کوشتنی بەبەزەییانە یان ئاسانکردنی مردنی نەخۆش

نووسینی : د. یووسف قەرەزاوی وەرگێڕانی : یووسف مەلا خەلیل
فیقهی 2019-10-30 کۆمێنت 971 جار بینراوە

فەتوا شەرعییەکان بۆ کێشە پزیشکییەکان

ئەم پرسیارە، یەکێکە لە پرسە گرنگەکانی زانستی پزیشکیی ئیسلامی و حوکم و ئادابەکانی، کە لە لایەن ڕێکخراوی پزیشکیی ئیسلامیی باشووری ئەفریقاوە لە چوارچێوەی نامەیەکدا ئاڕاستەم کرا، درێژەی پرسیارەکەیش ئەمەیە: ئایا کوشتنی بەبەزەییانە یان ئاسانکردنی مردنی نەخۆش -لە لایەن پزیشکەوە- دروستە؟

پێناسەی کوشتنی بەبەزەییانە یان ئاسانکردنی مردن: بریتییە لە ئاسانكردنی مردنی کەسی نەخۆش، لە ڕوانگەی بەزەییهاتنەوە پێیدا، بەبێ ئەوەی هیچ ئازارێکی پێ بگات، بە مەبەستی ئاسانکردن و لابردنی باری نالەبار و پڕ لە ئازاری نەخۆش، بە ڕێگەی کاریگەریی ڕاستەوخۆ یاخود کارتێکەری ناڕاستەوخۆ.

پێناسەی مراندنی کاریگەر (ئاسانکردنی کاریگەرانەی مردن): لەم بارەدا، پزیشک ڕۆڵی کاریگەر و سەرەکی دەبینێت لە مراندنی نەخۆشدا و، خۆی بە دەستی خۆی کۆتایی بە ژیانی نەخۆش دێنێت.

نموونەکانی مراندنی کاریگەر:

1. بۆ نموونە؛ نەخۆشێک تووشی شێرپەنجە بووە و، بەردەوام ئازار دەچێژێت و، لە هۆش خۆ دەچێتەوە، پزیشکیش دڵنیایە لەوەی کە ئەم نەخۆشە ئیدی بە هەر شێوەیەک بێت، درەنگ یان زوو، دەمرێت و ماڵئاوایی لە ژیان دەكات، بۆیە بڕێکی زۆر دەرمانی بکوژی ئازاری -کە هەناسەی لەبەر دەبڕێت- وێ دەدات و دەستبەجێ، نەخۆشەکە کۆتایی بە ژیانی دێت، ئایا ئەمە دروستە؟

وەڵامی نموونەی یەکەم: مراندنی ئەم نەخۆشە، کە وێنەی مراندنی کاریگەری ڕاستەوخۆیە، لە ڕووی شەرعەوە ڕێگە پێدراو نییە، چون پزیشکەکە بە هۆی پێدانی بڕێکی زۆر لەو دەرمانە بکوژەوە، کە دەبێتە هۆی مردنی، ڕۆڵێکی سەرەکی و کاریگەر لە مراندنی نەخۆشەکە و پەلەکردن لە مردنیدا دەبینێت، بۆیە ئەو جۆرە مراندنە لە هەر بارێکدا بێت، بێگومان کوشتنە و ڕێگەپێدراو نییە!

ئیدی جیاوازی لەوەدا نییە، ئەم مراندنە بە هۆی پێدانی ماددەیەکی ژەهراویی خێرای کاریگەر، یان تیشکێکی کارەبایی، یاخود ئامێرێکی تیژەوە بێت و هەموویان بە کوشتن لە قەڵەم دەدرێن و حەرامن، بەڵکوو یەکێکن لە تاوانە گەورە لەناوبەرەکان .

ئەوەی کە پاڵنەری ئەم مراندنەیە، بەزەییهاتنەوەیە بە نەخۆشدا و، سوککردنی باری گرانی مردنی نەخۆشە و، ڕزگارکردنییەتی لە ژان و مەینەتییەکان، نابنە پاساو و هیچ سیفەتێکی کوشتن لەم مراندنە ناسڕنەوە، ئاخر هیچ کاتێک پزیشک لەو خودایەی کە ئافرێنەری خۆی و نەخۆشیشە، بەسۆز و میهرەبانتر نییە .

هەر بۆیە پێویستە، کاروباری بۆ خودا بە جێ بهێڵێت و بیداتە دەستی خودا، هەر ئەو ژیانی بە مرۆڤ بەخشیوە و هەر خۆیشی لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا، ژیانی لێ دەستێنێتەوە.

2. بۆ نموونە؛ نەخۆشێک بۆ ماوەیەکی دوورودرێژ لە حاڵەتی بێهۆشیدایە، دوای ئەوەی تووشی سووتانەوە و هەوكردنی پەڕەکانی مێشک بووە، یان كەللەسەری زەبرێکی بەهێزی بکوژی بەركەوتووە و بەشێکی مێشکی لە دەست داوە و، هیوای زیندوومانەوەی لێ ناخوازرێت و، تەنیا بەهۆی «ئامێری بووژاندنەوە»ی هەناسەبەخشەوە دەژیێت، ئەگەر ئامێرەکەیشی بۆ تەنیا ساتێک لێ بکەینەوە، یەكڕاست هەناسەی لەبەر دەبڕێت و دەمرێت. هەناسەبەخشەکە بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی هەوا بە سییەکانی دەگەیەنێت و بەردەوامی بە هەناسەدانی دەبەخشێت، بەڵام وەکو گوتمان؛ ئەگەر هەناسەبەخشەکەی لێ بکرێتەوە، بە هیچ جۆرێك ناتوانێت لە هەناسەدان بەردوام بێت، دەیشگونجێت ئەم نەخۆشە بۆ ماوەیەکی توولانی بەم شێوازە، بەهۆی ئامێری دەستکردی هەناسەبەخشەوە بە زیندوویی بهێڵرێتەوە، بەڵام لە هەر ڕوانگەیەکی دیکەوە، ئەم نەخۆشە بە مردوو دادەنرێت و نە هەست بە هیچ دەكات و نە ئاگایشی لە دەوروبەری خۆیەتی، ئومێدی چاکبوونەوەیشی وەك مەحاڵ وایە و لابردنی هەناسەبەخشەکەیش وەك ڕێخۆشکەرێک بۆ مردنی کەسەکە لەقەڵەم دەدرێت، ئایا ئەمەیان دروستە؟!

بەر لەوەی وەڵامی نموونەی دووەمی ئاسانکردنی کاریگەرانە و ڕاستەخۆی مردن بدەینەوە، باسی جۆری دووەمی ئاسانکردنی مردن دەکەین!

 ئاسانکردنی مردن بە ڕێگەی ناڕاستەوخۆ (وازهێنان لە چارەسەرکردن): لێرەدا، هەنگاوی کاریگەرانە بۆ کۆتاییهێنان بە ژیانی نەخۆش ناگیرێتە بەر، بەڵکوو دەردەكە بەبێ چارەکردن و دەستتێوەردان، وەک خۆی دەهێڵرێتەوە، تاوەکو سووڕی سروشتی و ئاسایی خۆی تەواو دەکات، بەبێ ئەوەی هیچ جۆرە چارەسەرێکی -کە ببێتە هۆی درێژبوونەوەی ژیانی نەخۆشەکە- پێ بدرێت.

نموونەکانی ئاسانکردنی مردن بە ڕێگەی ناڕاستەخۆ:
1.
بۆ وێنە؛ نەخۆشێک تووشی شێرپەنجە بووە، یاخود بەهۆی زەبرێکی توندی بکوژەوە کە بەر سەری کەوتووە، یان بە هۆی سووتانەوە و هەوكردنی پەڕەکانی مێشکییەوە، بێهۆشە و بە هیچ لەونێك هیوایەک بۆ چاکبوونەوەی لە ئارادا نییە، هاوزەمان تووشی نەخۆشیی هەوکردنی سییەکانیش بووە، کە ئەگەر بێت و چارە نەکرێت -کە دەشێت هەوکردنی سییەکانی جیا لە نەخۆشییەکانی دیکەی چارە بکرێت- لەوانەیە نەخۆشەکە بکوژێت و، ئەگەر لە چارەسەرکردن بوەستێنرێت، لەوانەیە نەخۆشەکە بەهۆی هەوەکەوە، كەمێك زووتر بمرێت.

2. بۆ نموونە؛ منداڵێك لەشولاری، بەهۆی نەخۆشییەکەوە كە «پشتی دڕاو» یان «دەرچوونی دڕکەپەتک لە پشتەوە»ی پێ دەگوترێت، یاخود بە هۆی ئیفلیجییەکی دەماری یان مێشکییەوە، زۆر بە خراپی تێک چووە و سەرەڕای ئەوەیش، تووشی نەخۆشیی هەوکردنی سییەکان یان سووتانەوەی پەڕەکانی مێشک بووە و ئەگەر چارەسەر نەکرێت، لەوانەیە منداڵەکە بە هۆی هەوەکەوە بمرێت.

پشتی دڕاو یان دەرپەڕینی دڕکەپەتک لە درزی پشتەوە، حاڵەتێکی ناسروشتییە کە بەسەر بڕبڕەی پشت و دڕکەپەتکدا دێت و، دەبێتە هۆی ئیفلیجبوونی هەردوو پەلی خوارەوە و کەسی تووشبوو، جڵەوی خۆ لەدەست دەدات و توانای بەسەر کاردانەوەکانی ڕیخۆڵە و میزەڵدانیدا ناشکێت و، بەردەوام دەبێت لە لایەن دەوروبەرەکەیەوە پاک بکرێتەوە و، ئەو منداڵەی تووشی ئەم جۆرە ئیفلیجییە بووبێت، درێژایی ژیانی بە ئیفلیجی دەباتە سەر و دەبێت بەبەردەوامی لەژێر چاودێریی تایبەتدا بێت.

«ئیفلیجیی مێشک»یش، ئەو حاڵەتەیە کە منداڵ هەر لە ساتەوەختەكانی منداڵییەوە هاوڕێیەتی و دەبێتە هۆی ئەوەی، منداڵەکە لە ڕووی ژیرییەوە ناتەواو و دواکەوتوو بێت و، تووشی پەككەوتنی هەتاهەتایی پەلەکان بە ڕێژەی جیاواز ببێت، عەقڵ و جەستەی لە جێی خۆی نییە و دوا كەوتووە، پێویستە بە درێژایی ژیانیش، لەژێر چاودێریی ورد و تایبەتدا خۆی ببینێتەوە.

 نموونەکانی پێشوو «دەستهەڵگرتن لە چارەسەری نەخۆش»، جۆرێکە لە جۆرەکانی ئاسانکردنی مردن بە ڕێگەی ناڕاستەوخۆ و بەشێوەیەکی گشتییش ئەم منداڵانە، تەمەنێکی کورت چاوەڕێیانە و وەستاندنی چارەسەر و ئاسانکردنی مردنی ئەم نەخۆشانە بە ڕێگەی ناڕاستەوخۆ، ئازار و مەینەتییەکانی منداڵەکە، دایک و باب، خانەوادە و دەوروبەرەکەیشی ڕۆژێك زووتر کۆتایی پێ دێنێت.

ئایا ئەم جۆرە ڕێخۆشکردنە بۆ مردنی ئەم جۆرە نەخۆشانە، دروستە؟

وەڵامی نموونەی یەکەم و دووەمی «ئاسانکردنی مردن بە ڕێگەی ناڕاستەوخۆ»: ئاسانکردنی مردن بە ڕێگە ناڕاستەوخۆکان، هەروەک لە پرسیارەکەدا هاتووە، هەردوو نموونەکە (یەکەم و دووەم)یش، هەر لە چوارچێوەی «وەستاندنی چارەسەر»دا خۆ دەبیننەوە، دوای ئەوەی پزیشک بەتەواوی لە چاکبوونەوەی نەخۆشێک بێئومێد دەبێت، بێگومانیشە لەوەی بە هیچ كلۆجێك چارەیەك بۆ ئاوا دەردێك بەپێی ڕێسا خوداییەکان و یاسای هۆ و هۆکارەکان، لەگۆڕێدا نییە!

بە لای زانایانی شەرعەوە، ئەوە شتێکی ئاشکرا و زانراوە کە؛ چارەسەر و وەرگرتنی دەرمان بۆ نەخۆشی بە مەبەستی چاکبوونەوە، بە لای زۆربەی زانایان و زانایەلی پایەبەرزەوە، شتێکی فەرمانپێکراو نییە. بەڵکوو وەرگرتنی چارەسەر و دەرمان بۆ نەخۆشی، بە لای وانەوە لە بازنەی موباحدا خۆ دەبینێتەوە و چەند گرۆیەکی کەم لە زانایانیش، وەرگرتنی چارەسەریان بە مەبەستی چاکبوونەوە، بە واجب لە قەڵەم داوە، هەروەک هێندێك لە لایەنگرانی مەزهەبی شافیعی و ئەحمەد  گوتوویانە و، ئیبنوتەیمییەش لە کتێبەکەیەدا لەبارەی هەمان بابەتەوە پەیڤیوە و بە لای تاقمێكیشیانەوە، کارێکی سوننەت و خوازراو بووە.

تەنانەت ڕای زانایان لەمەڕ ئەوەوە جیاواز بووە کە، داخۆ کامیان باشتر و ویستراوترە؟! دەرمان و چارەسەر وەرگرتن، یاخود خۆڕاگرتن و ئارامگرتن لەسەر ئازار و مەینەتییەکانی نەخۆشی؟ هێندێکیان گوتوویانە: ئارامگرتن باشترە، بە بەڵگەی ئەو فەرموودە دروستەی ئیبنوعەباس هەواڵخوانەکەیەتی، ئەویش لەو کەنیزەکەوە بۆمان دەگێڕێتەوە کە دەردی پەركەمی هەبووە و، داوای لە پێغەمبەری خودا «صلی الله علیه وسلم» کردووە تا لە خودا بۆی بپاڕێتەوە، پێغەمبەری خودایش پێی فەرموو: «اِنْ أَحبَبتِ أَنْ تَصبِري، وَ لَك الجَنةُ، و اِنْ أَحببتِ أَنْ دَعوتُ اللهَ، أَنْ يَشفيَكِ.» (ئەگەر دەتەوێت ئارام بگریت و بەهەشتت بۆ ببێت، ئارام بگرە و گەر دەیشخوازیت بۆت بپاڕێمەوە، ئەوا بۆت دەپاڕێمەوە تا خودا شیفات بدات، ئەویش گوتی: ددان بە خۆدا دەگرم، بەڵام کاتێک نەخۆشییەکەم بەسەردا دێت، جلوبەرگ لەبەر خۆم دادەکەنم، لە خودا بۆم بپاڕێوە سابەڵکوو ئیدی ئاوا نەکەم، پێغەمبەری خودایش بۆی پاڕایەوە، تا ئیدی بەو لەونە نەجووڵێتەوە.)

یەکێک لە ڕەوشتەکانی هاوەڵان و شوێنکەوتووانیش ئەوە بوو، دەرمانیان وەرنەدەگرت، بەڵکوو نەخۆشییان بەسەر لەشساغیدا هەڵدەبژارد و، ئەوەیان بۆ خۆیان بە باشتر دەزانی، وەکو ئوبەی کوڕی کەعب و ئەبوزەڕ -خودا لە هەردووکیان ڕازی بێت-، هیچ کەسێكیش ئەم کارەی بە خراپ نەدەزانی .

پێشەوا بوو حامدی غەزالییش لە باسی «تەوەکول» لە کتێبی «ئیحیاء»دا، یەک باسی تەواوی بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەو کەسانە تەرخان کردووە کە دەڵێن: وازهێنان لە چارەسەروەرگرتن لە گشت هەلومەرجێکدا، باشترین هەڵبژاردەیە!

ئەمە ڕای زانایانی ئوممەت لەمەڕ وەرگرتنی چارەسەر و دەرمان بۆ نەخۆشییەوە بوو، زۆربەیان لە بازنەی کارە موباحەکاندا دایدەنێن، کەمێکیان وەک سوننەتێک سەیری دەکەن، هێندێكی دیکەیشیان بە واجبی لەقەڵەم دەدەن.

ئەز بۆ خۆم، لەگەڵ ڕای ئەو زانایانەدام کە وەرگرتنی دەرمان و چارەسەر بۆ نەخۆشی، بە واجب دادەنێن، ئەگەر ئازارێکی زۆر هەبوو و چارەسەر سوودی هەبوو، بە پێی ڕێسا خوداییەكانیش، شیفا و چاکبوونەوە لە لایەن خوداوە چاوەڕوانکراو بوو.

هەر ئەو ڕایەیش لەگەڵ ڕێنموونیی و سوننەتی پێغەمبەری خودادا گونجاو و تەبایە، ئاخر ئەو خۆی دەرمان و چارەسەری وەرگرتووە و، هەر بەو شێوەیەش فەرمانی بە هاوەڵانی کردووە، هەروەک چۆن پێشەوا ئیبنولقەییمیش ئەمەی لە کتێبی (زاد المعاد)دا، کە لە بارەی حوکمە شەرعییەکان لە ڕوانگەی فەرموودەکانی پێغەمبەری خوداوە دەدوێت، ڕوون کردووەتەوە و ئەوەی ئەم فەرموودانە دەیسەلمێنن ئەوەیە؛ ئەگەر چارەوەرگرتن واجیش نەبێت، ئەوا بە دڵنیاییەوە سوننەت و ویستراوە.

هەر بۆیە لە کڵاوڕۆژنەی ئەم فەرموودە و فەتوایانەوە، دەگەین بەو ئاكامەی کە ئەگەر نەخۆشەکە تووشی نەخۆشییەکی وەها -کە لە پرسیارەکاندا هاتبوو- بووبوو، بە شێوەیەک لە ڕێگەی وەرگرتنی دەرمان و چارەسەرەكانەوە چاوەڕێی چاكبوونەوەی لێ دەكرا، ئەوا وەرگرتنی دەرمان و چارەسەری بۆ واجب یان سوننەت دەبێت، بەپێی یاسا خوداییەکان هێندێك باری سەخت و دژواری وا هەنە، کە بە هیچ جۆرێك چارەیان نییە، ئەگەر هەر نەخۆشییەک لە لایەن پزیشکان و پسپۆڕانی شارەزا و کارامەوە چاوەڕێی چاکبوونەوەی لێ نەکرا و، درەنگ یان زوو، خاوەنەکەی بەرەو مردن دەبرد، ئەوا هیچ کەسێك وەرگرتنی چارەسەر كە تەنیا دەبێتە هۆی درێژکردنەوەی ئێش و ئازارەکانی خۆی و دەروبەری، بە واجب یان سوننەت لە قەڵەم نادات.

ئەگەر ڕووبەڕووکردنەوەی نەخۆش بۆ چارە وەرگرتن، بە خواردنەوەی دەرمان، شافهەڵگرتن، پێدانی گلوکۆز و هەر جۆرە چارەسەرێکی دیکەی هاوشێوەی ئەمانە، یان پەیوەستکردنی بە ئامێری هەناسەبەخش و بووژانەوەی دەستکردەوە، یاخود ئەوەی زانستی پزییشکی سەردەم پێی گەشتووە و، ئەوەیشی پێی دەگات، بە هەر شێوەیەک بێت، کە تەنیا نەخۆشی و ئازارەکانی لەسەر درێژ دەکاتەوە و هیچی دی، ئەوا باشتر وایە؛ وەرگرتنی چارە و دەرمان بۆ ئاوا نەخۆشێک بە واجب و سوننەت نەزانرێت، بەڵکوو لەوانەیە پێچەوانەكەیشی، پێویست یاخود سوننەت بێت!

ئەم جۆرە ئاسانکردنەی مردن -ئەگەر ئەم ناوەیش دروست بێت- نابێت بخرێتە خانەی «کوشتنی بەبەزەییانە»وە و نابێت ئەو ناوەیشی لێ بنرێت، چون ئەمەیان دۆخێكی جیاوازە و هیچ هەوڵێکی کاریگەرانە بۆ مراندنی نەخۆش لە لایەن پزیشکەوە ناگیرێتە بەر، بەڵکوو ئەمەیان وازهێنانە لە کارێک نە سوننەتە و نە پێویست، کارێک نییە تاوەکو بە هۆیەوە مرۆڤ تاوانبار ببێت.

ئەمە ڕێگەپێدانێکی شەرعییە، ئەگەر خوازراویش نەبێت، بۆیە پزیشک بۆی هەیە لەسەری بڕوات و بە مەبەستی حەوانەوە و سوککردنی باری نالەباری نەخۆش و خزم و کەس و کارەکەیشی،  پێڕەوی بكات و ئەگەر خودا ویستی لەسەر بێت، پزیشک لەم بارەدا تاوانبار نابێت.

   

-          وەڵامی نموونەی دووەمی ئاسانکردنی کاریگەرانەی مردن: ئەمە وێنەی نەخۆشێکە، کە مردن و ژیانی بەستراوە بە هەناسەبەخشێكی دەستکردەوە و لە ڕوانگەی پزیشکانەوە، ئاوەها نەخۆشێک بە «مردوو» لە قەڵەم دەدرێت، یاخود «حوکمی کەسێکی مردوو»ی بەسەردا دەچەسپێت، ئاخر بەشێکی مێشکی، کە بەهۆی ئەوەوە مرۆڤ دەژیێت، هەست دەکات و ئاگای لە دەوروبەر دەبێت، لە دەست داوە.

لەم دۆخەدا ئەگەر کاری پزیشک تەنیا بریتی بێت لە وەستاندنی ئامێرەکانی چارەسەر، ئەوا ئەم کارەیش دیسان خۆی لە چوارچێوەی دەستهەڵگرتن لە چارەسەركردنی نەخۆشدا دەبینێتەوە، ئەم حاڵەتەیش حوکمی هەمان ئەو حاڵەتانەی دیکە وەردەگرێت كە بە «ڕێگا کارتێکەرە ناڕاستەوخۆکان» دەناسرێن، ئەوانیش بریتین لە دەستهەڵگرتن و وازهێنان لە چارەسەر، لە دوای بێئومێدبوون لە چاکبوونەوە!

هەر لەبەر ئەوە، من وای بە باش دەزانم ئەم حاڵەتە و هاوشێوەکانی، لە بازنەی باری «مراندنی کاریگەری ڕاستەوخۆ»وە دەربهێنرێن و، حوکمی «کارتێکەری ناڕاستەخۆ» یان بەسەردا بچەسپێنرێت.

لەسەر بنەمای ئەمەیش، ئەم جۆرە ئاسانکردنەی مردن -لە ڕووی شەرعەوە- بە کارێکی ڕەوا لە قەڵەم دەدرێت و، هیچ تاوانێك  وە ئەستۆی بکەرەکەی ناكەوێت، بەتایبەت وەختێك ئەم ئامێرە دەستکردە تەنیا ژیانێکی کولەمەرگیی بەرچاوی لە واقیعدا مردوو- کە تەنیا خۆی لە چوارچێوەی هەناسەدان و سووڕی خوێندا دەبینێتەوە و ئەگەر بەڕاستییش مردبێت، هەر لە هەمان دۆخدا دەبێت، ئاخر بە لەبەرچاوگرتنی لەدەستدانی سەرچاوەی ژیری و هەست و نەستەکان، کە ئەویش مێشکییەتی؛ بووە بە زیندوو-مردوو، نە هەستی هەیە و نە هۆش و بوون و نەبوونی، وەك یەك وەهایە!

بێگومان هێشتنەوەی نەخۆشیش بەم شێوازە، بەبێ ئەوەی هیچ سوودێک بە نەخۆشەکە بگەیەنێت و، هیوای دووبارە ژیانەوەی لێ بخوازرێت، خەرجییەکی زۆری تێ دەچێت، ڕێگەیش لە خەڵکانێکی نەخۆشی دیکەی ئاتاج بەو ئامێرانە دەگرێت، کە هیوای زیندوومانەوە و چاکبوونەوەیان لێ دەخوازرێت، تاوەکو سوود لەو ئامێرانە ببینن.

هەرچەندە نەخۆشەکە ئاگای لە خۆی و دەوروبەر نییە و هەست و هۆشی بەیەكجاریی لە دەست داوە، بەڵام خۆ خزم و کەسوکارەکەی، تا ئەو وەختەی ئەو لەسەر ئەم حاڵە بێت، لە دڵەڕاوکێ و ئازار و تەنگانەیەكی زۆردا دەمێننەوە، کە لەوانەیە بۆ دە ساڵ یان زیاتریش، درێژە بكێشێت.

 بەر لە چەندین ساڵ لە یەکێک لەو کۆبوونەوانەدا کە ماوەی جارێک «ڕێکخراوی ئیسلامی بۆ زانستە پزیشکییەکان» لە کوەیت، پێی هەڵدەستێت، لە پێش چاوی کۆمەڵێک پزیشک و فەقیهدا، ئەم ڕایەم پێشنیار کرد، ئەوانیش بە پزیکشان و زانایانەوە، ڕاکەیان بە باش زانی و پەسەندیان کرد.

سوپاس بۆ ئەو خودایەی بەرەو ئەم شاڕێیە ڕێنموونی کردین، بێگومان گەر ئەو ڕێنموونی نەکردباین، هەرگیزاوهەرگیز خۆمان پەیمان پێ نەدەبرد و لە گومڕایان و لاڕێیان دەبووین.


فیقهی
2019-10-30 کۆمێنت 971 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2020 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی