توێژەرێک لە زیندانەوە

زانست 2020-01-19 کۆمێنت 1360 جار بینراوە

وەرگێڕانی: محەمەد جەبار


بە هەزاران کەسایەتیی ئەکادیمی لە تورکیا دەستگیر کراون و لە کارەکانیان سڕ کراون، بە بیانووی هەبوونی پەیوەندی بە ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان یان هەوڵی ئەنجامدانی کوودەتای سەربازی بەسەر ئۆردۆگاندا. لەنێویاندا، عەلی کایا؛ کە زانایەکی بواری فیزیای تیۆرییە و سێ مانگ دوای سەرنەگرتنی کوودەتاکە لەنێو لێشاوی دەستگیرکردندا دەستبەسەر کرا. دوای ساڵێک، کاتی دادگاییکردنەکەی هات و بڕیار درا بە بەندکردنی بۆ ماوەی شەش ساڵ، بە بیانووی پەیوەندیکردن بە ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانەوە. 
هەرچەند عەلی کایا پێداگرە لەسەر ئەوەی بێتاوانە و، پەڵپیشی لە بڕیاری دادگا گرتووە، بەڵام وادەیەکی دەوێت تا پێداچوونەوە بە بڕیارەکان بکرێتەوە.
کایا بە گومانە لەوەی پۆستە ئەکادیمییەکەی لە ”زانینگەی بۆغازیچی“ بەبێ گۆڕانکاری بمێنێتەوە، چون زۆرێک لە هاوپیشەکانی کارەکانیان لەدەست داوە و ڕەنجی ئەکادیمییان بە زایە چووە.
دوای تێپەڕینی ٤٤٠ ڕۆژ دادگا بڕیاری بێتاوانیی کایا و ئازادکردنیدا.
لەو کاتەی عەلی کایا لە بەندینخانە بوو، هەوڵی دەدا تووشی دڕدۆنگی و نامۆیی نەبێت و خۆی ئارام بکاتەوە بە ئەنجامدانی توێژینەوەکانی کە لە ئەکادیمیا پێیەوە سەرقاڵ بووبوو. 
لە ماوەی بەندکرنەکەدا سێ توێژینەوەی زانستی سەبارەت بە گەردوونناسی نووسیوە بەتایبەت لە بابەتەکانی وەک: inflation theory و cosmological perturbation.
وەک خۆی لە توێژینەوەکاندا ئاماژەی پێداوە، توێژینەوەکانی پێشکەش بە هاوڕێ زیندانییەکانی کردووە بەتایبەت بۆ هاوژوورەکەی کە هۆکاری هێشتنەوەی کایا بووە بە ئارامی بۆ ماوەی ٤٤٠ ڕۆژ و، لە کاتە زەحمەتەکاندا پشتگری خۆی بۆ دەربڕیوە.

گۆڤاری زانستیی بەناوبانگ، نەیچە(Nature)؛ دیمانەیەکی لەگەڵ توێژەر و دکتۆری فیزیای تیۆری ڕێکخستووە.
پەڕەگرافی خوارەوە دیمانەی زاناکەیە.


نەیچە: کام لە کەرەستەکانی توێژینەوەت لە بەردەستبوو لە زینداندا؟
عەلی کایا: بێگومان ئینتەرنێت کە بنەڕەتیترین شتە لە بەردەستماندا نەبوو! لە ڕاستیدا ئەوەی ئەلیکترۆنی بووبێ نەماندەتوانی بەکاری بهێنین، تەنانەت ژمێرەرێکیش. کتێبێک یان توێەژینەوەیەکی تر گەر بە زمانێکی بیانی بێت نەماندەتوانی بیبەینە ژوورەوە. بۆیە خوێندکارێکی خۆمم ڕاسپاردبوو بەوەی کە بە ”گۆگڵ ترانسلەیتە“ پەرەگرافە زانستییەکانم بۆ وەربگێڕێت بۆ تورکی، تەنانەت لەو کاتانەیش دیسانەوە پۆلیسەکان لە لاپەڕەکان دەسڵەمینەوە. لە هاوکێشەکان دەترسان وا تێگەشتبوون کۆدی نهێنییە بۆ زیندانییەکان.
لەسەر بیرۆکەی توێژینەوەیەک کارم دەکرد کە پێشتر لە بیرمدا بوو، بەڵام کاتێکی زۆر زیاترم چوو بۆ تەواوکردنی. ئاخر وێنا بکە ئەوەی پێشتر بە کۆمپیوتەر بە دە خولەک ئەنجامم دەدا، لێرەدا بە چەند سەعاتێک تەواوم دەکرد. دەبوایا سادەترین ژمێریاری و یاسا بیرکارییەکانم لە سەرەتاوە بنووسیبا چ جا هاوکێشە گەورە و ئاڵۆزەکان! ئەوەی باشبوو، تەنیا هەبوونی کاتێکی یەکجار زۆر بوو لە بەندینخانە، خەیاڵی ئەوەیشم هەبوو لە گۆڤارێکی زانستیی کوالێتیی بەرزدا بڵاوی بکەمەوە.

نەیچە: بە گشتی بارودۆخی زیندان بۆ تۆ چۆن بوو؟
عەلی کایا: هەرچۆنێک بێت حاڵی ئێمە باشتربوو لە چاو هەندێک زیندانیی تر. زیندانییەکان دێن و دەچن، جاری وا هەبوو ٣٠ کەسمان لە هۆڵێک دەماینەوە، بەڵام بە گشتی نزیکی ٢٠ نەفەر لە هۆڵێکی (١٤٠ م٢)دا بووین.
هۆڵەکەمان دابەش کردبوو بۆ کۆمەڵەژوورێکی بچووکتر، هەندێک بۆ خەو، هۆڵی تەلەڤزیۆن، خواردنگە و شوێنی شەوچەرە. بە ڕۆژانەیش دەمانتوانی سەردانی باخچەیەکی بچووکی پشت ژوورەکەیش بکەین.

نەیچە: حەتمەن بارودۆخی بەندینخانە بەوشێوە نییە کە شیاو بێت بۆ توێژینەوە، بۆ تۆ چۆن بوو؟
عەلی کایا: نەخێر، هیچ شیاو نییە، بە جۆرک پۆزیشی هەیە گەر بڵێیت ”لە بەندینخانەوە سەرقاڵی توێژینەوە بووم“، لێ بەندینخانە شوێنێکی خراپە و هیچ پێشنیاریشی ناکەم (تەنز). لە ناخۆشترینی هەستەکانیش نەبوونی پەیوەندییە، تەنیا بۆمان هەبوو هەفتەی جارێک خێزانەکانمان ببینین، ئەویش لە پشتی پەنجەرە و شووشەوە بە تەلەفۆنێک، بەرانبەری یەکدی گفتوگۆمان دەکرد. دوو هەفتە جارێک دە خولەک دەتوانین بە مۆبایل لەگەڵ کەسوکارمان قسە بکەین، هەفتەی جارێکیش لەگەڵ پارێزەرەکەم.
یەکەم شەوی زیندان، ناخۆشترین کاتی ژیانم بوو. هەرگیز هیوام لەدەست نەدابوو بەڵام لە بەندینخانە، وا هەست دەکەیت قەت قوتارت نابێت. شەوانیش خراپترین کاتن بۆ ئەوجۆرە بیرۆکانە، لێ هەمیشە بە خۆمم دەوت ”دەتوانن ئازادییەکانم لێ بستێنن بەڵام ناتوانن لە فیزیا جیام بکەنەوە“.

نەیچە: چۆن پێت دەکرا کاتەکانت ڕێک بخەیت بۆ ئەوەی توێژینەوە بکەیت لەو قەرەباڵغییەدا؟
عەلی کایا: لەوەدا شانسم هەبوو کە هاوژوورەکانم کەسانی باش بوون، زۆربەیان هەمان تۆمەتیان لەسەر بوو و کەسانی ئەکادیمی و دکتۆر و مامۆستا بوون. بۆیە کەشێکی لەبار و ئاراممان ڕەخساندبوو.
منیش لەسەر مێزە بچکۆلەکەم بە پێنوس و تێنوسێکەوە خەریکی توێژینەوەکەم دەبووم.

نەیچە: نزیکەی ٤٣٨ ڕۆژ لە زیندان بوویت، زۆربەی کات بە چییەوە سەرقاڵ دەبوویت؟
عەلی کایا: هەوڵم دەدا فێری زمانی عەرەبی بم، یاری باسکێتبۆڵمان لەگەڵ هاوڕێیان دەکرد و سەیری تۆپێنیشمان دەکرد لە تەلەڤزیۆن. ڕۆژانەیش بۆ چەند سەعاتێک خەریکی توێژینەوەکەم دەبووم، هۆکارێکی ئارام بوونەوەم بوو.

نەیچە: کاردانەوەی زانکۆکەت چۆن بوو سەبارەت بە دەسگیرکردنت؟
عەلی کایا: بەختم هەبوو، زانکۆ تەنیا لە پۆستەکەم سڕمی کردبوو. زۆربەی ئەوانەی بە هەمان تۆمەت گیرابوون لە زانکۆکانیان دوور خرابوونەوە.

نەیچە: لەسەر چ بنەمایەک دەستگیر کرابوویت؟
عەلی کایا: ... بەتۆمەتی تیرۆریستبوون! گوایە لە ڕێکخراوێکی تیرۆریستی ئەندام بووم. بەڵگەکان ناواقعی و بێبنەما بوون. یەکێک لە بەڵگەکانیان لە لیستی تۆمەتەکانم ئەوە بوو کە سەردانێکی ویلایەتە یەکگرتووەکان و کەنەدام کردووە، گوایە پەیوەندی و پشتیوانی لە نێوان ڕێکخراوەکە و ئەو وڵاتانەیشدا هەیە. کەچی هۆکاری ڕۆیشتنی من تەنیا بۆ بەرزبوونەوەی پلەی زانستیم بوو لە زانکۆی مەکگیڵ لە مۆنتریاڵ، کەنەدا و، پێشکەشکردنی سمینارێک لە پەیمانگای ماساچوستسی تێکنۆلۆژی و چەند زانکۆیەک نزیکی بۆستن.

- نەیچە بە دەستکاریی ڕێنوس و زمانەوانییەوە دەقی قسەکانی گواستۆتەوە، بە مەبەستی باشترکردنی دەربڕین.



سەرچاوە:
https://www.nature.com/articles/d41586-018-01370-1

ئەکادیمییەکان لە زانکۆی ئەنقەرە ڕێپێوان دەکەن، خۆپیشاندانەکان دەست پێ دەکەن بە ڕاخستنی ڕۆبەکەیان.

فێبروەریی ٢٠١٧ 
فۆتۆ: دیپۆ فۆتۆ/ زووما پرێس.




تاگەکان    
سەرفیترە کورد هاوڕەگەزخوازی نائومێدی ڕۆژاوا فەڵەستین حەوتەمین کۆڕبەندی هاوسانی مێژوو خاڵبەندی پۆدکاست ئیلحاد گفتوگۆ خێوەتگە ئایا سۆفیا شیرک
زانست
2020-01-19 کۆمێنت 1360 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی