بێدەسەڵاتییەکی فێركراو

نووسینی: موهاب سەعید وەرگێڕانی: یووسف مەلا خەلیل
زانست 2020-09-03 کۆمێنت 2387 جار بینراوە
زانای دەروونناسیی بەناوبانگی ئەمریکی مارتن سێلێگمان، لە ساڵی 1967دا تاقیکردنەوەیەکی لەسەر کۆمەڵێک سەگ کرد. بە نیازی زانینی کاردانەوەیان، سەگەکانی بەسەر سێ تاقمی جیاوازدا دابەش کرد.

   دەستەی یەکەمی سەگەکان: ملی هەر یەکێک لە سەگەکانی ئەم کۆمەڵەیەی بە پەتێک لغاو کرد و پاش کەمێک گشیانی بەرەڵا کرد.

   دەستەی دووەم و سێیەمی سەگەکان: ئەوانەی ئەم کۆمەڵەیەی دوو دوو لە پەنای یەکەوە ڕیز کرد و هەموویانی هاوشێوەی یەکدی، ڕووبەڕووی لێدانی تەزووی کارەبایی کردەوە.

   ئەو تەزووە کارەباییەی لە سەگەکانی تاقمی دووەم و سێیەم دەدرا، بە شێوەیەکی هەڕەمەکی و ناڕێک بوو، واتە نە ساتی دەستپێکردنی دیار بوو و نە ماوەی لێدانی، بەڵام لەتەنیشت هەر یەکێک لە سەگەکانەوە، پارچە ئاسنێک یاخود تۆ بڵێ شتێکی هاوشێوەی زەنگۆڵە هەڵواسرابوو، نوێڵەكە بە لەونێک لەپەنایانەوە دانرابوو كە بشێت هەر یەكێک لە سەگەكان بەئاسانترین شێواز فێری بەكارهێنانی ببن.

   ئەو نوێڵانەی لە ڕاسەری سەگەکانی دەستەی سێیەمدا هەڵواسرابوون، کاریان نەدەکرد، هەرچی سەگەکان دەستیان پێدا دەنا و فشاریان لەسەر دروست دەکرد، سوودێکی ئەتۆی نەبوو و تەزووە کارەباییەکە یەکبینە ئازاری دەدان و تا دەهات زیاتر بە جەستەی گەرمیاندا ڕەت دەبوو.

   هەرچی نوێڵەکانی کۆمەڵەی دووەمە، زۆر بەجوانی و ڕێکوپێکی کاریان دەکرد و هەر کاتێک سەگەکان ویستبایان، دەستیان لەسەر توند دەکرد و یەکڕاست تەزووە کارەباییەکە لە ڕاتەکاندن دەوەستا و ئەو ئەشکەنجە زۆرەملێیەیان بە کەمترین فشار لە کۆڵ دەبوویەوە.

   بە تێپەڕبوونی کات، سەگەکانی کۆمەڵەی دوو، بەباشی فێری ئەوە بوون کە چلۆن تەزووە کارەباییەکە جڵەو بکەن، هاوزەمان سەگەکانی دەستەی سێیەم، تەنیا فێری ئەوە بووبوون کە ئیدی ناکرێت هیچ شتێک لەتەک ئەم ئازارەدا بکرێت و هەمیشە دەبێت بەدەست ئەو تەزووە ناڕەحەتەوە بناڵێنن!

   هەرچەندە جارناجارێک تەزووە کارەباییەکەی سەگەکانی تاقمی سێیەمیش، هەر لە خۆیەوە بێ ئەوەی ئەمانی بێئومێد ئەسڵەن دەستیشی بۆ ببەن، لە وەختێکی نادیاردا لە ئازاردانیان دەوەستا، تومەز هەمان ئەو ساتەی کۆمەڵەی دووەم دەستیان بۆ وەستاندنی دەبرد، لای ئەمانیشەوە تەزووەكە دەکوژایەوە و بۆ تاوێکی کەم، وازی لە ئەشکەنجەدانیان دەهێنا.

   دواتر لە قۆناغی دووەمی تاقیکردنەوەکەی مارتن سێلێگمان و تیمەکەیدا، سەگەکانی هەر سێ کۆمەڵەکەیان خستە نێو سندووقێکی ئاساییەوە، کە لە دوو بەشی جیاواز پێک هاتبوو و بە بەربەستێکی ئاسان هەردوو لایەکەی لێک جیا کرابوونەوە.
   لە بەشی یەکەمی سنووقەکەدا، واتە ئەو دیوەی سەگەکانی تێ ئاخنرابوون، تەزوویەکی کارەبایی ئازاردەری بە شێوەیەکی بەردەوام پێدا تێپەڕ دەبوو، بێ ئەوەی تووشی شڵەژانێکی ئەوتۆ ببن، سەگەکانی کۆمەڵەی یەکەم، ئەوانەی پێشووتر تەزووی کارەباییان لێ نەدرابوو، یەکڕاست بەسەر بەربەستەکەدا هەڵقونین و چوونە بەشە ئارامەکەی سندووقەکەوە و خۆیان قوتار کرد.

   سەگەکانی کۆمەڵەی دووەمیش، ئەوانەی پێشووتر لە ڕێگای فشارکردنە سەر نوێڵەکەوە، فێری جڵەوکردنی ئەشکەنجەی تەزووە کارەباییەکە بووبوون، زۆر بەئاسانی بەسەر ئاستەنگەکەی نێوان هەردوو بەشەکەدا سەرکەوتن و خۆیان لە چنگی تەزووە بێبەزەییەکە ڕزگار کرد.

   بەڵام سەگەکانی دەستەی سێیەم، ئەوانەی پێشووتر فێری بێئومێدی کرابوون، ئەوانەی لەسەرەتاوە هەرچی دەستیان بە نوێڵەکەدا دەنا و تەقەلاکانیان بێئەنجام دەمایەوە، لە جێگای خۆیان نەبزووتن و هەروا چاوەڕێی دۆخەکەیان دەکرد و لەپێناو قوتاربوون لەدەست ئەو تەزووە چەوسێنەرەدا، تەنانەت متەقیشیان لێوە نەدەهات!

   ئەم تاقیکردنەوەیەی سێلێگمان و هاوڕێکانی، دوای چەندین جار پاتەکردنەوە و شەنوکەوکردنێکی زۆر، لە سۆنگەی زانستی دەروونناسییەوە بۆ لێکدانەوەی ئاکار و ڕەفتارە نەرێنییەکانی ئەو نەخۆشانەی تووشی خەمۆکی و دڵەڕاوکێی کۆمەڵایەتیی بوون، ئەوانەی بوونەتە قوربانیی بارودۆخە پشتشکێنەکان و گۆڕانکارییە لەناکاوەکان و بەدەست پێشگوێخستنی ئەوانی ترەوە دەناڵێنن؛ تیۆریایەکی لێ پەیدا بوو، ناوی لێ نرا: «تیۆریای بێدەسەڵاتیی فێركراو: Learned helplessness»

   بێدەسەڵاتیی فێركراو بریتییە لەوەی، وەختێک بوونەوەرێک بە شێوەیەکی بەردەوام و یەک لەدوای یەک، ڕووبەڕووی ئازار و ئەشکەنجەیەکی زۆر دەکرێتەوە، وێڕای ئەوەیش، لە وەڵام و هەستانەوە و بەرەنگاربوونەوەکانیدا، تووشی شکستی یەک لەدوای یەک دەكرێت و هەرچی جارێک بیەوێت خۆی دەرباز بکات، ئیدی بە چاککردن بێت یاخود ڕاکردن، دیسان بە هەمان ئاکامی ڕابردوودا دەتەقێتەوە.

   بە واتایەکی دی، ئەو بوونەوەرە تەنیا فێری ئەوە دەبێت وا بزانێت، ئیدی ئەو لەبارەی گشت چتێكەوە، هیچی دەڕۆست نایەت و بەیەکجاری توانا و جڵەوی لەدەست داوە! پێی وایە، هیچ شتێک سەبارەت بە باشکردنەوەی دۆخەکە لە توانای ئەمدا نییە، بۆیە دەست لەسەر ئەژنۆ بە دیار تەواوی ئەشکەنجە و نەهامەتییەکانەوە لێی دادەنیشێت و تەنیا چاوەڕوانی تەواوبوونی تەزووە کارەباییەکانە. لەبری ئەوەی بازێکی ئاسان بەسەر بەربەستە کورتەکەی بەردەمیدا بنێت و بە تاقە هەنگاوێک خۆی ڕزگار بکات، ئامادەیە هەتاهەتایە بە دیار چەوسانەوە و تەنگژەکانیەوە بەلاوازی بمێنێتەوە.

   ئەم قسانە پێوەندییان بەو مرۆڤەوە نییە کە هەر لە بنەماوە ناخوازێت یارمەتیی خۆی بدات، بەڵکوو بەو مرۆڤەوە پەیوەستە کە هەستکردن بە تواناکانی بۆ هەڵسانەوە و یارمەتیدانی خۆی، بەیەکجاری لەدەست داوە، بۆیە قەت لەپێناو باشتربووندا، هەنگاو نانێت و لە گشت جۆرە تەقەلایەک خۆی دوور دەگرێت. دەیەوێت چاک ببێت، بەڵام دڵنیا بووەتەوە لەوەی كە ناتوانێت!

   پسپۆرانی دەروونناسی، بە دووبارەکردنەوەی تاقیکردنەوەی «بێدەسەڵاتییەكی فێرکراو»، بە چەندین دەرەنجامی سەیر و داچڵەکێنەرتردا تەقینەوە!

   وێڕای ئەوەی لە ڕووی زانستی کارئەندامزانی و زیندەزانییەوە، ئەم هەستی بێدەسەڵاتییەی مرۆڤ فێری دەبێت، كەم تا زۆر، پێوەندیی بە ڕێڕەوە دەمارییەکانی مێشکەوە هەیە و چەندین توێژینەوەیش ئەوەی دەرخستووە، گوایە زۆربەی ئەم جۆرە کاردانەوە و هەستە نەرێنییانە، بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ بە تێکچوونی دەمارەگەیەنەری سیرۆتۆنینەوە پەیوەستە، وەلێ هێشتا وا دەردەکەوێت؛ چێبوونی ئەم هەستە نەرێنییانە زیاتر پێوەندیی بە یەک هەڵوێستی ژیانەوە هەبێت و پتر لە ئەنجامی ڕووداوێکی سەختی ژیانەوە دروست بووبێت، هەرچەندە ئەگەر وا بێت، شیكردنەوەی ڕەفتار و تێڕوانینی ئەو کەسانەی بەدەست فشارە دەروونی و دەمارییەکانی وەک خەمۆکی و دڵەڕاوکێی کۆمەڵایەتییەوە دەناڵێنن، سەخت و دژوار دەبێت، ئاخر ڕەشبینی و هەستە نەرێنییەكانی ئەو جۆرە نەخۆشانە، بە یەک كایەی ژیانیانەوە پەیوەست نییە، بەڵکوو تەواوی دونیابینی و تێڕوانینیان، یەک پارچە تاریکی و لێڵی و ناشرینییە!

   ئەوجا بۆ ئەوەی شیکردنەوەیەکی قنیاتکەرمان لەمەڕ ئەم دیاردەیەوە چنگ بکەوێت، دەبێت گوێ بۆ ئەو كەسانە ڕادێرین کە دەڵێن: ئەو مرۆڤانەی لە وێستگەیەک یان چەند وێستگەیەکی ژیاندا، تووشی شکست یاخود کەوتنێک هاتوون، ئیدی تەنیا لە سۆنگەی ئەو کەوتنەیانەوە، لە کۆی وێستگەکانی دیکەی ژیانیان دەنواڕن و هەردەم لای خۆیانەوە وا لە قەڵەم دەدەن، مادام ئەو جارە هەوڵەکانم بێهودە بوون، ئیدی هەمیشە هەروا دەبێت و هەرگیز باشترێک لەگۆڕێدا نییە! گشتاندنی یەک ڕووداو یان چەند رووداوێکی ژیان بەسەر هەموو ساتەکانی دیکەی ژیاندا، ترسناکترین دەرەنجامە کە ئەو جۆرە مرۆڤانە، بەگوێرەی لێکدانەوە و خوتخوتەکانی خۆیان پێی دەگەن، بۆیە هەردەم بەم شێوەیە لەتەک خۆیاندا دەدوێن: «هەرگیزاوهەگیز ئەم دۆخە ناگۆڕێت»، «تەنیا بە هۆی منەوە ئەم شتانە ڕوو دەدەن»، دواتریش بە خۆی دەڵێت: «كەوایە من قەت ناتوانم هیچ شتێک بکەم!»

   واتە ئەو تەنیا بە ئەوەوە ناوەستێت، فێری بێدەسەڵاتییەکی ناڕاست لە ئاست چەڵەمەیەکانیدا ببێت، بەڵکوو ئەم هەڵوێستە نەرێنییەی خۆی، بەسەر تەواوی ئەو توانا و لێهاتووییانەی لەمەڕ كاروبارەكانی دیكەی ژیانەوە لەباریدایە، کە هیچ پێوەندییەکیان بەو ڕووداو و دۆخە تایبەتییەوە نییە، دەگشتێنێت و خۆی وەک بێتوانایەک لە ئاست کۆی پرۆسەی ژیاندا دەبینێتەوە!

   لە توێژینەوەیەکی دیکەی زانستیدا، بنیامین گرینوود و مۆنیکا فلیشنەر، لەژێر ناوونیشانی «مەشقکردن، بێدەسەڵاتیی فێرکراو و ئەو مێشکەی بەرەنگاری فشارەکان دەبێتەوە»دا، ئەو ڕاستییەیان خستە ڕوو کە مەشقکردن و جووڵەی بەردەوام، ڕێگە لە گەشەکردنی ئەو ڕێڕەوە دەمارییانە دەگرێت، کە بەرپرسن لە فێربوونی بێدەسەڵاتی و دەستەوەستانی، ئەویش لە ڕێگای ئەزموونکردنی هەمان تاقیکردنەوەی سەگاکانەوە بەسەر کۆمەڵێک مشکدا کە خۆیان بە سروشت، لە جووڵەی خێرا و مەشقی بەردەوامدا بوون، سەرەنجام بۆیان دەرکەوت ئەم مشکانە هەرگیز، وێنەی سەگەکان فێری بێدەسەڵاتییەکی ئاوا ترسناک و ڕووخێنەڕ نابن، ئاخر وەک ئەوان، مەنگ و داهێزراو نین و قەت لە جووڵەی خۆیان ناکەون!

   لە هەمان وتاردا باسی ئەوەیشیان کردبوو کە ژمارە یان چۆنێتیی جووڵەکان، بە ئەندازەی هەبوونیان گرینگ نەبوون، واتە بۆ هیواداربوون، تەنیا حەوجێ بە جووڵەی بەردەوام بوون. چونکە مەشقی بەردەوام، پێوەندیی بە دەردانی سیرۆتۆنین و چالاکبوونی ئەو ڕێڕەوە دەمارییانەی مێشکەوە هەیە، کە بەرەنگاری فشارە دەرەکی و ناوەکییەکان دەبنەوە.

   با لە یادمان نەچێت، دەبێت ئەوەیش باس بکەین، وەختێک زاناکان کاردانەوەی سەگەکانی کۆمەڵەی سێیەمیان بەو شێوەیە دیت، گوتیان با بە شێوازێکی دیکەی جیاواز هانیان بدەین، بەڵکوو هێز بدەنە بەر خۆیان و لەدەست تەزووە کارەباییە ئازاردەرەکە خۆیان قوتار بکەن.

   بە ترساندن، تەزووی بەهێزتر و ئازاردەرتریان بەسەردا تاقی کردنەوە، کەچی لە جێگای خۆیان نەبزووتن و سوودی نەبوو!

   ئەوجا ویستیان لە ڕێگای هاندان و خواردنی خۆشەوە مەیلیان ڕابکێشن و بیانجووڵێنن، کەچی هەر سەرکەوتوو نەبوون!

   دواتر لە ڕێگای نیشاندانی پێشەنگی سەرکەوتووەوە ویستیان کارێک بکەن، کۆمەڵەی یەکەم و دووەمیان پێشان دان کە چۆن ئازایانە بەسەر بەربەستەکەی بەردەمیاندا باز دەدەن، کەچی دیسانەوە بێسوود بوو!

   ئیدی بەتەواوی لەوە دڵنیا بوونەوە، هەر بەڕاستی سەگەکانی کۆمەڵەی سێیەم بە شێوەیەک فێری بێدەسەڵاتی و بێتوانایی کراون، کە هیچ شتێک ناتوانێت متمانە بە تواناکانی خۆیانیان بۆ بگەڕێنێتەوە، بۆیە زۆر بەئاسانی خۆیان ڕادەستی ئازار و ئەشکەنجەکان دەکەن.

   تەنیا یەک ڕێگەیان بۆ مابوویەوە، ئەویش هەڵگرتنی قاچی یەکە بە یەکەی سەگەکان و پەڕاندنەوەیان لە بەربەستەکە بۆ چەند جارێک بوو، تەنیا لەم ڕێگەیەوە توانییان، دووبارە متمانە بۆ سەگە ڕووخاوەکان بگەڕێننەوە و ئیدی بکارن، خۆ لەدەست بێدەسەڵاتییەکی فێرکراو ڕزگار بکەن.

   نە تۆقاندن، نە هاندان و نە پێشەنگبوون، هیچیان نەیانتوانی هەستی هەڵسانەوە بە سەگەکان ببەخشن، تەنیا مەشقی سەگەکان و جووڵەی تاکە بە تاکەی خۆیان نەبێت، هەر ئەم هەوڵەیان توانی، بارودۆخی سەگە داماوەکان بگۆڕێت و ئازارەکەیان لەسەر هەڵبگرێت.

   بۆیە تۆیش دەتوانیت، خۆت لە بازنەی بێدەسەڵاتییە تایبەتەکەت قوتار بكەیت، تۆ دکاریت، خۆت لە ئەڵقەی خەمۆکییەکەت و ئەو سنوورە كۆمەڵایەتییانەی بە دەورتدا كێشراون و وا دەزانیت تەنگیان پێ هەڵچنیویت، ڕزگار بكەیت، هەر تۆ لەدەستت دێت، خۆت لە زیندانی ئەو لێهاتووییانەی کە پێشووتر بڕیاری کەمی و قەزەمییان بەسەردا دراوە، دەرباز بکەیت. تەنیا ئەوەندەت بەسە، بە نیازی دووبارەهەستانەوە، دەستێکت بخەیتە سەر ئەژنۆت و ئەوی دیکەیشت لە زەوی گیر بکەیت و جارێک و دوان هەوڵی هەڵسانەوە بدەیت!

پێغەمبەری خودا  دروودی خوای لێ بێت دەیفەرموو: «احرص علی ما ینفعك، واستعن بالله: پێداگر بە لەسەر ئەوەی سوودت پێ دەگەیەنێت و كۆڵ مەدە، هەردەم پشتیش بە خودا ببەستە و بۆ بەردەوامبوون، یارمەتی لە ئەو بخوازە.»
تاگەکان    
گۆرانی فەڵەستین بوومەلەرزە گەڕان ڕەزا بابایی #پیری گێڕانەوە کتێبی هاوسانی کورد بۆ ئەوانەی وەكو خۆمن عەبدولکەریم سرووش حزبی ئیسلامی چەواشەکاریی_لۆژیکی یاسا کۆمه‌ڵه‌ بەڵگه‌یه‌ک که‌ له‌ شوێنی خۆیاندا نین
زانست
2020-09-03 کۆمێنت 2387 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی