سەرنجێک لەسەر قاچلکاندن بەیەکەوە لە نوێژدا

نووسینی: میران مەجید
فیقهی 2024-04-02 کۆمێنت 4 خولەک بۆ خوێندنەوە 423 جار بینراوە

سەرەتا دەبێت بزانین کە وەستان لە ڕیزی نوێژی جەماعەتدا دەبێت بە شێوەیەکی ڕێکوپێک بێت و نوێژخوێنەکان تا دەتوانن پاش و پێش نەکەون و بۆشاییەکی زۆر و دیار لە نێوانیاندا نەبێت، بە شێوەیەک کە سەرنجی بچێتە سەر، ئەم بابەتەیش لە فەرموودەکاندا زۆر جەختی لێ کراوەتەوە و چەند میکانیزمێکی بۆ دیاری کراوە، لەوانە: شان و قاچیان ڕێکی یەک بێت.

واتە بە شێوەیەکی ئاسایی کەسەکان نزیک ببنەوە لە یەکتری بە شێوەیەک کە شان و قاچیان ڕێکی یەکتر بێت نەک بەیەکەوە نووسابێتن و بە شێوەیەکی زۆر قاچیان بڵاو بکەنەوە و لەشیان شێوەیەکی هەڕەمی وەربگرێت.

بەڵام بە داخەوە ئەمڕۆ زۆرێک لە نوێژخوێنان بە شێوەیەکی نائاسایی قاچ بڵاو دەکەنەوە و کەسەکەی تەنیشتیان هەراسان دەکەن و بە زۆر قاچ دەنووسێنن بە قاچیانەوە، تەنانەت هەندێک جار کابرا تازە دەستنوێژی گرتووە و قاچی تەڕە و تۆش گۆرەویت لە پێدایە کەچی کابرا خێرا قاچ دەنووسێنێت بە قاچتەوە و هیچ باکی نییە کە گۆرەوییەکانت تەڕ دەکات و تەڕییش دەکرێت ببێتە هۆی گواستنەوەی نەخۆشی!

 

کەواتە ئەم بابەتە لە چییەوە سەرچاوەی گرتووە؟

سەرچاوەی ئەم بابەتە تێنەگەیشتنە لە فەرموودەیەک کە لە صەحیحی بوخاریدا ڕیوایەت کراوە و دەفەرمووێت: (أَقِيمُوا صُفُوفَكُمْ، فإنِّي أرَاكُمْ مِن ورَاءِ ظَهْرِي، وكانَ أحَدُنَا يُلْزِقُ مَنْكِبَهُ بمَنْكِبِ صَاحِبِهِ، وقَدَمَهُ بقَدَمِهِ). واتە: ڕیزەکانتان ڕێک بکەن، بە ڕاستی من لە پشتیشەوە دەتان بینم، -ئەنەس دەڵێت- ئێمە شان و قاچمان بەیەکەوە دەنووساندا.

ئەوەی کێشەی دروستکردووە لەم بابەتەدا بە هەڵە تێگەیشتنە لەم زیادەیەی ڕاوییەکە کە دەڵێت: (وكانَ أحَدُنَا يُلْزِقُ مَنْكِبَهُ بمَنْكِبِ صَاحِبِهِ، وقَدَمَهُ بقَدَمِهِ).

پێش ئەوەی بچینە سەر ڕاڤەی ئەم بەشەی فەرموودەکە لای زانایان، دەمەوێت بڵێم کە پێغەمبەری خودا -دروودی خوای لێ بێت- خودی خۆی لە هیچ فەرموو دەیەکدا نەیفەرمووە قاچ بنووسێنن بەیەکەوە، ئەم بەشە وتەی ڕاوییەکەیە کە کردارێکی خۆیان باس دەکات، نەک ئەوەی پێغەمبەری خودا پێی فەرمووبن وا بکەن.

کەواتە ڕاڤەی ئەم بەشەی فەرموودەکە چییە کە دەفەرمووێت: (وكانَ أحَدُنَا يُلْزِقُ مَنْكِبَهُ بمَنْكِبِ صَاحِبِهِ، وقَدَمَهُ بقَدَمِهِ)؟ واتە شان و قاچمان بەیەکەوە دەنووساند.

پێشەوا ئیبن حەجەر لە ڕاڤەی ئەم بەشەدا دەفەرمووێت: (المراد بذلك المبالغة في تعديل الصف وسد خلله. واتە: مەبەست زیادەڕەویکردنە لە ڕێکڕاوەستانی ڕیز و نەهێشتنی ناڕێکی تێیدا).

لەم وتەیەی ئیبن حەجەرەوە تێدەگەین کە مەبەستەکە واتا ڕووکەشەکەی نییە کە بە ڕاستی قاچیان بەیەکەوە نووساندبێت، بەڵکو جەختکردنەوەبووە لەسەر ڕێکوەستان، دیارە لە زمانی عەرەبییشدا یەکێک لە ماناکانی پیتی (باء) بۆ پێکەوەنووساندنە کە ئەمیش حەقیقی و مەجازی هەیە، بۆ نموونە کاتێک دەڵێیت: (مررت بزید-ڕۆشتم بە لای زەیدا) ئەم بائەی کە بە زەیدەوە نووساوە بۆ (الصاق-پێکەوەنووساندن)ە بەڵام پێکەوەنووساندنێکی مەجازی، چوونکە ڕوونە تۆ کە بەلای کەسێکدا تێدەپەڕێت مانای وا نییە لاشەت بەر لاشەی کەوتووە! بە هەمان شێوە لێرەیشدا مانای وا نییە کە قاچ و شانیان بەیەکەوە نووساندووە، بەڵکو شان و قاچیان ڕێکی یەکتر کردووە.

لە فەرزێکیشدا ئەگەر مانای ڕوکەشی ئەم وتەیەی ڕاوییەکەیش وەربگرین ئەوە دەگەینە ئەوەی کە ئەوان وەکو میکانیزمێک ئەوەیان کردووە بۆ ئەوەی ڕێک بوەستن، دەی میکانیزمیش ناکرێت بیکەین بە دین لە خەڵک و دەکرێت جێگرەوەی هەبێت وەکو ئەو خەتانەی کە ئێستا لە فەرشی مزگەوتەکاندا هەن.

 

پێم خۆشە وتەی چەند زانایەکی هاوچەرخیش لەم بارەیەوە بگوازمەوە:

١. شێخ عوثەیمین کاتێک لەم بارەیەوە پرسیاری لێ دەکرێت دەڵێت:

(أنّ كل واحد منهم يلصق كعبه بكعب جاره لتحقيق المساواة. و اهذا إذا تمت الصفوف و قام الناس،ينبغي لكل واحد أن يلصق كعبه بكعب صاحبه لتحقيق المساواة فقط و ليس معنى ذلك أنه يلازم هذا الإلصاق و يبقى ملاصقا له في جميع الصلاة.

و من الغلو في هذه المسألة ما يفعله بعض الناس: تجده يلصق كعبه بكعب صاحبه و يفتح قدميه فيما بينهما حتى يكون بينه و بين جاره في المناكب فرجة، فيخالف السنة في ذلك. و المقصود أنّ المناكب و الأكعب تتساوى.)

پوختەی واتا: هەر ئەوەندە پاژنە دەنووسێنێت بە پاژنەیەوە تا ڕێک دەبنەوە، ئیتر واتای ئەوە نییە کە بە درێژایی نوێژەکە پاژنەی بە پاژنەیەوە نووسابێت. هەندێک دەبینیت زیادەڕەوی لەم بابەتەدا دەکەن و قاچیان بە شێوەیەک بڵاو دەکەنەوە کە شانیان لێک دوور دەکەوێتەوە، لەمەیشدا پێچەوانەی سووننەت دەکات.

لە شوێنێکی تردا کە لەسەر هەمان بابەت پرسیاری لێ دەکەن دەڵێت: (ليس ضروريا ليس ضروريا في الصف ثم إني أقول لكم فهم بعض الناس هذا الحديث أن الصحابة يلصق أحدهم كعبه بكعب صاحبه ومنكبه بمنكبه فهمه خطأً إذا قالوا إن الإنسان يسن أن يفرج رجليه حتى تلصق الكعب بالكعب والصحابة لم يقولوا إننا نفرج أرجلنا بل هم واقفون وقوف عادياً بدون تفريج ولا ضم لكن عند التراص لشدة التراص بينهم يلصق الكعب بالكعب).

پوختەی واتا: هیچ پێویست نییە کە قاچ بەیەکەوە بنووسێنن، هەندێ کەس بەهەڵە لەم فەرموودەیە گەیشتوون کە وا دەزانن هاوەڵان قاچیان بڵاوکردۆتەوە هەتا شان و قاچیان جووت بووە، هاوەڵان وایان نەوتووە، بەڵکو بە شێوەیەکی ئاسایی وەستاون بەبێ قاچبڵاوکردنەوە و نووساندن بەڵام لە شیددەتی ئەوەی کە ڕێک ڕابوەستن قاچ و شانیان بەر یەک کەوتووە.

٢. شێخ ئیبن جبرین لەبارەی هەمان بابەتەوە دەڵێت:

(قال الحافظ في (الفتح): المراد بذلك المبالغة في تسوية الصفوف و تقاربها، لاحقيقة الإلتصاق و يمكن أن أحدهم يمس منكبه منكب الآخر، فأما القدم و الركبة فلا يلزم التماس، و ذلك لأن البعض قد يتأذى من التلاصق و التقارب الشديد، و القصد هو تراص الصفوف و سدّ الخلل فيها حتى لا تدخل بينهم الشياطين، و الله أعلم.)

پوختەی واتا: مانای فەرموودەکە بۆ موبالەغەیە نەک ئەوەی بە ڕاستی ئەم پێکەوەنووساندنە ڕووی دابێت.

٣. شێخ بەکر ئەبوزەیدیش بەهەمان شێوەی ئەمان دڵێت:

(ومن الهيئات المضافة مجدَّداً إلى المصافة بلا مستند: ما نراه من بعض المصلين من ملاحقته مَن على يمينه إن كان في يمين الصف، ومَن على يساره إن كان في ميسرة الصف، وليِّ العقبين ليُلصق كعبيه بكعبي جاره. وهذه هيئة زائدة على الوارد، فيها إيغال في تطبيق السنة.

أما أن يلاحق بقدمه اليمنى -وهو في يمين الصف- مَن على يمينه، ويلف قدمه حتى يتم الإلزاق: فهذا غلط بيِّن، وتكلف ظاهر، وفهم مستحدث فيه غلو في تطبيق السنة، وتضييق ومضايقة، واشتغال بما لم يشرع، وتوسيع للفُرَج بين المتصافين.

يظهر هذا إذا هوى المأموم للسجود، وتشاغل بعد القيام لمَلْأ الفراغ، وليِّ العقب للإلزاق، وتفويت لتوجيه رؤوس القدمين إلى القبلة.

وفيه ملاحقة المصلي للمصلي بمكانه الذي سبق إليه، واقتطاع لمحل قدم غيره بغير حق وكل هذا تسنُّن بما لم يشرع.)

پوختەی واتا: ئەم قاچپێکەوەلکاندنە شتێکی تازەیە و هیچ پاڵپشتێکی نییە و زیادەڕەوییەکە لە جێبەجێکردنی سوننەتدا و هەڵە و زۆر لەخۆکردن و ناڕەحەتکردن و خۆسەرقاڵکردنە بە شتێکەوە کە دین نییە و، وایش دەکات بۆشایی بکەوێتە نێوان ئەو کەسانەوە کە وا دەکەن.

ئەوەی ماوەتەوە بڵێم ئەوەیە کە زیادەی ڕاوییەکە باسی شانجووتکردن و قاچجووتکردن دەکات بەیەکەوە، دەی بەم شێوەیەی کە ئێستە دەوەستن و تەواو قاچیان بڵاو دەکەنەوە و لاشەیان وەکو ژمارە هەشتی لێ دێت، چۆن دەتوانن شان جووت بکەن؟! ئەمە گەر بە واتا ڕووکەشەکەیشی وەری بگرین، کەواتە بابەتەکە بەو شێوەیە نییە و هیوادارم لە کاتی نوێژدا ئەوەندە خەڵک هەراسان نەکەن و خشوع و ڕۆحی نوێژەکە لە خەڵک تێک نەدەن بەتایبەت کە دەزانن ئەوەی تەنیشتی پێی خۆش نییە وازی لێ بهێنن.

تاگەکان    
عەبدولکەریم سرووش ڕانانی کتێب دەروون قەدەر فیکر کرێکار زانکۆ كتێب پارەی ئیلیکترۆنی حەمەدۆک کۆمه‌ڵه‌ بەڵگه‌یه‌ک که‌ له‌ شوێنی خۆیاندا نین زمان چەواشەکاریی_لۆژیکی یادەوەری کۆمەڵکوژیی بۆسنە
فیقهی
2024-04-02 کۆمێنت 4 خولەک بۆ خوێندنەوە 423 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی