هاندەرە ناسروشتییەکان

نووسینی: یووسف مەلا خەلیل
زانست 2020-06-27 کۆمێنت 881 جار بینراوە

زانای ڕەفتارناسیی ئاژەڵان و لێکۆڵەر لە بواری هەڵسوکەوتی گیانەوەراندا، نیکۆلاس تینبێرگن (1907 - 1988)، کە لە ساڵی 1973دا خەڵاتی نۆبڵی لە بواری پزیشکی و زانستی کارئەندامزانیدا پێ بەخشراوە، بەردەوام لەبارەی هەڵسوکەوتی ئاژەڵان بەرانبەر دەوروبەر، ڕاوکەر، نێچیر، پاڵنەر و خواستە بنچینەییەکانی ژیان و غەریزە سەرەتاییەکانەوە دەیکۆڵییەوە، ئەوەی ئەم زانا بە ڕەگەز هۆڵەندییەی پێ دەناسرێتەوە، ئەو داهێنانەیەتی کە لەمەڕ دەرەنجامی «هاندەرە نائاساییەکانەوە» پێی گەیشتووە.

   ئەوە بوو، لەتەک قوتابییەکانیدا، بە یاوەریی هەر یەکە لە زانایان، لۆرێنز و فریش، کۆمەڵێک تاقیکردنەوەیان لەسەر کاردانەوەی ئاژەڵان بۆ هاندەرە نائاساییەکان (supernormal stimulus) کرد، بەوەی دەچوون شتێکی ساختەی سەرنجڕاکێشتر لە شتە ڕەسەنەکەیان، دەخستە پێش چاوی ئاژەڵێک و چاودێریی کاردانەوە و هەڵسوکەوت و مامەڵەی گیاندارەکەیان دەکرد!

   بۆ وێنە؛ باڵندەیەکیان لەنێو هێلانەکەی خۆیدا بەدی دەکرد، کە بەئاسپایی و بە شێوەیەکی سروشتی لەسەر هێلکەی خۆی کڕ کەوتبوو، ئەمان هاتن هێلکەیەکی کتومت هاوشێوەی هێلکەکەی ژێریان بە پلاستیک بۆ دروست کرد، بەڵام زۆر لێزانانە دەستکاریی شێوەی دەرەوەی هێلکەکەیان کرد، بۆ نموونە هێلکەکەی خۆی ڕیقنە و چیلکە و قوڕ و خۆڵی پێوە بوو، ئەندازەی بچووک و کەمێک لارولێر بوو، کەچی ئەوەی ئەمان قەبارەی قەبەتر، شێوەی ڕەونەقدارتر، هێندە ساف و لووس، قژت لەبەریدا شانە بکردبایە، بە لەونێک ڕازاندبوویانەوە، تەنیا ڕواڵەتی دەرەوەیان، ئەویش لە ڕووی ڕەنگ و بیچمەوە، لەیەک دەچوو، دەنا ناوەڕۆک و زۆر شتی دیکەیان، عاسمان و ڕێسمان بوو.

   ئەوجا چاوەڕێی کاردانەوەی باڵندەکەیان دەکرد، ویستیان بزانن، داخۆ ئەم هێلکە پلاستیکییە بێکاکڵە خەڵەتێنەرەی ئەمان، تا چەند سەرنجی حاجی لەقلەق یان قازەقوڵینگەی داماو ڕادەکێشێت، ئەوەی ڕوویدا، سەیر و کەمێک چاوەنواڕنەکراو بوو!

   دیتیان باڵندەی بەستەزمان، لەبری کڕکەوتن بەسەر هێلکەکەی خۆیەوە، چاوی بڕیوەتە هێلکەی پلاستیکیی بێڕووح و گیانی ئەوان و بە جارێ ئەوەی خۆی لەبەر چاو کەتووە، بۆیە پڕ دەداتە هێلکە ساختەکەی ئەوان و ئەوەی خۆی لە بیر دەکات، ئەوجا هەرچی هەوڵ دەدەن بیخەنەوە سەر هێلکە خۆڕسکەکەی خۆی، ناتوانن و بە دەست هەڵفریوانی باڵندەی داماوەوە، گیر دەخۆن و بێ چارە دەمێننەوە!1
   لە ساڵی 2010یشدا، د. دێردرێ بارێت کە ئافرەتێکی ئەمریکییە و پزیشکی دەروونناسییە، بەرمەبنای ئەم توێژینەوەیە، لەژێر ناونیشانی «supernormal stimuli: How primal urges overran Their Evolutionary purpose»دا کتێبێکی نووسی2، ئەو پەرتووکە قسەی زۆری لەخۆ گرتوووە و دەنگدانەوەیەکی باش و بەرچاویشی بە دوای خۆیدا هێناوە، تا ڕادەیەکیش بە بووژێنەرەوەی تێزەکەی تینبێرگن لە قەڵەم دەدرێت.

   ڕاستییەکەی هەر یەکەو بەشێوەیەکی جیاواز، دەرەنجامەکانی ئەم بابەتە بە لای خۆیدا ڕادەکێشێت، پێ ناچێت ئەز بکارم لەم کورتە نووسینەدا، گشت ڕەهەندەکانی ئەم باسە و سەرچاوە و بابەتە لابەلاکانی دیکەی ئەم لێکۆڵینەوەیە، بنکۆڵ و شەنوکەو بکەم، لێ هەستی پێویستبوون بە باسەکە و ترسان لە درێژداڕدی کارێکیان کرد؛ لە نموونەکانی دیکەی ئەم بابەتە و خستنەڕووی ڕووەکانی تر، بە شێوازێکی کاتی، خۆ ببورێم.

   دڵدان بە ساختە و فەرامۆشکردنی خواستی ڕاستەقینە، بە هۆی هاندانێکی ناسروشتیی دەرئاساوە، دەبێتە ئاکامی هەڵێنجراوی ئەم توێژینەوەیە!

   خوێنەری ورد و ژیر، ئەوەی کەمۆچکەیەک ناوچەی هەڵسەنگاندنی لە کاردا مابێت، بە خوێندنەوەی سەرەداوێک لەبارەی توێژینەوەکانی تینبێرگنەوە، یەکڕاست بیری بۆ مرۆڤی ئەم سەردەمەی خۆمان دەچێت، ئەوەی ئێستا ئێمە بە دەستییەوە دەناڵێنین، هاندەرە نائاساییەکانن، کە تێکڕای ژیانیان تەنیوین و خۆ قوتارکردنمان لێیان، خەریکە لە پەرجوو نزیک دەبێتەوە!

   هاندانی ناسائایی، کاردانەوەی نائاسایی لێ دەکەوێتەوە، کڕکەوتن لەسەر شتی بێگیان، سەری لە دەرەنجامی بێڕووح و ڕواڵەتخوازەوە دەردەچێت.

   ئێستا، ئەوەی سەرمایەداری زۆر بە تۆخی کاری لەسەر دەکات، دەستکاریی غەریزە و خواستە بنچینەییەکانی مرۆڤە، لە ڕێگای سڕینەوەیانەوە نا، بەڵکو لە ڕێگای خستنەڕووی وێنە ساختە و پلاستیکییەکانیانەوە.

   لەوانەیە یەکێک بڵێت، بابە ئەمە تێکەڵوپێکەڵکردنە، ئاخر مرۆڤ و ئاژەڵ لێک جیاوازن، دەشێت کەمۆترێک فریو بدرێت، بەڵام ناکرێت مرۆڤی خاوەن ئیرادە و عەقڵ، لەخشتە ببرێت. بۆ ئەوانەی هێشتا نوقمی دونیای نوێ نەبوونە، دەگونجێت ئەم قسەیە بەشێکی وەڕاست بگەڕێت، لێ کێشە سەرەکییەکە لەوەدایە، ئەوانەی خەریکی چەواشەکردنی مرۆڤن، یەکەمجار لە خاڵی بەئاژەڵکردن، بەکاڵاکردن و بەپارەکردنی مرۆڤەوە دەستیان پێ کردووە، بۆیە دواتر هەڵخەڵەتاندن و ئاڕاستەکردنیان بەرەو دۆڵی هەزار بە هەزاری سادەلەوحی و کەڕ و کاسی، زۆر لەوە ساناترە، کە خۆمان بیری لێ دەکەینەوە.

   ئەوانەی خەریکی چەواشەکردنی مرۆڤن، یەکەمجار لە خاڵی بەئاژەڵکردن، بەکاڵاکردن و بەپارەکردنی مرۆڤەوە دەستیان پێ کردووە، بۆیە دواتر هەڵخەڵەتاندن و ئاڕاستەکردنیان بەرەو دۆڵی هەزار بە هەزاری سادەلەوحی و کەڕ و کاسی، زۆر لەوە ساناترە، کە خۆمان بیری لێ دەکەینەوە.

   یەک لەو نموونانەی ئەمێستاکە بۆ ئەم باسە دەهێنرێتەوە، دنیای پۆڕنۆگرافی و بە بووکەڵە پێشاندانی مێیینەیە، ئەو دونیایەی لە خەیاڵ و بازنەیەکی جاڵجاڵۆکەیی پڕ لە شتی ساختە و وێنەی فریودەر بترازێت، چی دیکە نییە. ئەوەی بە ئاشکرا دەتخەنە دۆخێکی ناسروشتیی نەگونجاو بە ناخ و فیترەتی خۆتەوە، دۆخێک کە تێیدا دەیان و سەدان لێکەوتەی ترسناک، ڕیزپەر و نامۆ بە تەواوی مێژووی مرۆڤایەتی، چاوەڕوانی ڕێبوارانی ئەو ڕێگایە دەکەن.

   یارییە ئەلیکترۆنییەکان، خواردەمەنییە خێرا و پڕ لە چەوری، شۆری و شیرینییەکان، ئینتەرنێت و بەردەستبوونی بێسنووری زانیارییە جیاوازەکان، تەکنەلۆجیا و ڕاگەیاندن بەگشتی، ڕیکلامە بازرگانییەکان و زۆربەی ئەو چتە ناپێویستانەی وەک پێویستییەکی ناچاری لە قەڵەم دەدرێن؛ دیسان دەچنە خانەی هەمان پاڵنەرە زیاد لە پێویست و ناسروشتییەکانەوە.

   دنیای خێرایی و لەبیربردنەوەی مانا، کارکردن لەسەر ڕواڵەت و فەرامۆشکردنی ناوەڕۆک، بایەخدان بە چەندێتی و لەیادبردنەوەی چۆنێتی، خواستێکی ماندووکەر بۆ چتی نرت و نوێ، لەچاوکردنی چاویلکەی تەکنەلۆجیا و ڕوانین تەنیا لەو گۆشەیەوە، لە کۆڵەکە بنچینەییەکانی سەرمایەداری و چوارچێوەی سەرەکیی هاندەرە ناسروشتییەکانن!

   دونیای مۆدێرنە و پۆست مۆدێرنە و زۆربەی ئامرازەکانیشیان، هەر بەدەوری ئەم هاندەرە نائاساییەنەدا دەخولێنەوە، ئەوان هەردەم کار لەسەر ئەوە دەکەن، پەی بە ویستە ڕاستەقینە خۆڕسکەکانی مرۆڤ ببەن، ئەو ویستە بنەڕەتییانەی بۆ بەردەوامیدان بە ژیان، لە هەر شتێکی دیکەی ژیان پێویستترن، ئینجا دوای ئەوە؛ لەپێناو دەستکاریکردن و خستنەڕووی وێنە ساختە و سوپەرنۆرماڵەکانی ئەو غەیزانەدا، بێوچانانە تێ دەکۆشن، بۆ ئەوەی سەرنجمان بۆ لای چتگەلێک ڕابکێشن، کە لە ڕواڵەتدا هیی خۆمان و پێویستن، کەچی لە بنەمادا، کۆمەڵێک خواستی دروستکراوی ئاڕاستەکراوی ساختەن، کە ویستە ڕاستەقینەکەی خۆمانی لەبیر بیردووینەتەوە و لەجیاتیدا؛ گومڕایی، نەزۆکی، بێئەنجامی و بێئۆقرەیی پێ بەخشیوین!
   ئێمە بەهەڵە لەپێناو ئامانجەیلێکی تراویلکەییدا، خراوینەتە گەڕ، بەڕاستی تێڕوانینمان دەستکاری کراوە، خەریکی جێبەجێکردنی ویستی پاوانخوازانین نەک هیی خۆمان!
   پاڵنەرە نائاساییەکان، ڕاستتر وایە بێژین، لەڕادەبەدەرەکان، دونیایەکی جەنجاڵ، خەیاڵپڵاو و لێوانلێو لە دژیەکییان بۆ ساز داوین.

   بەم قسانەم نامەوێت هەموو ڕووداو، هەڵسوکەوت، کەمتەرخەمی و داڕووخانێک وەئەستۆی ئەوانی دی بخەم و مینا خەیاڵپڵاوان، گشت شتێک بە تێزی پیلانگێڕی بخوێنمەوە، بەڵام ئەوەی تۆسقاڵێک لە دەوروبەر و سەردەمی خۆی بڕوانێت، ئەم ڕاستییانە لە من باشتر هەست پێ دەکات و تێبینی زۆر زیاتری لە کن گەڵاڵە دەبێت.

    ئێمە بەردەوام لە پرۆسەی لەبیرکردنی شتە بەنرخەکانی خۆمان و چاوبڕین لە کاڵا ساختەکانی ئەوانی ترداین، ڕەونەق و باقوبرق و قەبەیی هێلکە پلاستیکییە زەلامەکەی ئەوان، هێلکە خۆڕسکەکەی خۆمانی لەپێش چاو خستووین.

   ئەم هێلکەیەی بە تەمای هەڵهێنان خراوەتە ژێرمان، هەرگیز ناترووکێت، قەت بێچووی ڕاستەقینەی لێ لەدایک نابێت، بەڵکو تەنیا خەریککردن و سەرقاڵکردنمانە تا کاتێکی نادیار. تاکە ڕێگای ڕزگاریشمان؛ گەڕانەوە بۆ جوانیی ڕاستەقینە، سنووردارکردنی پەلامارەکانی دونیای مەجازی، لەباوەشگرتنەوەی سروشت و ڕەسانەیەتییە.



بۆ بینینی بابەتی زیاتر، سەردانی کەناڵی بووژانەوە بکەن.



1. Nikolaas Tinbergen, Tinbergen's four questions.

2. by Deirdre Barrett published by W. W. Norton & Company in 2010.


تاگ    بوووژانەوە
زانست
2020-06-27 کۆمێنت 881 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2020 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی