فەتوایەک سەبارەت بە دروستێتیی دیاریکردنی ژمارەی حاجییان و پابەندبوون بە فیزەی حەجەوە لەبەر بوونی پێویستییەک یان بەرژەوەندیی گشتی و نادروستێتیی فێڵکردن لەم بابەتەدا

وەرگێڕانی: میران مەجید
فیقهی 2024-06-20 کۆمێنت 14 خولەک بۆ خوێندنەوە 487 جار بینراوە

کۆمەڵێک پرسیارم بۆ هاتووە سەبارەت بەوەی کە تا چەند دروستە سەرپێچی ڕێکارە ئیدارییەکانی تایبەت بە فیزەی حەجەوە بکەین.

ئایا بە پشتبەستن بەم ئایەتەی کە دەفەرمووێت: (وَلِلَّهِ عَلَى النَّاسِ حِجُّ الْبَيْتِ مَنِ اسْتَطَاعَ إِلَيْهِ سَبِيلًا)(ال عمران:٩٧) دروستە فێڵ لەم فیزەیەدا بکرێت بە بەڵگەی ئەوەی کە وشەی “سبیلا” نەناسراو(نکرة)یە لە ئایەتەکەدا و ئیدی بە هەر ڕێگەیەک کە بگونجێت حەجکردن واجبە با ڕێگەکەش بە فێڵ و بە بێ بوونی هیچ پەڕاوێکی فەرمی بێت؟!

وەڵام:

الحمد لله رب العالمین والصلاة والسلام على المبعوث رحمة للعالمين وعلى آله وصحبه ومن تبع هداه الى يوم الدين.

گومانی تێدا نییە کە خوای گەورە حەجی لەسەر هەر کەسێک فەرز کردووە کە بۆی بگونجێت و، هەروەها کردوشیەتی بە یەکێک لە پایەکانی ئیسلام، بۆیە هەر کەسێک کە توانای حەجکردنی هەیە پێویستە لەسەری هەوڵی جێبەجێکردنی ئەم پایەیە بدات، بەڵام بە پێی مەرج و ڕێکارە شەرعییەکان، وەکو هەموو پایە و واجباتەکانی تری ئیسلام.

قورئانیش بە دەق باسی لە گرنگترین مەرجی واجببوونی کردووە و دەفەرمووێت: (وَلِلَّهِ عَلَى النَّاسِ حِجُّ الْبَيْتِ مَنِ اسْتَطَاعَ إِلَيْهِ سَبِيلًا : خوای گه‌وره‌ش بڕیاریداوه له‌سه‌ر خه‌ڵکی حه‌ج و سه‌ردانی (بیت الحرام) بکه‌ن به ته‌نها ئه‌وانه‌ی که توانایان هه‌یه‌،)(ال عمران:٩٧)ئەویش بریتییە لە مەرجی (توانایی ڕێگە)، ئایەتێکی تریشمان هەیە کە باس لە مەرجێکی تر دەکات ئەویش(نەبوونی ڕێگر)ە، خوای گەورە دەفەرمووێت: (وَأَتِمُّوا الْحَجَّ وَالْعُمْرَةَ لِلَّهِ فَإِنْ أُحْصِرْتُمْ فَمَا اسْتَيْسَرَ مِنَ الْهَدْي : ‌حەج و عه‌مره به‌چاكی و ته‌واوی بۆ به‌ده‌ستهێنانی ڕه‌زامه‌ندی خوا ئه‌نجام بده‌ن، جا ئه‌گه‌ر ڕێتان لێگیرا و ئه‌ركه‌كانتان بۆ ئه‌نجام نه‌درا ئه‌وه ده‌توانن ماڵاتێك بكه‌ن به‌قوربانی)(البقرة:١٩٦).

فەرموودەیەک وەکو ڕاڤەی وشەی (السبیل)هاتووە کە وشەکەی بە مانای هۆکاری گواستنەوە و توێشوو لێکداوەتەوە، لەکاتێکدا کە بەشێک لە فەرموودەناسان و زانایان بە لاوازیان زانیوە، پێشەوا شافیعی لە کتێبی (الأم) (٣/٢٨٩)دا دەفەرمووێت: (ئەو فەرموودەیە مونقەطیعە)، ئیبن عەبدول بیریش لە کتێبی (الاستذكار)(٣/٤٦٢)دا دەفەرمووێت: ( لە چەند ڕێگەیەکەوە بە مورسەلی و بە لاوازی گێڕدراوەتەوە)، حافظ ئیبن حەجەری عەسقەلانیش لە کتێبی (الکافي الشافي)(٥٠)دا دەفەرمووێت: ( ئیبراهیمی کوڕی یەزیدی جەوزی تێدایە، ئەویش لاوازە، لە کۆمەڵێک لە هاوەڵانیشەوە بە لاوازی گێڕدراوەتەوە).

بەڵام هەندێک لە زانایان لە ڕێگەی فەرموودەی ئیبن عومەرەوە بە دروستیان زانیوە وەکو سیوطی لە (الجامع الصغیر)(٤٧٨)، تیرموزی بە ژمارە(٢٩٩٨)، ئیبن ماجە بە ژمارە(٢٨٩٦)، بەیهەقی بە ژمارە(٨٨٨٥)، هەروەها صەعدی لە کتێبی (النوافخ العطرة)(١٦٦) و، شێخ محمد شەنقیطی لە تەفسیری (اضواء البیان)(٥/٥١٥)دا دەفەرمووێت: (پشتی پێ دەبەسترێت).

زۆر بە کورتی دەتوانین بڵێن کە فەرموودەکە بە کۆی ڕێگەکانی دەتوانێت وا بکات کە ئەو مانایە وەربگرین، بەڵام نەک ئەوەی ماناکەی بە تەنها لە (هۆکاری گواستنەوە و توێشوو)دا قەتیس بکەین، ئەو مانایە تەنها لە ڕووی ڕاڤە و دابەزینەوەیە نەک تەنها لەو واتایەدا گیری بدەین. ئەبو حەفصی نوعمانی دەڵێت:( هەواڵە گێڕدراوەکان ئاحادن بە هۆی ئەم ئاحادانەشەوە ڕووکەشی قورئان واز لێ ناهێنین بە تایبەت ئەم فەرموودەیە - واتە فەرموودەی توێشوو و هۆکاری گواستنەوە- کە لە چەند ڕێگەیەکەوە لە ڕووی ڕشتەکەیەوە تانەی لێ دراوە، هەروەها لەو ڕووەشەوە کە هۆکاری گواستنەوە و توێشوو بە تەنها بەس نییە بەڵکو دەبێت ساغیی لاشە لەبەر چاو بگیرێت).

بۆیە ڕاڤەکردنەوەی(السبیل) بە توێشوو و هۆکاری گواستنەوە ڕێگر نییە لەوەی کە هەندێک یاسا و ڕێسای تری بۆ زیاد بکەین، وەکو توانای لاشە و، ئاسایشی ڕێگە و، بوونی مەحرەم بۆ ئافرەت لای زۆرینەی زانایان، هەر وەکو ئەوەی کە بە مەرج نەگیراوە لەو کاتەدا توێشوو بوونی هەبێت، بەڵکو گەر دەیتوانی لە ناو ڕێدا توێشوو بە دەست بهێنێت ئەوە حەجی لەسەر واجب دەبێت، ئەمەش مەزهەبی مالیکە ڕەحمەتی خوای لێ بێت، ئیبن عەبدول بیر دەڵێت(٦/٢٤٢) مالیک دەفەرمووێت: (هەر کەسێک توانای گەیشتن بە بەیت و توانای بەجێهێنانی مەناسیکەکانی هەبێت بە هەر شێوەیەک کە بتوانێت بە توێشوو و هۆکاری گواستنەوەوە یان بە پێ بڕوات، ئەوە فەرزی حەجی لەسەر پێویست دەبێت، بەڵام هەر کەس نەخۆش بێت ئەو کاتە یان نەخۆشی درێژخایەنی هەبێت ئەوە داوای حەجی لێ نەکراوە).

بەڵام لای جمهور تەنها ئەوە بەس نییە کە توانای ڕۆشتنی هەبێت بە پێ، بەڵکو بوونی توێشوو و هۆکاری گواستنەوەیان بە مەرج داناوە بە درێژایی ماوەی حەجەکە لەگەڵ بەجێهێشتنی نەفەقەی خێزانەکەی و هەر کەسێکی دی کە نەفەقەی لەسەر ئەم واجبە لە ماوەی ڕۆشتن و هاتنەوەیدا، هەروەها قەرزیشی دابێتەوە مەگەر ئەوەی بایی ئەوەندەی بەجێهێشتبێت کە قەرزەکەی بۆ بدەنەوە، مەبەستم لەم قسانە ئەوەیە کە بڵێم زانایان تەنها بە توێشوو و هۆکاری گواستنەوە وازیان نەهێناوە، بەڵکو ساغیی لاشە و توانای ڕۆشتن و نەمانی ترسی تیاچوون و ئاسایشی ڕێگەیان کردووە بە مەرج و، بۆ ئافرەتیش کۆمەڵێ مەرجی تریان داناوە.

ئەم فراوانییە لە یاسا و ڕێسادا بەڵگەی ئەوەیە کە بابەتەکە کۆتوبەندی تر هەڵدەگرێت ئەگەر بەڵگەی قایلکەر هەبوو، هەرچەندە بەڵگەکەش گشتی بێت یان لەڕێی بەرژوەندی و سیاسەتی شەرعیەوە بێت، بە شێوەیەک کە زانایانی بنکۆڵکار وتوویانە: تایبەتکردنی توانایی(الاستطاعة) بە توێشوو و هۆکاری گواستنەوەوە وازهێنانە لە ڕووکەشی ئایەتەکە کە ئەمەش پێویستی بە بەڵگەیەکی سەربەخۆ هەیە، زیاتر لەمەش کە باسکرا زۆرینەی زانایان بەوە ڕازی نین کە توێشوو و هۆکاری گواستنەوە لە ڕێگەی بەخشین و هاوکارییەوە بێت، لەبەر ئەوەی منەتی تێدایە. ئیبن و قودامە دەفەرمووێت: (بەوە حەجی لەسەر واجب نابێت کە کەسێکی تر هاوکاری بکات و بەهۆی ئەم یارمەتیەوە خۆی ناگرێت و نابێت بە کەسێک کە توانایی هەبێت، جا جیاوازی نییە ئەو کەسە بەخشەرە خزم بێت یان بێگانە، هەروەها جیاوازی نییە توێشوو و هۆکاری گواستنەوەی بداتێ یان پارە). بەڵام شافیعییەکان جیاوازییان کردووە لە نێوان بەخشینێکی موباحدا کە منەتی تێدا نییە وەکو ئەوەی باوکێک توێشوو و هۆکاری گواستنەوە بۆ کوڕەکەی دابین بکات لەم کاتەدا واجب دەبێت، لەگەڵ کەسێکدا کە بەخشینەکەی منەتی تێدایە وەکو کەسی بێگانە، لەم کاتەدا واجب نابێت.

ئایا وەلی ئەمر دەتوانێت یاسا و ڕێسای تازە بسەپێنێت؟

ئەوەی کە کۆڕای لەسەرە ئەوەیە کە دەبێت گوێڕایەڵی کاربەدەستی مسوڵمان بکرێت لە چاکەدا، ئەمەش دەقی قورئان و فەرموودەی دروستی لەسەرە، گەر هاتوو فەرمانەکانیان لە شتێکدابوو کە شەرع ڕێگەی پێدابوو دەبێت پابەند بن پێوەی، ئەمە ئەوە دەردەخات کە دیاریکردنی ژمارەی حاجی بە لەبەرچاوگرتنی تایبەتمەندییەکان ڕێگەپێدراوە، گومانیشی تێدا نییە کە ئەم سەردەمەی ئێمە جیاوازە لە سەردەمەکانی پێشوو، ئێستە گەشتکردن و گەشتن بە شوێنەکان هەر چەندە دووریش بن ئاسانە، بۆیە گەر بوار بدرێت بە حاجییەکان ئەوا بە دەیان ملیۆن دێن و ئەمەش لە زۆر ڕووەوە گیر و گرفت دروست دەکات بەتایبەت کە مەڕاسیمەکانی حەج لە چەند شوێنێکی دیاریکراودان و بە جارێ ئەو هەموو خەڵکە ناگرن بە یەکەوە وەکو مینا و موزدەلیفە ـ دواتر باسی لێ دەکەین ـ .

ئەم بابەتە پەیوەندییەکی بەهێزی بە بابەتی سیاسەتی شەرعی و ئەو کۆت و بەند و ڕێسا و یاسانەوە هەیە کە فەقیهەکان لە ئامادەکارییە ئیدارییە ڕێگەپێدراوەکاندا باسیان لێوە کردووە مادەم دەبێتە هۆی بەدیهێنانی بەرژەوەندی و دوورخستنەوەی ناڕەحەتی بە پێی ئەو ئەندازانەی کە زانایان و کەسانی تایبەتمەند دایان ناوە. هەر لەم ڕوانگەیەشەوە کۆمەڵێ فەتوا و بڕیاری بە کۆمەڵ و تاکەکەسیمان بینی لە لایەن زانایانی ئوممەت و کۆڕبەندە فیقهییەکانەوە تایبەت بە داخستنی مزگەوتەکان و قەدەغەکردنی وتار لە کاتی کۆرۆنادا، بەڵکو نەکردنی عومرە لە کاتی توندبوونەوەی پەتاکەدا و، هەروەها کەمکردنەوەی ژمارەی حاجییەکان لە ناوخۆی وڵاتی سعودیەدا.

بۆیە زانایان ڕێگەیان داوە کە کاربەدەستی مسوڵمان هەڵبستێت بە دانانی کۆت و بەند و ڕێسا و یاسا بۆ هەندێک لە چالاکییەکان بە مەرجێک ئەم کۆت و بەندە لەسەر بنەمای وەلانانی خراپە و بەدیهاتنی چاکەی ڕاستەقینە بێت و، هاوئاهەنگی هەندێت لەو مەرجانە بێت کە فەقیهەکان دایان ناوە، هەرچەندە بازنەی ئەم کۆت و بەندانە بە لە دەروازەی ڕێگەپێدراوی ڕەهادا (واتە لە بنەچەدا موباح) فراوانترە.

هەڵوێستی حەڤدەهەمین کۆڕبەندی ئیسلامی:

ئەم بابەتە خرایە بەردەم وەزیرەکانی دەرەوەی وڵاتانی ئیسلامی لە کۆڕبەندی حەڤدەهەمیندا لە عەممان لە مەملەکەتی ئوردونی هاشمی لە بەرواری ٣ بۆ ٧ ی شەعبانی ساڵی ١٤٠٨ی کۆچی بەرامبەر ٢٥/٣/١٩٨٨ی زاینیی و بڕیاری ژمارە ٢١/١٧س ینی لێ کەوتەوە کە ئەمە دەقەکەیەتی:

(کۆڕبەندی حەڤدەهەمینی وەزیرە وەزیرەکانی دەرەوە..

لە دەستپێکی بنەماکانی پەیماننامەی ڕێکخراوی کۆڕبەندی ئیسلامی و، ئەو ئامانجانەی کە بە دەق باس لە ڕێزگرتنی هەموو ئەندامێک دەکەن و، هەروەها لەسەر بنەمای بەهادانان بۆ ڕژێمی ئیسلامی و هاوکاریکردن لە هەر بابەتێکدا کە خزمەتی ئیسلام و مسوڵمانان بکات…

بە لەبەرچاوگرتنی پەرۆشی حکومەتی شانشینی سعودیە بۆ ئاسانکاری بۆ ئەنجامدانی ڕێوڕەسمی حەج و عومرە و سەردانکردن بۆ هەر ژن و پیاوێکی موسڵمان، هەروەها ئەو هەوڵە باشانەی کە دەیخاتە گەڕ لە پێناو ڕێکخستنی ڕێوڕەسمی حەج، شوێنی نیشتەجێبوونی حاجیان و عومرەکاران و، هەڵسوکەوت و جوڵەکانیان...

دوای پێداچوونەوە بەو یاداشتەی کە لەلایەن حکومەتی شانشینی سعودیەوە پێشکەشکرا، کە بریتی بوو لە دەستپێکردنی پلان و بەرنامە و پڕۆژەی نوێ بۆ فراوانکردنی دوو مزگەوتی پیرۆز، و پەرەپێدان و باشترکردنی بینای نیشتەجێبوونی حاجیان...

داننان بەوەی کە میوانداریکردن و ئاسانکاری بۆ ڕۆیشتنی حاجیان پێویستی بە ڕێکخستنی شاندی حاجیان هەیە لە ناوچە جیاوازەکانی جیهانەوە، ئەمەش دڵنیایی دەدات لە سودمەندبوونیان لەو خزمەتگوزارییانەی کە لەلایەن دەزگا تایبەتمەندەکانەوە پێشکەشیان دەکرێت لە شانشینی سعودیە بە شێوەیەک کە هاوتا بێت لەگەڵ ئەو شوێنانەدا کە ڕێوڕەسمەکانی حەج و عومرەی تێدایە.

١- کۆڕبەندەکە پشتگیری لەو ڕێوشوێنانە دەکات کە شانشینی سعودیە دەیگرێتەبەر کە ژمارەی حاجیان سنووردار دەکات بۆ ڕێژەیەک کە ژمارەی دانیشتوانی وڵاتەکە بە بەراورد بە ژمارەی موسڵمانان لە جیهاندا تایبەتمەندە.

٢- داوا لە هەموو وڵاتانی ئەندام دەکرێت هاوکاری شانشین بکەن لە هەموو شتێکدا تا ڕێکارە گونجاوەکان جێبەجێ بکات بۆ دڵنیابوون لە بەدەستهێنانی دەرفەتی یەکسان لە نێوان هەموو حاجییەکان و دەستەبەرکردنی ڕێوڕەسمەکانیان و دابینکردنی هەموو ئامرازەکانی ئاسوودەیی بۆیان.

دەقی ئەم بڕیارە سەرەڕای ئەوەی کە دوور و درێژە بۆم گواستنەوە چونکە لە کاتی جێبەجێکردنیدا بەرژەوەندی لەخۆ دەگرێت و، مەترسی خراپەی دیارینەکردنی ژمارەی حاجیەکانیشمان بۆ دەردەخات کە دەبێتەهۆی پشێوی، هەروەها ئەوەش لەخۆ دەگرێت کە سعودیە ئەوپەڕی هەوڵی خۆی لە ڕێگەی فراوانکردنی حەرەمەوە بۆ زیادکردنی حاجییەکان دەدات و بە پێی توانا هەوڵ دەدات کە زۆرترین ژمارە بەشداری مەڕاسیمەکان بکەن.

هەر لەسەر ئەم بنەمایەشەوە کۆمەڵێک بڕیار و فەتوا لە دەستەی گەورە زانایانی سعودیەوە دەرکرا، بەڵکو زیاتر لەمە بڕیاری ژمارە ١٧٨ لە بەرواری ٢٦/٣١٤١٨ سەبارەت بە ڕێکخستنی حاجیانی ناوخۆی سعودییە دەرچوو، کە بڕیار دەدات هەر حاجیەکی ناوخۆ پێنج ساڵ جارێک حەج بکات، ئەمە دەقی بڕیارەکەیە:

(دوای لێکۆڵینەوە و، گفتوگۆ و، سەرنجدان و، دۆزینەوری چارەسەر و چارەسەرکردنی ئەو ناڕەحەتییانەی کە تووشی ئەو کەسانە دەبێت کە دەیانەوێت دروشمەکانی حەج جێبەجێ بکەن و، هەروەها بۆ ڕێگریکردن یان کەمکردنەوەی ئەو زیانانەی لە ئەنجامی قەرەباڵغییەکی زۆرەوە دروست دەبن، ئەنجومەنی زانایانی باڵا، بە زۆرینەی دەنگ بڕیاری دا کە هیچ شتێک نابێتە ڕێگر لەوەی کە حاجییە سعودییەکان ڕێکبخرێن، بەشێک لەم ڕێکخستنەش ئەوەیە کە حکومەت ڕێگە بەو سعودیانە نەدات کە حەجیان کردووە مەگەر دوای پێنج ساڵ نەبێت هەر وەک چۆن کەسانی بیانی نیشتەجێی سعودییە هەمان مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت مادام بار و دۆخەکە وا دەخوازێت، ئەمەش یارمەتی ئاسانکاری بۆ حاجییەکان دەدات و یارمەتییان دەدات کە مەڕاسیمەکان جێبەجێ بکەن و، ناڕەحەتی و بارگرانیشیان لەسەر لادەبات، ئەمەش لە ڕوانگەی فەرمایشتی پەروەدگارەوەیە کە دەفەرمووێت: (يُرِيدُ اللَّهُ بِكُمُ الْيُسْرَ وَلَا يُرِيدُ بِكُمُ الْعُسْرَ) (البقرة: 185) هەروەها دەفەرمووێت: (وَجَاهِدُوا فِي اللَّهِ حَقَّ جِهَادِهِ ۚ هُوَ اجْتَبَاكُمْ وَمَا جَعَلَ عَلَيْكُمْ فِي الدِّينِ مِنْ حَرَجٍ)(الحج:78) ، هەروەها فەرموودەی پێغەمبەر صلى الله عليه وسلم کە دەفەرمووێت : "ومن كان في حاجة أخيه، كان الله في حاجته"رواه البخاري (6951) ومسلم (2581).

دەقی فەتواکە:

لەسەر بناغەی ئەو شتانەی کە لە پێشەوە باسمان کردن و ئەو بەڵگانەش کە لەمەودوا باسیان دەکەین، ئەوەی بە ڕوونی دەردەکەوێت و ڕای پەسەندە ئەوەیە کە کاربەدەستی مسوڵمان لە وڵاتی سعودییە بۆی هەیە ژمارەی حاجیان دیاری بکات و بۆشی هەیە کە ڕێگری لە دووبارەبوونەوەی حەج بکات هەتا پێنج ساڵ، بەڵکو دەکرێت پێویست بکات کە وا بکات ئەگەر ئەم ڕێکارانەی کە باسیان دەکەین بوونیان هەبوو:

١- پێویستییەک بوونی هەبێت، یان بارودۆخە گشتییەکە وا بخوازێت، بە شێوەیەک کە شوێنی پەرستشەکان و حەرەم لەو ژمارە دیاریکراوە زیاتر هەڵنەگرێت، ئەمەشمان سەرەڕای ئەو هەوڵە زۆرانەی بۆ فراوانکردنی حەرەم هەیە دیوە، هەتا وای لێ هاتووە کە ئەم فراوانکردنە تەواوی سنووری شارە کۆنەکە و شوێنەکانی تری گرتۆتەوە کە مەشاعیرەکانیان تێدایە.

٢- گەر هاتوو دیارینەکردنەکە زیانی گەورەی بەدواوە دەبوو وەک ئەوەی دەبووە هۆی مردنی زۆرێک لە خەڵکی بە هۆی قەرەباڵغییەوە وەکو لە ساڵانی پێشوودا بینیومانە. لەم کاتەدا دیاریکردنەکە دەبێت بە داواکارییەکی شەرعی، لەبەر ئەوەی پاراستنی ڕۆحەکان لە بەجێهێنانی پایەکانی ئیسلام لە پێشترە.

٣- ئەم دیاریکردنە لەسەر بنەمای دادپەروەری بێت، ئەمەش بەوە دەبێت کە بە پێی پێوانەیەکی ورد دیاری بکرێت، سوپاس بۆ خوا دیاریکردنەکەش لەسەر پێوانەی ژمارەی دانیشتوانی هەر وڵاتێک کراوە، بە شێوەیەک کە لە هەر ملیۆن کەسێک ڕێگە بە هەزار کەس دەدرێت کە بێن بۆ حەج.

لێرەوە پێویستە ڕێ لە قورخکاری و لایەنداری بۆ هەر لایەنێک بگیرێت، هەر وەک چۆن پێویستە لەسەر کاربەدەستەکان بە هەموو شێوەیەک ئاسانکاری بۆ حاجییەکان بکەن و، هەوڵ بدەن کە گرانی و قۆڵبڕین لە پرۆسەکەدا نەهێڵن، حکومەت بەرپرسیارە لەوەی کە بە هەر شێوەیەک لە توانایدا هەیە هەوڵ بدات کە ئاسانکاری بۆ ئیشی حاجییەکان بکات و، ئەوەندەی لە توانادا هەیە بە زۆرترین ڕێژە بەشداری بە حاجییەکان بکات بۆ ئەوەی مەراسیمەکانی حەج جێبەجێ بکەن.

٤- مانەوەی ئەم دیاریکردنە پەیوەست بێت بە مانەوەی پێویستییەوە، بە شێوەیەک کە ساڵانە پێداچوونەوە بەم ڕێژەی دیاریکردنەدا بکرێت، لەبەر ئەوەی پێویستییەکان بە پێی بڕەکانیان دیاری دەکرێن وەکو خوای گەورە دەفەرمووێت: (فَمَنِ اضْطُرَّ غَيْرَ بَاغٍ وَلَا عَادٍ فَلَا إِثْمَ عَلَيْهِ ۚ إِنَّ اللَّهَ غَفُورٌ رَّحِيمٌ) (البقرة:173).

بەڵگەکان:

یەکەم: بەرپەرچی ئەوانە دەدەینەوە کە بەڵگە بە وشەی (سبیلا) لە ئایەتە پیرۆزەکەدا دەهێننەوە کە دەفەرمووێت: (وَلِلَّهِ عَلَى النَّاسِ حِجُّ الْبَيْتِ مَنِ اسْتَطَاعَ إِلَيْهِ سَبِيلًا ۚ ) (ال عمران:97). و دەڵێن وشەی (سبیلا) نەکیرەیە و ئەمەش هەموو جۆرە سەفەرێک دەگرێتەوە کە کەسەکە توانای هەیە گەر بە ڕێگەی فێڵ و قاچاخیش بێت.

وەڵام:

١- وشەی (سبیلا) گشتی نییە، لەبەر ئەوەی نەکیرەیەکە لە ناوبەندی ئیسپاتدا هاتووە، لە ناوبەندی نەفیدا نییە تا ببێت بە گشتی - وەکو زانایانی ئسوڵ دەڵێن-، بەڵکو ئەمە موتڵەقێکە کە ئاتاجی ڕاڤەکردنە، پێغەمبەری خوداش دروودی خوای لێ بێت بە توێشوو و هۆکاری گواستنەوە ڕاڤەی کردووە - وەکو لە پێشەوە باسمان کرد- و فەقیهـ و ڕاڤەکارانیش ئاسایشی ڕێگە و شتانێکی تریشیان بۆ زیاد کردووە - وەکو لە پێشەوە باسمان کرد-.

٢- ناگونجێت وشەی (سبیلا) مەبەست پێ هەر جۆرە ڕێگەیەک بێت بە ڕەهایی، بەڵکو مەبەست پێی ئەو ڕێگایانە کە مەرجە شەرعییەکانیان تێدایە، بۆیە گەر کەسێک ڕێگەیەک بدۆزێتەوە بەڵام ئاسایشی ڕێگەی لەگەڵدا نەبێت ئەوا حەجی لەسەر واجب نییە، بەڵکو گەر ڕێگەیەک بدۆزێتەوە - هەرچەندە ترسیشی تێدا نەبێت - بەڵام کەسەکە نەخۆش بێت یان پیر بێت و توانای ڕێگەبڕینی نەبێت ئەوە واجب نییە لەسەری ڕێگەی حەج بگرێتە بەر، بەڵکو کەسێک دەکات بە وەکیل حەجەکەی بۆ بکات.

٣- پەرستشەکان بە ڕێگەی نایاسایی ئەنجام نادرێن، گەر بە پارەی حەرام دەر فەتێکی دۆزییەوە دروست نییە حەج بکات، ئەوڕێگەیەی مرۆڤ بە فێڵ بەدەستی دێنێت ڕێگەیەکی ڕێپێدراو نییە بۆ ئەوەی حەجی لێوە بکات، ئەمە جگە لەوەی سەرپێچی کاربەدەستیش دەکات.

سەرەڕای ئەوەی لە پێشەوە باسمان کرد، ئەو کەسەی کە سەرپێچی ڕژێمەکە دەکات و بە بێ مۆڵەتوەرگرتن دەچێت بۆ حەج کارەکەی خراپە و زیانێکی زۆری لێ دەکەوێتەوە، بە شێوەیەک کە بەشێک لە ماڵەکەی سەرف دەکات و لەسەر سنوور و لە ناو فڕۆکەخانەکان ڕێگری چوونەناوەوەی لێ دەکرێت و ئەمەش بە واتای بەفیڕۆدانی ماڵەکەی دێت بە شێوەیەکی ناشەرعی، ئەمەش بە کۆی دەنگ حەرامە، یاخود داخڵی سعودیە دەبێت و لەوێ دەردەکەوێت و دەگیرێت یان غرامەیەکی زۆر دەکرێت، بەڵکو سجنیش دەکرێت و سوکایەتیشی پێ دەکرێت، هەموو ئەمانەش لە شەرعدا ڕێگەپێنەدراون و ڕێگریشن لە کردنی حەج.

٤- وشەی (سبیلا) زۆرینەی ڕاڤەکاران بە توێشوو و هۆکاری گواستنەوە لێکیان داوەتەوە بە بەڵگەی ئەو فەرموودەیەی کە باسمان کرد و ئەویش فەرموودەیەکە بە کەڵکی بەڵگەهێناوە دێت - وەکو لە پێشەوە باسمان کرد -. بەشێکیش لە ڕاڤەکاران بە توانای گەیشتن بە حەجیان ڕاڤە کردووە - وەکو لە پێشەوە باسمان کرد -. هەر وەکو چۆن زۆرینەش ئاسایشی ڕێگە و توانایی کەسەکە و شتانێکی تریان کردووە بە مەرج لەوانەی کە باسمان کردن.

بە هەر شێوەیەک بێت وتەی ئەو فەقیهانەی کە بە ڕەهایی ڕێگەیان بە بابەتەکە داوە وەکو پێشەوا مالیک ناکرێت بەسەر بارودۆخی ئەمڕۆدا بسەپێنرێت، لەبەر ئەوەی کۆی ئەو کەسانەی کە بەڕێ دەکەون بۆ حەج بەم پێیە ژمارەیان دەگاتە دەیان ملیۆن کەس و ئیدارە نادرێن، ئەو فەقیهانەش باسی ئەم بارودۆخەی ئەمڕۆیان نەکردووە و ئەم دۆخەیان بە خەیاڵدا نەهاتووە.

کەسی بەرهەڵستکار دەربارەی ڤیزەی حەج و بوونی پاسۆرت چی دەڵێت کە کراوە بە مەرج بۆ ئەوەی داخڵی سعودیە ببێت و حەج بکات؟

بۆ نموونە لەم ڕۆژگارەدا ڕێگە نادرێ هیچ کەسێک بە بێ پاسپۆرت سەردانی وڵاتێکی تر بکات، ئایا پێی دەوترێت بە فێڵ و قاچاخ بچۆرە ناو سعودیەوە؟!

لێرەوە هەر وەکو چۆن ئاسایشی ڕێگە و توانایی جەستە لە مەرجەکانی کردنی حەج بوون چی ڕێگرە لەوەی کە ئەم مەرجەش بخرێتە سەر ئەوان؟ بە شێوەیەک کە یەکێک لە مەرجەکانی کردنی حەج بەدەستهێنانی ڤیزەی حەج بێت، بە دەربڕینێکی تر ئەمە ببێت بە عوزرێک بۆ دواخستنی حەجەکەی یان لاچوونی حەج لەسەری گەر مرد و بەخت یاوەری نەبوو.

جوانترین وتەی فەقیهەکان لەم بارەیەوە ئەو وتەیەی پێشەوا ئەبو مەنصوری ماتوریدییە(٣٣٣هـ و) کە لە ڕاڤەی توانایی (الاستطاعة)دا فەرموویەتی: (مەبەست پێی توانایی بار و دۆخ و هۆکارەکانە) پاشان دەفەرمووێت: ( بەڵام هەر شتێک بێتە نێوان ئەو و بەیتەوە ئێمە کەسەکە بە مەعزور دادەنێین - وەکو دەریا - لە دواکەوتنەکەیدا و، گوناهبار نابێت).

دووەم: باسکردنی هەندێک بەڵگە لەسەر دروستێتی دیاریکردنی ژمارەی حاجیان و، ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی حەج لە کەمتر لە پێنج ساڵدا، لەو بەڵگانە:

١- بنەمای توانایی(الاستطاعة) ئەم بنەمایە گشتییە و دەقی لەسەرە و بە بەدواداچوون کۆمەڵێک ئایەت دەبینین کە دەبنە بەڵگە بۆی لەوانە: (لَا يُكَلِّفُ اللَّهُ نَفْسًا إِلَّا وُسْعَهَا)(البقرة:286 ) هەروەها: (فَاتَّقُوا اللَّهَ مَا اسْتَطَعْتُمْ) ( التغابن:16) فەرمایشتی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) کە دەفەرمووێت: (فإذا أمرتكم بأمر فأتوا منه ما استطعتم، واذا نهيتكم عن شيء فدعوه) رواه البخاري (7288) ومسلم (1337).

ڕووی بەڵگەهێنانەوەکە ئەوەیە کە شوێنە دیاریکراوەکانی حەج توانای لەخۆگرتنی هەموو ئەو کەسانەی نییە کە بە نیازی سەفەری حەجن، بۆیە پێویستماب بە دیاریکردنی ڕێژەیە بە پێی بنەمایەکی دادپەروەرانە، هەر واش کراوە لە ئێستادا.

٢- بنەماکانی ئاسانکاری و لابردنی ناڕەحەتی، خوای گەورە دەفەرمووێت: (يُرِيدُ اللَّهُ بِكُمُ الْيُسْرَ وَلَا يُرِيدُ بِكُمُ الْعُسْرَ) (البقرة:185) هەروەها دەفەرمووێت: (وَمَا جَعَلَ عَلَيْكُمْ فِي الدِّينِ مِنْ حَرَجٍ) ( الج:78)، هەروەها کۆمەڵێک فەرموودەی زۆر لە بارەی ئەم بنەما دەقییەوە هاتووە.

ڕووی بەڵگەهێنانەوەکە ئەوەیە کە دیارینەکردنی ژمارەی حاجییەکان و ڕێگرینەکردن لە دووبارەبوونەوەی حەج لە کەمتر لە پێنج ساڵدا دەبێت بە ناڕەحەتیەکی گەورەی وەها کە لە توانادا نامێنێت، بەڵکو دەبێتە هۆی مردنی ژمارەیەک لە حاجیان وەکو لە ساڵانی پێشوودا بینیومانە سەرەڕای هەوڵی زۆری سعودیە بۆ فراوانکارییەکان بە پێی توانا.

٣- بنەمای نەکەوتنە ناو هیلاکەت و زەرەر و زیانەوە، خوای گەورە دەفەرمووێت: (وَأَنفِقُوا فِي سَبِيلِ اللَّهِ وَلَا تُلْقُوا بِأَيْدِيكُمْ إِلَى التَّهْلُكَةِ ۛ وَأَحْسِنُوا ۛ إِنَّ اللَّهَ يُحِبُّ الْمُحْسِنِينَ) (البقرة:195)، بەڵێ ئایەتەکە بەوە ڕاڤە کراوە کە مەبەستی دەستقونجاوی و نەبەخشین بێت، بەڵام ئایەتەکە گشتییە، بۆیە واتاکەی هەموو ئەو شتانە دەگرێتەوە کە مەردمەکە بەرە و تیاچوون دەبەن - لە جگە لە جیهاد لە پێناوی خوادا - ئیبنو عەیاش دەفەرمووێت: (تەهلوکە ئەوەیە کە مرۆڤ لە برسێتی و تینوێتی و ڕۆشتندا بمرێت). ئەخفەش (٢١٥هـ ـ و) دەفەرمووێت بائەکە زیادەیە تەهلوکە بە مانای هەلەکەیە، واتە: دەستان مەخەنە ناو تیاچوونەوە.

ڕووی بەڵگەهێنانەوەش بەم بنەمایە ڕوونە کە هەر شتێک ببێتە هۆی تیاچوونی بەشەر حەرامە، دەشزانیین کە ڕێگەدان بە ملیۆنان کەس دەبێتە هۆی تیاچووونی هەندێکیان، بۆیە دەبێت ڕێگە بە ژمارەیەکی وا بدرێت کە ئەم تیاچوونە نەیانگرێتەوە.

٤- بوخاری لە سەحیحەکەیدا بە ژمارە (١٦٣٥) و ئەحمەد بە ژمارە(٣٥٢٧) و بە سەنەدێکی سەحیح و طەبەرانی بە ژمارە (١١١٦٥) کەسانی تریش بە سەندەی خۆیانەوە لە ئیبن و عەباسەوە ڕەزای خوایان لێ بێت گێڕاویانەتەوە کە پێغەمبەری خوا دروودی خوای لێ بێت لە دوای تەوافی ئیفازە هاتە لای ئەو کەسانەی کە ئاویان دەبەخشی و داوای ئاوی کرد، عەباس بە کوڕەکەی وت: بڕۆ بۆ لای دایکت و لای ئەو ئاو بۆ پێغەمبەری خودا بێنە، ئەویش فەرمووی: لەم ئاوەم بدەنێ، لێی خواردەوە و چوو بۆ لای زەمزەم و بینی خەڵکی ئاوی لێ دەردەهێنن و دەستیان تیایەتی، فەرمووی خەریک بن ئێوە کار و کردەوەی صاڵح دەکەن، پاشان فەرمووی: ( ئەگەر خەڵکی لێتان کۆنەبوونایەتەوە و قەرەباڵغییان نەنایەتەوە دەهاتمە خوارەوە لەگەڵتان و ئاوم هەڵدەگۆزت).

ئەم فەرموودەیە بەڵگەیە لەسەر ئەوەی کە پێغەمبەری خودا دروودی خوای لێ بێت وازی لە چوونەناو بیری زەمزەم هێنا لە ترسی ئەوەی خەڵکی بیکەن بە سوننەت و، ئەو کاتە قەرەباڵغی دروست بکەن و بە ژمارە زۆرەکەیان عەزێتیان بدەن، حافزی ئیبن حەجەر دەفەرمووێت: (وا دەردەکەوێت ئەمە ماناکەی بێت: گەر خەڵکی کاتێک منیان دەبینی وا دەکەم، قەرەباڵغییان لێ نەکردنایە بە هۆی ئەوەی شوێن من دەکەون، ئەوە دەچوومە ناو بیرەکەوە)، بە هەمان ماناش موسلیم لە جابرەوە ڕیوایەتی کردووە:( أتى النبي صلى الله عليه وسلم بني عبد المطلب ، وهم يسقون على زمزم فقال : انزعوا بني عبد المطلب، فلولا أن تغلبكم الناس على سقايتكم لنزعتُه معكم). فەرموودەکە بەڵگەیە لەسەر ئەوەی کە ئاوپێدانی حاجییەکان تایبەت بووە بە بەنی عەباسەوە.

ڕووی بەڵگەهێنانەوەکەش بەم فەرموودەیە ئەوەیە کە وازی لە دابەزین بۆ ناو بیری زەمزەم و ئاودان بە خەڵکی هێناوە لە ترسی ئەوەی خەڵکی قەرەباڵغی دروست نەکەن و ئەم کارە گەورەیەی نەوەکانی عەباس زەوت نەکەن.

٥- هەروەها ئەوەی دڵ بۆی دەچێت لەم بابەتەدا ئەوەیە قسەی پەسەندی زانایان بریتییە لەوەی کە حەج فەرزێک نییە فەوری جێبەجێ بکرێت، بەڵکو دەکرێت دواش بخرێت، قورطوبی دەفەرمووێت:( کیتاب و سوننەت بەڵگەن لەسەر ئەوەی کە حەجیش دەتوانرێت دوابخرێت، ئەمەش یەکێکە لە قەولەکانی مالیک و، شافعی و محمدی کوڕی حەسەن و ئەبو یوسوفە لە ڕیوایەتێکدا، هەندێک لە زانایانی دوایی مەزهەبی مالیک لەگەڵ ئەوەدان کە فەرزێکی فەورییە و هەر لەگەڵ واجببونیدا دەبێت بکرێت، ئەمە وتەی داوودیشە، بەڵام دروستترینیان وتەی یەکەمە، لەبەر ئەوەی خوای گەورە لە سورەتی حەجدا دەفەرمووێت: ( وَأَذِّن فِي النَّاسِ بِالْحَجِّ يَأْتُوكَ رِجَالًا وَعَلَىٰ كُلِّ ضَامِرٍ يَأْتِينَ مِن كُلِّ فَجٍّ عَمِيقٍ) (الحج:27) سورەتی حەجیش مەکییە و، لێرەشدا دەفەرمووێت ( وَلِلَّهِ عَلَى النَّاسِ حِجُّ الْبَيْتِ مَنِ اسْتَطَاعَ إِلَيْهِ سَبِيلًا) (ال عمران: 97)، ئەم سورەتەشیان لە ساڵی سێی کۆچیدا لە مەدینە دابەزیوە، پێغەمبەری خوداش دروودی خوای لێ بێت هەتا ساڵی دەی هیجری حەجی نەکرد).

مەبەستمان بەمە ئەوەیە کە بڕیاری دیاریکردنی ژمارەی حاجییەکان ناکاتە ئەوەی کە حەج قەدەغە بکرێت، تەنها بۆ هەندێک کەس دواکەوتنی لێ دەکەوێتەوە، ئەمەش دروستە و شەرعییە، لەبەر ئەوەی قسەی پەسەند ئەوەیە کە حەج دروستە دوابخرێت.

٦- سەرەڕای بنەماکانی مەبەستەکانی شەریعەت و بابەتە گشتییەکانی وەکو پاراستنی دین و نەفس ئەم بڕیارە دەبێتە هۆی پاراستنی ئەو زەروریات و پێویستیانە و، دیارینەکردنی ژمارەکەش دەبێتە هۆی زەرپێگەیاندن و لەبەینبردنیان.

لێرەوە بۆمان ڕوون بووەوە کە دیاریکردنی ژمارەی حاجییەکان بە پێی پێوەرە وردەکان و، بڕیاری دووبارەنەکردنەوەی حەجیش تا پێنج ساڵ دروستە و بەڵکو دەگونجێت شەرعەن هەر پێویست بێت بۆ پارێزگاریکردن لە گیان و دین بە پێی ئەو ڕێسایانەی کە باسمان کرد، هەروەها بۆمان ڕوون بووەوە کە فێڵکردن لەم بڕیارە دروست نییە چونکە فێڵکردن خۆی ڕێگەپێنەدراوە، لەبەر ئەوەش کە دەرچوونە لە فەرمانێکی شەرعی کاربەدەستان و، هەروەها لەبەر ئەوەش کە زەرەر و زیانێکی زۆری لێوە پەیدا دەبێت.

خوای گەورەش زاناترە بە ڕاستی.

وصلى الله وسلم على سيدنا محمد وعلى آله وصحبه أجمعين

تاگەکان    
نەتەوایەتی قەدەر یاری سایکس-بیکۆ تەوبە گفتوگۆ فەڵەستین قودس زمان کتێب ڕانانی کتێبب ڕۆژاوا خاڵبەندی موناجات لۆجیک
فیقهی
2024-06-20 کۆمێنت 14 خولەک بۆ خوێندنەوە 487 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی