ئایا دیزاینی زیرەک گریمانەیەکی زانستییە؟

نووسینی: پێشەنگ فایەق
زانست 2021-05-11 کۆمێنت 2384 جار بینراوە

لە ساڵی (۲۰۰٤)ـدا، ئەو کاتەی هەواڵی ئەوە بڵاو بوویەوە «ئەنتۆنی فلۆ» لەو ڕێبازەی ساڵانێکی تەمەنی لەسەری بووە لای داوە و ڕاستیبوونی دروستکەرێکی قبووڵ کردووە، جیهان تووشی شۆکێک بوو.

   «فلۆ» هۆکاری ئەم گۆڕانەی بۆ بەڵگەی دیزاینی زیرەک گەڕاندەوە بە تایبەتی لە  DNAـدا، وەک «فلۆ» خۆی دەڵێت: "ئاڵۆزيی زۆر لەبارەی ژمارەی توخمەکان و هەستیاريی شێوازی پێکەوەکارکردنیان هەیە، ڕادەستکردنی ئەمانە بە هەڕەمەکیيەت لە خۆیەوە کارێکی بێمانایە. هەموو بابەتەکە پەیوەندیدارە بە گەورەيی ئاڵۆزیيەکەوە کە بووەتە هۆی ئەم ئەنجامانە، لای منیشەوە وا دەردەکەوێت لە کارێکی زیرەکانە بچێت."

   هەر لەو کاتەی توێژەران خەریکی لێکوڵینەوە و نووسینەکانیان بوون لەسەر دیزاینی زیرەک، چاویان بە میدیاکان و ڕاپۆرتەکان دەکەوت دەربارەی ئەو دادگایانەی کە لە ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا کراونەتەوە بۆ قبووڵکردنی ئەگەری فێرکردنی دیزاینی زیرەک بە قوتابیان.

   بەپێی زۆربەی ڕاپۆرتی میدیاکان دیزاینی زیرەک "جێگرەوەیەکی باوەڕیيە بۆ پەرەسەندن" کە تەنیا لەسەر بنەمای ئایین دادەمەزرێت.

   بەڵام ئایا ئەمە ڕاست و دروستە؟

   لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا فەیلەسووفی زانست و دامەزێنەری پەیمانگای دیسکەڤەری «ستیڤن مایەر» دەڵێت: "وەک یەکێک لە دامەزرێنەرانی تیۆریايەکە دەزانم کە ئەو قسە وا نییە، بە پێچەوانەی ڕاپۆرتەکانی میدیاوە، دیزاینی زیرەک بیرۆکەیەکی دینی نییە، بەڵکو تیۆرێکی زانستییە لەسەر بنەمای بەڵگە لەسەر بنچینەی ژیان دامەزراوە."

   هەر لەسەر ئەو ناوزڕاندن و چەواشەکاريیانەی دەربارەی گریمانەی دیزاینی زیرەک دەکرێت، زانای دیاری زانستی بەبەردبوو «جۆنتەر بیشڵی» دوای خوێندنەوەی کتێبەکانی نووسەرانی دیزاینی زیرەک، وتوویەتی: "من سەرم سوڕما کە دەبینم ئەم بەڵگانەی لێرەدا دەیانبینم بە تەواوی جیاوازن لەوانەی هاوڕێیان باسیان کردووە یان لە پێگەی یوتيوب دیومن."، بۆیە ئەم زانایەيش لە ساڵی (2015)ـدا سەرەڕای ئەوەی لە خانەوادەیەکی نائايینيیشدا پێگەیشتبوو، بەڵام خۆی لە بازنەی هەڕەمەکێتی هێنایە دەر و بڕوای به هەبوونی دیزاینێکی زیرەکی پشت ئەم بوونە سەرسووڕهێنەرە ناوە.

   بە بۆچوونی بایۆلۆجیستیە داریونیزمیەکانی وەک «ڕیچارد دۆکینز» لە  زانکۆی ئۆکسفۆرد، سیستەمە زیندووەکان "ڕواڵەتی هەبوونیان وا نیشان دەدات بۆ مەبەستێک دیزاین کراون."، بەڵام بۆ خودی «ڕیچارد» و  داریونیزمە مۆدێرنەکان، بوونی دیزاین تەواو هەڵەیە، چونکە پرۆسەی هەڵبژاردنی سروشتی تەواو بێئاڕاستەیە کە لەسەر گۆڕانکاريیە هەڕەمەکییەکان ڕەفتار دەکات و، بەسیەتی بۆ بەرهەمهێنانی پێکهاتە زیندەیيەکانی زیندەوەران.

   بەپێچەوانەی ئەو تێگەیشتنەوە شوێنکەوتووانی دیزاینی زیرەک  بڕوایان وایە، کە ئەم زیندەوەرانە و ئەم گەردوونە لە لایەن نەخشەکێشێکی تەواو زیرەکەوە نەخشێنراون هەر لە تێڕوانین و لێکوڵینەوە لێیانەوە شوێندەستی ئەو دیزاینەرە دەبینینەوە.

   پێویستە جوان تەرکیز لەسەر ئەو خاڵە بکەین کە تیۆريیەکە ڕەتکەرەوەی بیردۆزی پەرەسەندن نییە کە پێناسە دەکرێت بە گۆڕان بەپێی کات یان باوانی هاوبەش، بەڵکو تێۆرەکە تەرکیزی لەسەر ئەو خاڵەیە کە بیرۆکەکەی «داروین» بە لاڕێدا دەبات ئەوەیە کە گۆڕانی زیندەوەران بە شێوەیەکی تەواو کوێر و بێئاڕاستەیە.

   ئەوە چ شتانێکە دەیبینین وامان لێ دەکات بڕوامان بە دیزاین هەبێت؟

   پێش هەموو شتێک بەم وتەیەی «مایکڵ بیهی» دەست پێ دەکەم کە بۆچوونی تەواوی زانایانی لایەنگری دیزاینی زیرەکە کە دەڵێت: "ئێمە گریمانەی هەبوونی دیزاین ناکەین لە شتانێکەوە کە نایانزانین، بەڵکو گریمانە بۆ شتانێک دەکەین کە دەیانزانین. ئێمە گریمانەی هەبوونی دیزاین ناکەین بۆ ڕاڤەکردنی سندووقێکی داخراو، بەڵکو گریمانەی دیزاین دەکەین بۆ ڕاڤەکردنی سندووقێکی کراوە."

   لەم ساڵانەی دواییدا زیندەوەرناسان جیهانێکی ئاڵۆزی سادەنەکراویان دۆزییەوە، کە نەخشکراوی نەخشێنەرێکی لەسەر دیارە. بۆ نموونە قامچيی بەکتریا، کە پاڵ بە بەکتریاوە دەنێت بۆ شوێنی دوور، لە بزوێنەرێک پێک هاتووە کە توانای خولانەوەی ۲۰۰ جاری هەیە لە چرکەیەکدا. ئەم بزوێنەرە وا دەردەکەوێت لەلایەن ئەندازیارەکانەوە دیزاین کراون، کە لە ژێرەوە لە ڕۆتۆڕ و ماتۆڕ پێک هاتووە، لە ناوەڕاست لە بۆشینگ bushing و لە کلکێکی درێژبۆوە پێک هاتووە، دیقەتی ئەم پێکهاتانە بدە، هەر شتێکی لا ببەیت ڕاست تێک دەچێت! وەکو تەلەی مشک! ئەمە پێی دەلێن «irreducible complexity»، واتا ئاڵۆزيیەکی لانەبڕاوە.

   «مایکڵ بيهی» ئاماژە بەوە دەدات کە قامچيی  بەکتریا "flagellar" پشت بە کاری پێکەوەیی ٤۰ بەشی  پرۆتین دەبەستێت. یەکێک لەو پرۆتینانە لا بدە، کار ناکات. بە بڕوای «بیهی»، قامچی ئاڵۆزيیەکی ناوازەی هەیە.

   ئەمەيش گرفت بۆ میکانیزمێکی داروینیيەکان کە هەڵبژاردنی سروشتییە دروست دەکات. هەروەها گرفت بۆ ئەو وتەیەی داروینیش دروست دەکات کە وتوویەتی: "ئەگەر سەلمێندرا ئەندامێکی ئاڵۆز هەیە و شایەن بە سادەکردنەوە نییە لە پرۆسەی گوڕانکارییە هەمەجۆر و بەدواییەکە پیشەییەکاندا، ئەوە تیۆرەکەی من سەروبنی دەبێت بە یەک و هەڵدەوەشێتەوە."

   بەڵام ئەگەر سەیر بکەین، قامچيی بەکتریا کار ناکات ئەگەر هەر ٤۰ بەش لە پرۆتینەکە پێکەوە ئامادە نەبن. بۆیە هەڵبژاردنی سروشتی دەتوانێت دەستنیشانی بزوێنەری قامچيیەکە بکات وەک شتێکی کاریگەر، بەڵام ناتوانێت بزوێنەرەکە بەرهەم بهێنێت بە شێوەیەکی هەنگاو بە هەنگاو.

   داریونیزمەکان بڕوایان وایە، هەڵبژاردنی سروشتی بە شێوەیەکی ئاشکرا سیستەمی ئاڵۆز لە پێکهاتە سادەکان بنیات دەنێت، بە پاراستنی زنجیرەیەک لە ناوەندەکان، کە هەر یەکێکیان دەبێت هەندێک ئەرک جێبەجێ بکات.

   بەڵام ئەوەی جێگای تێڕامانە، لە بزوێنەری قامچیدا  پێکهاتە ناوەندیيەکان هیچ ئەرکێکی گرنگ ئەنجام نادەن تا بپارێزرێن و بهێڵرێنەوە. ئەمەيش ئەوەمان بۆ ڕوون دەکاتەوە، بزوێنەری قامچيی بەکتریا ناڕوونە بە میکانیزمی هەڵبژاردنی سروشتی و دەبێت گریمانەی دیزاینی بە سەردا جێبەجێ بکەین.

   گەر ئێمە نموونەیەکی دیکە بێنینەوە لەسەر دیزاینی زیرەک -کە ئاڵۆزیيەکی سادەنەکراوە- لە کرداری مەیينی خوێن "blood clotting mechanism" باشترمان دەست ناکەوێت. ئەم میکانیزمە لە زنجیرە "cascade"ـیەکی دە هەنگاوی پێک هاتووە، کە بیست پێکهاتەی بایۆلۆجيی زۆر ئاڵۆز بە کار دەهێنێت. ئەم میکانیزمەيش بە هەمان شێوەی بەکتریاکە یان دەبێت بەیەکجاری دەرکەوتبێتن یان بە هیچ شێوەیەک کار ناکەن.

   هەروەها سیستەمێکی یەکترتەواوکەری خاوەنپلانێکی پەیوەست بە کات و شوێنە، نەک کردارێکی مەیينی ساکار، چونکە گەر خوێن لە شوێنێکی نەگونجاوی وەک دڵ یان مێشک لەخۆڕا مەيی، ڕەنگە ببێتە هۆی مردنی کەسەکە. ئەگەر خوێن لە کاتی پێویستیشدا نەمەیێت، دیسانەوە دەکرێت ببێتەوە هۆی مردن، یان گەر خوێنەکە بمەیێت و کردەی مەیينەکە لە کاتی پێویستدا نەوەستێت، دیسانەوە مەترسی بۆ سەر ژیانی مرۆڤ هەیە.

   وەک «مایکڵ بیهی» پێشکەشکەری نموونەکە لە کتێبەکەیدا "سندووقە ڕەشەکەی داروین" دەڵێت: "هیچ کەسێک لەوانەی لە هارڤاردن یان پەیمانگای تەندروستیيە نیشتمانيیەکانی ئەمریکا یان ئەندامانی ئەکادیمیایی تەندروستی بۆ زانست یان ئەوانەی خەڵاتی نۆبڵیان لە ماڵەکانیاندا هەڵواسیوە، ناتوانن وەسفێکی وردی پەرەسەندنی cilium یان مەیينی خوێن، یان هەر کردەیەکی تری بایۆکیمیایی ئاڵۆز پێشکەش بکەن و بەو شێوەیە پەرەی سەندبێت کە داریونیزمەکان بانگەشەی بۆ دەکەن."

   بۆیە  «ستیڤن مایەر» دەڵێت: "هەر کاتێک تووشی سیستەمە ئاڵۆزەکان بووین، پێویست بە دڵتەنگی ناکات، دەزانین چۆن دروست دەبن، بێ یەک و دوو دیزاینەرێکی زیرەک ڕۆڵی تێیدا هەبووە."

   سەرباری ئەمەيش «مایکڵ بیهی» لە کتێبەکەیدا بە ناوی «darwin devolves»، کە ساڵی (2019) بڵاوی کردەوە، نموونەیەکی دیکە  لەسەر بابەتی ئاڵۆزی سادەنەکراو باس دەکات، بەڵام بە شێوازێکى تر کە ئەم جارە لە ئاستی ئەمینۆئەسید و پرۆتینەکاندایە و پێی دەڵێت "mlC" و نموونەیەک دەدات ئەویش (سایستین-cysteins)ـە، باس لەوەدەکات بۆندی دایسۆلفاید کە لینکێکی کیمیایيە لەنێوان دوو ئەمینۆئەسید کە پێیان دەوترێت سایستین، دروست نابێت ئەگەر بێت و هەردوو سایستینەکە لەیەک کاتدا ئامادە نەبن.

   کە وا بوو پەیدابوونی ئاڵۆزيیەکی کەمەنەشیاوی ئاوا چەندی پێ دەچێت بۆ پەیدابوون ئەگەر تەنيا میوتەیشنە هەڕەمەکییەکان بەرپرس بن؟

   بۆ وەڵامی ئەمە، «بیهی» ئاماژە بە توێژینەوەیەکی خۆی و دەیڤد سنۆک دەدات کە ساڵی (2004)ـدا بڵاویان کردەوە، کە لە ڕێی مۆدێلێکی کۆمپیوتەريیەوە ئەنجامیان دا بە پشتبەستن بە چەند گریمانەیەک. (لەو جۆرە توێژینەوانەدا توێژەر دەتوانێت چەند گریمانەیەکی جیاواز بە کار بێنێت وەک، ڕێژەی میوتەیشنەکان و ئەگەری تێکچوونی ئەرکی پرۆتینەکان بەهۆی میوتەیشنەکانەوە.) لە توێژینەوەکەدا ڕێیان دابوو لەبەرگرتنەوەی جینی ڕووبدات، تا میوتەیشنەکان بتوانن لە جینە کۆپیيەکە کاریگەريی خۆیان هەبێت، چونکە ئەگەر لەبەرگرتنەوە ڕوونەدات هەر زوو پرۆتينەکان بەهۆی میوتەیشنەکانەوە لە کار دەکەون، جا بۆیە لە کۆتایيدا گەيشتنە ئەو ئەنجامەی، ۱۰بە توانی ۸  جیل پێویستە بۆ ئەوەی پرۆتینێکی ئاڵۆزی کەمەنەشیاو دروست ببێت، کە پێویستی بە دوو بەرەو سەرەوە میوتەیشن هەبێت لە ئەمینۆ ئەسیدەکان، ئەو ڕێژەیەيش شتێکی مەحاڵە لە واقعدا ڕووبدات.

   ئێستا ڕەنگە ڕوون بووبێتەوە کە دیزاینی زیرەک لەسەر بنەمایەکی ئایینی نییە، بەڵکو لەسەر ئەزموونی ئێمەیە لەگەڵ دیاردەکانی سروشت و لێکدانەوەی هۆکاری بوونیان.

   ڕاستە گریمانەکە ڕەنگە هاوتەریب بێت بە بەڵگەیەک بۆ بوونی دیزاینەرێکی زیرەک، بەڵام ئەمە مانای نازانستيی گریمانەکە نییە. زۆر لە ئەسترۆفیزیکەکان سەرەتا تیۆريی بیگ بانگیان ڕەت کردەوە، بەڵام زانست لە کۆتاییدا قبووڵی کرد چونکە بەڵگەکان بە توندی پشتگیرییان لێ کرد.

   ئەمڕۆ، شتێکی  هاوشێوە ڕووبەڕووی دیزاینی زیرەک دەبێتەوە، لەگەڵ ئەوەيشدا دەبێت ئەم تیۆرییە نوێیەيش لەسەر بنەمای بەڵگەکان هەڵبسەنگێنرێت نەک پەسەندە فەلسەفەییەکان. وەک پرۆفیسۆر «فڕیو» دەڵێت: "دەبێت بە دوای بەڵگەوە بکەوین، لە هەر شوێنێک بێت ڕابەرایەتیمان بکات."

   کەسانێک هەن لەگەڵ ناوهێنانی دیزاینی زیرەکدا مووەکانی گیانیان ڕەق دەبێت و ڕاستەوخۆ بێ بوونی هیچ بەڵگەیەک یان زانیاريیەکی پێش وەختە دەست دەکەن بە ڕەخنەگرتن لەم گریمانەیە و ئێمەيش هەوڵ دەدەین شەن و کەوی ڕەخنەکان بکەین:
   ڕەخنەگر دەڵێت: دیزاینی زیرەک بانگەشه بۆ زانستی بێسەروبەر دەکات چونکە تەفسیرەکەیان دەکەوێتە دەرەوەی زانستەوە و مەرجەکانی زانستیبوونی گریمانەیەکی بەسەردا جێبەجێ نابێت، کەواتە جێگەی خۆی نییە بپرسین ئەرێ دیزاینی زیرەک زانستە؟

   ڕەنگە لە وەڵامی ئەمەدا چەند خاڵێک پێویست بێت بۆ ئەوەی بابەتەکە لای خوێنەر ڕوون بێت:
   یەکەم: یەکێک لە گرنگترین ئامانجەکانی زانست بریتیيە لەوەی کە چۆن شتەکان هاتوونەتە بوون و چۆن شتەکان کار دەکەن و لەو ڕێگەیەوە هەوڵی گەڕان بە دوای حەقیقەتدا دەدات. ئەگەر لە تەفسیرە ماددیەکەيش دەربچێت، ئەمە دید و تێڕوانینی زۆرێک لە گەورە زانایان بووە بە درێژايی مێژوو وەک «زەهراوی، ئیبن هەیسەم، نیوتن، گالیلیۆ، ماکس پلانک» و دەیان زانای دیکە، ئەوەتا زانای گەورە «ماکس پلانک» له‌ کتێبی به‌ناوبانگی ( زانست بۆ کوێ دەڕوات؟ Where is Science Going?) ڕوونکردنه‌وه‌یه‌ک ده‌دات که‌ زۆرێک له‌ ڕاستيیه‌کانی نێوان زانست و ئیمان ڕوون ده‌کاته‌وه‌:

   "هه‌رگیز هیچ جیاوازیيه‌ک له‌نێوان دین و زانستدا نییه‌ و نابێت. هه‌ریه‌که‌یان ته‌واوکه‌ری یه‌کن. من له‌و باوه‌ڕه‌دام که‌ هه‌موو که‌سێکی عاقڵ و ڕاستگۆ ئه‌م ڕاستيیه‌ درک پێ ده‌کات.‌ ئه‌و فاكتەره‌ ئیمانيیه‌ له‌ سروشتدا به ‌ته‌واوه‌تی ده‌رده‌که‌وێت و به‌وپه‌ڕی هێز ده‌بنه‌ تەواوکه‌ری یه‌کتری بێ هیچ گرفت و که‌موکورتیيه‌ک. ڕاستییەکەى‌ بێ ئه‌وه‌ی بە ڕێکەوت ‌بێت هه‌رده‌م له‌ هه‌موو سه‌رده‌مه‌کاندا بیرمه‌نده‌ مه‌زنه‌کان خودی خۆیان خاوه‌نی ئیمانێکی به‌هێز و دامه‌زراو بوون."

   ئەم تێڕوانینە گۆڕانکاريی بەسەردا نەهات تا ئەوەی بەشێک لە زانایان و ناوەندە زانستيیەکان بانگەشەیان بۆ ئەوە کرد کە "دیدی ماددەگەرایی تاکە ڕێگای گەیشتنە بە هەقیقەت." ئەم قسەیەيش گومانی تێدا نيیە کە پێچەوانەی زانستە، چون بە شێوەیەکی زانستی یاخود لۆژیکی تاقی ناکرێتەوە.

   دووەم:
   مشتومڕی زانایانی زانست لەبارەی سنووری قەڵەمڕەوی چ  شتێک زانستە هەر بەردەوامە و دیاریش نییە ئەم مشتومڕە کەی دەگاتە کۆتایی، چونکە هەمیشە هەر پێوەرێک دادەنرێت بۆ جیاکردنەوەی زانست لە نازانست، ناچار دەبن هەندێ لە زانستی چەسپاو بخەنە دەرەوەی بازنەکەوە، بۆ نموونە گەر ئێمە تاقیکردنەوەمان کردە سەنتەر ئەوا دەبێت شتگەلێکی وەک سەرەتای پەیدابوونی گەردوون و تێکڕای لێکوڵینەوە گەردوونناسیەکان و لێکوڵینەوەکانی پەیوەست بە پەیدابوونی ژیانیش بکەینه زڕزانست چون ئەو دیاردانەش دووبارە لە تاقیگەکاندا ناتوانرێت تاقی بکرێنەوە.

   بۆیە فەیلەسووفی بەڕیتانيايی «برایەن دەیڤس» دەڵێت: "زۆرێک لە فەیلەسووفەکانی زانست ئەوەیان پشگوێ خستووە بێن سنوور بۆ زانستی و نازانستی دابنێن."، بۆیە ئەو ڕەخنەیەیشى کە گریمانەی دیزاینەرێک تاقی ناکرێتەوە بۆیە زانستی نییە، دەبێت هەمان ڕەخنەيش بگرێت کە ئەو تیۆرانەی باس لە پێش ئێمە دەکەین هیچیان ناتوانین دووبارە لە تاقیگەکاندا دروستیان بکەینەوە و تاقيیان بکەینەوە! کەواتە ئەوانیش گەندەزانستن.

   سێیەم:
   ئەو قسەیەی کە ئەکادیمیای نەتەوەیی بۆ زانستەکان دەیڵێت کە دیزاینی زیرەک زانست نییە چون ناتوانرێت بەهیچ ڕێگەیەک ئەزموون بکرێت، قسەیەکی هەڵەیە و لە وەڵامی ئەم دەزگایەدا «مایکڵ بیهی» دەڵێت "ئەو هەڵوێستەی زانایانی ئەکادیمیا جێگای گاڵتەجاڕییە، چون ئەوان تەمەنی خۆیان لەوەدا سەرف کردووە بڵێن دیزاینی زیرەک ناچێتە ژێر هەڵسەنگاندن بە ڕێگەی زانستیانەوە، ئایا ئەوە بەڵگە نییە تا بیسەلمێنێت کە دیزاینی زیرەک دەچێتە ژێر هەڵسەنگاندنی زانستیەوە؟"

   سەرەڕای ئەوەيش دیزاینی زیرەک شایەنی هەڵوەشانەوەیە، چون چەند پێشبینیيەک دەکات کە ئەو پێشبینيیانە شایستەی بردنە تاقیگە و هەڵوەشاندنەوەن، نموونە سایستین، گەر سەلمێندرا سایستین بەو شێوەیە نییە کە لایەنگرانی دیزاینی زیرەک باسی دەکەن و پێشبینیەکە هەڵەیە، ئەوا گریمانەکەيش بە هەڵە دەخرێتەوە.

   کەواتە بە پێچەوانەی ئەو ڕایەی کە هەیە دیزانی زیرەک شتێکی ئەزموونکراوە و پێشبینيیەکانی دەبرێتە تاقیگەوە، ئەمەيش هەمان شێوەی تیۆرەکانی سەرەتای گەردوون و سەرەتای ژیانە کە خودی پرۆسەکە ناتوانرێت تاقی بکرێتەوە بەڵام پێشبینيیەکانی تاقی دەکرێنەوە، بۆیە لە ئەگەری ڕاستبوونی پێشبینيیەکاندا خودی گریمانەکەيش دەبێتە ڕاستی.

   ئێسا کاتی ئەوەیە بپرسین ئەوانەی ڕەخنە دەگرن لە دیزاینی زیرەک و بە نازانستيی لە قەڵەمی دەدەن، ئاگاداری ئەوەن کە خودی پەرەسەندنیش هەندێک لە گریمانەکانی ڕووبەڕووی هەمان ڕەخنە دەبنەوە. لەگەڵمان بن با شەنوکەوی ئەو باسە بکەین:

   یەکەم:
   دیاردە زانستیيەکان دەخرێنە ژێر تێبینیکردنەوە "observable"ـین، بەڵام هەرگیز ئەوانەی لایەنگری پەرەسەندنی هەڕەمەکین پرسیویانە ئایا پەرەسەندنی جۆرێک بۆ جۆرێکی تر "macro evolution" دەچێتە ژێر باری تێبینیکردنەوە؟ گەر دەچێت، چۆن؟ گەر نا، هاوڕای منیت کە ناچێت کەواتە ئایا زانست نییە؟ گەر دەڵێ زانستە کەواتە چوونە ژێر باری تێبینیکردنەوە لە پرسی زانستدا بە مەرج نەگیراوە.

   دووەم:
   زانست لەگەڵ دیاردە و شتە دووبارەبووەکاندا مامەڵە دەکات "repeatable"، دووبارە ئەوانەی لایەنگری پەرەسەندنی هەڕەمەکین لە خۆیانيان پرسیوە ئایا سەرەتای ژیان لەسەر زەوی و تەقینەوی کامبری و دەیان دیاردەی تر شایەن بە دووبارەبوونەوەن؟ گەر بەڵێ شایان بە دووبارەبوونەوەیە، چۆن؟ گەر نا، ئایا ئەو گریمانەی لەو بارەوە هەن زانستی نین؟ گەر پێت وایە زانستین کەواتە دووبارەبوونەوەيش بە مەرج نەگیراوە.

   سێیەم:
   هەرچی دوو چەمکەکەی دیکەی پێناسەی زانستە کە دیاردە زانستیيەکان دەخرێنە ژێر تاقیکردنەوەوە "testable"ـەوه  لە جیهانی سروشتی دەکۆڵنەوە، هەم بەسەر گریمانەی دیزاین و پەرەسەندنی هەڕەمەکیدا جێبەجێ دەبێت، چونکە هەردووکیان پێشبینیەکانیان تاقی دەکرێتەوە و پێشبینیيەکانیش لە سنووری جیهانی سروشتیدایە.

   کەواتە لێرەوە بەو ئەنجامە دەگەین کە خودی پێناسەکە بەسەر هەردوو گریمانەکەدا جێبەجێ دەبێت و زانستیبوونی هەر یەکێکیشیان پەیوەستە بە ڕاستبوونی پێشبینیيەکانیانەوە بۆ جیهانی سروشتی.

   لێرەوە بەو ڕاستيیە دەگەین کە دیزاینی زیرەک بە هەمان شێوەی پەرەسەندنی هەڕەمەکی وەک مۆدێلێک دەکرێت  مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت، ئەویش لە ڕێگەی تاقیکردنەوە و هەڵسەنگاندنی پێشبینیەکانيیەوە، بە دوور لەو دەمارگريیەی لە ناوەندە زانستیيەکاندا بەرانبەر تیۆرەکە هەیە  و  باشترین لێکدانەوە و باشترین پێشبینیکردن پێوەری زانستیبوونی دیاردەکەن نەک ئەوەی کە زۆرترین زانا پشتگری کام گریمانەیە دەکەن، چون گەر ئێمە پشت بەم پێوەرە ببەستین دەکەوینە هەڵەیەکی لۆژیکیيەوە کە دەکرێت به هەڵەی خۆهەڵواسین بە پشتی گالیسکە "bandwagon fallacy" ناوی ببەین.

   دەيشتوانین بەم هەڵە لۆژیکییە بڵێین ئاڕگیومێنت لە باوێتيیەوە یان پشتبەستن بە خەڵکی. چونکە هەڵەکار وا دادەنێت شتێک دەبێت ڕاست بێت تەنيا لەبەر ئەوەی ژمارەیەکی زۆر لە خەڵک باوەڕیان پێیەتی، یان بانگەشەیەک دەبێت دروست ببێت چونکە باوە یان زۆرترین کەس پشگیری دەکەن. ڕاستیيەکەی ئەوەیە، قبووڵکردنی هەر شتێکی  وەک ڕاست و ڕەوانی تاکە کەسێک یان کۆمەڵە کەسێک بە بێ بوونی بەڵگە و ئاڕگیومێنتی پتەو و لۆژیکی، ئەوا گەلێک مەترسیدارە. پێچەوانەکەيشی ڕاستە، واتە ڕەتکردنەوەی پرسێک تەنيا لەبەر ئەوەی باو نییە و ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی پەسەندیان نییە یان دەربارەی نازانن، واتای نادروستی پرسەکە ناگەیەنێت.

تاگەکان    
وەرزش شیعر بوووژانەوە یادەوەری ستەم ڕۆژاوا عێڕاق قوتابخانەکانی نوور ئەیاد قنێبی پۆدکاست لۆجیک دەربارەی کتێب بوومەلەرزە کوردستان فەرهەنگ
زانست
2021-05-11 کۆمێنت 2384 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی