ڕووداوگەلێک نوێژی بەکۆمەڵیان لە مێژوودا ڕاگرتووە-بەشی سێیەم (کۆتایی)

نووسینی: بەڕا نزار ڕەیان وەرگێڕانی: یووسف مەلا خەلیل
فیقهی 2020-04-09 کۆمێنت 3251 جار بینراوە
کارەساتە کتوپڕەکان:
چەندین جار بە هۆی ڕوودانی کارەساتە سروشتییەکانەوە، مزگەوت و نوێژە بەکۆمەڵەکان بە جارێ پەک خراون، تەنانەت هێندێک جار، مەککەی پیرۆزیشیان لێ پارێزراو نەبووە و نوێژی بەکۆمەڵ لە ماڵی خودایشدا ڕاگیراوە، بەڵکو مەککە، بەو جۆرە کارەساتە لەناکاو و سروشتییانە، ناسراو و بەناوبانگ بووە. ئەوەتا ئەزرەقی -کە خۆی ساڵی 250ی کۆچی مردووە- لە کتێبی «أخبار مکة»دا ئەو باسانەی گێڕاوەتەوە و گوتوویەتی: «دەروازە گەورەکەی بەنی شەیبە، ناوی دەرگای لافاو (باب السيل)یان لێ نابوو، چون بەردەوام لەو قاپییەوە، لافاو شاڵاوی دەهێنا و هێندێک جاریش، مەقامی ئیبراهیمی لەگەڵ خۆیدا ڕاپێچ دەکرد و وەک نەقشێک، بە ڕووی کەعبەیەوە دەنەخشاند.»

زانای پایەبەرز، محەمەدی کوڕی مونتەسیربیللای کەتتانی، کە ساڵی 1419ی کۆچیدا لە ژیان دەرچووە، لە تەفسیری ئایەتی 27ی سوورەتی «الحج»دا دەڵێت: «لە بیرم دێت، چەند ساڵێک بەر لە ئێستا، لافاوێک ڕووی لە مەککە کرد، ئاو هێندە بەرز بوویەوە، تا دەرگاکانی کەعبە گەیشت، دوو ڕۆژی تەواو نوێژ لە حەرەمدا ڕاگیرا، بە لای هێندێکەوە زۆر سەیر و جێی داخ بوو کە ئاوا کەعبە چۆڵە و کەسی بە دەورەوە نییە، بۆیە ئەوانەی مەلەوانییان باش بوو، بە مەلەکردن خەریکی تەوافی ماڵی خودا بوون، ئەوە بوو مەلەکردنی خەڵکانێک بەو ئاسانییە، ئەوانەیشی لە خشتە برد کە مەلەیان نەدەزانی، جا هێندێکی تر لەوانەی مەلەوانیش نەبوون، خۆیان هەڵدایە نێو سێڵاوەکە و دەیانویست وەکی ئەوانی دی تەواف بکەن، بۆخۆی نقوم بوون و بە خنکان چوون، دواجار بەرپرسان ناچار بوون، گشت خەڵکەکە لە نوێژ و تەوافکردن بە دەوری ماڵی خودادا قەدەغە بکەن، چون خەڵکانێک بەو هۆیەوە دەمردن و لەناو دەچوون.»
شێخ محەمەدی سەبباغی مالیکی مەککییش، کە ساڵی 1321ی کۆچی مردووە، لە کتێبی «تحصيل المرام في أخبار البيت الحرام»ەکەیدا، هەواڵی زۆربەی ئەو لافاوانەی گێڕاوەتەوە کە بەسەر مەککەدا هاتوون و بوونەتە هۆی پەکخستنی نوێژە بەکۆمەڵەکان تێیدا، بەڵکو هێندێک جار، ڕووخان و داخورمانی کەعبەیشی لێ کەوتووەتەوە، هەرچەندە ماوەی ڕاگیرانی نوێژە بەکۆمەڵەکان، هیچ کات ئەوەندە زۆریان پێ نەچووە، ئەوپەڕەکەی ماوەی حەوت نوێژ، زیاتر یان کەمتری خایاندووە.
لە یەکێک لە قسەکانیدا دەڵێت: «لە ساڵی 983ی کۆچیدا لافاوێکی فرە گەورە هات، ئاوەکە هێندە زۆر بوو، لافاو گەیشتە شوێنی تەواف و تەنانەت قوفڵی دەرگای کەعبەی پیرۆزیشی داپۆشی، شەووڕۆژێکی تەواو ئاو بە دەوریدا مایەوە، حەوت نوێژی جەماعەتیش بەو هۆیەوە لە حەرەمدا نەکران.»

جگە لە مەککە، لە چەندین شوێنی تردا هەمان کارەسات دووبارە بووەتەوە، ئەوەتا حافیز ئیبنو کەسیری دیمەشقی یەکێک لەو ڕووداوە سروشتییانەمان بۆ دەگێڕێتەوە کە لە ساڵی 647ی کۆچیدا ڕووی داوە و دەڵێت: «ئاوێکی زۆر لە بەغداددا کۆ بوویەوە و زیانێکی گەورەی بە دووکان و فرۆشگا بەناوبانگەکانی ئەو وەختە گەیاند و بە هۆی زۆریی لافاوەوە؛ جگە لە سێ مزگەوت نەبێت، لە زۆربەی مزگەوتەکانی تردا، نوێژی هەینی بەجێ نەهێنرا.»
ئیبنولفووەتییش -کە خۆی ساڵی 723ی کۆچی مردووە- لە کتێبی «الحوادث الجوامع»دا بە هەمان شێوە، لەبارەی نغرۆبوونەکەی بەغدادەوە لە ساڵی 653ی کۆچیدا بەم شێوەیە دەپەیڤێت: «زۆربەی زانستگە و مزگەوتەکان، وەک مزگەوتی مەنسووڕ کە یەکەم مزگەوتی ڕۆنراوی بەغداد بوو، بە هۆی ئەو لافاوەوە داڕووخان و خاپوور بوون، مزگەوتی مەهدی لە ناوچەی ڕەسسافییە، مزگەوتی سوڵتان، مزگەوتی قەسڕ و بەشێک لە مزگەوتی قومرییە لە ڕووی ڕۆژئاواوە و زۆرێک لە مزگەوتەکانی دیکەی بەغداد، بە جارێ داتەپین و کاول بوون.» بێگومان داڕمانی ئەو مزگەوتانە، پەککەوتنی نوێژە بەکۆمەڵەکانی بۆ ماوەیەکی دیاریکراو لێ کەوتووەتەوە.
حەسەنی کوڕی محەمەدی عەبباسیی سەفدییش -کە ساڵی 717ی کۆچی لە ژیان دەرچووە- لە کتێبی «نزهة المالک والمملوک»دا، بەسەرهاتی لافاوێکی زۆر وێرانکەرمان بۆ دەگێڕێتەوە، کە لە ساڵی 717ی کۆچی لە شاری بەعلەبەکی لوبناندا ڕووی داوە و هێندە تۆقێنەر بووە، خاپووربوونی زۆربەی مزگەوتەکان و پەککەوتنی نوێژە بەکۆمەڵەکانی ئەو سەردەمەی لێ کەوتووەتەوە، ئەوەتا بەم لەونە دیمەنەکانی ئەو کارەساتەمان بۆ دەگێڕێتەوە و دەڵێت: «تەوژمی بەسەر هەر ڕێگاوبانێکدا بهێنایە، داروپەردووی لێک هەڵدەوشاند و جگە لە چۆڵەوانی، چی دیکەی لە دوای خۆیەوە جێ نەدەهێشت، خانووەکانی بە جارێ داڕووخاند، کەلوپەل و ماڵ و تفاقێکی زۆری لەگەڵ خۆیدا ڕاپێچ کرد، ژن و پیاو و منداڵانی نوقمی ئاو کرد و پاشانیش، تا نەچووە مزگەوتی گەورەی شارەوە، لێشاوەکەی نەوەستا، مزگەوتەیلێکی زۆری داتەپاند و نوێژە بەکۆمەڵەکانی پەک خستن.»

ئاشووبە جڤاکییەکان:
چەندین جار لە مێژوودا، نوێژی هەینی و نوێژە بەکۆمەڵەکانی دیکەیش، بە هۆی شەڕ و ئاشووبی نێوان لایەنگرانی ئایین و مەزهەب و تاقم و دەستە جیاوازەکانەوە ڕاگیراوە، لەوەیە ئەم جۆرەیان، دزێوترین هۆکاری ڕاگیرانی نوێژە بەکۆمەڵەکان بێت، ئاخر ئەمەیان بە ناوی مکوڕبوون لەسەر ئایینەوە، خەریکی بەفیڕۆدانی ئایین خۆیەتی. یەکێک لەو نموونە مێژووییانەی ئەم واقیعە تاڵەی بەرجەستە کردووە، ئەو قەیرانە کۆمەڵایەتییانەیە کە ئیبنو کەسیر لە کتێبی «البداية والنهاية»دا لەبارەی ڕووداوەکانی 403ی کۆچییەوە یاداشتی کردوون.
دەڵێت: «لە مانگی شەوالدا بوو، یەک لە ژنانی سەرانی گاور لە بەغداددا مردبوو، هەرچی مناڵەوردکە و سەردولکەبێژ هەیە، هاتنە دەرەوە و بە دەنگی بەرز شیوەنیان دەگێڕا، هێندێک لە هاشمییەکانیش بەمە قەڵس بوون و بۆیان قووت نەدەچوو، بۆخۆی کۆمەڵێک لەو هەرزەکارانەی بە دەوری کابرای گاورەوە بوون، غیرەتیان جۆشا و بە سووزن سەری هاشمییەکیان خوێناوڵ کرد، موسوڵمانان لێیان ڕاپەڕین و تا گیانیان تێدا بوو، ڕاویان نان، ئەوە بوو گاورەکان پەنایان بۆ یەکێک لەو کەنیسانەی خۆیان برد کە هەر لەو ناوچەیەدا بوو، ئیدی خەڵکی پەلاماری ئەو کەنیسە و گشت کڵێسا نزیکەکانی ئەو ناوەیان دا و بە جارێ تاڵانیان کردن ... خەڵکی، گاورەکانیان لە شاردا ڕاو دەنا ... گەنجانی گاوریش بەرهەڵستی موسوڵمانانیان دەکرد، ئاگری ئاشووب لە بەغداددا تاوی سەند ... فیتنە بە گشت لایەکدا بڵاو بوویەوە و جومعە و جەماعەتی لە گشت لایەکەوە پەک خست.» سروشتی ئاژاوەگێڕی ئاوەهایە ئیدی، هەردەم بە دەمەقاڵێیەکی پووچ دەست پێ دەکات و لەسەر شتی زۆر بچووک دەستەویەخەی یەکدی دەبن، دەی دەی ئاگری ئاشووب خۆش دەبێت و دواجاریش، سەری لە پەکخستنی دین و دونیاوە دەردەچێت!

بە هەمان شێوە جارێکی تر شەڕێک ڕووی دا، بەڵام ئەم جارەیان لە نێوان جوولەکەکانی بەغدا و ئەودوای خەڵکەکەدا بوو، ئیبنو کەسیر بەم شێوەیە لەمەڕ ئاشووبەکەی ساڵی 573ی کۆچییەوە دەدوێت: «ئاشووبێکی فرە گەورە لە نێوان جوولەکەکانی بەغدا و خەڵکە ڕەشۆکەکەدا بەرپا بوو ... ئەو حەلەی نوێژی هەینی هات، لە بڕێک لە مزگەوتەکاندا نوێژ و وتارخوێندنەوە قەدەغە کرا، بۆخۆی خەڵکەکە جامی تووڕەییان کەفی کرد و پڕیان دایە بازاڕی عەترفرۆشان، ئەو بازاڕەی بەزۆری جوولەکەکانی تێدا بوون، دواتر پەلاماری پەرستگای جوولەکانیان دا و داریان بەسەر بەردەوە نەهێشت، دۆخەکە ئەوەندە شلۆق بوو، پیاوانی ئاسایشیش دەڕۆستی هێرشەکە نەدەهاتن و لە جڵەوکردنی خەڵکەکەدا سەرکەوتوو نەبوون.»
هەر وەک چۆن ئاژاوەی نێوان گاور و موسوڵمانەکان بووە مایەی فەوتانی نوێژە هەینییەکان، ئاشووبە یەک لە دوای یەکەکانی نێوان سوننە و شیعەیش لە مێژوودا، هەمان دەرەنجامیان لێ دەکەوتەوە. ئەوەتا حافز ئیبنولجەوزی لە کتێبی «المنتظم»دا بەم شێوەیە ڕوودواەکانی ئاشووبەکەی ساڵی 349ی کۆچیمان بۆ دەگێڕێتەوە: «لە نێوان سوننە و شیعەکانی بەغدادا، ئاژاوەیەکی زۆر توند لە ناوچەی پردە نوێیەکەدا ڕووی دا، بۆ بەیانییەکەی، نوێژی هەینی لە هەموو مزگەوتەکانی هەردوو بەشەکەی بەغداددا ڕاگیرا، جگە لە مزگەوتی بەڕاسا نەبێت، کە مزگەوتی شیعەکان بوو، تەنیا لەوێدا نوێژی هەینی بەتەواوی بەجێ هێنرا.»
بەڵکو هێندێک جار، ڕاگیرانی نوێژە بەکۆمەڵەکان بە هۆی ئاژاوەگێڕییەکانی ئەو دەمارگیرییە مەزهەبییانەوە بووە، کە لە نێوان تاکەکانی هەمان ئایین و هەمان تاقمدا بەرپا بووە، دیسان ئیبنو کەسیر بەم شێوەیە لەمەڕ ئاشووبەکەی ساڵی 447ی کۆچییەوە دەپەیڤێت: «ئاژاوەکە لە نێوان هەردوو مەزهەبی ئەشعەری و حەنبەلییەکان لە بەغداددا کەوتەوە، هێزی حەنبەلییەکان تا دەهات بەهێز و بەهێزتر دەبوو، تا وای لێ هات، یەک ئەشعەری مەزهەب بۆی نەبوو؛ نە نوێژی جومعە بکات و نە لە هیی جەماعەتدا ئامادە بێت!»

جەنگە وێرانکەرەکان:
گەر چاوێک بە مێژوودا بخشێنین[1]، هەر لە سەرەتاکانی نەمانی حوکمی خیلافەتی ڕاشیدینەوە و دواتریش لە سەردەمی پەیدابوونی قەڕامیتەکانەوە[2]، دەیان حاڵەتی دوورکەوتنەوەی موسڵمانان لە مزگەوتەکان و وەستانی جومعە و جەماعەتەکان، بە هۆی جەنگ و ئاشووبەوە دەبینین، ڕووداوی داخستنی مزگەوتەکان و هێندێک جار مەککە و مەدینەیش، بە هۆی شەڕ و ناکۆکییە سیاسییەکانەوە لەئارادا بووە.
ئیدی بڕێک لەو ناکۆکییانە لە نێوان موسڵمانان خۆیاندا ڕوویان داوە، پۆلێکیان بەسەر ئەوانی تریاندا دواە و لەو نێوەندەدا، مزگەوتەکانیش بۆ چەند ڕۆژێک، تەنانەت هێندێک جار چەند مانگێکیش، بوونەتە قوربانی و بەداخراوی ماونەتەوە.
بەشێک لەو داخستنانەیش، بە هۆی پەلامارە دڕندەکانی داگیرکەران بۆ سەر وڵاتانی ئیسلامی بووە، بۆ نموونە وەختێک مەغۆل و تەتارەکان بە سەرکردایەتی هۆلاکۆ[3] و تەیموورلەنگ[4] هێرشیان کردووەتە سەر خاکی موسوڵمانان، هیچیان بەسەر هیچەوە نەهێشتووە و هەر چییەک و هەر کەسێکیان  کەوتبێتە بەردەم، یان سووتاندوویانە، یان کوشتوویانە، یاخود خاپووریان کردووە و بە جارێ ئاسەواریان سڕیوەتەوە! دیارە مزگەوت و زانستگە و تەکیە و خانەقاکانیش لەو پەلامارانە پارێزراو نەبوونە، بەڵکو دۆخی نالەباری وەها هاتووەتە ئاراوە، چەندین مانگ مزگەوتێکیان بۆ نوێژکردن شک نەبردووە!
 ئەوە با باسی داگیرکاریی ئیسپانەکان و پەلاماریان بۆ سەر خاکی ئەندەلووسی موسڵماننشین لەولاوە بوەستێت[5]، ئەوان هێندە هۆڤییانە مامەڵەیان لەگەڵ موسڵماناندا دەکرد، لە قوژبنی ماڵەکانیشیاندا ڕێگەیان نەدەدا نوێژەکانیان بکەن، چ بگات بەوەی بهێڵن، هاموشۆی مزگەوتەکان بکەن و چێژ لە نوێژی بەکۆمەڵ لەگەڵ براکانیاندا ببەن.
ئەوەتا ئیبنو کەسیر لە کتێبی «البداية والنهاية»دا بەم شێوەیە باسی دڕندەیی مەغۆلەکان دەکات و دەڵێت: «خوێنی دنیایەک زانا، مەلا، فەقێ، وتاربێژ و خورئانخوێنیان ڕشت، سەرتاپای مزگەوت و زانستگەکانیان وێران کرد، ئەوە بوو چەندین مانگ، هەرچی مزگەوت و جومعە و جەماعەت هەیە لە بەغداددا، پەک خران و دەنگیان نەما.»
ئیبنو خەلدوون، مێژوونووس و کۆمەڵناسی بەتوانایش کە لە سەردەمی هێرشەکەی تەیموورلەنگ بۆ سەر دیشمەشقدا ژیاوە و خۆی بە چاوانی خۆی، وێنە قێزەون و شەڕەنگێزەکانی ئەو کابرایەی دیوە و بە شێوەیەکی زۆر سامناک، ستەم و ناشرینییەکانیمان بۆ دەگێڕێتەوە و باسی ئەوەیش دەکات، کە چلۆن بێ پرینگانەوە، دەستی داوەتە سووتاندن و لەناوبردنی مزگەوتی ئەمەوییەکان لە دیمەشقدا، چۆنیش بووەتە هۆی وەستانی نوێژی هەینی و نوێژە بەکۆمەڵەکان لەو مزگەوتانەدا.
یەکێکی دی لەو شوێنانەی بە هۆی شەڕ و هێرشە داگیرکارییەکانەوە، نوێژی بەکۆمەڵی تێدا وەستاوە و پێدەچێت لە هەموو جێگاکانی دی زێتر، ڕووبەڕووی سووکایەتی و پەلاماردانیش بووبێتەوە، مزگەوتی پیرۆزی ئەقسا بووە لە قودس، وەختێک لە ساڵی 492ی کۆچییەوە لەلایەن سوپای خاچپەرستانەوە پەلامار درا، ئەوە بوو بۆ ماوەی زیاتر لە نەوەد ساڵی ڕەبەق، ڕێگە بە موسڵمانان نەدرا، نە بانگی تێدا بدەن و نە نوێژی تێدا بکەن، بەڵکو لەبری ئەوە، دەستیان بە کوشتار و خوێنڕشتنێکی بێئەندازە ترسناک کرد، ئیبنو ئەسیر لە کتێبی «الکامل»ەکەیدا، بەم شێوەیە وێنەی ئەو قەسابخانەیەمان بۆ دەگێڕێتەوە: «بێگانەکان هەر لە مزگەوتی ئەقسادا، زیاد لە حەفتا هەزار کەسیان کوشت، ژمارەیەکی زۆریان زانا و خواناس و لەخواترسانی ئەم ئوممەتە بوون، هێندێکیشیان ئەو کەسانە بوون، کە بەمەستی سەردانیکردن و مانەوە لەو جێگە پیرۆزەدا، وڵات و نیشتمانی خۆیان بەجێ هێشتبوو.»
بەنزیکەیی سەدەیەک بەر لە ئێستا، لە کۆتاییەکانی یەکەمین جەنگی جیهانییشدا[6]، نوێژکردن لە مزگەوتی پێغەمبەردا بە هۆی جەنگ و گەمارۆیەکی سیاسییەوە ڕاگیرا، ئەوە بوو، گومەزی و سەربانەکانیان کردە خاڵی چاودێری و بۆ ماوەیەکی دیاریکراو، نوێژ و بانگ و پەرستشەکانی تێدا هەڵگیرا!

جگە لەو هۆکارانەی لە میانەی ئەم نووسینەدا باسمان کردن، هەمان حاڵەتی داخستنی مزگەوتەکان و وەستانی نوێژە بەکۆمەڵەکان لە مێژووی ئیسلامیدا، بە هۆی دەیان هۆکاری دیکەی مانەندی تێکچڕژانی جەماوەری، شۆڕشی میللەت، شەڕی ناوخۆ و دەرەکییەوە ڕوویان داوە.
مەبەست لەم گوزەرە خێرایەی بە مێژووی ئییسلامیدا کردمان ئەوە بوو، ئەو ڕاستییە لای هەموومان چەسپاو بێت، کە ئەم دۆخەی ئێستاکە ئێمە لە سایەی کۆڤید نۆزدەوە بە دەستییەوە دەناڵێنین، حاڵەتێکی نامۆ و دەگمەن بە مێژووی مرۆڤایەتی نییە، بەڵکو هەمان دۆخی هاوشێوە یان خراپتر یاخود ساناتر و زوو تێپەڕتر، ئیدی بە هەمان هۆکاری پەتا و دەردەوە بێت، یان بە هەر هۆکارێکی دیکەی دروست یان نادروست، دروستکراو یاخود ناچارییەوە بێت، لە مێژوودا ڕووی داوە و بەدڵنیاییشەوە، هەر وەک چۆن ئەوانی ڕابردوو تێپەڕین و بوون بە یادگاری، ئەمەیش هەر وەها دەبێت و دووبارە، ئەویندارانی شەیدای میحراب و ئاوەدانکەرەوانی ڕێگای مزگەوت، بە خانە خۆشەویستەکە و ماڵە ئازیزەکەیان شاد دەبنەوە.      



پەراوێز:

 [1] لەم بەشەوە هەوڵم داوە، ئەوەی نووسەر بەپوختی بخەمە بەردەست، بۆیە وردەکارییەکانی نووسەرم وەرنەگێڕاوە و زیاتر گرنگیم بە مەبەستی نووسەر داوە.
[2]  بۆ زانیاریی زیاتر دەتوانیت بگەڕێیتەوە بۆ کتێبی: «إکمال المعلم بفوائد المسلم»ی قازی عیاز، لەوێدا باسی هێرشەکانی یەزیدی کوڕی موعایە بۆ سەر مەدینە و وەستانی نوێژ و جەماعەت لە ساڵی 63ی کۆچیدا دەکات. لەبارەی قەرامیتەکانیشەوە، مێژوونووسی گەورە عەبدولمەلیک عەسامی مەککی لە کتێبی «سمط النجوم العوالي»دا بەتێروتەسەلی لەسەری ڕۆیشتووە و باسی هێرشەکانی «إسماعيل بن يوسف الأخيضر الملقب بالسفاک»ی بۆ سەر مەککە و خوێنڕشتن و تاڵانکارییەکانی کردووە. 
[3]هێرشەکەی هۆلاکۆ بۆ سەر بەغدا و لە ساڵی 656ی کۆچیدا ڕووی داوە.
[4] هێرشی تەتارەکان، بە سەرکردایەتیی تەیموورلەنگی ئۆزبەکی لە ساڵی 803ی کۆچیدا بوو.
[5]بۆ زانیاری وردتر، بگەڕێرەوە بۆ کتێبی «دولة الإسلام في الأندلس»ی کە لە مێژوونووسی ئەندەلووسی عەبدوڵڵا عەننانەوە نووسراوە.
[6] وردەکارییەکانی ئەم ڕووداوە لە کتێبی «معلمو المسجد النبوي»دا بەدرێژی هاتووە، ئەوەی گەمارۆکەی داوە ناوی «شريف بن حسين علي» بووە، دواتر لەلایەن فەخری پاشا ناوێکەوە کە والیی ئەو وەختەی مەدینە بووە، بەرەنگاربوونەوە ڕووی داوە و بۆ ئەو مەبەستەیش، زۆربەی دوانگە و قوببە و شوێنە هەستیارەکانی مەدینەی کردووەتە سەنگەری بەرهەڵستیکردن، بۆیە تا ماوەیەک نوێژ و وتاردانی تێدا وەستاوە.
تاگەکان    
عێڕاق مردن کونە ڕەشەکان ئاوی زەمزەم بۆ ئەوانەی وەكو خۆمن باران چەواشەکاریی_لۆژیکی موناجات ڕۆژاوا فێمینیزم فیلم ئیلحاد گۆرانی تەنیایی ڕەزا بابایی
فیقهی
2020-04-09 کۆمێنت 3251 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی