ڕووداوگەلێک نوێژی بەکۆمەڵیان لە مێژوودا ڕاگرتووە-بەشی یەکەم

نووسینی: بەڕا نزار ڕەیان وەرگێڕانی: یووسف مەلا خەلیل
فیقهی 2020-03-27 کۆمێنت 4524 جار بینراوە

«جارێکیان پەتایەکی گەورەی بێئەندازە ترسناک لەم وڵاتەدا بڵاو بوویەوە، وەختێک خەڵکی دەهاتن و دەچوون، جگە لە بازاڕگەلێکی خاڵی، چەند ڕێگاوبانێکی چۆڵوهۆڵ و کۆمەڵە دەرگایەکی داخراو، چی دیکەیان نەدەبینی، زۆربەی مزگەوتەکان بەچۆڵی مانەوە و نوێژی بەکۆمەڵیان تێدا نەدەکرا!»
پێشەوای زانا و مێژوونووس ئیبنولجەوزی (کە ساڵی 597ی کۆچی مردووە)، بەم وشە و دەربڕینانە دیمەنی ئەو پەتا دڕندەیەمان بۆ دەگوازێتەوە کە لە ساڵی 449ی کۆچیدا ڕووی داوە، بۆ سەردەمی خۆی، پەتایەکی هێندە تۆقێنەر بووە، دونیای بە جارێ بە خۆیەوە سەرقاڵ کردووە و ژیانی خەڵکی بە ترس و بیم تەنیوە، وەک چۆن ئەمڕۆ پەتای ڤایرۆسی «کۆرۆنا/کۆڤید١٩» هەمان دۆخی بۆ ئێمە دروست کردووە!
بێگومان ئەم پەتا نوێیە کاری لەسەر بچووکترین وردەکارییەکانی ژیانمان کردووە، ئەوەتا مرۆڤایەتی بە جارێ وەستاندووە، خوێندن و زانستگاکانی پەک خستوون، گەشتەکانی دوا خستوون، پلانەکانی پووچەڵ کردوونەتەوە، هەموویانی لە ماڵدا گۆشەگیر کردووە و بە جارێ لێکی دابڕیون. هەرچەندە بە لای موسوڵمانانەوە، هیچ شتێک هێندەی داخستنی مزگەوتەکان و نەمانی نوێژی هەینی و نوێژە بەکۆمەڵەکان، کە پێشتر تێیدا جەم دەبوونەوە و ڕۆژانە پێنج جاران سەردانیان دەکرد، تووشی مقۆمقۆ و پرسیار و جیاوازیی نەکردوون.
دوای ئەوەی حکوومەتی زۆربەی وڵاتە ئیسلامییەکان -وێڕای ناکۆکییە سیاسییەکانیان- لەسەر داخستنی گشت جێگا قەرەباڵغەکان و شوێنی کۆبوونەوە جەماوەرییەکان، بە مزگەوت و پەرستگاکانیشەوە، یەکدەنگ و یەکهەڵوێست بوون و لەو بڕیارەیشیاندا، کە زۆربەی کۆمەڵە فیقهییەکان و لیژنەی فەتواکان هاوڕا و هاودەنگیان بوون؛ تاقمێک لە زانایان و پیاوانی ئایینی قوت بوونەوە و قەرارەکەیان بۆ قووت نەدەچوو. هەرچەندە هەمووان -وێڕای بڕیارەکەیان- لەسەر ئەوە کۆک بوون، کە پەکخستنی مزگەوتەکان چەنێک لەسەر دڵی موسوڵمانان قورس و هەژێنەرە، بەتایبەت بینینی وێنەی کەعبەی پیرۆز بە چۆڵێتی و نەمانی کڕنووشبەران و تەوافکاران و خواپەرستان بە دەوریەوە!
سەبارەت بەم بابەتە، کتێبە فیقهییەکان و دیرۆکی ئیسلامی، زۆربەی ئەو ڕووداو و کارەساتانەیان بۆ گواستووینەتەوە، کە بە هۆیانەوە نوێژی جومعە و نوێژە بەکۆمەڵەکانی دیکەیان تێدا پەک خراوە و چەندین هۆکاری جیاواز لەم بارەیەوە خراونەتە ڕوو، یەکێک لەو هۆکارانە درم و نەخۆشییە گوازراوەکان بووە و بەگوێرەی گێڕانەوەکانیش؛ هیچ جێگایەکی پیرۆز نەماوەتەوە لە داخستن و چۆڵبوون پارێزراو بێت، بە هەردوو مەککەی پیرۆز و مەدینەی ڕێزداریشەوە، ئەوە قودسی پیرۆزیش با لەولاوە بوەستێت، مەبەستمان لەم نووسینە، خستنەڕووی دیارترینی ئەو ڕووداوە مێژووییانە و پێشاندانی هۆکارەکانیانە، بێ ئەوەی خۆمان بە وردەکارییان و مشتمومڕە فیقهییەکانی ئەم باسەوە سەرقاڵ بکەین.


دابڕانی تاکەکەسی

لە ئاستی تاکەکەس و یەکە یەکەی موسوڵماناندا، کتێبە فیقهییەکان زۆربەی ئەو بارودۆخانەیان بەسەر کردووەتەوە کە بە هۆیانەوە موسوڵمان دەتوانێت لە مزگەوت و جومعە و جەماعەت دوور بکەوێتەوە، ئەگەر لەوە ترسا خۆی یان ئەوانی تر بە هۆیەک لە هۆیەکان، تووشی زیان یاخود دەرد و بەڵایەک ببن، ئیدی جیاوازییەکی ئەوتۆی نییە، سەرچاوەی ئەو زیانە نەخۆشی و پەتا یان ترس لە شەڕوشۆڕ یان کارەساتێکی سروشتی یاخود تەنانەت لەڕوودامان و دۆخێکی نەخوازراوی دەروونییش بێت.
سەرپاکی مەزهەبەکان لە کتێبە فیقهییەکانیاندا بە تانۆپۆی ئەم باسەدا هاتوونەتە خوارەوە، لە پێش هەموویشیانەوە پێشەوا شافیعی (کە ساڵی 204ی کۆچی مردووە)، کۆمەڵێک لەو بیانووە شەرعییانەی ڕوون کردووەتەوە کە دەشێت موسوڵمان بە هۆیانەوە، خۆی لە ماڵدا قایم بکات و لە مزگەوت و نوێژی جومعە دوور بکەوێتەوە، لە سەرەتای بیانووەکانیشەوە چەندین جۆری نەخۆشی باس دەکات، یەک لەو خاڵە سەرنجڕاکێشانەی کە وەک بیانووی دوورکەوتنەوە و نەچوون بۆ مزگەوت و جومعە باس کراوە؛ ترسانە لەوەی بە هۆی هاموشۆی مزگەوتەوە لەلایەن دەسەڵاتەوە ڕووبەڕووی دوورخستنەوە و ئەشکەنجەی سیاسی ببێتەوە، ئەوەتا لە کتێبی (الأم)دا دەڵێت: «ئەگەر بە هۆی چوون بۆ مزگەوتەوە لەوە ترسا، تووشی گیران و کەوتنە نێو کونجی زیندان ببێت، ئەوا دەتوانێت نەچێت بۆ مزگەوت.»
لەوەیش خۆش و سەیرتر ئەوەیە، ئەگەر قەرزارێک پارەی دانەوەی قەرزەکەی شک نەبرد و ترسا لەوەی، ئەگەر ڕێگای مزگەوت بگرێتە بەر، بە خاوەن قەرزەکەیدا بتەقێتەوە و دەستبەجێ دەستگیر بکرێت، دەتوانێت لە ماڵەوە نوێژەکانی بکات و جومعەیش بۆ مزگەوت نەچێت، ئەوەتا شافیعی لە کتێبی (الأم)دا دەفەرموێت: «ئەگەر ئامادەنەبوونەکەی لە جومعەدا، بەهۆی سەختیی قەرزەکە و دەستکورتییەوە بێت، دەشێت نەڕوات بۆ مزگەوت.» بە پێچەوانەوە، کۆمەڵێک لە زانایان باسی ئەو خاوەن قەرزانەیشیان کردووە، کە دەتوانن بە بیانووی بەفیڕۆنەچوونی قەرزەکان و خۆشاردنەوەی قەرزارەکانیانەوە نەچن بۆ مزگەوت، ئەوەتا پێشەوا (بدر الدين العيني) لە کتێبی (عمدة القارئ شرح صحيح البخاري)دا کە ڕاڤەی فەرموودەکانی بوخارییە، هەمان حوکم هەڵدەگۆزێت و لەو بارەیەوە دەڵێت: «بە پاساوی ترسان لەوەی قەرزێک لەکیس خاوەن قەرزەکەی بچێت، ڕێگە بە نەهاتن بۆ مزگەوت دەدرێت.»
زیاد لە یەکێک و دووان، چەندین کەڵەزانای ئەم ئوممەتە لە کاتی شڵەژانە سیاسی و دۆخە ناهەموارەکاندا، بە بیانووی دوورەپەرێزی لە شەڕ و ئاشووب، ڕێگەیان بە وازهێنان لە هاموشۆی مزگەوت داوە، ئەوەتا ئیمامی زەهەبی لە کتێبی (سير أعلام النبلاء)دا لە پێشەوا (مطرف بن عبدالله بن الشخير) کە یەکێک لە تابیعین بووە، ئەو هەواڵە دەگوازێتەوە کە دەڵێت: «وەختێک خەڵکی تێک چڕژان و شەڕ و ئاشووب بڵاو بوویەوە، پێویستە خۆت لە کونجی ماڵدا ببینیتەوە، تا دۆخەکە هەموار نەبوویەوە و جەنگ و دژواری هەڵنەگیرا، نە هاتوچۆی مزگەوت بکە و نە لە ماڵ بڕۆ دەرەوە.»

دەشێت بۆچوونی ئەم پێشەوا مەزنەیش لەبارەی دوورکەوتنەوە لە جومعە و جەماعەتەوە -بەو مەرجەی ترسی زیانێکی گەورەتر لەگۆڕێدا بێت- وەک بنەمایەک بۆ هەر حاڵەتێکی هاوشێوە کە زیان و خراپەیەکی گەورەتری لێ بکەوێتەوە، لێی بڕوانرێت، بەگوێرەی ئەو گێڕانەوەیەی قورتوبی لە کتێبی (التذکرة)دا یاداشتی کردووە، دەکرێت ئیمامی مالیکیش تووشی هەمان بارودۆخ بووبێت، وەختێک لە کۆتاییەکانی تەمەنیدا، خۆی پەستاوتبووە بنی ماڵەوە و هەر خەریکی عیبادەت بوو و بۆ ماوەی هەژدە ساڵی ڕەبەق؛ سەری لە مزگەوتی مەدینە نەدا و بە هیچ شێوەیەک هاموشۆی مزگەوتی نەکرد.

بە هەمان شێوە، لە سەردەمی دەسەڵاتی عەباسییەکان و خەلیفە مەئموونیشدا کە ساڵی 218ی کۆچی مردووە، بە هۆی ناچارکردنی خەڵکی بە پێڕەوکردنی بۆچوونی خەلقی قورئانەوە، پۆلێکی زۆر لە زانایان وەک دەربڕینی ناڕەزایی و جۆرێک لە مانگرتن، چوون بۆ مزگەوت و جەماعەتیان هەڵپەسارد و لە کونجی ماڵەکاندا خۆیان هێڵایەوە، ئەوەتا (ابن أبيک الدوادري) لە کتێبی (کنز الدرر وجامع الغرر)دا بەم شێوەیە دەپەیڤێت: «لە ساڵی 218ی کۆچیدا کە دەستپێکی تەنگانەکانی ئاشووبە گەورەکە و باسی خەلقی قورئان بوو...، ئەوەی ڕای پێچەوانەی هەبووایە، بێ سێ و دوو دەکوژرا، زانا و کەڵەپیاوەلێکی زۆر لە بنی ماڵەکانیاندا خۆیان شاردەوە و پێیان لە مزگەوت و جومعە و جەماعەت بڕی، خەڵکانێکی زۆریشیان لێ لەناو برا.»
هەرچۆنێک بێت، وازهێنان و دوورکەوتنەوەی تاکە تاکەی موسوڵمان و تا ڕادەیەک کۆمەڵێکی دیاری نێو کۆمەڵگەیش لە مزگەوت، وەک داخستن و چۆڵکردنی یەکجارەکیی مزگەوت و پەکخستنی جومعە و جەماعەت لەلایەن گشت خەڵکییەوە نییە، هەرچەندە هاوشێوەی ئەم پەکسختنە سەرتاسەرییەی مزگەوتەکانیش -ئەگەرچی زانایان چەشنی دابڕانە تاکەکەسییەکە لایان لێ نەکردووەتەوە- چەندین جار لە مێژووی ئیسلامیدا بە هۆی پاڵنەرگەلێکی تۆبزی و ناچارییەوە ڕووی داوە. ئێمەیش هەوڵ دەدەین، بەدواداچوونێک بۆ دیارترینی ئەو ڕووداوانەی لەم بارەیەوە یاداشت کراون، بکەین و لە دانە دانەی هۆکار و پاڵنەرەکانیان بکۆڵێنەوە.

درمە بکوژەکان

لە ساڵی ١٨ی کۆچیدا، کارەساتێکی مەزن لە وڵاتی شامدا ڕووی دا، ناوی (تاعوونی عەمواس) بوو، عەمواس گوندێکی فەڵەستینییە و نزیکەی بیست و هەشت کیلۆمیترێک لە باشووری ڕۆژهەڵاتی شاری یافاوە دوورە، کە لە ساڵی 1967دا لەلایەن دەسەڵاتی جوولەکەی داگیرکارەوە خاپوور کراوە، ئەو پەتایە هێندە تۆقێنەر بووە، سەرتاپای وڵاتی شامی گرتووەتەوە، ژمارەیەکی بەرچاو لە هاوەڵان و شوێنکەوتووانیشی لەگەڵ خۆیدا بەرەو مەرگ ڕاپێچ کردووە. پەتای عەمواس، هێندە تەشەنەی سەندووە، وڵاتی بە جارێ بەرەو قاتوقڕی بردووە، تا وای لێ هاتووە، بەگوێرەی ئەوەی کە مێژوونووس ئیبنولئەسیر لە کتێبی (الکامل)دا دەیگێڕێتەوە: «خەلیفە عومەری کوڕی خەتتاب کە ساڵی 23ی کۆچی وەفاتی کردووە، سوێندی لەسەر خۆی خواردووە، تا ئەو درمە کوشندەیە لەناو جەرگەی موسوڵماناندا بەردەوام بێت، نابێت نە تامی چەوری بکات، نە گۆشت و نە شیر.» وێڕای سامناکیی کارەساتەکە، کەچی هەواڵێکی وا کە باسی وردەکارییەکانی ژیانی ئەو وەختەی خەڵکی بکات، وەکو کاروبارەکانی ڕۆژانە و چۆنێتیی هاتوچۆی مزگەوت و کردنی جومعە و جەماعەت، زۆر زۆر کەم و دەگمەنە، بەڵام هێندێک زانیاریی سەرنجڕاکێشم وەچنگ کەوتووە، کە باس لە چۆنێتیی کۆتاییەکانی ئەو کارەساتە و (هەڵگیرانی تاعوون)ەکە دەکات، وەک خۆیان لە کتێبە مێژووییەکانیاندا وەها ناویان بردووە.
ئیمامی ئەحمەدی کوڕی حەنبەل لە موسنەدەکەیدا لە فەرموودەکەی شەهری کوڕی حەوشەبدا دەیگێڕێتەوە، ئەویش لە مێردی دایکی گێڕاویەتییەوە کە خۆی لە وەختی بڵاوبوونەوەی تاعوونی عەمواسدا ژیاوە و ڕووداوەکانی بە چاوی خۆی بینیوە؛ لەو ساتەدا ئەبوو عوبەیدەی کوڕی جەڕاح سەرکردایەتی موسوڵمانانی ئەو ناوچەیەی دەکرد، پاش ماوەیەک بە تاعوون مرد، دواتر موعازی کوڕی جەبەل چووە شوێنەکەی، ئەویش بە هەمان دەردەوە لە دونیا دەرچوو، ئیدی دوای مردنی ئەو، عەمری کوڕی عاسیان وەک جێنشێن دیاری کرد، بەڵام عەمر یەکسەر چووە سەر دوانگە و بە وتارێک دەستی پێ کرد و گوتی: «هۆ خەڵکینە، ئەم کارەساتە وەختێک بڵاو دەبێتەوە، ڕێک وەک چۆن ئاگر پووشوپەڵاش دەسووتێنێت، ئاوا مرۆڤ لەگەڵ خۆیدا ڕادەماڵێت، بۆیە بەلەز بەرەو شاخەکان ڕا کەن! » لە گێڕانەوەیەکی تردا دەڵێت: «بەنێو شاخ و دۆڵ و چۆڵەوانییەکاندا پەرش و بڵاو ببنەوە.» هەر لە گێڕانەوەکەدا هاتووە: کە پیاوێک ناوی (أبو واثلة الهذلي) بووە، لێی هەڵساوەتەوە و پێی گوتووە: «سوێند بە خودا درۆت کرد، ئەو وەختەی من لەگەل پێغەمبەری خودادا بووم، تۆ هێشتا لە سکی دایکیشتا نەبوویت -وەک تانەدانێک لە درەنگکەوتنی موسوڵمانبوونی عەمر-» عەمریش لە وەڵامدا گوتی: «سوێند بە خودا لەسەر ئەو قسەیەت وەڵامت نادەمەوە، بە یەکدانەیی خودا قەسەم لەمەدا بە گوێت ناکەین! پاشان عەمر خۆی دەرچوو و خەڵکەکەیش لەگەڵیدا دەرچوون و هەر یەکە و بە لایەکدا پەرتەوازە بوون، ئیدی دوای ئەوە خودا بەڵاکەی لەسەر هەڵگرتن. وەختێک ئەم هەواڵە بە عومەری کوڕی خەتتاب گەیشتەوە، بە خودا قەستەم پلانەکەی عەمری پێ ناخۆش نەبوو!»
ڕاستییەکەی، ئەوەی داخۆ خەڵکی بەگوێرەی بۆچوونەکەی عەمر جووڵاونەتەوە یاخود نا، هێشتا نە دیارە و نە چەسپاو، لێ بڕانەوە و کۆتاییهاتنی تاعوونەکە بە هۆی ئەو وتارەوە، شتێکی تەواو ماقووڵ و ڕێتێچووە، ئەو قسەیەیش کە دەڵێت: «هەر یەکە و بە شاخ و دەشت و دۆڵێکدا بڵاوەی لێ بکەن.» لە عەمری کوڕی عاسەوە چەسپاوە و گەیشتووەتە ڕادەی موتەواتیر و ئەبو جەعفەری تەبەری لە (تهذيب الآثار)ەکەیدا، ئیبنو خوزەیمە و ئیبنو حیببانیش لە سەحیحەکانیاندا، یاداشتیان کردووە و گوتەکەیان بۆ وی گەڕاندووەتەوە.
بەرمەبنای ئەمە بێت، یەکەمین کەسێک -بەگوێرەی ئەوەی ئێمە دەیزانین- کە خەڵکی بۆ لێکهەڵبڕان و دوورکەوتنەوە لە یەکدی، بە مەبەستی بەرەنگاربوونەوەی پەتا بڵاوەکان بانگ کردبێت، عەمری کوڕی عاس بووە، ئاشکرایشە کە پەرتەوازەبوون و بڵاوەپێکردنی خەڵکی بەنێو شاخ و دەشت و دۆڵ و شیوەکاندا، تەنیا وەختێک جێبەجێ دەبێت، کە مزگەوت و نوێژی جومعە و جەماعەت پێویست نەبێت، چون لە ڕوانگەی شەرعەوە؛ نوێژی جومعە تەنیا لەسەر کەسانێک واجب دەبێت، کە خۆیان خەڵکی گەڕەک، لادێ، شار و هەمان ئەو ناوچەیە بن کە تێیدا دەژیێن.
لە سێبەری پێکدادانی هەموو ئەو گێڕانەوانەدا، کە لەمەڕ کارپێکردن یان ڕەتکردنەوەی بۆچوونەکەی عەمری کوڕی عاسی سەرکردەوە هاتوون، ناتوانین بە شێوەیەکی یەکلایی و بێ دوودڵی بڵێین؛ هاوەڵان و شوێنکەوتووان لە وەختی بەڵا و درمە بەربڵاوەکاندا، وازیان لە مزگەوت و نوێژی هەینی هێناوە، لێ بە لایەنی کەمەوە بۆچوونێکمان بە دەستەوەیە کە لە سەردەمی ئەوانیشدا، ڕایەکی لەو جۆرە لەنێو خەڵکیدا باو بووبێت و بانگی بۆ کرابێت، ئێمەیش لەژێر ڕۆشنایی ئەو بۆچوونەدا، دکارین حوکمێکی گونجاو بۆ هەمان مەبەست هەڵبگۆزین.
هۆکاری دەربڕینی ئەو ناڕەزایەتییەیش لە لایەن (أبو واثلة الهذلي)یەوە، کە گوایە هاوەڵی پێغەمبەر بووبێت، کە تەنیا لەم ڕیوایەتەدا ناوی هاتووە و لە هیچ جێگەیەکی دیکەدا ناوی تۆمار نەکراوە، لە چەند گێڕانەوەیەکی دیکەیشدا گوتراوە؛ ئەوەی ناڕەزایەتییەکەی دەربڕیوە، شوڕەحبیلی کوڕی حەسنە بووە، کە دوایی خۆیشی بە تاعوونی عەمواس لەناو چووە، وەختێک لە عەمری کوڕی عاس هەستاوەتەوە و نەخێری پێ گوتووە، بەگوێرەی تێشگەیشتنی خۆی بۆ ئەو فەرموودەیەی پێغەمبەری خودا جووڵاوەتەوە، کە باسی هەڵنەهاتن لەو شارە دەکات کە تاعوونی تێدا بڵاو بووتەوە، هەرچەندە پێغەمبەری خودا بۆ ئەوەی بووە، سا بەڵکو دەردەکە لە باژێرێکەوە بۆ ئەوی دی نەقڵ نەبێت و پەتاکە لەوە زیاتر تەشەنە نەکات، دەنا بە هیچ کلۆجێک ڕاکردن و دوورکەوتنەوە بەرەو دەشت و دۆڵ و چیاکان و بڵاوەپێکردنی خەڵکەکەی، بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە درمەکە،  بە خراپ نەزانیوە.


تاگەکان    
ڕانانی کتێبب عیرفان مۆدێرنە فەلەستین کۆرۆرنا مانا ئازادی کتێبی هاوسانی زانکۆ زانست عێڕاق فیلم قودس مۆدێرنیتە شەڕ
فیقهی
2020-03-27 کۆمێنت 4524 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی