کۆتایی گەردوون

نووسینی: ئاکار خەلیل
زانست 2022-06-15 کۆمێنت 2 خولەک بۆ خوێندنەوە 2095 جار بینراوە

ئەم ڕۆژگارەی سەرەتای سەدەی بیست و یەک، زانایان مەبەستیانە لە چۆنیەتیی درووستبوونی گەردوون بکۆڵنەوە.

پاش لێکۆڵینەوە و توێژینەوە و تێبینیکردنی گەردوون، زانایان دەڵێن: سەرەتای گەردوون لە گاز و ماددەی تاریک دروست بووە کە ئەو ماددە تاریکانە زۆر سیفەتیان تا ئەمڕۆ نەزانراوە لەبەرئەوەی نابینرێن.

لەپاڵ ئەمەدا، زانایان لە ھەوڵداندان کە بە شێوەیەکی پراکتیکی کەشێکی ئەوتۆ بڕەخسێنن کە ھەندێ زانیاری سەبارەت بە سەرەتاکانی دروستبوونی گەردوونی لێوە بکەوێتەوە، چەند ساڵێک پێش ئێستا یەکەم ھەنگاوی ئەم تاقیکردنەوەیە دەستی پێ کرد لە تاودەری ناوکە ئەتۆمی ئەورووپایی، لەم تاودەرانەدا تەنۆلکەکان بە ھۆی بواری کارەبایی و موگناتیسییەوە تاو دەدرێن و پیاکێشان لە نێوانیاندا ڕوو دەدات، بەڵام ئەم ھەنگاوە ھێشتا سەرەتایە و ساڵانێکی دوورودرێژی دەوێت بۆ ئاشکرابوونی زۆرێک لە نھێنییەکان، لەوانە ڕەفتاری تەنۆلکەکان لە سەرەتاکانی بوونەوەردا و چۆنیەتیی بەدیھێنانی ماددەکان و لەوێشەوە ئەستێرە و گەلەئەستێرە و تەنە گەردوونیەکاتی تر کە ئەمڕۆ ھەن.

زاناکان دەڵێن: تێکچوونی گەردوون کاتی دیاریکراوی نییە، لەناکاو وێرانبوون لە ھەر چرکەیەکدا بێت کاتی ھات ڕوو دەدات و ھەموو بوونەوەر وێران دەبێت.

ھەروەھا بارگەی کارەبایی لە گەردووندا یەکسانە بە (٠) سفر، چونکە ژمارەی ئەلیکترۆنەکانی ھەموو گەردوون یەکسانە بە ھەمان ژمارەی ھەموو پرۆتۆنەکانی بوونەوەر.

ئەگەر ئەم ڕێژە یەکسانە بە شێوەیەکی زۆر کەم تێکبچێت، تەنانەت بە ڕێژەی (١) تەنیا یەک لە ملیۆن ملیۆن ملیۆن ملیۆن ملیۆن ملیۆن واتە: ژمارەیەک بکرێت بە یەک بەش لە (١٠) دە توان (٣٦) تەنیا یەک بەش چەند کەمە، ئەوەندە تێکچوون دروست ببێت، یەکسەر ھەموو گەردوون تێکدەچێت.

ھێزی ڕاکێشان گەلەئەستێرەکان ڕادەکێشێت و کۆیان دەکاتەوە، بەڵام فراوانبوونی دووریان دەخاتەوە بەم جۆرە ھەر وەکو (+، -) زۆرانبازییە لە نێوان فراوانبوون و ھێزی ڕاکێشان، تاکو ئێستا ئەم زۆرانبازییە بەردەوامە و ھێزیان بەرانبەرە، وەکو یەک بەھێزن.

لەوانەیە کەسێک پرسیار بکات و بڵێت: ئەگەر فراوانبوونی گەردوون سەرکەوت بەسەر ھێزی ڕاکێشاندا چی ڕوو دەدات؟

ئەگەر فراوانبوون بەسەر ھێزی ڕاکێشاندا سەرکەوت، تەنە گەردوونییەکان لەیەکتر دوور دەکەونەوە و گەردوون زۆر فراوان دەبێت، ئەمەیش پێی دەڵێن: گەردوونی کراوە.

بەڵام ئەگەر لە زۆرانبازییەکەدا فراوانبوونی گەردوونی کەمی کرد و ھێزی ڕاکێشان زیاتر بوو، فراوانبوون کەم دەبێتەوە و گەلەئەستێرەکان وردە وردە دەگەڕێنەوە بۆ لای یەکتر بۆ ئەوەی لە یەک شوێندا کۆ ببنەوە، ھەر وەکو سەرەتای دروستبوونی گەردوون، ئەمەیش پێی دەڵێن: گەردوونی داخراو.

ئەگەر سەیری ئەم بوونەوەرە بکەین، دەبینین فراوانبوونی گەردوون ھەتا ھەتایە بەردەوام نابێت، بەڵکو ڕۆژێک دێت کە گەردوون لە فراوانبوون دەوەستێت و گەشتی پێچەوانەی دەست پێ دەکات و بارستاییەکەی بچووک دەبێتەوە، تا دەگاتە ئەو خاڵەی کە گەشتەکەی لەوێوە دەست پێ کرد، ئەمەیش دەرەنجامی ئەو لێکۆڵینەوانەیە کە ئەمڕۆ سەبارەت بە ئایندەی گەردوون ئەنجام دراون و دەرکەوتووە ئێستا گەردوون لەو خولەدایە کە یەکەم جار لە بارستاییەکی قورسەوە دەستی پێ کردووە، کاتێ تەقینەوەی مەزن ڕووی داوە، سەرجەمی ئەو شتانەی پێکھێناوە کە ئەمڕۆ لە گەردووندا دەیانبینین لە ھەسارە و ئەستێرە و تیشک و گازەکان، ئینجا ھەر ئەم بەشانەی گەردوون جارێکی تر خۆیان بەسەر یەکدا دەپێچنەوە و لەیەکتر نزیک دەبنەوە، تا سەرلەنوێ یەک دانە بارستایی پێک دەھێننەوە!

زانایانی گەردوونناسی بە یەک دەنگ دەڵێن: ڕاستەھێڵ لە گەردووندا نییە و ھەموو شتێک لار و چەماوەیە، سەرجەم بەشەکانی گەردوون لە ھەسارە و ئەستێرە و گەلەئەستێرە و نەیزەک و کلکدار و تیشکەکان، لە چەند سووڕگەیەکی لار و چەماوەدا دەسووڕێنەوە، کەواتە کارێکی تا بڵێی مەنتیقییە کە کۆتایی گەردوونیش لار و چەماوە بێت بە وێنەی پێچانەوەی کاغەزێک.

کەواتە ئایەتی ﴿يَوْمَ نَطْوِي السَّمَاء كَطَيِّ السِّجِلِّ لِلْكُتُبِ كَمَا بَدَأْنَا أَوَّلَ خَلْقٍ نُّعِيدُهُ وَعْدًا عَلَيْنَا إِنَّا كُنَّا فَاعِلِينَ﴾ ( الأنبياء: ١٠٤) ئاماژەیەکی تێدایە بۆ ئەوەی کە دەتوانرێت سەرەتای گەردوون بە کاغەزێک بشوبھێنرێت لە تانوپۆی گەردووندا کە یەکەم جار بەسەر یەکدا پێچرابووەوە، پاشان خوای گەورە کردیەوە و بەشەکانی لەیەکتر دوور خستەوە و تا ئێستایش ھەر لە کردنەوە و بڵاوبوونەوەدایە، ھەتا ئەو ڕۆژەی دێتە پێش کە سەرلەنوێ دەیپێچێتەوە.

تاگەکان    
یاری فێمینیزم کورد گێڕانەوە وەچەخستنەوە کۆرۆنا فەڵەستین بووژانەوە پارەی ئیلیکترۆنی فەلسەفەی ئەخلاق ژیانی پێغەمبەر هاوڕەگەزخوازی وەرزش سایکس-بیکۆ بۆ ئەوانەی وەكو خۆمن
زانست
2022-06-15 کۆمێنت 2 خولەک بۆ خوێندنەوە 2095 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی