ئایا نیقاب واجبە؟

نووسینی: د. یووسف قەرەزاوی وەرگێڕانی: شاهۆ حەمید
فیقهی 2022-03-13 کۆمێنت 40 خولەک بۆ خوێندنەوە 11659 جار بینراوە

حیجاب و نیقاب

دەکرێت هەندێکجار دینداری و دڵسۆزی لە بەلاوەنانی ڕاجیاییەوە پەیدا ببێت، بە جۆرێک هەر لایەک بۆچوونی خۆی پێ تەواو بێت و لەسەر حەقی ببینێت، پێی وا بێت دین ئەو بۆچوونەیە و، پاداشت یان سزایش هەر لەسەر ئەو ڕەئە دەدرێتەوە. بەڵام تا ئەو دەمەی دەقەکان فرمانگەلی لایەق بە ڕاجیایی لە ڕووی جێگیری و واتاییەوە لێ دەربهێنرێت و، تا ئەو ساتەی تێگەیشتنەکانی مرۆڤ لە توانای هەڵێنجان و ڕادەی وەرگرتن بە ڕووکەشی دەق یان ناوەڕۆک، بە ڕوخسەت یان لەپێشینە، بە ئیحتیات یان ئاسانتر، جیاواز بن، ڕاجیایی بۆ هەمیشە بەردەوام دەبێت.

خیلاف هەر بەردەوام دەبێت مادام لەنێو خەڵکیدا کەسانێک هەن کار بە توندییەکانی ئیبن عومەر دەکەن و، کەسانێکیش کار بە ڕوخسەتەکانی ئیبن عەبباس دەکەن. مادام تێیاندایە نوێژی عەسر لە ڕێگا دەکات و، تێیشیاندایە تا نەگاتە بەنی قورەیزە نوێژ ناکات.

لە سۆزی خوداوەیە بەرانبەرمان کە ئەم جۆرە ڕاجیاییە نە کێشەی تێدایە و نە تاوان، هەڵەکار تێیدا بووراوە؛ بەڵکوو یەک پاداشتیش وەردەگرێت، جگە لەوەیش هەندێک دەڵێن: لەم ئیجتیهادە لاوەکییانەدا نەپێکانێک وەدی ناکرێت، بەڵکوو هەمووی تەواوە.

هاوەڵان و ئەوانەیش وا بە چاکە شوێنیان کەوتن، لە لقوپۆپەکانی ئاییندا ڕاجیاییان هەبوو، کە ئەوەیش هیچ زەرەری لێ نەدان، بەڵکوو زیاتر فکری فراوان کردن و، بێ هیچ خەشم و قینێکیش لە پاش یەکترییەوە نوێژیان بەجێ دەهێنا.

جا لەگەڵ ئەوەی باوەڕمان وایە خیلاف بۆ هەتایە زیندوو دەمێنێت، لەسەر بابەتی نیقاب وتەمان کۆ دەکەینەوە و درێژەی پێ دەدەین، سا بەڵکوو خودا بۆ وتەی ڕاست ڕێنموێنیمان بکات، بە وشەی دروست کۆتایی بەم ململانێیە بهێنێت یان، بە لایەنی کەمەوە تیژییەکەی سووکتر بکات و، توندییەکەی ئارام بکاتەوە؛ تاوەکوو ویژدانی حیجابدۆستان بحەوێتەوە و کارەکەیش لای بانگەشەکارانی نیقاب ئاسایی ببێتەوە.

ئاشکراکردنی دەموچاو و دەستەکان -تا مەچەک- مەزهەبی جمهووری فوقەهایە

ڕاستییەک دڵنیا دەکەینەوە کە پێوستی بە دڵنیاکردنەوەیش نییە، چونکە لای ئەهلی عیلم زانراوە و نەزانراو نییە، مەشهوورە و فەرامۆشکراو نییە، ئەویش واجبنەبوونی نیقاب و دروستیی بەدیارخستنی دەموچاو و دەستەکانی ئافرەتی موسوڵمانە لەپێش پیاوی بێگانەی نامەحرەم، کە ئەوەیش قسەی زۆرینەی هەرە زۆری زانایانە؛ هەر لە سەردەمی هاوەڵانیشەوە خودا لێیان ڕازی بێت.

وتەی زانایان لەسەر پیشاندانی دەموچاو و دەستەکان (حیجابی ئافرەت)

مەزهەبی حەنەفی

لە پەرتووکی "الإختیار"دا کە سەر بە مەزهەبی حەنەفییە هاتووە: "ولا ينظر إلى الحرة الأجنبية، إلا إلى الوجه والكفين، إن لم يخف الشهوة: تەماشاکردنی ئافرەتی ئازادی بێگانە دروست نییە؛ جگە لە دەموچاو و دەستەکانی نەبێت، ئەویش گەر لە شەهوەت نەترسا." هەروەها لە ئەبووحەنیفەوە هاتووە: سەیرکردنی پێیەکانیش عەورەت نییە، چون -دەست و پێیەکان- بۆ مامەڵەی پێدان و وەرگرتن پێویستە بەدیار بکەون، هەروەها دەموچاویش بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ بێگانەدا دەبێت بناسرێت، بۆ مانەوەی بژێویی ئافرەتەکە، بە هۆی نەبوونی هیچ کەسێکەوە تاوەکوو بە دابینکردنی بژێویی هەڵبستێت. هەروەها دەڵێت: واتای فەرمایشتی خودا (وَلَا يُبْدِينَ زِينَتَهُنَّ إِلَّا مَا ظَهَرَ مِنْهَا: با جوانیی خۆیان دەرنەخەن جگە لەوەی کە دیارە.) زۆرینەی هاوەڵأن دەڵێن: -ئەوەی کە دیارە- کل و ئەنگوستیلەیە. یانی شوێنی ئەو دووانە، وەکوو ڕوونیشمان کردەوە کە تەماشاکردنی خودی کل، ئەنگوستیلە، ئاڵتوون، گەوهەر و کەرەستەکانی جوانکاری بۆ نزیک و بێگانە دروستە، جا بۆیە مەبەست بە تەماشاکردنی کل و ئەنگوستیلە لێرەدا، شوێنەکەیانە، کە (موزاف) سڕاوەتەوە و (موزاف ئیلەیهی) شوێنی گرتووەتەوە.

هەروەها دەڵێت: ڕیوایەت کراوە پێیەکانیش عەورەت نین بە هیچ شێوەیەک، چونکە دەبێت ڕێیان پێ بکرێت و، بەوەیش بەدیار دەکەون، هەروەها -جووڵانی- شەهوەت لە تەماشاکردنی دەموچاو و دەستەکاندا زیاترە، بۆیە بەدیارکەوتنی پێیەکان لەپێشترە. لە ڕیوایەتێکی تردا هاتووە: پیشاندانی پێ عەورەتە جگە لە کاتی نوێژ.

هەموو ئەمە لە کتێبی "الإختیار لتعلیل المختار"ی عەبدوڵڵای کوڕی مەحموودی کوڕی مەودوودی موسڵیی حەنەفیدا هاتووە، ٤/١٥٦.

مەزهەبی مالیکی

لە پەرتووکی "الشرح الصغير"ی دەردیردا، کە ناسراوە بە (نزیکترینی ڕێگاکان بۆ مەزهەبی مالیک)، هاتووە: "وعورة الحرة مع رجل أجنبي منها أي ليس بمحرم لها، جميع البدن غير الوجه والكفين، وأما هما فليسا بعورة: عەورەتی ئافرەتی ئازاد لەگەڵ پیاوێکی غەریبی نامەحرەمدا، هەموو لاشەیەتی جگە لە دەموچاو و دەستەکانی، کە ئەو دووانە عەورەت نین." شێخ ساوی لە پەراوێزیدا دەڵێت: "واتە تەماشاکردنی ئەو دووانە دروستە، چ ڕووی دەرەوەیان بێت یان ناوەوەیان، بەبێ مەبەستی چێژلێبردن و جووڵاندنی هەست و سۆز، چون بەو مەبەستەوە حەرامە."

دەڵێت: جا ئایا لەسەر ئافرەت واجبە دەموچاو و دەستەکانی دابپۆشێت؟ (کە ئیبن مەرزووق دەڵێت: ئەوە لە مەزهەبدا مەشهوورە –یانی مەزهەبی مالیک-.) یان لەسەری واجب نییە، تەنیا لەسەر پیاوە چاوی بپارێزێت؟ (کە ئەمە پێشەوا مەوواق لە قازی عەیازەوە گێڕاوێتییەوە.) جا ئەمە شێخ ئەحمەدی زەڕووق لە شەرحی "الوغسيلية"دا ڕوونی کردووەتەوە کە، گەر ئافرەتەکە جوان بێت واجبە، گەرنا سوننەتە.

حاشية الصاوي على الشرح الصغير بتعليق د. مصطفى كمال وصفي، ط: دار المعارف بمصر، 1/289.

مەزهەبی شافیعی

شیرازی، خاوەنی پەرتووکی "المهذب" لەسەر مەزهەبی شافیعی، دەڵێت: (ئافرەتی ئازاد هەموو لاشەی عەورەتە جگە لە دەموچاو و دەستەکانی. نەوەوی دەڵێت: تەنیا دەستەکانی تا مەچەک، چون خودا دەفەرمووێت: (وَلَا يُبْدِينَ زِينَتَهُنَّ إِلَّا مَا ظَهَرَ مِنْهَا) ئیبن عەبباس دەفەرمووێت: دەموچاو و دەستەکانی دەگرێتەوە. نەوەوی لە "المجموع"دا دەڵێت: ئەم تەفسیرەی ئیبن عەبباس، ئیمامی بەیهەقی لە ئەو و خاتوو عائیشەیشەوە -خودا لێیان ڕازی بێت- دەيگێڕێتەوە. چون پێغەمبەری خودا –دروودی خودای لێ بێت- نەهی لە ئافرەت کردووە دەموچاو و دەستەکانی لە ئیحرامدا دابپۆشێت؛ فەرموودەکە ئیمامی بوخاری لە ئیبن عومەرەوە دەیگێڕێتەوە، کە پێغەمبەری خودا –د.خ- فەرموویەتی: "لا تنتقب المرأة المحرمة، ولا تلبس القفازين: ئەو ئافرەتەی لە ئیحرامدایە با نیقاب نەکات و، دەستکێشیش لەدەست نەکات." ئەگەر دەموچاو و دەست عەورەت بووبان، داپۆشینیان حەرام نەدەبوو. هەروەها پێویستی وا دەخوازێت دەموچاو بۆ کڕین و فرۆشتن بەدەرەوە بێت و، دەستەکانیش بۆ پێدان و وەرگرتن، کە ئەوەیش بە عەورەت دانەنراوە.)

نەوەوی لە شەرحی "المهذب"دا، واتە لە "المجموع"دا ئەوەیشی زیاد کردووە: "هەندێک لە شافیعییەکان دەڵێن ژێرپێی ئافرەت عەورەت نییە، موزەننییش دەڵێت: پێیەکان عەورەت نین.". (المجموع، ٣/١٦٧_١٦٨.)

مەزهەبی حەنبەلی

ئیبن قودامە لە پەرتووکی "المغني"دا دەڵێت: "لە مەزهەبدا(یانی مەزهەبی حەنبەلی) خیلاف نییە کە دروستە ئافرەت لە نوێژدا دەموچاوی بەدیار بخات. جگە لە دەموچاو و دەستەکانی، نابێت هیچ شوێنێکی تری بەدەشتەوە بێت. لەسەر دەستەکان دوو ڕیوایەت هەیە، ئەهلی عیلم تێیدا ڕاجیان. زۆرینەی ئەهلی عیلم لەسەر ئەوەن ئافرەت دەتوانێت نوێژ بکات و دەموچاویشی بەدەرەوە بێت، هەروەها یەکدەنگن لەسەر ئەوەی ئافرەتی ئازاد گەر نوێژی کرد، دەبێت سەری دابپۆشێت، خۆ گەر نوێژی کرد و تەواوی سەری بەدەرەوە بوو، دەبێت نوێژەکەی دووبارە بکاتەوە. ئەبووحەنیفەیش دەڵێت: پێیەکان عەورەت نین، چون زۆر جاران بەدیار دەکەون؛ وەکوو دەموچاو وان. مالیک و ئەوزاعی و شافیعی دەڵێن: هەموو لاشەی ئافرەت عەورەتە جگە لە دەموچاو و دەستەکانی –تا مەچەک-، هەرچی ماوەتەوە دەبێت لە نوێژدا بپۆشرێت، چون ئیبن عەبباس دەربارەی فەرمایشتی خودا (وَلَا يُبْدِينَ زِينَتَهُنَّ إِلَّا مَا ظَهَرَ مِنْهَا) دەفەمووێت: دەموچاو و دەستەکان دەگرێتەوە. هەروەها چونکە پێغەمبەری خودا –د.خ- نەهی لە پۆشینی نیقاب و لەدەستکردنی دەستکێش بۆ ئافرەتێک لە ئیحرامدا بێت کردووە، گەر دەموچاو و دەستەکان عەورەت بووبان، داپۆشینیان حەرام نەدەبوو! هەروەها پێویستییش وا دەخوازێت دەموچاو بۆ کڕین و فرۆشتن و، دەستەکانیش بۆ پێدان و وەرگرتن دیار بن.

هەندێکیش لە زانایانمان دەڵێن: هەموو لاشەی ئافرەت عەورەتە، چونکە پێغەمبەری خودا دەفەرمووێت: "المرأة عورة: ئافرەت عەورەتە." ئەم فەرموودەیە ئیمامی ترمزی گێڕاوێتییەوە و دەڵێت: فەرموودەیەکی "حسن صحيح"ە بەڵام، ڕوخسەتی پێدراوە دەموچاو و دەستەکانی بەدیار بخات، چونکە لە داپۆشینیاندا مەشەقەت و ناڕەحەتی هەیە، ڕێگایش دراوە بۆ خوازبێنی تەماشای دەموچاوی بکرێت، چونکە شوێنی کۆبوونەوەی جوانییە. ئەمەیش قسەی ئەبووبەکر، حارسی کوڕی هیشامە کە دەڵێت: ئافرەت هەمووی عەورەتە، تەنانەت نینۆکەکانیشی.". (المغني، 1/1، 6، ط: المنار)

چەند مەزهەبێکی تر

ئیمامی نەوەوی لە "المجموع"دا قسەی مەزهەبەکانی لەسەر عەورەت هێناوە و دەڵێت: عەورەتی ئافرەتی ئازاد، هەموو لاشەیەتی جگە لە دەموچاو و دەستەکانی. لەگەڵ شافعیدا ئەمە قسەی مالیک، ئەبووحەنیفە، ئەوزاعی، ئەبووسەور و کۆمەڵێکی ترە، هەروەها ڕیوایەتێکیشە لە ئەحمەدەوە.

ئەبووحەنیفە و سەوری و موزەننی دەڵێن: پێیەکانیشی عەورەت نین.

ئەحمەد دەڵێت: هەموو لاشەی عەورەتە تەنیا دەموچاوی نەبێت.

(المجموع للنووي ٣/١٦٩).

ئەمە مەزهەبی داوودیشە؛ وەکوو لە پەرتووکی "نيل الأوطار، 2/55، ط: دار الجيل بيروت"دا هاتووە.

ئیبن حەزمیش دەموچاو و دەستی جیا کردووەتەوە و بە عەورەتیان نابینێت، وەکوو لە "المحلی"دا باسی کردووە. لە شوێنی خۆیشیدا باسی بەڵگەکانی دەکەین.

جا ئەمە مەزهەبی کۆمەڵێک لە سەحابە و تابیعینە، وەکوو لە تەفسیرکردنیان بۆ ئایەتی (إلا ما ظهر منها)ی سوورەتی نووردا بەڕوونی دیارە.

بەڵگەی ئەوانەی بەدیارخستنی دەموچاو و دەستەکان –تا مەچەک- بە دروست دەزانن

لێرەدا گرنگرترین بەڵگە شەرعییەکانی ئەوانەی نیقاب بە واجب نابینن و بەدیارخستنی دەموچاو و دەستەکان بە دروست دەزانن، باس دەکەین، کە ئەوەیش زۆرینەی زانایانی لەسەرە و، بەس دەبێت بۆ قەناعەتکردن إن شاء الله.

1. تەفسیرکردنی سەحابە بۆ فەرمایشتی خودای گەورە (إلا ما ظهر منها): زۆرینەی زانایانی سەحابە و تابیعین لە تەفسیرکردنی وتەی خودا لە سوورەتی نووردا (ولا يبدين زينتهن إلا ما ظهر منها: با جوانیی خۆیان دەرنەخەن مەگەر ئەوەی کە دیارە.) دەڵێن: دەموچاو و دەستەکان دەگرێتەوە یان، شوێنی کل و ئەنگوستیلە کە شوێنی جوانین.

حافزی سیووتی لە کتێبی "الدر المنثور في التفسير بالمأثور"دا کۆمەڵێکی هەرە زۆری لەم قسانە باس کردووە:

ئیبنولمونزیر دەربارەی ئایەتی (ولا يبدين زينتهن إلا ما ظهر منها) لە ئەنەسەوە دەگێڕێتەوە کە فەرموویەتی: شوێنی کل و ئەنگوستیلە دەگرێتەوە.

سەعیدی کوڕی مەنسوور، ئیبن جەریر، عەبدی کوڕی حومەید، ئیبنولمونزیر و بەیهەقی، لە ئیبن عەبباسەوە -ڕ.خ- دەربارەی ئایەتی (ولا يبدين زينتهن إلا ما ظهر منها) دەگێرنەوە کە فەرموویەتی: -شوێنی- کل، ئەنگوستیلە، گوارە و ملوانکە دەگرێتەوە.

عەبدوڕڕەززاق و عەبدی کوڕی حومەید لە ئیبن عەبباسەوە دەگێڕنەوە کە فەرموویەتی؛ ئایەتی (ولا يبدين زينتهن إلا ما ظهر منها) –شوێنی- بۆیەکردنی دەست و ئەنگوستیلە دەگرێتەوە.

ئیبن ئەبی شەیبە و عەبدی کوڕی حومەید و ئیبن ئەبی حاتەم دەربارەی فەرمایشتی خودا (ولا يبدين زينتهن إلا ما ظهر منها) لە ئیبن عەبباسەوە دەگێڕنەوە فەرموویەتی: دەموچاو، ناولەپ و ئەنگوستیلە دەگرێتەوە.

لە جێیەکی دیدا ئیبن ئەبی شەیبە و عەبدی کوڕی حومەید و ئیبن ئەبی حاتەم دەربارەی فەرمایشتی خودا (إلا ما ظهر منها) لە ئیبن عەبباسەوە دەگێڕنەوە کە فەرموویەتی: جەوهەری دەموچاو و ناوەوەی دەست دەگرێتەوە.

ئیبن ئەبی شەیبە، عەبدی کوڕی حومەید، ئیبنولمونزیر و بەیهەقییش لە سونەنەکەیدا لە عائیشەوە –ڕ.خ- دەگێڕنەوە، دەربارەی ئەو جوانییەی کە دیارە پرسیاری لێ کراوە و ئەویش فەرموویەتی: -شوێنی- بازن و ئەنگوستیلە دەگرێتەوە؛ لەگەڵیدا مەچەکی خڕ کرد.

ئیبن ئەبی شەیبە دەربارەی فەرمایشتی خودا (إلا ما ظهر منها) لە عیکریمەوە دەیگێڕێتەوە کە فەرموویەتی: دەموچاو و چاڵایی مل دەگرێتەوە.

ئیبن جەریریش دەربارەی فەرمایشتی خودا (إلا ما ظهر منها) لە سەعیدی کوڕی جوبەیرەوە دەیگێڕێتەوە کە فەرموویەتی: دەموچاو و دەستەکان دەگرێتەوە.

هەر ئیبن جەریر لە عەتائەوە دەگێڕێتەوە کە فەرموویەتی: دەستەکان و دەموچاو دەگرێتەوە.

عەبدوڕڕەززاق و ئیبن جەریر لە قەتادەوە دەربارەی ئایەتی (إلا ما ظهر منها) دەیگێڕنەوە فەرموویەتی: دوو میسکەکە، ئەنگوستیلە و کل دەگرێتەوە. قەتادە دەفەرمووێت: پێم گەیشتووە لە پێغەمبەری خوداوە –د.خ- کە فەرموویەتی: "لا يحل لإمرأة تؤمن بالله واليوم الآخر إلا إلى هاهنا: بۆ هیچ ئافرەتێک کە باوەڕی بە خودا و ڕۆژی دوایی هەبێت دروست نییە -دەستی بەدیار بخات- مەگەر تا ئێرە." نیوەی قۆڵی گرت.

عەبدوڕڕەززاق و ئیبن جەریر لە ئەلمیسوەری کوڕی مەخرەمەوە دەربارەی ئایەتی (إلا ما ظهر منها) دەگێڕنەوە کە فەرموویەتی: هەردوو شوێنی بازن و ئەنگوستیلە و کل دەگرێتەوە.

سەعید و ئیبن جەریر لە ئیبن جورەیجەوە دەگێڕنەوە فەرموویەتی: ئیبن عەبباس لەسەر ئایەتی (إلا ما ظهر منها) فەرموویەتی: کل و قۆڵ دەگرێتەوە. ئیبن جەریر دەڵێت عائیشە فەرموویەتی: بازن و ئەڵقە دەگرێتەوە.

عائیشە –ڕ.خ- دەفەرمووێت: کچی براکەم لە دایکمەوە کە عەبدوڵڵای کوڕی توفەیلە، بە ڕازاوەیی هاتە لام، پێغەمبەری خودایش –د.خ- وەژوور کەوت و ڕووی وەرگێڕا، عائیشە فەرمووی: ئەوە کچی براکەمە و کەنیزەکیشە، پێغەمبەری خودا –د.خ- فەرمووی: "إذا عركت المرأة لم يحل لها أن تظهر إلا وجهها وإلا ما دون هذا: گەر ئافرەت گەیشتە تەمەنی بالغبوون، دروست نییە هیچ شوێنێکی جگە لە دەموچاو و ئێرەی بەدیار بخات." قۆڵی گرت و ئاماژەی بە مەچەک و ناودەستی کرد.

سەیری (الدر المنثور)ی سیووتی بۆ ئایەتی ٣١ی سوورەتی نوور بکە.

ئیبن مەسعوود بە پێچەوانەی ئیبن عەبباس و عائیشە و ئەنەسەوە –ڕەزای خودایان لێ بێت- دەڵێت: (إلا ما ظهر منها) پۆشاک و عەبا(جلباب) دەگرێتەوە.

بۆمان ڕوون بوویەوە کە تەفسیرکردنەکەی ئیبن عەبباس ڕاستترە، چونکە جیاکردنەوەی (إلا ما ظهر منها) لە ئایەتەکەدا، دوای ڕێگریکردن لە دەرخستنی جوانی هاتووە، کە ئەوەیش جۆرێک لە ڕوخسەت و ئاسانکاری دەخوازێت. هەروەها دیاربوونی عەبا و دزداشە و وێنەی ئەوان لە جلوبەرگی دەرەکی، هیچ شتێکی لە ڕوخسەت و ئاسانکاری و هەڵگرتنی بارگرانی پێوە دیار نییە، چون دیاربوونی جلی دەرەوە بابەتێکی زەروورییە و هەر دەبێت دیار بێت، نەوەکوو بگوترێت قەیناکە با دیار بێت!

هەر لەبەر ئەوەیش تەبەری، قورتووبی، ڕازی، بەیزاوی و جگە لە ئەمانیش ئەمەیان بەڕاست داناوە، کە هەر ئەوەیش قەولی جمهووری زانایانە.

قورتووبییش پشتگیریی تەفسیرکردنەکەی ئیبن عەبباسی کردووە، بەوەی زۆر جاران بەگوێرەی عادەت و عیبادەتیش وا دەخوازرێت دەموچاو و دەستەکان بەدەرەوە بن، عیبادەتیش وەکوو لە نوێژ و حەجدا، جا بۆیە وا گونجاوە ئەوەی بەدەرەوە بێت، ئەو دووانە بێت. بەڵگەیش دێنێتەوە بەوەی ئەبووداوود ڕیوایەتی کردووە کە، ئەسمائی کچی ئەبووبەکر دەچێتە ماڵی پێغەمبەری خودا و جلێکی تەنکی لەبەرە، پێغەمبەری خودایش ڕووی لێ وەردەگێڕێت و دەفەرمووێت: "يا أسماء إن المرأة إذا بلغت المحيض، لم يصلح أن يُرى منها إلا هذا وهذا: ئەی ئەسما، ئافرەت کە گەیشتە کاتی سووڕی مانگانە(حەیز)، نابێت هیچ شوێنێکی ببینرێت جگە لە ئێرە و ئێرەی." ئاماژەی بە دەموچاو و دەستەکانی کرد.

ئەم فەرموودەیە بەتەنیا ناکرێتە بەڵگە، چونکە مورسەلە(لە کۆتایی سەنەدەکەیدا پچڕان هەیە)؛ ئەو کەسەی لە عائیشەوە گێڕاوێتییەوە –وەکوو زانراوە- هەرگیز بە عائیشە نەگەیشتووە. بەڵام فەرموودەکەی ئەسمائی کچی عومەیس شایەتیی بۆ دەدات و بەهێزی دەکات، هەروەها کار و ڕەفتاری ئافرەتانی سەردەمی پێغەمبەر –د.خ- و هاوەڵانیشی –ڕ.خ- دەیسەلمێنێت کە وایە. هەر بۆیە شێخ ئەلبانییش لە کتێبەکانی "حجاب المرأة المسلمة" و "الإرواء" و "صحيح الجامع الصحيح" و "تخريج الحلال والحرام"دا کردوویەتی بە حەسەن.

2. فەرمانکردن بە سەرپۆشدان بەسەر سینگدا نەک دەموچاو:

فەرمایشتی خودای گەورە لەسەر ئافرەتانی بڕوادار (وليضربن بخمرهن على جيوبهن: با سەرپۆشەکانیان بدەنە سەر سینە و ملیاندا.) (النور: ٣١) (الخمر جەمعی خمار(سەرپۆشە) و، الجیوب جەمعی جیب(سینگ)ە کە فەتحەی سینگ دەگرێتەوە لە قەمیس و وێنەی قەمیسدا.)

جا خودای گەورە ئەمری بە ئافرەتانی باوەڕدار کردووە بە سەرپۆشەکانیان سەر و مل و سینگیان دابپۆشن، نەک وەکوو ئافرەتانی سەردەمی نەفامی بن و سینگ و ملیان بەدەرەوە بێت. خۆ گەر داپۆشینی دەموچاو واجب بووبا، بێگومان ئایەتەکە بەڕوونی ئاماژەی پێ دەکرد و فەرمانی دەکرد سەرپۆشەکانیان بەسەر دەموچاودا بدەن، هەروەکوو چۆن بەڕوونی فەرمانی دا بەسەر مل و سینگیدا بدەن.

بۆیە ئیبن حەزمیش دوای باسکردنی ئەم ئایەتە پیرۆزە دەڵێت: "فأمرهن الله تعالى بالضرب بالخمار على الجيوب، وهذا نص على ستر العورة والعنق والصدر، وفيه نص على إباحة كشف الوجه، لا يمكن غير ذلك أصلا: خودای گەورە فەرمانی پێ کردوون سەرپۆشەکانیان بەسەر سینگ و ملیاندا بدەن، ئەمەیش بەڵگەیە لەسەر داپۆشینی عەورەت و مل و سینگ، هەروەکوو بەڵگەیشە لەسەر دروستیی بەدەرەوەبوونی دەموچاو، هەر ئەوەیشی لێ دەخوێندرێتەوە." (المحلى: ٣/٢٧٩)

٣. فەرمانکردن بە چاوداخستنی پیاوان:

فەرمانکردن بە چاوپارێزیی پیاوان لە قورئان و سوننەتیشدا هاتووە، خودای گەورە دەفەرمووێت: (قُلْ لِلْمُؤْمِنِينَ يَغُضُّوا مِنْ أَبْصَارِهِمْ وَيَحْفَظُوا فُرُوجَهُمْ ذَلِكَ أَزْكَى لَهُمْ إِنَّ اللَّهَ خَبِيرٌ بِمَا يَصْنَعُونَ: بە پیاوانی باوەڕدار بڵێ چاویان –لە ئاست ئافرەتی نامەحرەم- دابخەن و داوێنی خۆیان بپارێزن، ئەوە پاکترە بۆیان، بەڕاستی خودا بەو هەڵسوکەوت و ڕەفتارانەی دەیکەن ئاگادارە.) (النور: ٣٠)

پێغەمبەریش –د.خ- دەفەرمووێت: "اضمنوا لي ستًا أضمن لكم الجنة: اصدقوا إذا حدثتم، وأدوا إذا ائتمنتم، وغضوا أبصاركم...الحديث: شەش شتم بۆ بپارێزن زەمانەتی بەهەشتتان بۆ دەکەم: کە قسەتان کرد ڕاست بڵێن، ئەمانەتپارێز بن و، چاوتان بپارێزن..." (رواه أحمد وابن حبان والحاكم والبيهقي في الشعب عن عبادة، وحسنه في صحيح الجامع الصغير 1018).

بە عەلییش دەفەرمووێت: "بە دووی نەزەری یەکەمدا نەزەری دی مەکە، یەکەمیان بۆ تۆیە و ئەوی دی بۆ تۆ نییە –لێت دەگیردرێت-." (رواه أحمد وأبو داود والترمذي والحاكم عن بريدة، وحسنه في صحيح الجامع الصغير7953).

یان فەرموویەتی –د.خ-: "يا معشر الشباب من استطاع منكم الباءة فليتزوج، فإنه أغض للبصر، وأحصن للفرج: ئەی گرۆی گەنجان، هەرکەستان توانای ژنهێنانی هەیە با بیهێنێت، بەڕاستی ئەوە بۆ چاوداخستن پارێزەرترە و، بۆ عەورەتیش ئەمانترە." رواه الجماعة عن ابن مسعود.

خۆ گەر هەموو دەموچاوەکان داپۆشراو بووبان و، ئافرەتان نیقاب بووبان، ئەو کات ڕۆڵی هاندان لەسەر داخستنی چاوان چ فایدەیەکی بوو؟! داخستنی چاوان چ کەڵکێکی هەبوو گەر دەموچاوێلێک بۆ ڕاکێشانی چاو و دروستکردنی فیتنە نەبووایەن؟ یان گەر چاو هیچ شوێنێکی ئافرەتان نەبینێت، ئیتر مانای چییە زەواج بۆ چاو پارێزەرترە؟!

٤. ئایەتی (وَلَو أَعجَبَكَ حُسنُهُنَّ):

فەرمایشتی خودای گەورە زیاتر دڵنیامان دەکاتەوە (لَا يَحِلُّ لَكَ النِّسَاءُ مِنْ بَعْدُ وَلَا أَنْ تَبَدَّلَ بِهِنَّ مِنْ أَزْوَاجٍ وَلَوْ أَعْجَبَكَ حُسْنُهُنَّ: دوای ئەمانە ژنی تر بۆ تۆ حەڵاڵ نییە و، نایشتوانیت ئاڵوگۆڕیان پێ بکەیت –یەکیان تەڵاق بدەیت و هیی تر بێنیت-، با زۆریش سەرسام بیت بە جوانیی ئەو ئافرەتەی کە دەتەوێت بیهێنیت.) (الاحزاب: ٥٢)

ئەگەر مەجاڵێک بۆ بینینی دەموچاو نەبێت، ئیتر چۆن بە جوانییەکەیان سەرسام دەبێت؟ کە دەموچاو شوێنی کۆکەرەوەی جوانییە.

٥. فەرموودەی (إذا رأى أحدكم امرأة أعجبته):

هەموو دەقەکان و زۆریی ڕووداوەکانیش، بەڵگەن لەسەر ئەوەی ئافرەتانی سەردەمی پێغەمبەری خودا -د.خ- نیقابیان نەپۆشیوە، مەگەر دەگمەن، بەڵکوو دەموچاویان بەدەشتەوە بووە. لەوانەیش:

ئیمامی ئەحمەد و موسلیم و ئەبووداوود لە جابرەوە دەگێڕنەوە: "أن رسول الله –عليه الصلاة والسلام- رأى امرأة فأعجبته، فأتى زينب –زوجه- وهي تمعس منيئة، فقضى حاجته، وقال: إن المرأة تقبل في صورة شيطان، وتدبر في صورة شيطان، فإذا رأى أحدكم امرأة فأعجبته، فليأت أهله، فإن ذاك يرد ما في نفسه : پێغەمبەری خودا –د.خ- ئافرەتێکی بینیی و پێی سەرسام بوو، هاتە لای زەینەبی خێزانی کە خەریکی کەوڵکردنی پێستە بوو، پێویستییەکەی تەواو کرد و -ڕۆیشتە لای هاوەڵانی و- فەرمووی: ئافرەت لەسەر شێوەی شەیتان دێت و، لەسەر شێوەی شەیتان دەڕوات، گەر یەکێکتان ئافرەتێکی بینی و پێی سەرسام بوو، با بچێتە لای خێزانی خۆی و پێویستیی خۆی تەواو بکات، چون ئەو کارە ئەوەی لە دڵیایەتی لە شەهوەت دەیکوژێت و سوکنایی پێ دەبەخشێت." (رواه مسلم فی النکاح برقم: ١٤٠٣).

دارەمی لە ئیبن مەسعوودەوە دەیگێڕێتەوە – کە لێرەدا لەجیاتی زەینەب، سەودەی داناوە- کە پێغەمبەری خودا فەرموویەتی: "أيما رجل رأى امرأة تعجبه، فليقم إلى أهله، فإن معها مثل الذي معها: هەر پیاوێک ئافرەتێکی بینی و سەرسامی بوو، با بچێتەوە بۆ لای ئەهلی خۆی(خێزانی خۆی)، ئەوەی لەودا هەیە لە خێزانی خۆیشیدا هەیە.".

ئیمامی ئەحمەدیش هەمان فەرموودە لە ئەبووکەبشەی ئەنمارییەوە دەگێڕێتەوە، پێغەمبەری خودا –د.خ- فەرموویەتی: "مرت بي فلانة، فوقع في قلبي شهوة النساء، فأتيت بعض أزواجي فأصبتها. فكذلك فافعلوا، فإنه من أماثل أعمالكم إتيان الحلال: فڵأنە ئافرەت دای بەلامدا و، شەهوەتی ئافرەتان کەوتە دڵمەوە، هاتمە لای خێزانەکانی خۆم و داممرکاندەوە؛ ئێوەیش وا بکەن، بەڕاستی لە باشترینی کردەوەکانتان، دەستبردنە بۆ حەڵاڵ." (ذكره الألباني في سلسلة الأحاديث الصحيحة 235).

جا فەرموودەکە بەڵگەیە لەسەر ئەوەی کە پێغەمبەری خودا –د.خ- ئافرەتێکی دیاریکراوی بینیوە و، شەهوەت و حەز بۆ ئافرەت ڕۆیشتووەتەوە دڵییەوە، بە حوکمی ئەوەی ئەویش مرۆڤە و پیاوە. جا هەرگیز ناکرێت ئەمە ڕووی دابێت و ئەو ئافرەتە دەموچاوی دیار نەبووبێت، چونکە گەر دەموچاوی دیار نەبووایە، نەیدەزانی فڵانە ئافرەتە و یەکێکی تر نییە! هەروەها تەماشاکردنی وای کرد حەزی مرۆڤانەی بۆی بجووڵێت، وەکوو فەرمووی (گەر یەکێکتان ئافرەتێکی بینی و پێی سەرسام بوو)، کە ئەمەیش بەڵگەیە لەسەر ئەوەی ئەم بابەتە زۆر بە ئاسایی و بە شتێکی باو وەرگیراوە.

٦. فەرموودەی (وصعد فيها النظر وصوبه):

یەکێکی تر لەوانە، بوخاری و موسلیم لە سەهلی کوڕی سەعدەوە دەگێڕنەوە کە ئافرەتێک دێتە لای پێغەمبەری خودا –د.خ- و دەڵێت: "يا رسول الله، جئت لأهب لك نفسي، فنظر إليها رسول الله –صلى الله عليه وسلم-، فصعد فيها النظر وصوبه، ثم طأطأ رأسه، فلما رأت لم يقض فيها شيئًا جلست: ئەی پێغەمبەری خودا، هاتووم تا خۆمت پێشکەش بکەم، پێغەمبەری خودایش –د.خ- ڕووی تێ کرد و لە سەرەوە تا خوارەوە بەتێڕامانەوە تەماشای کرد، پاشان سەری نەوی کرد، کاتێک –ئافرەتەکە- بینیی پێغەمبەری خودا هیچ بڕیارێکی لەسەری نەدا، دانیشت."

گەر دەموچاوی بەدەرەوە نەبووایە، پێغەمبەری خودا نەیدەتوانی سەیری بکات و، بەتێڕامان و تەماشاکردنەوە درێژە بە سەیرکردنەکەی بدات. نەیشهاتووە کە -ئافرەتەکە- ئەوەی تەنیا لەبەر خوازبێنی کردبێت و دواتر دەموچاوی داپۆشیبێت، بەڵکوو وەکوو لە فەرموودەکەدا هاتووە دوای ئەوە دادەنیشێت. هەندێک لە هاوەڵانیش –کە لەوێدا بوون- بینییان و داوایان لە سەروەر کرد لەوانی مارە بکات.

٧. فەرموودەی (الخثعمية والفضل بن عباس):

ئیمامی نەسائی لە ئیبن عەبباسەوە –ڕ.خ- دەگێڕێتەوە کە، "أن امرأة من خثعم استفتت رسول الله –صلى الله عليه وسلم- في حجة الوداع، والفضل بن عباس ردف رسول الله...الحديث، فأخذ الفضل يلتفت وكانت امرأة حسناء، وأخذ رسول الله –عليه الصلاة والسلام- يحول وجه الفضل من الشق الآخر: ئافرەتێک لە حەجی ماڵئاواییدا داوای فەتوای لە پێغەمبەری خودا –د.خ- کرد، فەزڵی کوڕی عەبباسیش لە پشتی پێغەمبەری خوداوە –لەسەر سوارییەک- سەرکەوتبوو... فەزڵ سەرنجی لە ئافرەتەکە دەدا، کە ئافرەتێکی جوان بوو، پێغەمبەری خودایش –د.خ- دەموچاوی فەزڵی گرت و بە ڕووی دیوەکەی تردا وەریگێڕا." ئیبن حەزم دەڵێت: گەر دەموچاو عەورەت بووبا و داپۆشینی واجب، ئەوا پێغەمبەری خودا –د.خ- ڕێگەی نەدەدا ئاوا بە ڕووی خەڵکیدا بەدەرەوە بێت و ئەمری پێی دەکرد کە دایبپۆشیت. خۆ ئەگەر دەموچاویشی داپۆشراو بووبا، ئیبن عەبباس لە کوێوە دەیزانی جوانە یان ناشیرینە؟!

ترمزییش ئەم چیرۆکە لە عەلییەوە دەگڕێتەوە، هاتووە: "ولوي –أي النبي- عنق الفضل، فقال العباس: يا رسول الله لم لويت عنق ابن عمك؟ قال: رأيت شابًا وشابة، فلم آمن الشيطان عليهما: پێغەمبەری خودا –د.خ- ملی فەزڵی سووڕاند، عەبباس فەرمووی: ئەی پێغەمبەری خودا، بۆچی ملی ئامۆزاکەتت سووڕاند؟ فەرمووی: کوڕ و کچێکی لاوم بینی و ترسام شەیتان زەفەریان پێ بەرێت." (وقال الترمذي: حديث حسن صحيح) (الحديث في أبواب الحج، ورقمه 885).

شەوکانی دەڵێت: ئیبنولقەتتان لەم فەرموودەیەدا ئەوەی دەرهێناوە کە دروستە لە کاتی نەبوونی فیتنەدا سەیر بکرێت، چون پێغەمبەری خودا فەرمانی بە داپۆشینی دەموچاوی ئافرەتەکە نەکرد. خۆ گەر عەبباسیش نەیزانیبایە سەیرکردن دروستە، پرسیاری نەدەکرد! گەر تێگەیشتنەکەیشی ناتەواو بووایە، پێغەمبەری خودا لێی بێدەنگ نەدەبوو.

جا هەر شەوکانی بەردەوام دەبێت و دەفەرمووێت: ئەم فەرموودەیە بەڵگەیە لەسەر تایبەتکردن(تەخسیسکردن)ی ئایەتی پێشوو؛ ئەویش ئایەتی: (وَإِذَا سَأَلْتُمُوهُنَّ مَتَاعًا فَاسْأَلُوهُنَّ مِنْ وَرَاءِ حِجَابٍ: گەر داوای پێویستییەکتان لە خێزانەکانی پێغەمبەر کرد، لە پشتی پەردەوە داوا بکەن)ه، کە ئەم ئایەتە بۆ گشت ئافرەتێک نییە، تەنیا خێزانەکانی پێغەمبەری خودا –د.خ- دەگرێتەوە، چونکە چیرۆکی فەزڵ لە حەجی ماڵئاواییدا بوو و، کەچی ئایەتەکە(ئایەتی حیجاب) باسی هاوسەرگیریی زەینەب دەکات؛ کە ساڵی پێنجی کۆچی بوو. (نيل الأوطار، ج-6، دار الجيل، بيروت).

٨. چەند فەرموودەیەکی تر:

لەو فەرموودانەی تر کە بۆ ئێرە بەڵگەیە، لە سەحیحدا هاتووە جابری کوڕی عەبدوڵڵا دەفەرمووێت: "شهدت مع رسول الله –صلى الله عليه وسلم- يوم العيد، فبدأ بالصلاة قبل الخطبة.. إلى أن قال: ثم مضى حتى أتى النساء، فوعظهن وذكرهن، فقال: تصدقن، فإن أكثركن حطب جهنم! فقامت امرأة من سطة النساء، سفعاء الخدين، فقالت: لم يا رسول الله؟ قال: لأنكن تكثرن الشكاة، وتكفرن العشير. قال: فجعلن يتصدقن من حليهن، يلقين في ثوب بلال من أقراطهن وخواتيمهن: ڕۆژی جەژن لەگەڵ پێغەمبەری خودادا بووم –د.خ-، پێش وتار نوێژی کرد.. جابر فەرمووی: تا ئەوەی پاشان هاتە لای ئافرەتان و، ئامۆژگاریی کردن و یادی خستنەوە، پێیانی فەرموو: خێر بکەن و ببەخشن، بەڕاستی زۆرینەتان سووتەمەنیی دۆزەخە! ئافرەتێک لە باشترینی ئافرەتەکان، کە گۆنای ڕەشی سوورباو بوو هەستا و وتی: بۆچی ئەی پێغەمبەری خودا؟ پێغەمبەریش فەرمووی: چونکە ئێوە گلەیی و سکاڵا زۆر دەکەن و، کوفرانەی مێرد دەکەن. جابر فەرمووی: ئەوانیش لەو خشڵ و گەوهەرانەی پێیان بوو بەخشییان، لە گوارە و ئەنگوستیلەکانیان بەخشی و لەنێو پۆشاکەکەی بیلال دایان نا."

جا دەپرسین، جابر لە کوێوە دەیزانی ئەو ئافرەتە ڕوومەتی ڕەشی سوورباوە، ئەگەر دەموچاوی داپۆشراو بووبا؟

بوخارییش باسی جەژن لە ئیبن عەبباسەوە دەگێڕێتەوە کە، ڕۆژی جەژن لەگەڵ پێغەمبەری خودادا –د.خ- دەبێت و، پێغەمبەری خودا دوای نوێژ وتار دەدات، پاشان لەگەڵ بیلالدا دەچێتە لای ئافرەتان و ئامۆژگارییان دەکات و یادی خودایان بیر دەخاتەوە، فەرمانیشیان پێ دەکات ببەخشن، جا -ئیبن عەبباس- دەفەرمووێت: "فرأيتهن يهوين بأيديهن يقذفنه في ثوب بلال: بینییانم بە دەستەکانیان دەیانکردەوە و فڕێیان دەدایە سەر پۆشاکەکەی بیلال." (رقم الحدیث: ٩٧٧) ئیبن حەزم دەڵێت: ئەمە ئیبن عەبباسە لە خزمەت پێغەمبەری خودادا –د.خ- و دەستەکانیانی بینیی؛ ئەوەیش تەواوە کە دەست و دەموچاوی ئافرەت عەورەت نین. (المحلى: ٣/٢٨٠).

ئیمامی موسلیم و ئەبووداوودیش لە جابرەوە فەرموودەکەیان گێڕاوەتەوە، دەفەرمووێت: "أن النبي –عليه الصلاة والسلام- قام يوم الفطر، فصلى فبدأ بالصلاة قبل الخطبة، ثم خطب الناس، فلما فرغ نبي الله –صلى الله عليه وسلم- نزل، فأتى النساء فذكرهن، وهو يتوكأ على يد بلال، وبلال باسط ثوبه تلقي فيه النساء الصدقة، قال: تلقي المرأة فتخها، ويلقين ويلقين: ڕۆژی جەژنی ڕەمەزان پێغەمبەری خودا –د.خ- هەستا و نوێژی کرد، پێش وتاردان نوێژەکەی کرد، پاشان وتاری بۆ خەڵکی دا، کاتێک تەواوی کرد دابەزی، ئینجا هاتە لای ئافرەتان و یادی خودای بیرخستنەوە، کە لەو کاتەدا خۆی دابوو بەسەر دەستی بیلالدا، بیلالیش جلەکەی ڕاخستبوو و ئافرەتان بەخششەکانیان تێیدا دادەنا، -جابر- دەفەرمووێت: هەروا ژنە و ئەڵقەکەی دەخستە ناوی، دایان دەنا و دایان دەنا." (الحديث: 1141 من سنن أبي داود، وأخرجه النسائي أيضا.)

ئیبن حەزم لەسەر ئەم فەرموودەیە دەڵێت: (الفتخ) ئەنگوستیلەی گەورەیە، کە دەیانکردە پەنجەکانیان، گەر دەستەکانیان دیار نەبووایە، نەیاندەتوانی لە پەنجەیان بیکەنەوە و دایبنێن. (المحلى: ١١/٢٢١، المسألة: ١٨٨١)

هەروەها ئیمامی بوخاری و موسلیم لە خاتوو عائیشەوە –ڕ.خ- دەگێڕنەوە کە فەرموویەتی: "كن نساء المؤمنات يشهدن مع رسول الله –صلى الله عليه وسلم- صلاة الفجر، متلفعات بمروطهن، ثم ينقلبن إلى بيوتهن حين يقضين الصلاة، لا يعرفهن أحد من الغلس: ئافرەتانی باوەڕدار لەگەڵ پێغەمبەی خودادا –د.خ- نوێژی بەیانییان دەکرد، بە جلەکانیان خۆیانیان تەواو داپۆشیبوو، کە نوێژیان تەواو دەکرد دەگەڕانەوە ماڵەکانیان، کەس بە هۆی تاریکییەوە نەیدەناسین." (البخاري: برقم 578). ئەمەیش بەڵگەیە لەسەر ئەوەی لە غەیری تاریکیدا دەناسران، چون تەنیا کاتێک دەناسران کە دەموچاویان بەدەرەوە بووبا.

ئیمامی موسلیم لە سەحیحەکەیدا دەگێڕێتەوە کە، "أن سبيعة بنت الحارث كانت تحت سعد بن خولة وهو ممن شهد بدرا، وقد توفي عنها في حجة الوداع، وهي حامل، فلم تنشب أن وضعت حملها بعد وفاته، فلما تعلت، تجملت للخطاب، فدخل عليها أبو السنابل بن بعكك، وقال لها: ما لي أراك متجملة؟ لعلك تريدين النكاح! إنك والله ما أنت بناكحة، حتى تمر عليك أربعة أشهر وعشر، قالت سبيعة: فلما قال لي ذلك جمعت على ثيابي حين أمسيت، فأتيت رسول الله –صلى الله عليه وسلم- وسألته عن ذلك، فأفتاني أني قد حللت حين وضعت حملي، وأمرني بالتزويج إن بدا لي: سوبەیعەی کچی حارس خێزانی سەعدی کوڕی خەولە بوو -کە –سەعد- لە بەشداریکەرانی بەدر بوو-، لە حەجی ماڵاواییدا دەمرێت، جا سوبەیعە دووگیانە، زۆر نامێنێتەوە و دوای مردنی –سەعد- حەملەکەی دادەنا، کاتێک پاک دەبێتەوە، خۆی دەڕازێنێتەوە بۆ داواکەر(خوازبێنیکەر)، ئەبووسەنابیلی کوڕی بەعکەک دەچێتە لای و پێی دەڵێت: ئەوە چییە دەتبینم خۆت ڕازاندووەتەوە؟ دەڵێی دەتەوێت هاوسەرگیری بکەیت! سوێند بە خودا مارەییت دانامەزرێت تا چوار مانگ و دە ڕۆژ چاوەڕێ نەکەیت؛ سوبەیعە دەڵێت: کاتێک ئەوەی پێ گوتم، کە ئێوارە داهات جلەکانم کۆ کردەوە و ڕۆیشتمە خزمەت پێغەمبەری خودا –د.خ-، سەبارەت بەوە پرسیارم لێی کرد، پێی وتم: تۆ کاتێک حەملەکەت دانا حەڵاڵ بوویت، فەرمانی پێ کردم گەر بۆم دەستی دا هاوسەرگیری بکەم." (رقم الحدیث: ١٤٨٤)

ئەم فەرموودەیە واتە، سوبەیعە لە پێش چاوی ئەبووسەنابیل –کە نامەحرەمیشە بۆی- بە ڕازاوەیی دەرکەوت، بەڵکوو ئەبووسەنابیل دواییش دەچێتە داوای. گەر دەموچاوی داپۆشراو بووبا، ئەبووسەنابیل نەیدەزانی خۆی ڕازاندووەتەوە یاخود نا، دڵیشی لێی نەدەچوو تا دواتر بچێتە داوای.

هەروەها عەمماری کوڕی یاسر –ڕ.خ- دەگێڕێتەوە کە، "ئافرەتێک دای بە لای پیاوێکدا و پیاوەکەیش چاوی تێ بڕی، -بە شێوەیەک- کە دای بە دیوارێکدا و دەموچاوی بریندار بوو، هاتە خزمەت پێغەمبەری خودا –د.خ- و دەموچاوی خوێنی لێ دەهات، وتی: ئەی پێغەمبەری خودا من وام کرد و وام کرد؛ پێغەمبەری خودایش –د.خ- فەرمووی: گەر خودای گەورە خێری بۆ بەندەیەک بووێت، سزاکەی پێش دەخات و هەر لە دنیا سزای دەدات؛ خۆ گەر جگە لەوەی بۆی بووێت، پشتگوێی دەخات تا لە ڕۆژی قیامەتدا وەکوو کێوی (عەیر) دەیهێنێتەوە ڕێی." (أورده الهيثمي في مجمع الزوائد 10/192، وقال: رواه الطبراني وإسناده جيد، وقد ذكر قبله عدة أحاديث بمعناه.)

ئەمەیش یانی ئافرەتان دەموچاویان دیار بووە، واتە تێیاندا بووە بە جوانییەکەی سەرنجی پیاوانی ڕاکێشاوە تا ئەوەی پیاو ئاگای لە خۆی نەماوە و داوێتی بە قەد دیواردا و خوێن لە دەموچاوی هاتووە!

٩. سەحابە پۆشینی نیقابیان بە لاوە نامۆ بووە:

جا لە سوننەتدا هاتووە و جێگیر بووە کە پۆشینی نیقاب لە لایەن ئافرەتانەوە –کە لە هەندێک کاتدا ڕووی داوە-، کارێکی نامۆ و سەیر بووە، پرسیار و قسەی لەسەر کراوە کە ئەمە چییە!

ئەبووداوود لە قەیسی کوڕی شەمماسەوە –ڕ.خ- دەگێڕێتەوە کە، "جاءت امرأة إلى النبي –صلى الله عليه وسلم-، يقال لها: أم خلاد، وهي منتقبة، تسأل عن ابنها وهو مقتول، فقال لها بعض أصحاب النبي –عليه الصلاة والسلام-: جئت تسألين عن ابنك وأنت منتقبة؟! فقالت: إن أرزأ ابني فلن أرزأ حيائي!...الحديث: ئافرەتێک هاتە خزمەتی پێغەمبەری خودا –د.خ-، پێی دەگوترا: ئوم خەللاد، کە نیقابی پۆشیبوو، دەربارەی کوڕەکەی پرسیاری کرد کە کوژرابوو، هەندێک لە هاوەڵانی پێغەمبەری خودا –د.خ- پێیان گوت: هاتوویت پرسیاری کوڕەکەت دەکەیت و نیقابت پۆشیوە؟! ئەویش وتی: گەر کوڕەکەم لەدەست بدەم ئابڕووم لەدەست نادەم!" (رواه أبو داود في كتاب الجهاد من سننه برقم: 2488)

گەر پۆشینی نیقاب لەو سەردەمەدا کارێکی ئاسایی بووایە، ئەوا قسەی گێڕەرەوەی فەرموودەکە(ڕاوییەکە) کە دەڵێت: (وهي منتقبة: نیقابیشی پۆشیبوو)، نەدەبوو بگوترایە و بەو جۆرە ئاماژەی پێ بکرێت! هەروەها گەر ئاسایی بووایە، سەیرلێهاتنی هاوەڵان چ مانایەکی دەبوو کە گوتیان: (جئت تسألين عن ابنك وأنت منتقبة؟!: هاتوویت پرسیاری کوڕەکەت دەکەیت و نیقابت پۆشیوە؟!)؟

ئافرەتەکەیش وەڵام دەداتەوە کە ئابڕووی پاڵی پێوە ناوە تا نیقاب بپۆشێت، نەک فرمانی خودا و پێغەمبەرەکەی! خۆ ئەگەر نیقاب بەپێی شەرع واجب بووبا، بە جگە لەو وەڵامە وەڵامی دەدایەوە، بەڵکوو هەر پرسیاریشی لێ نەدەکرا. موسوڵمان ناپرسێت: فڵان بۆ نوێژی کرد و بۆ زەکاتی دا؟ بنەمایەکی جێگیریشمان هەیە دەڵێت: (ما جاء على أصله لا يسأل عن علته: هەرچی لەسەر بنچینەی خۆی هاتبێت، پرسیار لە هۆکارەکەی ناکرێت.).

١٠. پێویستیی مامەڵەکردن وا دەخوازێت کەسێتی بناسرێت:

پێویستیی مامەڵەکردنی ئافرەت لەگەڵ خەڵکیدا سەبارەت بە ژیان و بژێویی، وا پێویست دەکات کەسێتیی ئافرەتەکە بۆ مامەڵەکاران ناسراو بێت، فرۆشیارە یان کڕیار، بەرپرسە یاخود جێگر، شایەتە یا بەشایەتکراوە یانژی شایەتیلەسەردراو. هەروەها کۆدەنگیی زانایانی لەسەرە کە ئافرەت دەبێت لەپێش دادگادا دەموچاوی دیار بێت، تاوەکوو دادوەر و گەواهیدەران و نەیاران بیناسن؛ جا گەر پێشتر دەموچاوی لای خەڵکی ناسراو نەبووبێت، ئەوا ناناسرێت و نازانرێت کە فڵانی کچی فڵانە، ئاشکراکردنی دەموچاوی تەنیا لە کاتی دادگادا هیچ سوودێکی نابێت.

بەڵگەی ئەوانەی نیقابیان پێ واجبە

ئەوەی باسمان کرد بەڵگەی جمهوور بوو، ئەدی بەڵگەی ئەوانەی نیقابیان پێ واجبە دەبێت چی بێت؟

ڕاستییەکەی هیچ بەڵگەیەکی ڕاستی جێگیرمان بۆ ئەوانەی نیقابیان پێ واجبە و داپۆشینی دەموچاو بە واجب دەزانن، وەدی نەکرد؛ کە لە ڕووی واتاوە ڕوون بێت و بێخەوش لە دژیەکی بێت، بە شێوەیەک، سنگی پێ فراوان و دڵی پێ مورتاح بێت.

هەموو ئەوەی دەیکەنە بەڵگە گوماناوین و واتای جۆراوجۆر هەڵدەگرن و، بەڵگە جێگیر و ڕوونەکان بەڕوویاندا دەوەستن و ڕەتیان دەکەنەوە.

جا لێرەدا باسی بەهێزترینی بەڵگەکانیان دەکەین و وەڵامیان دەدەینەوە:

١. هەندێک لە موفەسیرین تەفسیری ئایەتی (الجلباب: عەبا) (يَا أَيُّهَا النَّبِيُّ قُلْ لِأَزْوَاجِكَ وَبَنَاتِكَ وَنِسَاءِ الْمُؤْمِنِينَ يُدْنِينَ عَلَيْهِنَّ مِنْ جَلَابِيبِهِنَّ ذَلِكَ أَدْنَى أَنْ يُعْرَفْنَ فَلَا يُؤْذَيْنَ وَكَانَ اللَّهُ غَفُورًا رَحِيمًا: ئەی پێغەمبەر، بڵێ بە هاوسەرەکانت و کچەکانت و ژنانی بڕوادار با عەباکانیان بەسەر خۆیاندا بدەن، ئەوە باشترە بۆیان تا –بە داوێن پاک- بناسرێن و، بە هۆیەوە ئازار نەدرێن، خودایش لێخۆشبووی میهرەبانە.) (الأحزاب: ٥٩) وا تەفسیری دەکەن کە عەبا(الجلباب) نیقابیشە!

هەندێک لە سەلەفی ئوممەت وای بۆ چوونە کە مەبەست لە (يُدْنِينَ عَلَيْهِنَّ مِنْ جَلَابِيبِهِنَّ: با عەباکانیان بەسەر خۆیاندا بدەن.) ئەوەیە، دەبێت هەموو لاشەی خۆیانی پێ دابپۆشن بە دەموچاویشەوە، بە جۆرێک، دەبێت تەنیا یەک چاویان دیار بێت.

ئەم قسەیەیش لە ئیبن مەسعوود، ئیبن عەبباس، عەبیدەی سەلمانی و جگە لەمانیشەوە گێڕدراوەتەوە. بەڵام کۆدەنگی لەسەر واتای (الجلباب: عەبا) و، هەروەها (الإدناء: داپۆشین)یش نییە.

سەیر ئەوەیە، لێرەدا لە ئیبن عەبباسەوە بە پێچەوانەی ئەوەی لە تەفسیری سوورەتی نووردا بۆ ئایەتی (إلا ما ظهر منها) فەرموویەتی دەگێڕدرێتەوە!

سەیرتر لەوە، هەندێک لە موفەسیرین هەردوو ڕەئەکەی ئیبن عەبباسیان گێڕاوەتەوە، لە سوورەتی ئەحزابدا واجببونی نیقابیان هەڵبژاردووە و، لە سوورەتی نووردا واجبنەبوونی!

پێشەوا نەوەوی لە شەرحی سەحیحی موسلیمدا لەسەر فەرموودەکەی ئوم عەتییە کە باسی نوێژی جەژن دەکات "إحدانا لا یکون لها جلباب.. الخ" دەڵێت: نەزری کوڕی شومەیل دەڵێت: جیلباب پۆشاکێکی فراوانترە لە سەرپۆش، لەچکێکە ئافرەت سەری پێ دادەپۆشێت. وتراویشە: پۆشاکێکی فراوانی بێقۆڵە، ئافرەت پشت و سنگی پێ دادەپۆشێت، وەکوو بەرگ و چەرچەف وایە. وتراویشە: هەر پۆشاکە، هەروەها وتراوە: خودی سەرپۆشە. (صحيح مسلم بشرح النووي 2/542، ط الشعب).

هەرچۆنێک بێت، فەرمایشتی خودای گەورە: (يُدْنِينَ عَلَيْهِنَّ مِنْ جَلَابِيبِهِنَّ: با عەباکانیان بەسەر خۆیاندا بدەن.) بە هیچ شێوەیەک نە لە ڕووی زمانەوە و نە لە ڕووی نەریتەوە داپۆشینی دەموچاو ناچەسپێنێت، نە لە قورئان و نە لە سوننەت و نە لە ئیجماعیش هیچ شتێک بۆ پابەندبوون پێیەوە نەهاتووە. قسەی ئەوانەیشی کە دەڵێن دەبێت پێیەوە پابەند بیت و واجبە، دژی قسەی ئەوانەیە کە دەڵێن واجب نییە، کە پێک دێن لە جمهوور. هەروەکوو خاوەنی "أضواء البيان"یش هەمان قسە دەکات.

بەم شێوەیە کردنی ئەو ئایەتە بە بەڵگە بۆ واجبکردنی داپۆشینی دەموچاو ڕەت کرایەوە.

٢. تەفسیرکردنی ئیبن مەسعوود بۆ فەرمایشتی خودای گەورە: (وَلَا يُبْدِينَ زِينَتَهُنَّ إِلَّا مَا ظَهَرَ مِنْهَا: با جوانیی خۆیان دەرنەخەن جگە لەوەی کە دیارە.) کە دەڵێت: (ما ظهر منها: ئەوەی کە دیارە.) بەرگ و پۆشاکی ڕووی دەرەوە دەگرێتەوە.

ئەم تەفسیرە پێچەوانەی تەفسیرکردنی سەحابەکانی تری وەکوو ئیبن عەبباس، ئیبن عومەر، عائیشە و ئەنەس و، جگە لەوانیش لە تابیعینە کە دەڵێن: شوێنی کل و ئەنگوستیلە دەگرێتەوە، کە دەستەکان و دەموچاوە. ئیبن حەزمیش باسی کردووە کە جێگیربوونی ئەم بۆچوونە لە هاوەڵانەوە لەوپەڕی جێگیریدایە.

زانای پایەبەرز، ئەحمەدی کوڕی ئەحمەدی شەنقیتییش لە کتێبی "مواهب الجليل من أدلة خليل"دا پشتگیریی بۆچوونی ئەو هاوەڵانە دەکات و دەڵێت: ئەوەی خۆی بە تەفسیرکردنەکەی ئیبن مەسعوودەوە نووساندووە، کە دەڵێت، (وَلَا يُبْدِينَ زِينَتَهُنَّ إِلَّا مَا ظَهَرَ مِنْهَا) پۆشاکی دەرەوە دەگرێتەوە، بەوە وەڵامی دەدەینەوە کە باشترین تەفسیر، تەفسیری قورئانە بە قورئان، کە تەفسیری (زینة: جوانی)ی بە (الحلي: خشڵ و زێڕ) کردووە، دەفەرمووێت: (وَلَا يَضْرِبْنَ بِأَرْجُلِهِنَّ لِيُعْلَمَ مَا يُخْفِينَ مِنْ زِينَتِهِنَّ: هەروەها -لە کاتی ڕۆیشتندا- پێیان بە زەویدا نەدەن، تا بزانرێت چ خشڵ(جوانی)یەکیان شاردووەتەوە.) (زینة) لێرەدا یانی خشڵ و خڕخاڵ(پاوانە)، کە هەر لە هەمان ئایەتی (إلا ما ظهر منها)ی ٣١ـی سوورەتی نووردایە. جا جوانیی ئافرەتی بە خشڵ و زێڕەکەی پێناسە کردووە. واتە ئایەتەکە کە لە پێشەوە دەڵێت: با جوانیی خۆیان دەرنەخەن، ئەو جوانییە وەکوو لە کۆتایی ئایەتەکەدا ڕوونی کردووەتەوە، خشڵ و خڕخاڵ دەگرێتەوە! (مواهب الجليل 1/148، ط إدارة إحياء التراث الإسلامي.)

ئەمەیش ئەو بۆچوونەی پێشوومان دڵنیا دەکاتەوە کە وتمان: جیاکردنەوەی (إلا ما ظهر منها) لە ئایەتەکەدا، ڕوخسەت و ئاسانکاری دەخوازێت، دیاربوونی عەبا و دزداشە و وێنەی ئەوان لە جلوبەرگی دەرەکی، هیچ شتێکی لە ڕوخسەت و ئاسانکاری و هەڵگرتنی بارگرانی پێوە دیار نییە، چون دیاربوونی جلی دەرەوە بابەتێکی زەروورییە و هەر دەبێت دیار بێت، نەوەکوو بگوترێت قەیناکە با دیار بێت!

٣. هەروەها ئایەتی (وَإِذَا سَأَلْتُمُوهُنَّ مَتَاعًا فَاسْأَلُوهُنَّ مِنْ وَرَاءِ حِجَابٍ ذَلِكُمْ أَطْهَرُ لِقُلُوبِكُمْ وَقُلُوبِهِنَّ: گەر داوای پێویستییەکتان لە خێزانەکانی پێغەمبەر کرد، لە پشتی پەردەوە داوا بکەن، ئەوە بۆ دڵی ئێوە و دڵی ئەوانیش پاکترە.) بۆ نیقاب دەکەنە بەڵگە؛ وەکوو خاوەنی "أضواء البيان"یش ئاماژەی پێ کردووە.

واجبکردنی حیجاب لەم ئایەتەدا بۆ پاکڕاگرتنی دڵی پیاوان و ئافرەتان وەکوو دەفەرمووێت: (ذَلِكُمْ أَطْهَرُ لِقُلُوبِكُمْ وَقُلُوبِهِنَّ: ئەوە بۆ دڵی ئێوە و دڵی ئەوانیش پاکترە.) ڕوون دیارە مەبەستی چییە، هیچ کەس لە موسوڵمانان نەیوتووە کەسانی تری جگە لە خێزانەکانی پێغەمبەری خودا -د.خ- پێویستیان بە پارێزیی دڵ لە گومان و خوتورکەی خراپ لە لایەن پیاوانەوە نییە.

بەڵام پێویستە بزانین کە مەبەست لە (پاکێتی) لێرەدا ئەوە نییە، ئەو جۆرەی لە سەرەوە باسمان کرد، بۆ ئەم پلەیە نابێت و، خێزانەکانی پێغەمبەر و هاوەڵانیش لەو جۆرە گومانەی دڵ بەدوورن؛ بەڵکوو مەبەست لە (پاکێتی) لێرەدا ئەوەیە، دەبێت پەردەیان لەنێواندا بێت نەوەکوو یەک لە خێزانەکانی پێغەمبەر دوای مردنی پێغەمبەری خودا –د.خ- لەگەڵ یەکێک لە هاوەڵان دڵیان لەیەک بچێت و بە خوازبێنیی شەرعی دابمەزرێن.

ئەوانەیشی کە دەڵێن (فَاسْأَلُوهُنَّ مِنْ وَرَاءِ حِجَابٍ: لە پشتی پەردەوە داوایان لێ بکەن.) هەموو ئافرەتێک دەگرێتەوە، لە هیچ ڕوویەکەوە ئەوەی لێ ناخوێندرێتەوە، ڕوون دیارە تەنیا خێزانەکانی پێغەمبەری خودا –د.خ- دەگرێتەوە. ئەوانەیشی دەڵێن: (العبرة بعموم اللفظ لا بخصوص السبب: عیبرەت بە گشتگیریی قسەیە نەک بە تایبەتمەندیی هۆکار.) بۆ ئێرە نابێت، چونکە دەستەواژەکە لە ئایەتەکەدا گشتگیر(عام) نییە و تایبەت(خاص)ە.

ئەوانەیشی کە دەڵێن: سەرجەم ئافرەتانی تریش قیاس دەکرێنە سەر خێزانەکانی پێغەمبەر –د.خ-، قسەکەیان لە جێی خۆیدا نییە، هەڵەیە، چونکە ژنانی پێغەمبەری خودا و ئافرەتانی دی لەیەک جیاوازن؛ ئەو قورسی و بارگرانییەی لەسەر ئەوانە، لەسەر ئافرەتانی تر نییە، خودای گەورەیش دەفەرمووێت: (يَا نِسَاءَ النَّبِيِّ لَسْتُنَّ كَأَحَدٍ مِنَ النِّسَاءِ: ئەی ژنانی پێغەمبەر –د.خ-، ئێوە وەکوو هیچ ئافرەتێکی تر نین.) (الأحزاب: ٣٢).

٤. هەروەها ئەوە دەکەنە بەڵگە کە ئیمامی ئەحمەد و ئیمامی بوخاری لە ئیبن عومەرەوە دەیگێڕنەوە، کە پێغەمبەری خودا –د.خ- فەرموویەتی: "لا تنتقب المرأة المحرمة، ولا تلبس القفازين: ئەو ئافرەتەی لە ئیحرامدایە با نیقاب نەکات و، دەستکێشیش لەدەست نەکات." دەڵێن ئەمە یانی نیقاب و لەدەستکردنی دەستکێش لای ئافرەتێک لە ئیحرامدا نەبووبێت باو و ناسراو بووە!

ئێمە نکۆڵی لەوە ناکەین کە هەندێک لە ئافرەتان لە غەیری کاتی ئیحرامدا -بە ویستی خۆیان- نیقابیان پۆشیوە، بەڵام ئەمە لە کوێوە دەبێتە بەڵگە بۆ واجبکردنی؟ چۆن چۆنی واجبی دەکات؟ بەڵکوو گەر بە پێچەوانەوە لە دژی نیقاب بەکار بهێنرێت، ڕاستتر و تەواوترە، چونکە حەرامکراوەکانی ئیحرام لە ئەسڵدا ڕێگەپێدراو(موباح)ن، وەکوو پۆشینی جلی دووراو و بۆنلەخۆدان و ڕاوکردن و وێنەی ئەوانە، کە هیچ یەکێکیان لە پێش ئیحرامدا واجب نەبوون و لە ئیحرامدا حەرامکرابن.

هەر لەبەر ئەوەیش زۆرێک لە فوقەها –وەکوو لە پێشەوەیش باسمان کرد- خودی ئەم فەرموودەیە دەکەنە بەڵگە کە، دەموچاو و دەستەکان عەورەت نین، چون گەر وا نەبووایەن بەدیارخستنیانی واجب نەدەکرد.

٥. ئەوەیش دەکەنە بەڵگە کە ئەحمەد، ئەبووداوود، ئیبن ماجە و بەیهەقی لە خاتوو عائیشەوە دەیگێڕنەوە کە فەرموویەتی: "كان الركبان يمرون بنا ونحن محرمات مع رسول الله –صلى الله عليه وسلم- فإذا حاذوا بنا سدلت إحدانا جلبابها من رأسها على وجهها، فإذا جاوزونا كشفناه: کاتی خۆی لەگەڵ پێغەمبەری خودادا –د.خ- بووین و دەموچاومان بەدەرەوە بوو، کاتێک کاروان دەیدا بە لاماندا و قسەیان لەگەڵ دەکردین، هەریەکەمان عەباکەی بەسەر سەر و دەموچاویدا دەدا، کاتێکیش لێمان دوور دەکەوتنەوە، سەر و دەموچاومان وەدەر دەخست و عەباکەمان لا دەدا."

ئەم فەرموودەیە لە چەند ڕوویەکەوە نابێتە بەڵگە:

فەرموودەکە زەعیفە؛ لە سەنەدەکەیدا یەزیدی کوڕی ئەبووزیاد هەیە و قسەی لەسەرە، زەعیفیش بۆ فرمان کاری پێ ناکرێت.

ئەم کارەی عائیشە –ڕ.خ- نابێتە بەڵگە بۆ واجببوون، تەنانەت کرداری خودی پێغەمبەریش –د.خ- نابێتە واجب، چ جای غەیری ئەو!

پ. بنەمایەکمان هەیە دەڵێت: ڕوودانی بارودۆخەکان، گەر ئیحتیمال و گومانی تێکەوت، ئیتر ناکرێنە بەڵگە.

ئیحتیمالیش لێرەدا ئەوەیە، کە ئەمەیش فرمانێکە لەو فرمانانەی تایبەتن بە ژنانی پێغەمبەری خوداوە –د.خ-، وەکوو حەرامیی هاوسەرگیریکردنەوەیان دوای وەفاتی پێغەمبەری خودا –د.خ- و وێنەی ئەوە. (مواهب الجليل من أدلة خليل 185/1).

6. بەڵگەیەکی دیکەیان ئەوەیە، ئیمامی ترمزی بە مەرفووعی دەیگێڕێتەوە کە پێغەمبەری خودا –د.خ- فەرموویەتی: "المرأة عورة، فإذا خرجت استشرفها الشيطان: ئافرەت عەورەتە، هەر کە دەربچێت شەیتان –لەپێش چاوی پیاو- دەیڕازێنێتەوە." ئیمامی ترمزی دەڵێت: ئەم فەرموودەیە (حسن صحيح)ە. بە هۆی ئەم فەرموودەیەوە هەندێک لە شافعی و حەنبەلییەکان دەڵێن: ئافرەت هەموو شوێنێکی عەورەتە، بە دەموچاو و دەست و پێیشییەوە.

ڕاستیش ئەوەیە فەرموودەکە مانای ئەو "گشتی"یە نادات کە باسیان کردووە، بەڵکوو واتە: ئەسڵ لە ئافرەتدا خۆپاراستن و خۆداپۆشینە، نەک خۆدەرخستن و خۆڕووتکردنەوە، واتە زۆرینەی لاشەی عەورەتە؛ خۆ گەر فەرموودەکە بە ڕووکەشییەکەی وەربگیردرێت، نەدەبوو لە نوێژ و حەجیشدا هیچ شوێنێکی بەدەرەوە بێت، کە ئەوەیش پێچەوانەی ئەوەیە وا بە یەقین جێگیر بووە. چۆن دەبێت وا بیر بکرێتەوە دەموچاو و دەست عەورەت بن، لەگەڵ ئەوەی یەکدەنگی لەسەر دروستیی وەدەرخستنیان لە نوێژدا و واجبیی وەدەرخستنیان لە ئیحرامدا هەیە؟ ئاخر مەعقوولە شەرع ڕێگا بدات –عەورەت- لە نوێژدا دەربکەوێت و، لە ئیحرامیشدا دەرکەوتنی بکات بە واجب؟!

٧. بەڵگەیەکی تریش هەیە کە بانگەشەکەرانی نیقاب لە نەبوونی بەڵگەی جێگیردا بۆی دەگەڕینەوە و لە بێبەڵگەییدا پەنای بۆ دەبەن، ئەویش "سد الذريعة"یە. ئەمە ئەو چەکەیە کاتێک چەکەکانی دی لەکار دەکەون بەکار دەهێنرێت.

سەددی زەریعە یانی قەدەغەکردنی شتی ڕێگەپێدراو(موباح) لە ترسی ئەوەی نەوەکوو بەرەو حەرام بچێت.

ئەم سەددی زەریعەیەیش زانایان تێیدا ڕاجیان، هەندێک ڕێگریی لێ کردووە و هەندێکیش ڕێی پێ داوە، هەندێک زیادەڕەویی تێدا کردووە و هەندێکیش بەرتەسکی. ئیبن قەییم لە "إعلام الموقعین"دا نەوەدونۆ بەڵگەی لەسەر دروستیی کارپێکردنی هێناوەتەوە.

بەڵام بڕیاری جێگیر و هاوسەنگ لای زانایانی فیقهـ و ئوسوڵ ئەوەیە: زیادەڕەوی لە بەکارهێنانی سەددی زەریعەدا وەکوو زیادەڕەوییە لە بەکارنەهێنانیدا! وەکوو چۆن زیادەڕەوی لە بەکارنەهێنانی سەددی زەریعەدا دەبێتە هۆی خراپەی زۆر و زیان بە دین و دنیای خەڵکی دەگەیەنێت، بە هەمان شێوەیش زیادەڕەوی لە بەکارهێنانیدا دەبێتە هۆی لەناوچوونی بەرژەوەندیگەلێکی زۆر لە بژێوی و ژیانی خەڵکی.

گەر خودای گەورە بە دەق و بنەمای خۆی ڕێگەی بە شتێک دابێت، ئەوا بۆ ئێمە نییە بە بۆچوون و ترسی خۆمان ڕێگری لێ بکەین و ئەوەی خودا حەڵاڵی کردووە حەرامی بکەین، یان شتێک کە خودا ڕێی پێ نەداوە بیشەرعێنین.

موسوڵمانان لە سەدەکانی ڕابردوودا بە ناوی "سد الذريعة إلى الفتنة"وە توندی و زیادەڕەوییەکی زۆریان نواند؛ نەیاندەهێڵأ ئافرەت بۆ مزگەوت بڕوات، بەوەیش خێروبێرێکی زۆریان لە دەستی دەرکرد، نە دایبابی و نە مێردەکەی نەیانتوانی ئەوەی بۆ قەرەبوو بکەنەوە وا مزگەوت پێی دەبەخشی لە زانستێک سوودی پێ بگەیەنێت و لە ئامۆژگارییەک ڕێی پێ نیشان بدات؛ ئەمەیش بووە هۆی ئەوەی زۆرێک لە ئافرەتانی موسوڵمان دەژییان و دەمردن، بێ ئەوەی یەک رکوعیان بۆ خودا بردبێت! لەگەڵ ئەوەی فەرموودەی سەحیح و ڕوون دەڵێت: "لا تمنعوا إماء الله مساجد الله: بەندە ئافرەتەکانی خودا لە ماڵەکانی خودا قەدەغە مەکەن." (رواه مسلم: برقم ٤٤٢)

سەردەمانێک مشتومڕ و دەمەقاڵێی نێو کۆمەڵێک لە موسوڵمانان لەسەر ڕێگەدان و ڕێگریکردن لە خوێندن و ڕۆیشتنی ئافرەت بۆ قوتابخانە و زانستگاکان بوو، بەڵگەی ئەوانەی ڕێگرییان لێی دەکرد، سەددی زەریعە بوو، دەیانگوت: تووشی فیتنە دەبێت و، ئافرەتی فێرخواز زیاتر بۆی دەست دەدات دڵداری بکات و بە نامەهێنان و نامەگۆڕینەوەوە سەرقاڵ ببێت. دواتر مشتومڕەکە بە یەکدەنگیی هەموو لایەک لەسەر فێربوونی هەر زانستێک سوود بە خۆی و خێزان و کۆمەڵگەکەی بگەیەنێت لە زانستەکانی دین و دنیا، بەکۆتا هات؛ دواجار ئەمەیش بووە شتێکی باو لە تەواوی وڵاتانی موسوڵماندا، بێ ئەوەی ئەو دۆخە گۆڕابێت و هیچ ئافرەتێک ڕێگری لێ کرابێت، مەگەر بە دەرچوونێک دەرچووبێت، پێچەوانەی فرمان و ئادابەکانی ئیسلام بووبێت.

ئەو فرمان و ئادابانەی شەرع دایناون بۆ ئافرەتان وەکوو فەرزکردنی جلی شەرعی، قەدەغەکردنی خۆڕازاندنەوە و دەرخستنی جوانی، حەرامکردنی تەنیابوون لە دەرچووندا، پاراستنی هێمنی و ڕێز و شەرم لە گوفتار و ڕێکردن و جووڵەکردندا، لەگەڵ واجبکردنی چاوداخستنی پیاوان و ئافرەتانی بڕوادار بەرانبەر یەکدی، بەسمانە و نایەوێت لای خۆمانەوە بیر لە ڕێگری تر بکەینەوە.

٨. بەڵگەیەکی دیکەیان دابونەریتی گشتی(العرف العام)ە، کە چەندان سەدە موسوڵمانانی لەسەر بووە و، ئافرەتان بە نیقاب و لەچک و عەبا و وێنەی ئەوانە دەموچاویان داپۆشیوە. زانایانیش دەڵێن: عورف لە شەرعدا پێگەی خۆی هەیە، بۆیە بڕیاری پێ دەدرێت و پشتی پێ دەبەسترێت.

ئیمامی نەوەوی و جگە لەویش لە ئیمامی حەرەمەینەوە –لە باسی بەڵگەهێنانەوەی لەسەر حەرامیی تەماشاکردنی پیاوان لە لایەن ئافرەتانەوە- نقڵیان کردووە کە، موسوڵمانان لەسەر حەرامیی دەرچوونی ئافرەتان بەبێ داپۆشینی دەموچاو یەکدەنگن.

بە چەند خاڵێک وەڵأمی ئەم بانگەشەیە دەدەینەوە:

ئەم نەریتە پێچەوانەی نەریتی سەردەمی پێغەمبەر و هاوەڵأنە، کە باشترین دەم و سەردەم بوو، ئەوانن هەرکەس شوێنیان بکەوێت ڕێی ڕأستی گرتووەتە بەر.

ئەم نەریتەیش گشتگیر نەبوو، بەڵکوو لە هەندێک وڵات و ناوچەدا جێبەجێ دەکرا و لە هەندێکی دیکەدا نا؛ هەروەکوو زانراوە لە لادێ و گوندەکاندا جێبەجێ نەکراوە.

پ. کرداری خودی پێغەمبەری خودا –د.خ- نابێتە واجب، بەڵکوو تەنیا دەلالەت لە ڕێگەدان و دروستی دەکات، وەکوو لە ئوسوڵدا جێگیر بووە؛ چ جای کرداری غەیری ئەو! جا لێرەدا ئەم نەریتە –گەر وای دابنێین گشتییش بووبێت- نابێتە بەڵگە ئەگەر هەر زۆریش بە چاکی بزانن و بیڕازێننەوە؛ هەرگیز مانای وا نییە لەو سەردەمانەدا بە شەرع واجبیان کردبێت.

ئەو نەریتە پێچەوانەی دابونەریتی ئێستایە، کە بارودۆخ واجبی کردووە، هەروەها پێویستی، گەشەکردنی کاروباری ژیان و ڕێکخستنی کۆمەڵگە بەم شێوازە، گۆڕینی دۆخی ئافرەت لە نەزانییەوە بۆ زانست و لە ئارامییەوە بۆ جووڵە و لە ئافرەتی ماڵەوە بۆ کارکردن لە شوێنە جیاوازەکان، لابردنی نیقاب دەخوازێت.

ئەو حوکم و فرمانانەی لە شوێن یان سەردەمێکدا لەسەر نەریت(عورف) دامەزراون، بە گۆڕینی نەریتەکە دەگۆڕێن.

٩. لە کۆتاییدا، لێرەدا ڕووبەڕووی گومانێک دەبینەوە کە هەندێک لەو دیندار و خواناسانەی ئارەزووی پەستانخستنەسەر ئافرەت دەکەن باسیان کردووە، دەڵێن:

ئێمە دانی پێدا دەنێین و باوەڕمان بەو بەڵگانەی بۆ دروستیی بەدیارخستنی دەموچاو هێناوتانەتەوە هەیە، هەروەکوو باوەڕیشمان بەوە هەیە کە ئافرەتانی ڕۆژگاری پێغەمبەر و هاوەڵان نیقابپۆش نەبوون و دەموچاویان بەدەرەوە بووە، مەگەر دەگمەن. بەڵام پێویستە بزانین ئەو دەمە تێپەڕی، ئەو ڕۆژگارە ڕۆژگارێکی نموونەیی بوو، پڕ بوو لە ڕەوشتجوانی و ڕووحپاکی، بە جۆرێک، گەر ئافرەت دەموچاوی ئاشکرا کردبا، کەس ئازاری نەدەدا. بە پێچەوانەی ئەم سەردەمە کە خراپەکاری هەموو کون و کەلێنێکی گرتووەتەوە و شڕوشاتاڵی کردووە، وای لێ هاتووە فیتنە و ئاژاوە لە هەموو جێیەک بەدوای خەڵکییەوەیە؛ بۆیە وا باشترە ئافرەت دەموچاوی دابپۆشێت، تاوەکوو گورگی برسی -کە لە هەموو ڕێگایەکدا بۆی دانیشتووە- پەلاماری نەدات.

بە چەند خاڵێک وەڵامی ئەم گومانە دەدەینەوە:

ڕۆژگاری پێغەمبەر و هاوەڵان ئەگەرچی بەڕأستی مرۆڤایەتی شتی وای بە خۆیەوە نەبینیوە و، سەردەمێکی نموونەیی و پڕ لە جوانی و بەرزی و پاکی بوو، هەرچۆنێک بووبێت سەردەمێک بووە لە سەردەمەکانی مرۆڤ و، لە لاوازیی مرۆڤ و شەهوەتی مرۆڤ و هەڵەی مرۆڤ بێبەش نەبووە، هەر بۆیە تێیاندا زیناکار هەبووە و، لێیان حەددیشی لەسەر جێبەجێ کراوە؛ هەندێکیشیان بەدەر لە زینا تاوانی گەورەی تری ئەنجام داوە، تێیاندا هەبووە خراپەکار و بێشەرم بووە، بە ڕەفتارە بێشەرمی و خواروخێچەکانی ئازاری ئافرەتانی داوە. ئەو ئایەتەی سوورەتی ئەحزاب کە فەرمان بە ئافرەتانی باوەڕدار دەکات بە پۆشینی عەبا(جلباب) تا بناسرێن و ئازار نەدرێن، بەڵگەیەکی ڕوونە، (ذَلِكَ أَدْنَى أَنْ يُعْرَفْنَ فَلَا يُؤْذَيْنَ: ئەوە لەبارترە پێی بناسرێن تا ئازار نەدرێن.).

هەر لە سوورەتی ئەحزابدا چەند ئایەتێک دابەزیوە سەرزەنشتی ئەو خراپەکار و بێشەرمانە دەکات کە ئەگەر واز لەو هەڵسووکەتە ئابڕووبەرانە نەهێنن، خودای گەورە دەفەرمووێت: (لَئِنْ لَمْ يَنْتَهِ الْمُنَافِقُونَ وَالَّذِينَ فِي قُلُوبِهِمْ مَرَضٌ وَالْمُرْجِفُونَ فِي الْمَدِينَةِ لَنُغْرِيَنَّكَ بِهِمْ ثُمَّ لَا يُجَاوِرُونَكَ فِيهَا إِلَّا قَلِيلًا. مَلْعُونِينَ أَيْنَمَا ثُقِفُوا أُخِذُوا وَقُتِّلُوا تَقْتِيلًا: سوێند بێت ئەگەر دووڕووان و ئەوانەی نەخۆشی لە دڵیاندا هەیە و ئەوانەیشی لە مەدینەدا پڕوپاگەندە بڵاو دەکەنەوە، واز نەهێنن و کۆڵ نەدەن، ئەوا ئێمە تۆ هان دەدەین –بە جەنگکردن- لە دژیان، پاشان ماوەیەکی کەم نەبێت لە شاردا نامێننەوە و دەردەکرێن. ئەوانە نەفرینلێکراون، لە هەر جێیەک بینران، دەبێت دەستگیر بکرێن و زۆریش بەتوندی بکوژرێن.) (الأحزاب: ٦٠_٦١)

بەڵگەکانی شەرع ئەگەر بە سەحیحی و ڕوونی جێگیر بوون، ئەوە یانی گشتگیر و هەمیشەیین، نەک تەنیا بۆ سەردەمێک یان دوو سەردەم بەڵگە بن و دواتر حوکمی بەبەڵگەکردنیان بووەستێت. خۆ گەر وا بێت ئەوە یانی ئەم شەریعەتە کاتییە و هەمیشەیی نییە و، ئەمەیش لەگەڵ کۆتا ئاییندا دژ دێتەوە.

پ. ئێمە ئەگەر ئەم دەرگایە بکەینەوە، یانی شەریعەتمان بە بۆچوونەکانمان سڕیوەتەوە(نەسخکردووەتەوە)، ئەوانەی توندی دەنوێنن دەیانەوێت بە بیانوو و بانگەشەی خواناسی و خۆپارێزی، هەرچی فرمانی ئاسانکار هەیە لە دیندا بسڕنەوە. ئەوانەیشی شلی و فەرامۆشکردن دەنوێنن دەیانەوێت بە بانگەشە و بیانووی گونجان لەگەڵ پێشکەوتن و گەشەکردندا فرمانە جێگیرەکانی دین بسڕنەوە.

وەڵامیش ئەوەیە، دین بڕیاردەرە و بڕیارلەسەردراو نییە، دەبێت مرۆڤ شوێنی بکەوێت نەک ئەو شوێنی مرۆڤ بکەوێت، پێویستە ئێمە بۆ فرمانی دین ملکەچ بین نەک دین بۆ فرمانی ئێمە: (وَلَوِ اتَّبَعَ الْحَقُّ أَهْوَاءَهُمْ لَفَسَدَتِ السَّمَاوَاتُ وَالْأَرْضُ وَمَنْ فِيهِنَّ: ئەگەر حەق و ڕاستی شوێن هەوا و ئارەزووی ئەوان بکەوتایە، ئاسمانەکان و زەوی و هەموو ئەوەی تێیاندایە دەشێوان و سەرگەردان دەبوون.) (المؤمنون: 71)

چەند قسەیەک بۆ دڵنیاکردنەوە و پاڵپشتیکردنی قەولی جمهوور

پێمان وایە دوای باسکردنی بەڵگەکانی هەردوو گرووپ، بابەتەکە بەتەواوی ڕوون بوویەوە و، بۆمان دەرکەوت بەڵگەی جمهوور تەواوتر و بەهێزتر و دروستترە. لێرەیشدا چەند خاڵێک وەکوو پاڵپشتی و دڵنیاکردنەوەیەک بۆ قسەی جمهوور زیاد دەکەین، کە پتر بەهێزی دەکات و، وایش دەکات ویژدانی هەموو ئافرەتێکی باوەڕدار –کە قەولی جمهووری هەڵبژاردووە- بحەوێتەوە إن شاء الله.

١. هیچ فەرمان و حەرامکردنێک بوونی نییە مەگەر بە بەڵگەی ڕاست و ڕوون:

ئەسڵ سەپاندن و تەکلیفخستنەسەر نییە، هیچ سەپاندنێک بەبێ بوونی بەڵگەی ڕوون بوونی نییە، بۆیە بابەتی واجبکردن و حەرامکردن پێویستە زۆر بەتوندی سەیر بکرێن و، ئاسانکاری لە دۆخیاندا نەکرێت؛ تاوەکوو خەڵکی بە شتێکەوە پابەند نەکەین کە خودای گەورە پێیەوە پابەندی نەکردوون، یان شتێکیان لەسەر حەرام نەکەین کە خودا حەڵاڵی کردووە یاخود، خودا حەڵاڵی کردبێت و ئێمە حەرامی بکەین، یان شتێک بگلێنینە نێو دینەوە بێ ئەوەی خودا ڕێی پێ دابێت.

هەر بۆیە زانایانی پێشین خۆیان لە بەکارهێنانی وشەی حەرام زۆر بەدوور گرتووە، مەگەر بۆ شتێک بە یەقین زانیبێتیان حەرامە. هەروەکوو ئیبن تەیمییە گواستوویەتییەوە و منیش لە کتێبی "الحلال والحرام في الإسلام"ەکەمدا باسم کردووە.

ئەسڵ لە شتەکان و هەڵسووکەوتە ئاساییەکاندا ڕێپێدان(موباح)ە، هەر شتێک گەر دەقی ڕاستی جێگیر و، ڕوونی واتادار لەسەر حەرامکردنی نەبوو، ئەوە بە حەڵاڵی و لەسەر ئەسڵەکەی دەمێنێتەوە. داوای بەڵگەیش لە حەڵاڵکەر ناکرێت، چون هەرچی لەسەر ئەسڵ هاتبێت پرسیار لە هۆیەکەی ناکرێت؛ بەڵکوو بە پێچەوانەوە داوای بەڵگە لە حەرامکەر دەکرێت.

جا لە بابەتی ئاشکراکردنی دەموچاو و دەستەکاندا، هیچ دەقێکی ڕاستی ڕوون بۆ حەرامکردن نابینم، گەر خودای گەورە بیویستایە حەرامی بکات، بە دەقێکی ڕوون –کە هیچ گومانێک هەڵنەگرێت- حەرامی دەکرد، دەفەرمووێت –جل وعلا-: (وَقَدْ فَصَّلَ لَكُمْ مَا حَرَّمَ عَلَيْكُمْ إِلَّا مَا اضْطُرِرْتُمْ إِلَيْهِ: بەڕاستی ئەوەی حەرامی کردووە لەسەرتان بۆی ڕوون کردوونەتەوە، مەگەر ئەوەی ناچار بن بۆی.) (الأنعام: ١١٩) سەبارەت بەم بابەتەیش هیچمان نەبینیوە خودا ڕوونی کردبێتەوە، بۆ ئێمەیش نییە شتێک خودا کارئاسانی تێدا کردبێت قورسی بکەین، تا وەکوو ئەو گەلەی لە خۆیانەوە لە خواردنەکانیان حەڵاڵ کرد پێمان نەگوترێت (قُلْ آللَّهُ أَذِنَ لَكُمْ أَمْ عَلَى اللَّهِ تَفْتَرُونَ: بڵێ ئەوە خودا مۆڵەتی پێ داون یان بە ناوی خوداوە درۆ دەکەن؟) (یونس: ٥٩)

٢. فەتوا بە گۆڕانی سەردەم دەگۆڕێت:

هیچ خیلافێکی تێدا نییە کە، فەتوا بە گۆڕانی سەردەم، شوێن، نەریت و بارودۆخ دەگۆڕێت. جا پێم وایە ئەم سەردەمەمان لەو شتانەی بە ئافرەتی بەخشیوە، وا دەکات لە فەتواکانماندا بۆچوونی ئاسانکەر هەڵبژێرین، لەو گوفتار و بۆچوونانەی پاڵپشتیی ئافرەت دەکەن و کەسایەتیی بەهێز دەکەن.

دوژمنانی ئیسلام لە گاورەکان، مارکسییەکان، علمانییەکان و جگە لەوانیش خراپیی دۆخی ئافرەتیان لە زۆرێک لە وڵأتانی ئیسلامی بۆ خراپیی خودی ئیسلام گەڕاندووەتەوە و، هەوڵی شێواندنی فەرمانەکانی شەرع و فێرکارییەکانی تایبەت بە ئافرەتیان داوە، بە شێوەیەکی ناڕاست و دوور لەوەی ئیسلام هێناوییەتی باسی دەکەن.

جا لێرەدا وای دەبینم، لەم ڕۆژگارەماندا پێویستە بۆچوونەکان لە ڕیزی ئافرەت و دەستگرتنی و هاوکاریکردنی لە بەدەستهێنانی مافە سروشتی و شەرعییەکانیدا بێت. ئەمەم لە پەرتووکی "الإجتهاد في الشريعة الإسلامية"کەیشمدا باس کردووە.

3. خیلاف نییە لەسەر ئەوەی هەر شتێک نەکرێت کۆنترۆڵ بکرێت و، خۆپاراستن لێی زەحمەت بێت، پێویستی بە کارئاسانی هەیە:

ئەم خاڵە لای زانایانی فیقهـ و ئوسوڵ ڕوون و ئاشکرایە و بەڵگەی زۆریشی لەسەرە. جا ئەم بابەتەیش کۆنترۆڵ ناکرێت، چونکە ئافرەت وەکوو جاران نەماوە، ئێستا بۆ زانستگا، خوێندنگا، شوێنەکانی کارکردن، نەخۆشخانەکان و بازاڕەکان دەڕوات، ئەوە نەما ئافرەت وەکوو جاران لە ماڵدا دابنیشێت. هەموو ئەمانەیش وای لێ دەکەن ناچار بێت دەموچاو و دەستەکانی بە هۆی زەرووریی جووڵە و مامەڵەکردنی لەگەڵ ژیان و مرۆڤەکان لە پێدان و وەرگرتن، کڕین و فرۆشتن، تێگەیشتن و تێگەیاندندا ئاشکرا بکات.

بریا کارەکە تەنیا لەسەر ڕێگەپێدان یان، ڕاجیایی بەدیارخستنی دەموچاو و دەستەکان بووەستایە، بەڵکوو سنووری تێپەڕاندووە بۆ حەرامبوونی ڕوون و بەدیارخستنی قۆڵ، قاچ، سینگ، مل و سەر بەتەواوی. وای لێ هاتووە ئافرەتانی موسوڵمان شوێن ئەو داهێنراوە ڕۆژاواییە کەوتوون کە ناویان ناوە (مۆدێل)، لە ڕۆژگارێکداین بە چاوی خۆمان لەنێو ئافرەتانی موسوڵماندا ئافرەتانێک دەبینین بەناو خۆیان داپۆشیوە، ڕووتن و لە گوێڕایەڵی و پاکێتی لایان داوە و غەیری خۆیشیان لەڕێ دەرکردووە؛ ڕێک وەکوو ئەوەی لە فەرموودە سەحیحەکەدا هاتووە کە بە جوانترین و ڕاستترین شێوە وەسفی کردوون.

چۆن دەکرێت لەم بابەتەدا توند بین لەکاتێکدا بە پێش چاومانەوە ئەم بەرەڵاییە بڵاو بووەتەوە و کار لە کار ترازاوە؟ باسەکە لەوە دەرچووە کە بە دەوری (دەست و دەموچاو)دا بسووڕێتەوە، کە دروستە دیار بن یاخود نا! بەڵکوو ئێستا جەنگی ڕاستەقینە لەگەڵ ئەوانەدایە وا دەیانەوێت ئافرەتی موسوڵمان بخەنە سەر وێنەی ئافرەتی ڕۆژاوایی و، لە بەرگی خۆی دایماڵن و ناسنامەی ئیسلامی لێ بسێننەوە، تاوەکوو بە ڕووتوقووتی بچێتە دەرەوە و خۆی و خەڵکییش لە ڕێی ڕاست دەربکات.

بۆیە بۆ خوشک و کچە نیقابپۆشەکانمان و، برا و کوڕەکانمان لە لایەنگرانی نیقاب، دروست نییە تیر و ڕمەکانیان بە ئاراستەی خوشکە حیجابپۆشەکانیان و براکانیان لە لایەنگرانی حیجاب –ئەوانەی لەسەر ڕەئی جمهوورن- بهاوێژن. بەڵکوو دەبێت ڕووەو بانگەشەکەرانی ڕووتوقووتی و ئەوانەی ئافرەتان لە ئادابەکانی ئیسلام دادەماڵن ئاراستە بکەن. ئەو ئافرەتە پابەندەی حیجاب دەپۆشێت، -بە هۆی بەجێهێنانی فەرمانی خوداوە- زۆرجار ڕووبەڕووی ناڕەحەتی و ئازار لە لایەن ژینگە و خێزان و کۆمەڵگاکەیەوە دەبێتەوە، چۆن دەکرێت بێین و پێی بڵێین: تۆ تاوانباریت و سەرپێچیت کردووە، چونکە نیقابت نەپۆشیوە؟

٤. ناڕەحەتی ئاسانکاری دەخوازێت:

پابەندکردنی ئافرەتی موسوڵمان –بەتایبەت لەم سەردەمەدا- بە داپۆشینی دەموچاو و دەستەکانی، جۆرێک لە بارگرانی و توندی و قورسیی پێوەیە، خودای گەورەیش بارگرانی و توندی و قورسی بۆ دینەکەی نەویستووە، بەڵکوو ئایینەکەی لەسەر کارئاسانی، بارسووکی، لێبووردن و سۆز سەقامگیر کردووە، دەفەرمووێت: (وَمَا جَعَلَ عَلَيْكُمْ فِي الدِّينِ مِنْ حَرَجٍ: -خودا- لەم ئایینەدا هیچ شتێکی قورسی نەخستووەتە سەر شانتان –تا نەتوانن ئەنجامی بدەن-.) (الحج: ٧٨) و، دەفەرمووێت: (يُرِيدُ اللَّهُ بِكُمُ الْيُسْرَ وَلَا يُرِيدُ بِكُمُ الْعُسْرَ: خودا کارئاسانی بۆ ئێوە دەوێت و بارگرانیی بۆ ناوێن.) (البقرة: 185) و، دەفەرمووێت: (يُرِيدُ اللَّهُ أَنْ يُخَفِّفَ عَنْكُمْ وَخُلِقَ الْإِنْسَانُ ضَعِيفًا: خودا دەیەوێت –بەم ئایینە- کاروبارتان بۆ ئاسان بکات، -چون- مرۆ بە لاوازی دروست کراوە.) (النساء: ٢٨)، پێغەمبەری خودایش –د.خ- دەفەرمووێت: "بعثت بحنيفية سمحة: بە ئیسلامێکی ئاسانکارەوە نێردراوم." (رواه الإمام أحمد في مسنده).

زانایانمان لە بنەماکانیاندا دەڵێن: ناڕەحەتی ئاسانکاری دەخوازێت، پێغەمبەریش –د.خ- فەرمانی پێ کردووین کارئاسان بین و بارگران نەبین، مژدەدەر بین و فڕێنەر نەبین، بە ئاسانکارییەوە نێردراوین نەک بە قورسایی و پاڵەپەستۆوە.

چەند ئاگادارییەکی گرنگ لەسەر حیجاب و نیقاب

١. مەبەستمان لە دروستیی ئاشکراکردنی دەموچاو، مانای وا نییە ئافرەت بۆی هەیە بیڕازێنێتەوە و میکیاجی بکات، هەروەها بەدیارخستنی دەستەکانیش مانای وا نییە نینۆکەکانی درێژ بکات و بە بۆیە ڕەنگیان بکات، بەڵکوو دەبێت بە ڕەوشتی بەرز و بەبێ ڕووتی و خۆڕازاندنەوەوە لە ماڵ دەربچێت. هەموو ئەوەی لێرەدا ڕێی پێ دراوە، دەرخستنی جوانییەکی کەمە، وەکوو ئیبن عەبباس و جگە لەویش دەڵێن: کل لە چاوەکانیدا و ئەنگوستیلەیش لە دەستەکانیدا.

٢. کە دەڵێین نیقاب واجب نییە، مانای وا نییە دروستیش نەبێت. هەرکەس ویستی نیقاب بپۆشێت، با بیپۆشێت؛ بەڵکوو هەندێک لەو زانایانەی بەپێی ئیحتیات و لەپێشینە کار دەکەن، بە سوننەتیان داناوە بۆ ئافرەتێک کە زۆر جوان بێت و ترسی دروستبوونی فیتنەی لێ بکرێت، بەتایبەت ئەگەر نیقاب کۆسپ و وتی-وتی نەهێنێتە ڕێی. بەڵکوو لەم حاڵەتەدا زۆربەی زانایان کردوویانەتە واجب. بەڵام ئێمە هیچ بەڵگەیەک بۆ واجبکردنی نیقاب بە هۆی ترسان لە دروستبوونی فیتنە نابینین، چون ئەمە شتێکە دیاری ناکرێت و ناچێتە سەر، جوانی شتێکی خودییە، لەوەیە ئافرەتێک لای یەکێک جوان و لای یەکێکی دی ئاسایی بێت یان، هەر بە جوانیشی نەبینێت.

هەندێک لە زانایان باسی ئەوەیان کردووە گەر ئافرەت زانیی بە نیازی چێژەوە سەیر دەکرێت، دەبێت دەموچاوی دابپۆشێت، دەپرسین باشە ئافرەت چۆن بزانێت کابرا بە چاوی چێژ و شەهوەتەوە تەماشای دەکات یاخود نا؟ بۆیە باشتر لە داپۆشینی دەموچاو ئەوەیە، ئەگەر تێبینیی کرد شوێنێک گومانی فیتنەی لێ دەکرێت بکشێتەوە و دوور بکەوێتەوە.

٣. پەیوەندی لەنێوان بەدیارخستنی دەموچاو و ڕێپێدان بە سەیرکردنیدا نییە. هەندێک لە زانایان ڕێیان بە ئاشکراکردنی دەموچاو داوە و تەماشاکردنیان بە حەرام داناوە، تەنیا یەکەم سەرنج نەبێت. هەندێکیش ڕێیان داوە بە سەیرکردنی هەر شوێنێک ئاشکراکردنی ڕێپێدراو بێت، بەڵام بەبێ شەهوەت، گەر تەماشاکردنی ئافرەت بە مەبەستی شەهوەت و چێژ و حەزەوە بوو، حەرامە سەیر بکرێت، ئێمەیش لەگەڵ ئەم بۆچوونەداین.

وصلى الله على محمد وعلى آله وأصحابه والتابعين.

تاگەکان    
مانا گێڕانەوە ڕانانی کتێب یاسا ئەیاد قنێبی باران حزبی ئیسلامی مێژوو کوردستان زانست ئاوی زەمزەم پارەی ئیلیکترۆنی شیرک ڕەخنە شەڕ
فیقهی
2022-03-13 کۆمێنت 40 خولەک بۆ خوێندنەوە 11659 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی