بۆچی شێوازی بارانبارین گۆڕاوە؟

نووسینی: ئیبراهیم ئەحمەد
زانست 2022-01-13 کۆمێنت 2481 جار بینراوە

   1. بە هۆی هەبوونی ڕێژەیەکی زۆری هەندێک گاز لە بەرگەهەوادا، کە دەبنە هۆی قەتیسبوونی بڕێک لەو گەرمییەی کە لە خۆرەوە بەر زەوی دەکەوێت و دەبێتە هۆی دیاردەی گۆڕانی کەشوهەوا (Climate Change)، کە ئەم دیاردەیە هۆکارە بۆ گۆڕانی شێوازی بارانبارین. گازەکانیش بریتین لە دوانە ئۆکسیدی کاربۆن(Carbon dioxide CO2)، میسان (CH4 Methane)، نتریۆس ئۆکساید(Nitrous oxide N2O) و کلۆرۆ-فلۆرۆ کاربۆنەکان(Chloro-fluoro carbons CCl2F2 CFCs).


   2. لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەی گەرمیی زەویدا، توانای هەوا بۆ هەڵگرتنی شێ زیاد دەبێت. ئەمەیش دەبێتە هۆی هەوری قورستر و بارانی چڕ و توند و، هەروەها بارینی ڕێژەیەکی زۆری باران لە کاتێکی کەمدا و دروستبوونی لافاو و لەگەڵیشیدا ژمارەی جارەکانی باران بارین کەم دەبێتەوە.


   چالاکییەکانی مرۆڤ (سووتاندنی بەرهەمە نەوتییەکان و غاز، سیستمی ساردکەرەوەی مرۆڤ، سیستمی خۆراکی مرۆڤ و ...) بوونەتە هۆی زیادبوونی ڕێژەی دوانە ئۆکسیدی کاربۆن لە بەرگەهەوادا. چالاکییەکانی مرۆڤ لە ماوەی ساڵانی نێوان 1880 بۆ 1981دا بوونەتە هۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمیی زەوی بە ڕێژەی 0.8 C° پلەی سیلیزی و لە ساڵی 1981 بۆ 2021 پلەی گەرمیی زەوی بە ڕێژەی 0.72 C° بەرز بووەتەوە؛ کە ئەمە زەنگێکی مەترسیدارە.  پلەی گەرمیی زەوی لە 400,000 چوار سەد هەزار ساڵی ڕابردوودا نەگەیشتووە بەم پلەیەی ئێستا.

   گۆڕانی کلیما (گۆڕانی کەشوهەوا) کار دەکاتە سەر زەریاکان، سەرچاوەکانی خۆراکی و کشتوکاڵ، کەشوهەوا (باران و بەفر) و تەندروستی مرۆڤ. ناوچە سەهۆڵییەکانی وەکو گرینلاند و ئەنتراکتیکا دەتوێنەوە و دەبنە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی دەریا (Sea level) ئەمەش وا دەکات کە لافاو دروست ببێت لەو وڵاتانەی کە دەکەونە سەر دەریا و زەریاکان. لە هۆکارەکانی تری گۆڕانی کلیما بەفر بارینی زۆر، لافاو، وشکەساڵی زیاتر و بەردەوامن.

   سەوزبوونی گژوگیا و ڕوەکەکان قورستر دەبێت و سەرچاوەکانی ئاو کەم دەبنەوە. بارانی چەند ڕۆژێک لە ماوەی چەند کاتژمێرێکدا دەبارێت و دەبێتە هۆی دروستبوونی لافاو سەرەڕای هەبوونی سیستمێکی ئاوەڕۆی دروست لە شارەکاندا، بەڵام لەو شارانەی کە سیستمی ئاوەڕۆی دروستیان نییە؛ کارەساتی نەخوازراو ڕودەدات.

   بەرزبوونەوەی پلەی گەرمیی زەوی کار دەکاتە سەر کشتوکاڵ، ئەمەیش واتە ڕاستەوخۆ کار دەکاتە سەر تەندروستیی مرۆڤ لە ڕەوی کیمیایی و فیزیاییەوە. لە شارە گەورەکاندا؛ بەرزیی پلەی گەرمی دەبێتە هۆی قەتیسبوون و زیادبوونی دووکەڵ (الدخان – Smog) وەک ئەوەی کە ئێستا ڕۆژانە لە ئاسمانی هەولێردا دەبینرێت، چونکە دووکەڵ گەردی ئۆزۆنی (O3) تێدایە کە لە پلەی گەرمیی بەرزدا بە خێرایی زیاد دەکات. بە زیادبوونی ڕێژەی دووکەڵ، نەخۆشییەکانی مروڤ زۆر دەبێت، وەکو تەنگەنەفەسی، نەخۆشییەکانی دڵ و شێرپەنجەی سینگ.

   ئەگەر لە ماوەی 30 ساڵی داهاتوودا پرۆژە پلانی DRAWDOWN کە خۆی لە 100 هەنگاو دەبینێتەوە بۆ کەمکردنەوەی CO2، جێبەجێ نەکرێت؛ ئەوا دوور نییە کە زنجیرە تەلەفزیۆنییەکەی خاتوو کاس مۆرگان THE 100 سەد کەسەکە؛ ببێتە ڕاستی. پرۆژە پلانی DRAWDOWN پێویستی بە 29 ترلیۆن دۆلاری ئەمریکایی هەیە لە ماوەی 30 ساڵدا بۆ جێبەجێکردنی. (1 ترلیۆن دۆلار؛ 1000 ملیار دۆلارە، 1 ملیار دۆلار؛ 1000 ملیۆن دۆلارە، 1 ملیۆن دۆلار؛ 100 دەفتەر دۆلارە).

   پلەی گەرمیی زەوی لە ساڵی 1880 بەدواوە بۆ هەر دەیەیەک (10 ساڵ) 0.08 C° زیادی کردووە تا ساڵی 1981. لە ساڵی 1981 بە دواوە بۆ هەر دەیەیەک 0.18 C° زیادی کردووە، واتا زیاتر لە دوو هێندە. ساڵی 2020 دووەم گەرمترین ساڵی مێژوو بووە بە پێی دامەزراوەی  National Oceanic and Atmospheric Administration(NOAA).

   بابەتەکە جێی سەرنجە! پلەی گەرمیی زەوی تەنها بە 1.52 C° بەرز بۆتەوە، خەریکە هەسارەی زەوی تێک دەچێت! لێرەدا پێویستە بیر لە ئایەتی ژمارە 49 سوورەتی ئەلقەمەر بکەینەوە، خودای گەورە دەفەرموێت: "إِنَّا كُلَّ شَيْءٍ خَلَقْنَاهُ بِقَدَرٍ: بێگومان ئێمە هەموو شتێکمان بە ئەندازە و نەخشەی دیاریکراو دروست کردووە".

 

ئیبراهیم ئەحمەد || ئەندازیاری میکانیک

تاگەکان    
کتێبی هاوسانی چەواشەکاریی_لۆژیکی فەرهەنگ دوعا دیمانە مێژوو ستەم بوونەوەری_ئاسمانی قوتابخانەکانی نوور گۆرانی قودس حەمەدۆک ژن ڕەزا_بابایی نەتەوایەتی
زانست
2022-01-13 کۆمێنت 2481 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2022 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی