مامەڵەکردن لەگەڵ تێگەیشتنی سەلەفدا بە تەرازوویەکی لاسەنگ

نووسینی: د. عوسمان هەڵەبجەیی وەرگێڕانی: میران مەجید
فیقهی 2023-01-06 کۆمێنت ٥ خولەک بۆ خوێندنەوە 318 جار بینراوە

سەرەتا دەڵێم: تەنها دڵنەخۆش و کەمئاوەزەکان دژایەتیی مەنهەجی سەلەف دەکەن.
ئەوەیش کە زانراوە لە چۆنیەتیی مامەڵەکردن لەگەڵ فەهمی سەلەفدا، ئەمانەیە:
یەکەم: گەر هاتوو سەلەف هاوڕا بوون لەسەر بابەتێک کە پەیوەندیی بە بیر و باوەڕ و پەرستشەکانەوە هەیە، واجبە لەسەر ئێمەیش شوێنیان بکەوین.
دووەم: گەر لەسەر کۆمەڵێک بابەت جیاوازییان هەبوو، بە هیچ شێوەیەک دروست نییە هیچ یەکێکیان بە موبتەدیع و گومڕا لە قەڵەم بدەین، هەرچەندە بەڵگەکەیشی لاواز بێت.

ئەمە جگە لەوەی کۆمەڵێک لە بانگەشەکارانی شوێنکەوتنی فەهمی سەلەف مامەڵەیەکی ساختە لەگەڵ خودی مەنهەجی سەلەفدا دەکەن، ئەم مامەڵە ساختەیەیش بەڕوونی بە دوو شێوە دەردەکەوێت:
شێوەی یەکەم: یەک بۆچوون لەناو بۆچوونەکانی سەلەفدا هەڵدەبژێرن و دەیکەن بە بابەتێکی بڕاوە و وای پیشان دەدەن کە لەڕووی مانا و جێگربوونی دەقەکەوە کێشەی نییە و، هەرکەسێکیش جگە لەو بۆچوونەی ئەوان هەڵبژێرێت بە بیدعە و گومڕایی تۆمەتباری دەکەن، بەمەیش بابەتە (ظەنییەکان) دەکەنە (قەطعی) و، دەیشزانین ئەوەی ئینکاری بابەتە (قەطعییەکان) بکات کافرە و، ئیدی لە دوای ئەم کافرکردنەیشەوە چی ڕوودەدات هەموو دەزانین و پێویست بە باسکردن ناکات.
لەوە دەچێت تووشی دۆشدامان ببن لەم وتەیە، یان بە ناڕاست و قسەی بێبەڵگەی بزانن، بەڵام واقیع ئەمە پشتڕاست دەکاتەوە، چەندین بابەتی (ظەنیمان) هەیە کە سەلەف جیاواز بوون تێیدا و ئەمڕۆ لای ئەم کەسانە بوون بە (قەطعی) و جیاوازی تێیاندا دروست نییە، هەرکەسێکیش جگە لە هەڵبژاردەکەی ئەوان هەڵببژێرێت ئەوا گومڕا و موبتەدیعە و پێویستە دەنگی لێ داببڕدرێت و، پێویستیشە بە خەڵکی بناسرێنرێت و ئاگاداریش بکرێنەوە کە لەگەڵیدا دانەنیشن و سەلامی لێ نەکەن و گوێ بۆ قسەیشی هەڵنەخەن، تەنانەت سەیری ناوچاویشی نەکەن، چونکە ڕوانین بۆ ناوچاوی موبتەدیع لای ئەوان حەرامە و پیاو تووشی گوناهـ دەکات و پێچەوانەی مەنهەجی سەلەفە.

یەکێک لەو نموونانەی لە بیرمە گوێم لە هەندێک لەو کەسانە دەگرت کە زۆر بەتوندی ئینکاریی ئەو کەسانەیان دەکرد کە قنووت دەخوێنن لە نوێژی بەیانیدا و، خەڵکیان ئاگادار دەکردەوە کە نوێژیان لە دواوە نەکەن، هەندێکیان خاکەڕاییان دەنواند و دەیانوت: ئەوەی قنووتی بەیانیان بخوێنێت موبتەدیعە، بەڵام کێشە نییە نوێژی لە دواوە بکەن، بەڵام ئامان ئامان نەکەن بەشداریی قنووتەکەی بکەن و دەست بەرز بکەنەوە لەگەڵیدا و ئامین بۆ دوعاکەی بکەن، لەبەرئەوەی قنووتی بەیانی بیدعەیە و بەشداریکردنی بیدعەیش بیدعەیە!
ئەمە لەگەڵ ئەوەدا کە قنووتی بەیانیان لە هەندێک لە پێشەوایانی سەلەفەوە وەکو سەرۆکی فەتوا لە مەدینە (مالیکی کوڕی ئەنەس) ڕەحمەتی خوای لێ بێت جێگر بووە و، ئەویش قنووتی لەخۆوە دانەهێناوە، بەڵکو بە تەواتور لە مامۆستاکانی خۆیی وەرگرتووە کە ئەوانیش قوتابیی هاوەڵە بەڕێزەکان (صحابة) بوون -کاتێک دەیبینین قنووت دەخوێنن لە مزگەوتی سەردارماندا سەلامی خوای لەسەر بێت- ئەم قنووتخوێندنەیش بەردەوام لە مزگەوتی پێغەمبەری خوادا دەکرا هەتا کاربەدەستەکانی سعودییە پێش چەند ساڵێک بە فەتوای هەندێک کەس قەدەغەیان کرد. 
هەروەها قنووتی بەیانیان لە سەرۆکی فەتوا لە عێراق و ميصر پێشەوای گەورە محەمەدی کوڕی ئیدریسی شافیعییەوە -ڕەحمەتی خوای لێ بێت- جێگر بووە، خۆزگە بمزانیایە ئەگەر ئەم دوو پێشەوایە سەلەف نەبن ئیتر کێ سەلەفە!؟
بیهێنە پێش چاوت ئەگەر ئەم بانگەشەکارانە بچنە مزگەوتێکەوە کە پێشنوێژەکەی پێشەوا مالیک یان شافیعی بێت، چۆن پشێوییان لەسەر دروست دەکەن و، خەڵکی ئاگادار دەکەنەوە کە نوێژیان لەدواوە نەکەن و، تۆمەتباریان دەکەن بە بیدعە و گومڕایی!

شێوەی دووەم: بانگەشەکارانی شوێنکەوتنی سەلەف کێشە نییە بەلایانەوە هیچنەزانێک -هەرچەندە بە لای ئەوانیشەوە زانا بێت- کە بانگەشەی شوێنکەوتنی سەلەفی هەڵگرتووە ڕەخنە لە پێشەوا گەورەکانی پێشینانی وەکو ئەبو حەنیفە و مالیک و شافیعی و ئەحمەد بگرێت، بەڵام خۆیان بەوپەڕی ڕێز و شکۆوە دەورەی زانا هاوچەرخەکانی خۆیانیان داوە، بە شێوەیەک وایان کردووە لە سەروو ڕەخنەوە بن و چاویان لە ئاست هەڵەکانیان کوێر دەکەن، هەرچەندە هەڵەکانیان گەورە و پێچەوانەی خودی مەزهەبی سەلەفیش بن، پاشان گەر بە هەڵەکانیانەوە ڕووبەڕوویان ببیتەوە بە هەر ڕێگەیەک بێت دەست دەکەن بە بیانووهێنانەوە بۆ هەڵەکانیان، وەکو بڵێیت ئەوان پاکن و گوناهـ و هەڵەیان نییە و هەرکەسێکیش ڕەخنەیان لێ بگرێت بە شێوەیەک جنێوباران دەکرێت کە هەتا ژێر گڵ لەگەڵیدا بمێنێتەوە، بەڵکو تەنانەت دوای ئەوەیش.

گوێم بۆ گرتەیەکی دەنگیی شێخ صاڵح فەوزان گرت -خوا بیبەخشێت- کەسێک لەبارەی دەقی شەرعییەوە پرسیاری لێ دەکات: ئایا دابەش دەبێت بەسەر گومانهەڵنەگر و گومانهەڵگردا (قطعي الدلالة وظني الدلالة)؟ شێخ وەڵام دەداتەوە:
"ئەمانە هەمووی قسەی بێمانان، هەر دەقێک جێگر بووبێت ئەوە گومانهەڵنەگرە لە ڕووی واتاوە (یانی خوێندنەوەی جیاواز هەڵناگرێت) هەر شتێک لە پێغەمبەری خواوە دروودی خوای لێ بێت جێگر بووبێت ئەوە یەک واتا هەڵدەگرێت و زانست و دڵنیایی دەگەیەنێت، بەڵام گەر جێگر نەبووبێت ئەوە بەڵگەی پێ ناهێنرێتەوە."

(هل يصح تقسيم النصوص الشرعية إلى قطعي الثبوت قطعي الدلالة - قطعي الثبوت ظني الدلالة؟)

ئەوانەی شێخیان خۆشدەوێت بە پشتگری و دڵخۆشییەوە دەستیان کرد بە بڵاوکردنەوەی ئەم گرتەیە، تەنانەت هیچ زانا و هیچ خوێندکارێکی لایەنگری شێخم نەبینی ڕەخنەی لێ بگرن، لەگەڵ ئەوەدا ئەم قسەیە بچووکترین خوێندکاریش نایکات، چجای بگات بە کەسێکی وەکو شێخ ـخوا لێی ببوورێت-.

ئەوەی لە سەلەف و خەلەفەوە جێگر بووە ئەوەیە کە دەقەکان هەیانە خوێندنەوەی جیاواز هەڵدەگرێت و هەیشیانە خوێندنەوەی جیاواز هەڵناگرێت، نە لە کۆن و نە لە ئێستا هیچ جیاوازییەکم لەسەر ئەمە نەبینیوە.

پاشان سەرەنجامی ئەوەی کە هەموو دەقەکان بکەیت بە قەطعی زۆر خەتەرە، لەبەر ئەوەی تەکفیری زانایانی تازە و کۆنی لێ دەکەوێتەوە، لەبەر ئەوەی ئەوان جیاوازبوون لە تێگەیشتنی دەقەکاندا کە لای شێخ هەمووی قەطعییە، زانراویشە کە دەقەکان واتاکەیان قەطعی بوو جیاوازیی تێیاندا دروست نییە، بەڵکو جیاوازی وا دەکات کە کافرکردن بێتە کایەوە، ئەوکات مونکیری دەقێکی قەطعی کە یەقین بگەیەنێت کافر دەبێت.

زوو قسەیەکی شێخ بەربەهاری ئەبو محمد حسن کوڕی عەلی کە ٣٢٩هـ وەفاتی کردووە - بە رەحمەتی خوا بێت - م لە پەسنی کتێبەکەیدا کە بە ناوی (شرح السنة)وە دایناوە بینی کە بانگەشەی خەڵکی دەکات بۆ پابەندبوونێکی حەرفی بە هەموو پیتێکی کتێبەکەیەوە و، بڕیاری کوفر و دەرچوون بەسەر هەر کەسێکیشدا دەدات کە شتێکی لێ ڕەت بکاتەوە و، چواندوویەتی بە کەسێک کە باوەڕی بە قورئان هەیە و شتێکی لێ ڕەت دەکاتەوە و، ئەویش کافر دەبێت.
ئەمەیش قسەکەی بەربەهارییە بە ڕەحمەت بێت: (فرحم الله عبداً ورحم والديه قرأ هذا الكتاب وَبَثَّهُ وَعَمِلَ بِهِ وَدَعَا إليه واحتج به، فإنَّهُ دين الله ودين رسول الله صلى الله عليه وسلم، فإنه من استحل شيئاً خلاف ما في هذا الكتاب؛ فإنه ليس يَدِينُ لله بِدِينٍ، وقد ‌رَدَّهُ كلَّهُ، كما لو أن عبداً آمن بجميع ما قال الله تبارك وتعالى إلا أنه شك في حرف فقد ردَّ جميع ما قال الله تعالى وهو كافر"شرح السنة) لا١٠٣. هەروەها دەڵێت: (فَمَنْ أَقَرَّ بِما في هذا الكتاب وآمن به واتخذه إماما، ولم يَشُكَّ في حرف منه، ولم يجحد ‌حرفا واحدا، فهو صاحب سنة وجماعة، كاملٌ، قد كملت فيه السنة، وَمَنْ جَحَدَ ‌حَرْفَاً مما في هذا الكتاب، أو شكَّ فيه أو وقف فهو صاحب هوى." شرح السنة) لا١٢٣.

ئەم قسەیە مەگەر بۆ قورئان یان سوننەتێکی قەطعی بشێت، ئەم قسەیە لەکوێ و قسەی ئیمامی مالیک لەکوێ کە دەفەرمووێت: (هەموو کەسێک قسەی لێ وەردەگیرێت و ڕەتیش دەکرێتەوە مەگەر قسەی خاوەنی ئەم قەبرە نەبێت)، کە ئاماژەی بۆ گۆڕی پێغەمبەری خوا کرد دروودی خوای لێ بێت.
ئەمە لەگەڵ ئەوەدا کە لە کتێبەکەی بەربەهاریدا چەندین باسی جێگەی خیلافی تێدایە کە ناکرێت حوکمی بیدعە و شوێنکەوتنی نەفس بدەین بەسەر ئەوانەدا کە هاوڕای نین، کۆمەڵی باسیشی تێدایە کە بەڵگەکانیان زۆر لاوازە، بەڵکو کۆمەڵێ باسی تێدایە کە بەڵگەکانیان حەدیسی مەوضوعە یان هەر دەلیلی نییە لە بنەمادا، وەکو ئەو بابەتەی کە دەڵێت هەموو پێغەمبەرێک حەوزێکی هەیە، تەنیا پێغەمبەر صاڵح نەبێت دروودی خوای لێ بێت، حەوزەکەی ئەو گوانی وشترەکەیەتی، ئەمەش پوچە و ڕاست نییە، هەروەها ئەوەی کە دەڵێت ڕۆحی کافرەکان لە (بەرهوت)ە بەرهوت بیرێکە لە حەضرەمەوت ئەمەش هیچ دەلیلێکی لەسەر نییە، هەروەها ئەو بابەتەی کە دەڵێت یەکەم کەس کە لە بەهەشتدا لە پەروەردگار دەڕوانێت کوێرەکانن پاشان پیاوانن پاشان ژنانن، ئەم پلەبەندییە هیچ بنەمایەکی نییە، ئیتر چۆن شێخ ئێمە پابەند دەکات بە شتێکەوە کە بنەمای نییە یان بەڵگکەی لاوازە یان لە بابەتی خیلافە!؟

قسەی ئێمە لێرەدا لە بارەی تانەدان لە دینی شێخ فەوزان و بەربەهارییەوە نییە، زیادەڕەوییشیان بەرانبەر ناکەین، بەڵکو دەگونجێت جۆرێک لە پۆزش و تەئویلیشیان هەبێت، بەڵکو مەبەستمان لە باسکردنی ئەم دوو نموونەیە ڕوونکردنەوەی لادان بوو لە مەنهەجی هەندێک لە بانگەشەکارانی شوێنکەوتنی سەلەف کە چۆن خۆیان کوێر دەکەن لە ئاست هەڵەی ئەو کەسانەدا کە خۆشیاندەوێن، ئیدی هەرچەندە هەڵەکەیشیان گەورە بێت و، هەڵەی بەرانبەرەکانیشیان گەورە دەکەن هەرچەندە بیانوویشیان هەبێت یان تەئویل بکرێن.

عوسمان محمد غەریب

هەولێر - بەختیاری

11- جمادى الآخرة-1444هـ

4/1/2023ز

تاگەکان    
گۆرانی ڕانانی کتێب ژیانی پێغەمبەر دوعا ئازادی تەلارسازی قودس ڕانانی کتێبب گەڕان شەڕ جەنگی هۆشیاری بوووژانەوە کۆرۆنا وەرزش دەروونی
فیقهی
2023-01-06 کۆمێنت ٥ خولەک بۆ خوێندنەوە 318 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2023 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی