هیلالی جەژن

نووسینی: محەمەد کوبەیسی وەرگێڕانی: ڕۆژ بەکر
فیقهی 2023-04-21 کۆمێنت 3 خولەک بۆ خوێندنەوە 1455 جار بینراوە

بە ویستی خوا هیلالی مانگی شەوال ڕۆژی پێنجشەممە کاتژمێر ٧:١٢ی بەرەبەیان بە کاتی مەککەی پیرۆز لە دایک دەبێت، پاش خۆراوابوون بیست خولەک دەمێنێتەوە، ئەمە واتای ئەوەیە لەم ناوچانەی ئێمە ناتوانرێت بە چاو ببینرێت.

بۆیە ئەو وڵاتانەی کار بە زانست دەکەن و بینین بە چاو بە مەرج ناگرن وەک تورکیا و ناوچەی بەڵقان و زۆرێک لە ناوەندە ئیسلامییەکان لە ڕۆژاوا ڕۆژی هەینی دەبێتە یەکەم ڕۆژی جەژنی ڕەمەزان لای ئەوان.

ئەو وڵاتانەی ئیش بە زانست ناکەن و بینینی مانگ بە مەرج دادەنێن، ڕۆژانی جەژن دەگۆڕێت لای ئەوان بەپێی جیاوازیی ناوچەی جوگرافییان (ڕۆژهەڵات و ڕۆژاوا) هەروەها بەپێی پیسبوونی ژینگەیی و دەنگی. لەوانەیە ئەمە ببێتە هۆکاری پشێویی فیقهی ئەگەر لە وڵاتێک شاهێدی بینینی مانگ درا لەلایەن خەڵکانێکەوە، بەڵام شوێنی جوگرافیی ئەو ناوچەیە ڕێگر بێت لە بینینی مانگ.

تێبینییەکی مەنهەجی کە پەیوەندیدارە بە پۆستێکی پێشووی نووسەر لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک لەسەر ئەو بابەتانەی کە جیی ناکۆکین. ئەو لایەنەی پێی وایە بینینی مانگ بۆ خۆی مەبەستە کە ئەم تێڕوانینە زۆر ناماقووڵە، -بینینی مانگ عیلەتێکی تەعەببودییە بۆ دەستپێکردنی ڕۆژوو و بەربانگکردنەوە- بۆیە ئەم تێڕوانینە بەکارهێنانی زانست بە دژیەک دەبینن لەگەڵ سونەت و واتای تەعەبود و ئەمە هاوشێوەی ئەو وتەیەیانە لەسەر زەکاتی سەرفیترە کە دەڵێن تەنیا دەبێت بە خواردن دیاری بکرێت و خەمڵاندنی نرخی خواردنەکان بە حەرام دەبینن.

بەڵام ئەوانەی پێیان وایە بینین ئامرازێکە بۆ دیاریکردنی هیلالی مانگی نوێ و، مانگی کۆچی بریتییە لە خولێکی فەلەکیی دیاریکراو کە لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا دەتوانرێت بە وردەکاریی تەواوەوە دیاری بکرێت بە بەکارهێنانی ئامرازە زانستییەکان کە زۆر ڕاستترن لە بینینی ئاسایی بە چاو، ئەمان بینین بە چاو ناکەنە مەرج چونکە خودی بینینەکە بە کردارێکی تەعەبودی نازانن، بەڵکو وەک خوای گەورە دەفەرموێت (واعدوا لهم ما استطعتم من قوة ومن رباط الخيل) وەک ڕوونە قورئان فەرمان بەوە دەکات ئەسپ ئامادە بکەین بۆ جەنگ بەڵام بۆ ئەمڕۆ دیارە کە لە جێی ئەسپ باسی دەبابە و تانکە.

هەروەها ئەم بۆچوونە پاڵپشتیی قورئانی هەیە کە ڕۆژوو دەبەستێتەوە بە مانگی ڕەمەزان نەک بە بینینەوە، ئەو باسانەیشی لە سوونەتدا هاتوون لەبارەی بینینی مانگ بە چاو، بۆیە باس کراون چونکە ئەو کاتە تەنیا ئەو ئامڕازە هەبوو بۆ زانینی مانگی نوێ، بەڵام ئەمڕۆ بەهۆی زانستەوە بە یەقینی دەتوانین کاتی مانگی نوێ دیاری بکەین، ئیتر چۆن دەست بگرین بە ئامڕازەوە و ئامانجەکە وێڵ بکەین؟

بە بڕوای من باسەکە پەیوەستە بە کاتەوە، ئەو دەوڵەتانەی زۆر توند بوون لە ڕەتکردنەوەی لێکدانەوەی فەلەکی ئێستا مەیلێکی ڕوونیان هەیە بۆ بەکارهێنانی ئەو زانستە، بەتایبەتی بۆ نەفیکردن، واتە کاتێک کەسێک بڵێت من مانگم بە چاوم دیوە، بەڵام بە لێکدانەوەی فەلەکی بۆیان دەرکەوت کە ناتوانرێ مانگ ببینرێت، ئەو کاتە شاهیدییەکەی بە شاهیدیی درۆ دادەنرێت، ئەمەیش بەرەوپێشچوونێکی گەورە و گرنگە، لەگەڵ ئەوەی ڕووکەشی فەرموودەکان بەپێچەوانەوە بە واجبی دادەنێت وەرگرتنی شاهیدییەکان.

ئەوەی کە گرنگە خوشک و برایانم، ناڕەحەت و دڵتەنگ نەبین بەم جیاوازییانە، چونکە بابەتگەلێکی ئاسایین و هۆکاری سروشتییان هەیە، منیش هانی زاناکان دەدەم کە زیاتر تێبکۆشن بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بۆ ئەو ئیشکالانە، هەروەها موسوڵمانان بەگشتی هیچی تریان لەسەر نییە جگە لە گوێڕایەڵیکردنی دەزگا فەرمییەکانی ئەو وڵاتەی تێیدا دەژین بۆ دووربون لە فیتنە و پشێوی.

خوای گەورە موسوڵمانان یەک بخات لەسەر ئەوەی خۆی لێی ڕازییە.

تاگەکان    
ژن سەرفیترە وەچەخستنەوە ستەم پۆدکاست چیرۆک تەوبە دیمانە هاوڕەگەزخوازی گۆرانی ژیانی پێغەمبەر زانکۆ کونە ڕەشەکان یادەوەری خێوەتگە
فیقهی
2023-04-21 کۆمێنت 3 خولەک بۆ خوێندنەوە 1455 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی