کونە ڕەشەکان

نووسینی: ئاکار خەلیل
زانست 2021-12-14 کۆمێنت 2 خولەک بۆ خوێندنەوە 2450 جار بینراوە

گەر گەردوون تەلارێک بێت، ئەوا کونە ڕەشەکان ئەندازیاری تەلارسازیی ئەم گەردوونەن. ھەمیشە گوێمان لە لایەنە خراپ و تێکدەرەکەی کونە ڕەشەکان بووە بەڵام ڕاستییەکەی بابەتە سەرەکییەکە بەرەو قاڵبێکی تر براوە.

   وایە، کونە ڕەشەکان تێکدەرن. بەڵێ وایە، لەناوبەریشن. وایە، ھەروەک کەسێکی زۆرخۆر ھەرچییەک لەسەر مێزی گەردوون بێت دەیخۆن و نۆشی دەکەن، بەڵام ئێمە وردەکاریی کونە ڕەشەکان نازانین.

   ئایا کونی ڕەش چۆن دروست دەبێت؟ زۆر بەکورتی و سادەیی: «کونە ڕەشەکان لە ئەنجامی مردنی یاخود تەواوبوونی سووتەمەنیی ئەستێرە بارستە زۆر گەورەکان دروست دەبن، بە ھۆی چەمانەوەیان بەرەو ناوەوەی خۆیان، لە ئەنجامی تەقینەوەیەکی زۆر بەھێز کە ناو دەبرێت بە سوپەر نۆڤا super nova.» کونەڕەشەکان کۆبوونەوەی بارستاییەکی زەبەلاحن لە ناوچەیەکی بچووک، کە ھێزی کێشکردنێکمان بۆ دەھێننە ئاراوە، تەنانەت ڕووناکییش توانای دەربازبوونی لێی نابێت، بەڵام ئەوان تەنیا تاریکییان نییە، بەڵکو لایەنی دیکەی ڕووناکییان ھەیە کە ھیوابەخشە.

   کونە ڕەشەکان ئەستێرە، ھەسارە و بەتایبەتی ھەورە گازییەکان ھەڵدەمژن. ھۆکاری سەرەکییشن بۆ دروستبوونی ئەستێرەکان و ڕاگرتنی باڵانسی گەردوون. کونە ڕەشەکان کاتێک ھەورە گازییەکان ھەڵدەمژن کە ھۆکارێکی دروستبوونی ئەستێرەکانن، لە لایەکی ترەوە ئەو ھەورە گازییانە دەبەخشنەوە گەردوون، بە ھۆی دەرکردنەوەیان! بەڵێ کونە ڕەشەکان تەنیا لەناوبەر نیین، دروستکەریشن! ھەر بۆیە ڕاگری باڵانسی گەردوونن، چونکە لە شوێنێکدا کە کۆتایی بە دروستبوونی ئەستێرەکان دێنن، کەچی لەلایەکی تر ھۆکارن بۆ دروستبوونیان.

   ھەروەھا کونە ڕەشەکان شێوە بە گەردوون دەبەخشن، بە هۆی بارستاییە زەبەلاحەکەیان، کە کێشکردنێکیان ھەیە، ڕێگرن لە پەرتبوون و بڵاوبوونەوەی ئەستێرەکان بە شێوەی ھەڕەمەکی لە گەردووندا. شایەنی باسە کە لە گەردوونی بینراودا ترلیۆنان گەلەئەستێرەمان ھەن، لە چەقی زۆربەی گەلەئەستێرەکانیشدا کونێکی ڕەش ھەیە، کە بارستاییەکەی ڕەنگە ملیۆنان بارستەی خۆری خۆمان بێت!

   زۆر جار پرسیاری ئەوەیش دەکرێت «ئایا کونە ڕەشەکان لەناو دەچن؟» بە بیروبۆچوونی زانای فیزیای «ستێڤن ھۆوکینگ» پێویستە کونە ڕەشەکان کۆتاییان ھەبێت و بێگومان پێویستە بارستاییش ون بکەن.

   ھۆوکینگ بابەتی ونکردنی بارستایی لەلایان کونە ڕەشەکانەوە ناو دەنێت بە «تیشکدانەوەی ھۆوکینگ». بۆ ئەوەی لە بابەتی تیشکدانەوەی ھۆوکینگ تێبگەین، پێویستە تێگەیشتنێکی باشمان لە میکانیکی کوانتەم ھەبێت، بەڵام لێرەدا ھەوڵ دەدەین بە سادەیی باس لە تیشکدانەوەی ھۆوکینگ بکەین. میکانیکی کوانتەم ئەوەمان بۆ ڕوون دەکاتەوە کە زۆر کەمتر لە چرکەیەک ملیاران تەنۆکەی دوانە دروست دەبن، ڕەنگە خوێنەر وای بۆ بچێت کە ئەمە دژی یاسای یەکەمی سێرمۆداینامیکە کە دەڵێت: «ناکرێت وزە لەناو ببرێت یان لە نەبوونەوە دروست بکرێت.» نەخێر وا نییە. چونکە تەنۆکەی دوانە دروست بووە، ڕاستییەکەی دژی یەکترن، کە دانەیەکیان ھەڵگری بارستە «+» بێت، ئەوی تریان ھەڵگری بارستە «-»ە، کەواتە لەکاتی کارلێککردنیان یەکتر لەناو دەبەن، بەم شێوازە یاسای سێرمۆداینامیک پارێزراو دەبێت. لە نزیک سنووری ئاسۆیی ڕوو دەدات کاتێک تەنۆکە خەیاڵییەکان (Virtual Particle)، کە دەرکەوتنێکی کاتییە دروست دەبن.

   یەکێک لە تەنۆکە گریمانەکان «+» دەرباز دەبێت لە کونە ڕەشەکان، ئەوی تریان «-» دەکەوێتە ناوەوەی کونە ڕەشەکان، لە بارستایی و وزەی کونە ڕەشەکان کەم دەکاتەوە. ئەو بەشەیشی کە ڕزگاری بووە، تیشکدانەوەی ھۆوکینگ دروست دەکات، کەواتە تیشکدانەوەی ھۆوکینگ (‌Hawking Radiation) ، وا لە کونە ڕەشەکان دەکات کە بە درێژایی کات ھەنگاو بە ھەنگاو وزە لەدەست بدات، تا بە تەواوی کۆتایی بە کونە ڕەشەکان دێنێت. کەواتە کونی ڕەش تەنیا زەبەلاحێکی زۆرخۆری تێکدەر و تێکشکێنەر و لەناوبەری ھەموو شتەکان نییە. ئەوانەی دەربارەی کونە ڕەشەکان لە زۆربەی زۆری ڕوونکردنەوەکان بەرچاوم کەوتبێت، زۆری باسی لە لایەنە نەرێنییەکان کردبوو، بۆیە پێم باش بوو لایەنە ئەرێنییەکەیشی بخەمە ڕوو.

تاگەکان    
قودس تەنیایی چەواشەکاریی لۆژیکی فەلەستین گەڕان نامە شەڕ قوتابخانەکانی نوور عێڕاق دوعا دەربارەی کتێب ڕۆژاوا چیرۆک لۆجیک عیرفان
زانست
2021-12-14 کۆمێنت 2 خولەک بۆ خوێندنەوە 2450 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی