گوێگرتن لە گۆرانی

نووسینی: د. یووسف قەرەزاوی وەرگێڕانی: شاهۆ حەمید
فیقهی 2020-07-23 کۆمێنت 6446 جار بینراوە
پرسیار: هەندێک لە خەڵکی گوێگرتن لە هەموو جۆرەکانی گۆرانی بە حەرام دادەنێن، بەڵگەیشیان فەرمایشتی خودای باڵادەستە کە دەفەرموێت: (وَمِنَ النَّاسِ مَنْ يَشْتَرِي لَهْوَ الْحَدِيثِ لِيُضِلَّ عَنْ سَبِيلِ اللَّهِ بِغَيْرِ عِلْمٍ وَيَتَّخِذَهَا هُزُوًا أُولَئِكَ لَهُمْ عَذَابٌ مُهِينٌ) (لقمان: ٦) (هەندێک لە خەڵکی هەیە قسە و باسی بێهودە دەکڕێت، بۆ ئەوەی بە نەزانی خەڵک لە ڕێگای خودا گومڕا بکات و، ڕێگای خودا دەکاتە گاڵتە و لاقرتێ، ئەوانە سزای ڕیسواکەریان بۆ هەیە.)

   ئەوە دەکەنە بەڵگە، کە هەندێک لە سەحابە فەرموویانە: مەبەست لە قسەی بێهودە (لهو الحدیث)، گۆرانییە.

   هەروەها ئەم ئایەتەیش (وَإِذَا سَمِعُوا اللَّغْوَ أَعْرَضُوا عَنْهُ) (القصص: ٥٥) دەکەنە بەڵگە، واتە کاتێک قسە و گوفتاری ناپەسەند و نابەجێ دەبیستن، پشتی تێ دەکەن. دەڵێن گۆرانیش قسە و گوفتاری نابەجێیە، واتە (اللغو)ە.

ئایا بە بەڵگەکردنی ئەم دوو ئایەتە بۆ حەرامکردنی گۆرانی، دروست و تەواوە؟ بۆچوونتان چییە لەسەر گوێگرتن لە گۆرانی؟

   چاوەڕوانی فەتواتانین لەسەر ئەم بابەتە دژوار و مەترسیدارە، کە خەڵکی کەوتوونەتە مشتومڕ و جیاوازییەکی توندەوە، کە پێویستی بە بڕیار و قسەی ڕوون هەیە. ئێمە سوپاستان دەکەین و خودایش پاداشتتان بداتەوە.


وەڵامی شێخ قەرەزاوی:

بابەتی گۆرانی، لەگەڵ مۆسیقا یان بەبێ مۆسیقا، بابەتێکە لە سەردەمانی پێشوودا مشتومڕی زۆری لەنێوان فوقەها موسوڵمانەکاندا لەسەر کراوە. لە هەندێک بابەتدا یەکڕا بوون لەسەری و، لە هێندێکی دیدا ڕاجیا.

   زانایان یەکدەنگن لەسەر حەرامبوونی هەر گۆرانییەک کە فاحیشە و خراپەکاری و هاندان بۆ تاوانی تێدا بێت، چون گۆرانی هیچ نییە جگە قسە و گوفتارێک، جا باشی باشە و خەراپیشی خەراپ. هەر گوفتارێکیش پێچەوانەی ئەدەب و ڕەوشتی ئیسلام بێت، حەرامە. ئیتر چیت دەوێ لەوەی گەر وەزن و مۆسیقا و هێزی کاریگەریی تێدا کۆ بوویەوە؟!

   زانایان یەکدەنگن لەسەر حەڵاڵبوونی لە هەندێک شوێن و دروشمی خۆشیی شەرعیدا وەکو زەماوەند و هاتنەوەی نادیار و ڕۆژانی جەژنەکان، کە چەند دەقێکی ڕاست و دروست لەسەر ئەوانە هاتووە.

   جگە لەوانەی باس کران، زانایان جیاوازیی ڕوونیان لەسەر گوێگرتن لە گۆرانی هەیە، هەندێکیان ڕێگەیان بە گوێگرتنی داوە چ لەگەڵ مۆسیقا یان بەبێ مۆسیقا، بەڵکو بە خۆشویستراو (مستحب)یشیان داناوە، هەندێکیان بەبێ مۆسیقا ڕێگەیان داوە و، هەندێکیان بەتەواوی بە حەرامیان داناوە.

   ئەوەی ئێمە لەنێوان ئەو گوفتارانەدا دەیڵێین و ئاسوودەین پێی: گۆرانی لە خودی خۆیدا حەڵاڵە، بنچینە (ئەسڵ)یش لە شتەکاندا حەڵاڵە، مەگەر ئەوەی بە دەقێک یەکلا بووبێتەوە کە حەرامە. جا هەموو ئەو بەڵگانەی لە بارەی گۆرانییەوە هاتوون، یا گونجاو (ڕێک)ن و ڕاست (سەحیح) نین یان ڕاستن و گونجاو نین، لە نموونەی ئەوەیش کە ڕاستە و گونجاو نییە، ئەو دوو ئایەتەن لە پرسیارەکەدا باس کران.

   ئایەتی یەکەم (وَمِنَ النَّاسِ مَنْ يَشْتَرِي لَهْوَ الْحَدِيثِ ...) (لقمان: ٦) هەندێک لە سەحابە و تابیعین بۆ حەرامکردنی گۆرانی کردوویانەتە بەڵگە، باشترین وەڵام لە ئێمەوە سەبارەت بە تەفسیرکردنیان بۆ ئایەتەکە، فەرمایشتی پێشەوا ئیبنوحەزمە کە لە پەرتووکی (المحلى)دا دەفەرمووێت: «لە چەند ڕوویەکەوە تەفسیرکردنی ئەو هاوەڵانە و شوێنکەوتووانیان نابێتە بەڵگە بۆ حەرامکردنی گۆرانی:

یەکەم: قسەی هیچ کەسێک بەڵگە نییە جگە لە پێغەمبەری خودا (دروودی خوای لێ بێت).

دووەم: ژمارەیەکی تر لە سەحابە و تابیعین پێچەوانەی ئەوان بوون و، ڕەفتاریان کردووە.

سێیەم: دەقی ئایەتەکەیش بەڵگەهێنانەوەکەیان پێی پووچەڵ دەکاتەوە، چونکە ئایەتەکە وەسفی ئەو کەسە دەکات کە بە قسەی بێهوودە (لهو الحدیث) خەڵکی لە ڕێگای خودا گومڕا دەکات! (وَمِنَ النَّاسِ مَنْ يَشْتَرِي لَهْوَ الْحَدِيثِ لِيُضِلَّ عَنْ سَبِيلِ اللَّهِ بِغَيْرِ عِلْمٍ وَيَتَّخِذَهَا هُزُوًا أُولَئِكَ لَهُمْ عَذَابٌ مُهِينٌ) ئەو گومڕاکردنەیش کردارێکە هەر کەس پێی هەستا بەبێ جیاوازی (خیلاف) بێباوەڕ (کافر) دەبێت، گەر کەسێک پەرتووکێکی کڕی تا خەڵکی لە ڕێگای خودا لا بدات و گاڵتەجاڕی بە پەیامی خودا بکات، ئەوا کافرە. ئەمە ئەوەیە کە خودای گەورە زەمی کردووە. هەرگیز خودا زەمی ئەو کەسەی نەکردووە کە قسەی بێهودە دەکڕێت تا ئاسوودە و دڵخۆش بێت پێی، نەک بۆ ئەوەی خەڵکی لە ڕێگای خودا گومڕا بکات. هەروەها هەر کەسێکیش بەعەمدی نوێژی نەکرد بە هۆی ئەوەی بە خوێندنەوەی قورئان یان فەرموودە یان قسەکردن لە شوێنێکدا یان گۆرانی و ... سەرقاڵە، ئەوە خراپەکارە و بێفەرمانیی خودای باڵادەستی کردووە، هەر کەسیش هیچ کام لە فەرزەکانی لەدەست نەدا بە هۆی سەرقاڵبوون بە یەکێک لەوانەی باسمان کردن، ئەوا چاکەکارە.»

   هەروەها ئایەتی دووەم (وَإِذَا سَمِعُوا اللَّغْوَ أَعْرَضُوا عَنْهُ) (القصص: ٥٥) ئەمیش کردنی بە بەڵگە بۆ حەرامکردنی گۆرانی جێگەی خۆی نییە و نادروستە. چونکە ڕووکەشی ئایەتەکەیش وای نیشان دەدات کە گوفتاری نابەجێ (اللغو) بریتییە لە قسەی خەراپی وەکو جوێن و قسەی ناشیرین و نموونەی ئەوانە. کە ئەودوای ئایەتەکە ئەوەمان بۆ ڕوون دەکاتەوە، وەکو دەفەرمووێت: (وَإِذَا سَمِعُوا اللَّغْوَ أَعْرَضُوا عَنْهُ وَقَالُوا لَنَا أَعْمَالُنَا وَلَكُمْ أَعْمَالُكُمْ سَلَامٌ عَلَيْكُمْ لَا نَبْتَغِي الْجَاهِلِينَ) کاتێک قسەی ناپەسەند ببیستن پشتی تێ دەکەن و دەڵێن: کردەوەکانمان بۆ خۆمانە و کردەوەکانی ئێوەیش بۆ خۆتانە، سەلامتان لێ بێت ئێمە هاوڕێیەتیی نەفامانمان ناوێت. ئەمەیش وەکو ئایەتی باسکردنی بەندە تایبەتەکانی خودایە کە دەفەرمووێت: (وَإِذَا خَاطَبَهُمُ الْجَاهِلُونَ قَالُوا سَلَامًا) (الفرقان: ٦٣) (کاتێک نەزان و نەفامەکان -بە وتەی ناشیرین- لەگەڵیان بدوێن، وتەیەک دەڵێن پێیان گوناهـ نەبێت.)

   خۆ گەر وامان دانا قسەی نابەجێ (اللغو) لە ئایەتەکەدا گۆرانییش دەگرێتەوە، دەمانبینی ئایەتەکە ئاماژە بە پشتلێکردن لە گوێگرتن و پیاهەڵدانی دەکات، کە هیچ شتێکی وای تێدا نییە تا گوێلێنەگرتنی واجب بکات.

   هەروەها وشەی ناپەسەند (اللغو) وەکو وشەی پووچ (باطل)ە، ئەوەی کە هیچ سودێکی نییە، جا گوێگرتن لەوەی کە هیچ سودێکی تێدا نییە گەر نەبووە هۆی لەدەستدانی مافێک و سەرقاڵکردن لە بەجێگەیاندنی واجبێک، حەرام نییە.

   گێڕدراوەتەوە لە ئیبنوجورەیجەوە کە داوای ڕوخسەتی بۆ گوێگرتن لە گۆرانی کردووە، لە وەڵامدا پێی وتراوە: گەر لە ڕۆژی قیامەتدا بیهێننەوە پێشت لەنێو کارە باشەکانتدا دەیبینیت یان خراپەکانت؟ فەرموویەتی: نە لەنێو چاکەکاندا دەیبینم نە خراپەکان! بەڵکو گۆرانی وەکو قسەی بێسوود و لەدەمدەرچوو (اللغو) وایە و، خودای گەورەیش دەفەرموێت: (لَا يُؤَاخِذُكُمُ اللَّهُ بِاللَّغْوِ فِي أَيْمَانِكُمْ) (البقرة: 225) خودای گەورە سوێندی بێهوودە (لەدەمدەرچوو)تان لێ ناگرێت.

   ئیمامی غەززالی دەفەرمووێت: «گەر هێنانی ناوی خودای گەورە بە شێوازی سوێند لەسەر شتێک -بەبێ پەیمان یان سووربوون لەسەری یان پێشێلکردن، واتە بەو شێوەیەی هیچ سوودێکی نەبێت- خودای گەورە نەیگرێت و زیانێکی نەبێت، ئیتر چۆن لە هۆنراوە و سەمادا لێمانی دەگرێت؟!»

   ئێمەیش دەڵێین: هەموو گۆرانییەک قسەی ناپەسەند (اللغو) نییە، هەروەها بەگوێرەی نییەتی خاوەنەکەی بڕیاری بەسەردا دەدرێت، نییەتی چاک وا دەکات بە ڕابواردن و گاڵتە و خۆشیکردن لە خودا نێزیک بیتەوە و گوێڕایەڵ بیت. نییەتی خەراپیش دەبێتە هۆی بەتاڵکردنەوەی ئەو کارەی کە ڕووکەشەکەی پەرەستشی خودایە و ناوەڕۆکەکەیشی ڕیایە، پێغەمبەری خودایش(دروودی خوای لێ بێت) دەفەرمووێت: (إن الله لا ينظر إلى صوركم، ولكن ينظر إلى قلوبكم) (خودای گەورە سەیری شێوە و ڕووخسارتان ناکات، بەڵکو تەماشای دڵەکانتان دەکات.)

   لێرەدا چەند وشەیەکی جوانی ئیبنوحەزم لە پەرتووکی «المحلى»دا لە ڕەددی ئەوانەی گۆرانییان بە حەرام داناوە، دەگوێزینەوە. دەفەرموێت: «بەڵگە دێننەوە و دەڵێن: ئایا گۆرانی لە حەقق و ڕاستییە یان لە ناحەقق و ناڕاستی؟ سێیەممان نییە! خودای گەورەیش دەفەرموێت: (فَمَاذَا بَعْدَ الْحَقِّ إِلَّا الضَّلَالُ) (یونس: ٣٢) دوای حەقق و ڕاستی چی هەیە جگە لە گومڕایی و سەرگەردانی؟»

    وەڵاممان بە پشتیوانیی خودا: پێغەمبەری خودا (دروودی خوای لێ بێت) دەفەرمووێت: «إنما الأعمال بالنيّات، وإنما لكل امرئ ما نوى.» (کردەوەکان بە نییەتە و، هەرکەسیش بەگوێرەی نییەتی خۆی پاداشت و سزا وەردەگرێت.» جا هەرکەسێک ویستی بە گوێگرتن لە گۆرانی بێفەرمانیی خودای گەورە بکات، ئەوە خراپەکار و فاسیقە، هەروەها هەر شتێکی تری جگە لە گۆرانییش. هەرکەسێکیش نییەتی پێی ئاسوودەکردنی خۆی بوو تاوەکو پێی بەهێز بێت بۆ گوێڕایەڵیی خودای گەورە و، چالاککردنی خۆی لەسەر چاکە، ئەوە گوێڕایەڵ و چاکەکارە و، ئەم کارەی دەچێتە تەرازووی حەقق و ڕاستییەوە. هەرکەسێکیش نییەتی پێی نە چاکە بوو نە خەراپە، ئەوە دەچێتە ڕیزی گوێگرتن لە قسەی بێهوودەی نەگیردراو و عەفوکراو، هەروەکوو ڕۆیشتنی ئادەمیزاد بۆ نێو باخ و باخاتەکەی بۆ پیاسە، یان دانیشتن و ڕوانینی لەبەر دەرگای ماڵەکەیدا، یان ڕەنگکردنی جلەکەی بە ڕەنگی شین یان سەوز یان هەر ڕەنگێکی تر، یان درێژکردنی لاقی و گرژکردنی و سەرجەم کردارەکانی تری. (المحلى: ١٢٦)

   ئەو فەرموودانەیشی دەکرێنە بەڵگە بۆ حەرامکردنی گۆرانی، بە برینی قووڵ پێکراون. هیچ فەرموودەیەکیان بەبێ تانەلەسەربوون لە ڕووی جێگیربوون یان واتایی یان هەردووکیان پێکەوە، سەلامەت نەبووە. قازی ئەبوو بەکری ئیبنولعەرەبی لە پەرتووکی «الأحکام»دا دەفەرمووێت: «هیچ شتێک ساغ نەبووەتەوە بۆ حەرامکردنی.» هەروەها ئیمامی غەززالی و ئیبنونەحویش لە «العمدة»دا، هەمان وتەیان فەرمووە. ئیبنوحەزمیش دەفەرمووێت: «هەرچی هاتووە بۆ حەرامکردنی گۆرانی پووچەڵ و هەڵبەستراو (موضوع)ە.»

   لێرەدا مادام بەڵگەکانی حەرامبوونی گۆرانی کەوتن و ڕەد کرانەوە، گۆرانی وەکوو ئەسڵێکی حەڵاڵ دەمێنێتەوە. چۆن حەڵاڵ نەبێت؟! لە کاتێکدا چەند بەڵگەیەکی جێگیر و سەحیحمان بەدەست گەیشتووە کە حەڵاڵبوونی لێ دەخوێندرێتەوە. ئیمامی بوخاری و موسلیم گێڕاویانەتەوە: «أن أبا بكر دخل على النبي في بيت عائشة و عندها جاريتان تغنيان فانتهرهما وقال: أمزمور الشيطان في بيت رسول الله؟ فقال النبي عليه السلام: دعهما يا أبا بكر فإنها أيام عيد» (ئەبوو بەکر (خوا لێی ڕازی بێت) ڕۆیشتە لای پێغەمبەری خودا (دروودی خوای لێ بێت) لە ماڵی عائیشەی کچی، بینی دوو کەنیزەکی لایە و گۆرانی دەڵێن، سەرکۆنەی کردن و فەرمووی: زوڕنا و ئاوازی شەیتان لە ماڵی پێغەمبەری خودادا؟! پێغەمبەری خودایش (دروودی خوای لێ بێت) فەرمووی: ئەی ئەبوو بەکر وازیان لێ بێنە ئەمە ڕۆژانی جەژنە.

   هیچ شتێکیش نەهاتووە گۆرانی حەرام بکات بەدەر لە جەژنەکان، واتە ئەوە نابێتە بەڵگە کە تەنیا لە جەژنەکاندا گۆرانی ڕێپێدراو بێت، بەڵکوو ئەو فەرموودەیە واتە جەژن لەو دروشمانەیە کە خۆشیکردن بە گۆرانی تێیدا خۆشویستراو و ڕێپێدراوە و، هەروەها هەر گۆرانییەکی باشی تریش بەدەر لە جەژنەکان.

   جا لەبیرمان نەچێت پێویستە لە کۆتایی ئەم فەتوایەدا چەند قەید و مەرجێک کە پێویست بە بەدەمەوەچوونیان دەکات، باس بکەین:

ا. پێویستە بابەتی گۆرانی لەگەڵ فێرکاری و ئادابەکانی ئیسلامدا بگونجێت.

   ئەو گۆرانییەی کە دەڵێت: «الدنيا سيجارة وكأس» (دونیا جگەرەیەک و پێکێک مەییە) پێچەوانەی فێرکاری و ئادابەکانی ئیسلامە، کە مەی بە پیس و کردەوەی شەیتان داناوە و، نەفرەتی لە بخۆری، دروستکەری، فرۆشیاری، هەڵگری و هەر جۆرە یارمەتییەک تێیدا، کردووە. هەروەکو جگەرەکێشانیش زیانی زۆر و کاریگەریی هەیە.

   هەروەها گۆرانیی «صاحب العيون الجريئة» یان «صاحبة العيون الجريئة» (خاوەنی چاوی کاریگەر (جوان)) گۆرانییەکە پێچەوانەی ئەدەبی ئیسلامە، چون خودا دەفەموێت: (قُلْ لِلْمُؤْمِنِينَ يَغُضُّوا مِنْ أَبْصَارِهِمْ) (النور: ٣٠) (بڵێ بە پیاوانی بڕوادار چاویان -لە سەیرکردنی نامەحرەم- بپارێزن) و، دەفەرمووێت: (وَقُلْ لِلْمُؤْمِنَاتِ يَغْضُضْنَ مِنْ أَبْصَارِهِنَّ) (النور: ٣١) (بڵێ بە ئافرەتانی بڕواداریش چاویان -لە سەیرکردنی نامەحرەم- بپارێزن. پێغەمبەریش (دروودی خوای لێ بێت) دەفەرمووێت: «يا علي، لا تتبع النظرة النظرة فإنما لك الأولى وعليك الثانية.» (ئەی عەلی بەدوای نەزەری یەکەمدا نەزەری تر مەکە، یەکەم بۆ تۆیە و هیچت لەسەر نییە -چون نەتزانیوە-، دووەمیان لەسەرتە و لێت دەگیردرێت.)

ب. پاشان ڕێگای نواندن و پێشکەشکردنیش کاریگەریی خۆی هەیە، هەندێک جار بابەتەکە هیچ کێشەیەکی تێدا نییە و گەردێکی لەسەر نییە، بەڵام گۆرانیبێژەکە -پیاو یاخود ئافرەت- بە نواندن و دەربڕینی تێکشکێنەر و مەبەستی خەراپ و ورووژێنەر، هەروەها بە مەبەستی بەئاگاهێنانی حەز و ئارەزووە نووستووەکان و، جووڵاندنی دڵە نەخۆشەکان، گۆرانییەکە بە لاڕێدا دەبات و، لە گۆرانییەکی حەڵاڵەوە دەبێت بە گۆرانییەکی حەرام. لە نموونەی ئەو گۆرانییانەیش کە خەڵکی گوێیان لێ دەگرن و گۆرانیبێژان دەیانڵێن، ئەوانەن کە بە ئاخ و ئۆف و ئای و ... دەنگیانی پێ بەرز دەکەنەوە.

   خودای گەورەیش بەرانبەر بە خێزانەکانی پێغەمبەر (دروودی خوای لێ بێت) دەفەرمووێت: (فَلَا تَخْضَعْنَ بِالْقَوْلِ فَيَطْمَعَ الَّذِي فِي قَلْبِهِ مَرَضٌ) (الأحزاب: 32) (بە خەمزە و نازەوە قسان مەکەن، نەوەک ئەوەی دڵی نەخۆشە، نیازی خەراپ بکات.)

ج. ئایینی ئیسلام زیادەڕەویی لە هەموو شتێکدا حەرام کردووە، هەتا لە پەرەستشیشدا! جا دەبێت هەڵوێستت لە زیادەڕەوی بە قسەی بێهوودە و گۆرانی و کوشتنی کات تێیدا چۆن بێت؟ ئەگەرچی ڕێگەپێدراوە. وەکو چۆن ئەم زیادەڕەوییە دەبێتە هۆی کەلێن و چۆڵبوونی واجباتی گەورە و ئامانجی مەزن لە دڵ و عەقڵدا، ئاوایش دەبێتە هۆی بەفیڕۆدانی مافی دیکە کە پێویستە مرۆ لەم تەمەنە دیاریکراوەیدا بەدەستی بێنێت. ئیبنولموقەففەع چەند جوانی فەرمووە: «ما رأيت إسرافا إلا وبجانبه حق مضيع.» (هیچ زیادەڕەوییەکم نەبینیوە مەگەر بەتەنیشتییەوە مافێک پێشێل خراوە.»

   دکتۆر ئەو کەسەی گوێ لە گۆرانی دەگرێت -پاش ئەو سنوورانەی باسمان کردن- پێویستە لەسەری ببێت بە فەتوادەری خۆی، ئەگەر گۆرانییەکە یان هەر حاڵەتێکی تر هەست و ئارەزووی خەراپی بجووڵێنێت، بۆ فیتنە و خەراپەی هەڵنێت و لەنێو خەیاڵی هەستبزوێنی دوورڕۆیشتوودا ڕۆبچێت، ئەوا پێویستە لێی دوور بکەوێتەوە و، ئەو دەرگایەی کە بای فیتنەی بۆ سەر دڵ و ئایین و ڕەوشتی لێوە دێتە ژوورەوە، دابخات. تا ئارام و هێمن بحەسێتەوە.

   بێگومان ئەم قەید و مەرجانە بەدەگمەن نەبێت، لە گۆرانیی ئەمڕۆدا چ لە ڕووی چەند و چۆنییەتی، بابەتی یان شێوازی نواندندا، پەرەیان سەندووە و، هەروەها بە ژیانی کەسانێک، کە بە هەموو شێوازێک دوورن لە دین و ڕەوشت و ئادابەکانی دین و پەیوەست بوونە. نابێت موسوڵمان بەدووی ئەو کارانە کەوێت و بەرزیان بنرخێنێت و، بەشداری لە بڵاوکردنەوەیاندا بکات، هەروەها نابێت سنووری کاریگەرییان فراوان بکات و، بەوەیش سنوور و چوارچێوەی خەراپیان پەرەبسێنێت.

   لەبەرئەمەیش بۆ موسوڵمان لەپێشترە پارێزگاری لە دینەکەی بکات و، ڕوخسەت و بڕیاری گەورە و لەپێشینە بۆ خۆی وەربگرێت، خۆ بپارێزێت لە گومان و، خۆی لە  ڕوخسەتێک کە پاڵفتەکردنی لەنێو حەرامکراوەکاندا قورس و ناهەموارە، دوور بگرێت.

   جا هەرکەسێک دەستی بە ئەم ڕوخسەت و ڕێپێدانەوە گرت، با باش پشکنین بکات و، چەندێک توانی با ئەوە هەڵبژێرێت کە دوورترینە لە سەرچاوەی تاوانەوە. ئەمە بۆ گوێگرتن لە گۆرانی بوو، کارەکە بۆ گۆرانیبێژ وەکو پیشەیەک توندتر و مەترسیدارترە، چون تێکەڵبوونی گۆرانیبێژ (هونەرمەند) بە ژینگە مەترسیی زیاترە لەسەر دینی موسوڵمان، کە کەم کەس بەسەلامەتی و بێوەی لێی دەردەچێت.

ئەمەی باس کرا بۆ پیاو بوو، ئافرەت لەم بوارەدا مەترسیی زۆر زیاتری لەسەرە، بۆیە خودای گەورە خۆپارێزی و گرنگیدان بە جلوبەرگ، ڕێکردن، قسەکردن و دوورکەوتنەوە لە هەرشتێک دەبێت بە فیتنە بۆ پیاوان، لەسەری فەرز کردووە. هەروەها فەرزی کردووە لەسەری؛ خۆی لە ئازاری قسە و قسەڵۆکی خەڵکی و شەڕی چاو و جووڵاندنی نیازی دڵی نەخۆش، بپارێزێت. وەکو خودای گەورە دەفەرمووێت: (يَا أَيُّهَا النَّبِيُّ قُلْ لِأَزْوَاجِكَ وَبَنَاتِكَ وَنِسَاءِ الْمُؤْمِنِينَ يُدْنِينَ عَلَيْهِنَّ مِنْ جَلَابِيبِهِنَّ ذَلِكَ أَدْنَى أَنْ يُعْرَفْنَ فَلَا يُؤْذَيْنَ) (الأحزاب: ٥٩) (ئەی پێغەمبەری خودا بە هاوسەرانت و کچەکانت و ئافرەتانی بڕوادار بڵێ: با بە پۆشاکی باڵاپۆش خۆیان داپۆشن، ئەوە شیاوترین شتە کە پێی بناسرێن، تا ئازار نەدرێن و، دەفەرمووێت: (فَلَا تَخْضَعْنَ بِالْقَوْلِ فَيَطْمَعَ الَّذِي فِي قَلْبِهِ مَرَضٌ) (الأحزاب: 32) (بەخەمزە و نازەوە قسان مەکەن، نەوەک ئەوەی دڵی نەخۆشە، نیازی خەراپ بکات.)

   گۆرانیگوتنی ئافرەتی موسوڵمان وەکو پیشە، ڕەد دەکرێتەوە، چونکە تووشی فیتنە دەبن یان تووش دەکرێن و دەیخلسکێنێتە نێو کۆمەڵێک حەرام، کە بەدەگمەن لێی دەرباز دەبێت و بەسەریدا زاڵ دەبێت، وەکو دوورکەوتنەوە بۆ ئاوازدانان لەگەڵ بێگانەدا یان تۆمارکردن و پەیمانبەستن لەگەڵیدا، هەروەها تێکەڵیکردنی لەگەڵ پیاوانی بێگانەدا بە شێوەیەک شەرع ڕێگەی پێ نەداوە، بەڵکو شەرع ڕێگەی بە تێکەڵیکردنی پیاوان لەگەڵ ئەو ئافرەتە ئازادە موسوڵمانانە یان ناموسوڵمانانەیش کە پەیوەندیی خزمایەتییان لەنێواندا هەیە، نەداوە. هەتا دوای لە نموونەی تری لەو شێوازانە. 

وصل الله على محمد وآل محمد
تاگەکان    
نوێژ کۆرۆنا نەتەوایەتی یاری تەلارسازی سیاسەت کۆمەڵکوژیی بۆسنە ژیانی پێغەمبەر کتێب ڕۆژاوا پۆدکاست شەڕ دیزاینی زیرەک قەدەر زمان
فیقهی
2020-07-23 کۆمێنت 6446 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی