۆری بوونەوەری زیندوو و ڕەنگدانەوەی لەسەر هاوسەنگی ئیکۆلۆژی و تەندروستی هەسارەکە زیاد دەکات. ئەمانە و چەند هۆکارێکی تر دەبنە هۆی لەناوچوونی ژینگە سروشتییەکانی زۆرێک لە جۆرەکانی ئاژەڵ، ئەمەش پاڵیان پێدەنێت بۆ کۆچکردنیان بۆ ناوچە جوگرافییە نوێیەکان.

ئەمە ئەو سیناریۆیەیە کە کۆمەڵێک توێژەران پێشبینیان کردووە لە توێژینەوەکەدا کە بەم دواییە لە گۆڤاری زانستیی بەناوبانگی "Nature"دا بڵاوکراوەتەوە، ٩ دوای بەکارهێنانی پڕۆگرامێکی زیرەکیی دەستکرد بۆ "بە ھاوشێوەکردن- simulation "ی شوێنە جوگرافییە مەترسیدارەکان بۆ ئاڵوگۆڕی ڤایرۆسی بە تایبەتی لە ناوچە گەرمەکان، بە بەکارهێنانی مۆدێلێکی جوگرافیی تایبەت بە پەیوەندی شیردەر و ڤایرۆسەکان "Mammals–Viral network".  پێشبینییەکانی گۆڕانکاری جوگرافی بۆ بڵاوبوونەوەی 3139 جۆری شیردەر پەیپێبراوە وەک دەرئەنجام بە ڕەچاوکردنی سیناریۆ چاوەڕوانکراوەکانی گۆڕانی کەشوهەوا بۆ ساڵی 2070.

"تۆڕی شیردەر-ڤایرۆس" وەک نەخشەیەک پێناسە دەکرێت کە جۆرەکانی شیردەر و ڤایرۆسەکان نیشان دەدات کە هاوتایەکی باشیان هەیە بۆ بڵاوبوونەوەی ڤایرۆس و گۆڕانکاری. لەم ھاوشێوەکردنە ئەلیکترۆنییەدا چاوەڕوان دەکرێت ئەم شیردەرانە لە ناوچە بەرزەکانی سەر ئاستی دەریا کۆببنەوە، بە جۆراوجۆرییەکی زیندوو و چڕییەکی بەرزی ڕێژەیان, دروستکردنی دەرفەت و هاوتاکردن بۆ ڕوودانی 4000 پرۆسەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆس لە نێوان ئەم شیردەرانەدا بەدیکراوە، لەنێویاندا مرۆڤ بێبەش نابێت لە تووشبوون بەم ڤایرۆسە کوشندانە! ١٠

بەپێی ئەو داتایانەی سەرەوە، ئەگەری گواستنەوەی ڤایرۆس لە نێوان ئەو ئاژەڵانەی باوانێکی هاوبەشیان هەیە زیاد دەکات، چونکە ژینگە و بەرگری جەستەییشیان هاوبەشە. خۆشبەختانە وڵاتانی جیهان بڕێکی کەم لە جۆرەکانی ئاژەڵی هاوشێوەیان هاوبەشە لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی تر، ئەمەش سنووردارییەک لە نێوان وڵاتان دروست دەکات، وە ئەگەری کۆبوونەوەی ئەم ئاژەڵانە بەیەکەوە کەمدەکاتەوە، بەمەش چانسی بڵاوبوونەوەیان کەمتر دەبێ.

بەپێی ئەو زانیارییانەی ئێستا بەردەستن، تەنها 7%ی شیردەرەکانی کە باوانی هاوبەشیان هەیە لە هەمان شوێنی جوگرافی دەژین و تەنها 6%ی شیردەرەکان هەمان خێزانی ڤایرۆسیان هاوبەشە. ئەم ڕێژانە گەشبینمان دەکەن ئەگەر دۆخەکە وەک خۆی بەردەوام بێت، بەڵام ڕاستییەکە ئەوەیە کە گۆڕانی کەشوهەوا و دەستدرێژیکردنە سەر شوێنی نیشتەجێبوونی ڕەسەنی ئاژەڵەکان- وەک دارستان و زۆنگاوەکان- پاڵیان پێوە دەنێت لە شوێنە جوگرافییە هاوبەشەکاندا کۆببنەوە دوور لە بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی و چەوساندنەوەی مرۆڤەکان لەکاتی پاکتاوکردنی خاکەکانیان و دەستێوەردانیان .

بەپێی توێژینەوەکان پرۆسەکە دەستی پێکردووە و هیچ ڕێگەیەک نییە بۆ ڕاگرتنی. پابەندبوون بە ئامانجەکانی ڕێککەوتنی پاریس، بۆ ڕاگرتنی پلەی گەرمی زەوی لە خوار ٢ پلەی سەدی لە سەرووی ئاستی پێش-پیشەسازییەوە، چیتر بەس نییە بۆ ڕاگرتنی کارەساتەکان و کۆچی ئاژەڵەکان لە شوێنی نیشتەجێبوونیان و پاشان تێکەڵبوون لەگەڵ جۆرە نوێیەکان.١١
 ئەنجامی توێژینەوەکە پێشبینی دەکات کە ئەم تێکەڵبوونە دەبێتە هۆی 300 هەزار بەریەککەوتنی یەکەمیی نێوان شیردەرە جیاوازەکان، واتە دوو هێندە زیاتر لە ڕێژەی ئێستای ڕووبەڕووبوونەوەی یەکەمیدا، هەروەها لە ئەگەری یەکسانبوونی گونجاودا، پێشبینی دەکرێت ژمارەی ڤایرۆسە نوێیەکان و پەتاکان زیادبکات لە ئەنجامدا لە ماوەی ئەم سەدەیەی ئێستە دا. ١١

پەڵەی مەترسیدار
وەک زۆرێک لە پەتاکانی ئاژەڵ کە لە سەدەی ڕابردوو و ئێستا تووشی مرۆڤ بوون، وەک ئایدز لە ساڵی ١٩٨١ و "کۆڤید-١٩" لە ساڵی ٢٠١٩، ناوەندی بڵاوبوونەوەی ئەم نەخۆشییە لە ناوچەیەکی گەرم بووە، هەرچەندە درەنگ یان زوو،مڕووبەڕووبوونەوەی نێوان شیردەرە هەمەجۆرەکان ڕوودەدات لە هەموو شوێنێکی جیهان. ئەفریقا و باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا بە تایبەتی کە شوێنی گەرمن و لە ناوچە کەمەرەییەکانن مەترسیی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسیان زیاترە، بەهۆی چڕیی بەرزی دانیشتووان و جۆراوجۆری ئیکۆلۆژی زۆری ئەم ناوچانە. وە زۆرێک لە نەخۆشی ئاژەڵان لەخۆدەگرن، جگە لەوەی کە زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە گەرمبوونی لە ئەنجامی گۆڕانی کەشوهەوا.

توێژینەوەکان دەریانخستووە کە ڕەنگە ئەسیوپیا، هیندستان و ڕۆژهەڵاتی چین و ئەندەنوسیا و فلیپین شوێنی گەرمی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆس بن لە داهاتوودا. ئەگەر ئەو ئاژەڵانەی کە کۆچیان بۆ ئەو ناوچانە کرد و مسۆگەربن لە ئازادکردنی ئەو ڤایرۆسانەی کە هەڵگرین و نەناسراوانە لە جەستەیاندا خەریکی خۆدزینەوە بوون، ئەوا دانیشتوانی ئەو ناوچانە بەرگرییان لە نەخۆشیی ئەم ڤایرۆسانە نابێت! هەروەها ئەگەری ئەوە زیاترە کە لە ڕێگەی بازرگانی و گەشتکردنەوە لە ئاستی جیهانیدا بڵاویان بکەنەوە.

بەڵام ئەو ئەگەرەیش هەیە کە ڕووبەڕووبوونەوەی یەکەم لە دارستانەکانی ئەمازۆن کەم بێت، چونکە خێرایی گۆڕانی کەشوهەوا لە توانای ئاژەڵەکان زیاتر دەبێت بۆ کۆچکردن بۆ بەرزاییەکانی شاخەکان و هەرگیز چاویان بە جۆرە نوێیەکان ناکەوێت.

خاڵێکی تری مەترسیدار هەیە هۆکارەکە ئاژەڵییە نەک جوگرافی ئەوەیش شەمشەمەکوێرە. توانایەکی سەیروسەمەرەی هەیە بۆ گواستنەوە لە ژینگەکەیەوە بۆ ژینگەیەکی نوێ. ئەوەیش  پەیوەستە بە چەند هۆکارێکەوە وەک قەبارەکەی، شوێنی لە سیستەم و هەرەمی خۆراکیدا، و تۆپۆگرافیای شوێنی مانەوەیان، زۆر بە خێراتر لە هەر شیردەرێکی دیکە توانای کۆچکردنی هەیە. ئەمەش بەو مانایەیە کە شەمشەمەکوێرە ڕەنگە ببێتە هۆکاری بڵاوبوونەوەی زۆربەی ڤایرۆسەکان لە نێوان جۆرە جیاوازەکاندا.

ساڵی ٢٠٧٠ کە لە توێژینەوەکەدا دەستنیشان کراوە، ڕەنگە زۆر دوور دەرکەوێت، ڕەنگە ئێمەیش هێندە نەژین بۆ بینینی و ئەم ڤایرۆسە نوێیانە نەبینین، بەڵام بۆ منداڵ و نەوەکانمان زۆر نزیکە. بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ئازارانەی کە ئەم نەوەیە لەگەڵ پەتای “Covid-19”دا تووشی بوون، ئەو ئازارانەی کە باوباپیرانمان سەدەیەک لەمەوبەر لەگەڵ ئەنفلۆنزای ئیسپانیدا ژیاون و ئەو پەتا جیاوازانەی لە نێوانیاندا هەبوون، پێشبینی دەکرێت کە ئەگەری ڕوودانی ئەم پەتایانە لە نەوەکانی داهاتوو زیاتر و زیاتر دەبن، بەڵام هێشتا دەرفەتێک هەیە بۆ فێربوون لە هەڵەکانی مرۆڤایەتی لە مامەڵەکردن لەگەڵ پەتاکانی پێشوودا، و باشتر ئامادەکاری بکەین بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی پەتایەکی حەتمی لە داهاتوودا.

سەرچاوەکان:


‏1- Animal sales from Wuhan wet markets immediately prior to the COVID-19 pandemic | Scientific Reports
‏2- • Coronavirus deaths worldwide by country | Statista
‏3- Do three new studies add up to proof of COVID-19’s origin in a Wuhan animal market? | Science
‏4- spillover event
‏5- Climate change increases cross-species viral transmission risk | Nature
‏6- Zoonotic spillover: Understanding basic aspects for better prevention – PMC.
‏7- Ranking the risk of animal-to-human spillover for newly discovered viruses | PNAS
‏8- Zoonotic spillover: Understanding basic aspects for better prevention – PMC.
‏9- Climate change increases cross-species viral transmission risk | Nature
‏10- The Paris Agreement | UNFCCC
‏11- Climate change increases cross-species viral transmission risk | Nature

تاگەکان    
نوێژ بوونەوەری ئاسمانی ژیانی پێغەمبەر عیرفان زمان فەلەستین شیرک پۆرن جەنگی هۆشیاری گفتوگۆ سۆفیگەری بۆ ئەوانەی وەكو خۆمن تەوبە کوردستان گێڕانەوە
زانست
2022-06-02 کۆمێنت 5 خولەک بۆ خوێندنەوە 1642 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی