بۆچوونی ئیبنوتەیمییە و ئیبنولقەییم سەبارەت بە لەناوچوونی دۆزەخ

فیقهی 2019-09-10 کۆمێنت 3384 جار بینراوە

وێنه‌: چاڵه‌ ئاگری ناسراو به‌ ده‌رگای جه‌هه‌ننه‌م، تورکمانستان



نووسینی: دوکتۆر یووسف قەرەزاوی

وه‌رگێڕانی: شاهۆ حەمید


پرسیار: هەر لە سەرەتای هەڵکەوتن و پێگەیشتنمەوە، لەوەی بیستوومە و پێی گەیشتووم و خوێندنەوەم بۆ کردووە و لێی کۆڵیومەتەوە، باوەڕی تەواو و جێگیرم وا بووە، کە سزای ئاگر بە نیسبەت ئەو کەسانەی بە بێباوەڕی مردوون، هەتاهەتایییە و هەرگیز کۆتاییی پێ نایەت. هەروەکو بەهەشت و نیعمەتەکانی. بەڵام لەم دوایییەدا بە پێچەوانەوە لە هەندێک پەرتووکدا بینیومە کە گوایە شەیخولئیسلام(ئیبنوتەیمییە) و قوتابییەکەی(ئیبنولقەییم) بۆچوونێکی دیکەیان بە پێچەوانەی زۆرینەی ئەهلی سوننە و موسوڵمانان بە گشتی هەیە. ئەویش ئەوەیە مانەوە لە دۆزەخدا هەتاهەتایی نییە و، ڕۆژێک دێت بە ویستی خودا کۆتایی پێ دێت و، هیچ کەسێکی تێدا نامێنێت.

ئایا ئەم قسەیە کە دەکرێت، ڕاستە، ئەوان کردوویانە؟ یاخود تۆمەتی ئەوانەیە کە چاویان بەم دوو زانایەدا هەڵنایەت؟!

جا تکام وایە لێتان وەڵامی ئەمە بدەنەوە بە گوێرەی ئەوەی لە کتێبەکانیاندا نووسراوە، نەک ئەوەی کە کەسانی دی گواستوویانەتەوە. خودا پاداشتتان بداتەوە.

وەڵامی شێخ قەرەزاوی:

بەناوی خودا، دروود و سەڵات و سەلام لەسەر پێغەمبەرەکەی...

ئەو بۆچوونەی ئەم برایەمان پرسیاری لەسەری کرد، دراوەتە پاڵ هەریەک لە پێشەوایان: ئیبنوتەیمییە و ئیبنولقەییم، منیش لە پەرتووکێلێکدا ئەوەم بینیوە وەکو ئەم برایەمان بینیویەتی. بەڵام لەگەڵ ئەوەی ماوەیەکی زۆر سەرقاڵی خوێندنەوەی کتێب و نامە زۆرەکانی ئیبنوتەیمییە بوومە، بە هیچ شێوەیەک ئەو بۆچوونەم بەسەر ئیبنوتەیمییەدا بۆ ساغ نەبووەتەوە و نەمبینیوە. وەکو وڵاتی سعوودییەیش چەند کتێبێکی بەنرخی ئیبنوتەیمییەی وەکو«منهاج السنة» و« درء التعارض العقل و النقل»ی بە چاپ گەیاندووە، هەروەها نامە و فەتواکانی لە سیوحەوت بەرگدا بە ناوەڕۆکەکانیانەوە چاپ کراون، جا لەم بەرهەمانەی شێخدا هیچ شتێکم سەبارەت بەو بابەتە نەبینیوە. بەڵکوو ئەوەم لە کتێبەکانی قوتابییەکەی(ئیبنولقەییم)دا بینیوە! لە هۆکاری ئەو هەڵەیەیش دڵنیا نیم کە بۆچی دراوەتە پاڵ شەیخولئیسلام! لەوانەیە باوەڕیان وا بووبێت ئیبنولقەییم خاوەنی بۆچوونی ڕەهای خۆی نەبووبێت، بەڵکوو پشتڕاستکەرەوە و دڵنیاکەری بۆچوونەکانی شێخەکەی بووە، باوەڕیان وا بووبێت ئیبنولقەییم تەنیا ڕوونی کردووەتەوە و بەڵگەی بۆ هێناوەتەوە و، لە بنچینەدا قسەی شێخەکەی بووە.

ڕاستییه‌که‌ی ئەمە تەنیا بۆچوونی ئیبنولقەییمە ڕەحمەتی خودای لێ بێت. منیش پوختەی ئەو بابەتە لە دەققی کتێبەکانیدا دەگوێزمەوە ئێرە، تا هەڵوێستی ئیبنولقەییممان لەسەر ئەم بابەتە لا ڕوون بێت.

ئیبنولقەییم لە دوو کتێبیدا باسی ئەوەی کردووە کە، سزای ئاگر هەتاهەتایی نییە و ڕۆژێک دێت کۆتایی دێت. ئەوانیش:

1. حادي الأرواح الى بلاد الأفراح ـ لاپەڕە(٢٥٤ -٢٨٠).

٢ – شفاء العلیل فی مسائل القضاء والقدر والحكمة التعلیل ـ لاپەڕە(٢٥٢ - ٢٦٤).

پوختەی ئەوەی لەم دوو پەرتووکەدا باسی کردووە، ئەمانەن:

یەکەم: لەبارەی هەتاهەتاییی ئاگرەوە حەوت خاڵی باس کردووە، ئەوەی باسەکەمانی لەسەرە لە خاڵی حەوتەمدایە، کە دەڵێت: «ئاگر وادەیەکی هەیە و کۆتاییی پێ دێت، پاشان دروستکەر و پەروەردگاری کە ئەڵڵایە، لە ناوی دەبات و دەیگەڕێنێتەوە بۆ نەبوون» پاشان بۆ پتەوکردنی ئەم وتەیەی چەند بەڵگەیەکی لەسەر زمانی خاوەنەکانیان خستووەتە ڕوو. لەوانە:

١. خودای گەورە لە سێ ئایەتدا باسی ئاگری بە شێوەیەک کردووە، کە بەڵگەن لەسەر بەردەوامنەبوونی بۆ هەمیشە:

أ. ئایەتی ٢٣ی سوورەتی«النبأ»: [لَابِثِينَ فِيهَا أَحْقَابًا] واتە: هەزاران ساڵی دوورودرێژ تێیدا دەمێننەوە. کە مانەوەیانی بەستووە بە ماوە یان ساڵانێکی زۆر(أحقابا) نەک بێکۆتایی، ئەوەیش بەڵگەیە لەسەر ماوەیەکی دیاریکراو! چون گەر مانەوە تێیدا بێکۆتا بوایە نەیدەفەرموو ماوەیەکی زۆر. هەندێک لە سەحابەیش بەو شێوەیە لەو ئایەتە تێگەیشتبوون، کە ئەوان بە واتاکانی قورئان لە هەمووان لەپێشتر بوون. کە تۆزێکی دی باسی دەکەین.

ب. ئایەتی ١٢٨ی سوورەتی«الأنعام»: [قَالَ النَّارُ مَثْوَاكُمْ خَالِدِينَ فِيهَا إِلَّا مَا شَاءَ اللَّهُ إِنَّ رَبَّكَ حَكِيمٌ عَلِيمٌ] واتە: خودا فەرمووی ئاگر جێگاتانە، بۆ هەمیشە تێیدا دەمێننەوە مەگەر خودا بیەوێت بیگۆڕێت یان سزاتان نەدات، بەڕاستی پەروەردگارت کاربەجێ و زانایە.

ج. ئایەتی ١٠٧ی سوورەتی«هود»: [خَالِدِينَ فِيهَا مَا دَامَتِ السَّمَاوَاتُ وَالْأَرْضُ إِلَّا مَا شَاءَ رَبُّكَ إِنَّ رَبَّكَ فَعَّالٌ لِمَا يُرِيدُ] واتە: هەتا ئاسمانەکان و زەوی هەبن ئەوانیش تێیدا دەمێننەوە، مەگەر پەروەردگارت بیەوێت دەریان بهێنێت. بەڕاستی پەروەرگارت بیەوێت هەرچی بکات، دەیکات.

هەر لە دوای ئەم ئایەتەوە باسی بەهەشت و ڕۆزییەکانی دەکات و دەفەرموێت: [خَالِدِينَ فِيهَا مَا دَامَتِ السَّمَاوَاتُ وَالْأَرْضُ إِلَّا مَا شَاءَ رَبُّكَ عَطَاءً غَيْرَ مَجْذُوذٍ] واتە: تا ئاسمانەکان و زەوی هەبن ئەوانیش تێیدا دەمێننەوە، مەگەر پەروەردگارت ویستی گۆڕانکاریی هەبێت، ئەمەیش بەخششێکە هەرگیز کۆتاییی پێ نایەت.

گەر بەڵگەی یەکلاکەرەوە لەسەر هەتاهەتاییی بەهەشت نەبوایە، ئەوا خودا بە جیاواز باسی نەدەکردن و، هەردووکیان یەک حوکمیان دەبوو! جیاوازییەکەیش ئەوەیە: خودا بۆ ئەهلی ئاگر دەفەرموێت: [إِنَّ رَبَّكَ فَعَّالٌ لِمَا يُرِيدُ] پەروەردگارت ئەوەی بیەوێت، دەیکات. جا لێرەدا خودا دەیەوێت کارێک بکات، کە هەواڵی پێنەداوین چ کارێکە. لەبەرانبەردا بۆ ئەهلی بەهەشت دەفەرموێت: [عَطَاءً غَيْرَ مَجْذُوذٍ] لە ناز و نیعمەتێکی هەمیشەییدان. ئەمیش بەڵگەیە لەسەر نەبڕاوەییی بەهەشت و نیعمەتەکانی.

٢. ئەم قسەیە وەرگیراوە لە ژمارەیەک لە سەحابە و تابیعین و کۆمەڵێک لە شوێنکەوتووانیان لە سەحابە:

عمر رضي الله عنه قال: "لو لبث أهل النار في النار عدد رمل(عالج) لكان لهم يوم يخرجون فيه" عومەر(خودا لێی ڕازی بێت) دەفەرموێت: گەر ئەهلی ئاگر بە ئەندازە و ژمارەی وردەلم یان وردەخۆڵ تێیدا بمێننەوە، ڕۆژێکیان بۆ هەیە تێیدا دەردەچن.

وابن مسعود رضي الله عنه قال: "ليأتين على جهنم زمان تخفق أبوابها ليس فيها أحد، وذلك بعد ما يلبثون فيها أحقابا" ئیبنومەسعوود(خودا لێی ڕازی بێت) دەفەرموێت: سەردەمانێک دێت دەرگاکانی دۆزەخ دادەخرێن و، کەسی تێدا نامێنێت، ئەمەیش دوای ئەوەی ماوەیەکی ئێجگار زۆر تێیدا دەمێننەوە.

عەبدوڵڵای کوڕی عەمری کوڕی عاسیش(خودا لێی ڕازی بێت) بە هەمان شێوەی ئیبنومەسعوودی فەرمووە.

ئەبوهورەیرەیش(خودا لێی ڕازی بێت) دەفەرموێت: "أما الذي أقول: إنه سيأتي على جهنم يوم لايبقى فيها أحد وقرأ:[فأما الذين شقوا...] الآیتین" ئەوەی من دەیڵێم: ڕۆژێک دێت دۆزەخ کەسی تێدا نامێنێت، دواتر ئەم دوو ئایەتەی خوێندەوە: [فأما الذين شقوا ففي النار خالدين فيها مادامت السموات والأرض...]

ئەبوسەعیدی خودرییش دەربارەی ئایەتی[إلا ما شاء ربك] فەرموویەتی: "أتت على كل آية في القرآن، أي آية وعيد" ئەم ئایەتە بۆ هەموو ئایەتێکی سزا و هەڕەشە لە قورئاندا هاتووە، واتە هەموو سزایەک خودا بیەوێت نایهێڵێت.

ئیبنوعەبباس لە گێڕانەوەیەکیدا دەربارەی ئایەتی[إلا ما شاء ربك] دەفەرموێت: "أمر الله النار أن تأكلهم" خودا فەرمان بە ئاگر دەکات ئەوەی لەنێویدایە، هەڵیلووشێت و بیخوات.

لە تابیعین و زانایانی پێشوو:

شەعبی دەفەرموێت: دۆزەخ لە دونیا و دواڕۆژ قەرەباڵغتر و ئاوەدانترە، لەناوچوون و چۆڵبوونیشی، لەوان خێراترە.

ئەبومیجلەز دەربارەی ئاگر دەفەرموێت: سزای خودا خۆیەتی، گەر ویستی لێ بێت سزاکەی ناهێڵێت.

سەبارەت بە ئایەتی[إلا ما شاء ربك] پرسیار لە «ئیسحاقی کوڕی ڕاهوەیه» کرا، فەرمووی ئەم ئایەتە بۆ هەموو هەڕەشە و سزایەک هاتووە لە قورئاندا.

٣. عەقڵ و نەقڵ و سروشت(فیترەت) بەڵگەن لەسەر ئەوەی پەروەردگار دانا و بەسۆزە:

دانایی و میهرەبانییی خودا ڕەددی دەکەنەوە ئەم مرۆڤە بۆ هەمیشە لە سزادا بمێنێتەوە. ئەو سزا و ناڕەحەتییانەی خودا لە دونیادا دایناوە، دەق و فەرمایشتەکانی خودا ڕوونیان کردووەتەوە کە ئەوە بۆ پاڵفتەکردن و لەبێژنگدانی نەفسی مرۆڤە و پاککردنەوەیەتی لەو خەوش و پیسی و شەڕه‌ی تێیدایە، بۆ وەرگرتنی ئامۆژگاری و پەند و قازانجە و، ڕێگریکردنی نەفس لە گەڕانەوە بۆ خراپە و چەندان حیکمەتی تر، لە قورئان و فەرموودەیشدا ڕوون کراوەتەوە کە ئەو سزایانە بۆ سوودی مرۆ خۆیەتی، وەکو خودا دەفەرموێت: [ذَلِكَ بِأَنَّهُمْ لَا يُصِيبُهُمْ ظَمَأٌ](التوبة: 120) ئەوەش لەبەر ئەوەی هیچ توینووێتییەکیان تووش نەبێت و، دەفەرموێت: [وَلِيُمَحِّصَ اللَّهُ الَّذِينَ آمَنُوا](آل عمران: 141) تا خودا باوەڕداران لە بێژنگ بدات.

پەروەردگاری دونیا و دواڕۆژ هەر یەکێکە، دانایی و میهرەبانییەکەی لە هەردوو دنیادا مەوجوودە، بەڵکوو میهرەبانی و سۆزی لە دواڕۆژدا زیاترە لە دونیا، وەکو بە سەحیحی هاتووە: {أن رحمته في الدنيا جزء من مائة جزء من رحمته في الآخرة} میهرەبانیی خودا لە دونیادا بەشێکە لە سەد بەشی میهرەبانییەکەی لە دواڕۆژدا.

دەی گەر سزای خودا لێرە لە دنیادا بۆ ڕەحمەت، ڕێز، نەرمی، قازانج و پەند بێت، ئەی دەبێت چۆن بێت لە ڕۆژێکدا کە سەد ئەوەندەی ئێرە میهرەبانی تێدایە؟! کە هەر میهرەبانییەک بە ئەندازەی نێوان ئاسمان و زەوییە.

خودا پێویستی بە سزادانی کەس نییە، وەکو دەفەرموێت: [مَا يَفْعَلُ اللَّهُ بِعَذَابِكُمْ إِنْ شَكَرْتُمْ وَآمَنْتُمْ وَكَانَ اللَّهُ شَاكِرًا عَلِيمًا](النساء: 147) خودا چ پێویستی بە سزادانتان هەیە گەر ئێوە سوپاسی خوداتان کرد و باوەڕتان هێنا؟! خودا سوپاسگوزار و زانایە.

هەروەکو خودا بە ئەنقەستیش سزای کەس نادات، بێگومان لەبەر قازانج و حیکمەتێکە کە دەگەڕێتەوە بۆ بەندەکانی، ئەو قازانجە یان لەبەر بەندە دۆست و نێزیکەکانیه‌تی کە بە دەستی دوژمنانیان و دوژمنانی خودا تووشی ناڕەحەتیی بووبوون لە دنیادا، خودایش سزایان دەدات تا ببێت بە بەخششێک بۆ دۆستەکانی خۆی و، تەواوکەری ناز و نیعمەتەکانی بەسەریانەوە. یان لە سوودی خراپەکاران خۆیانە، تا وەکو دەرمان چارەسەری نەخۆشییەکانیان بکات، یان ئەوە یان ئەمە.

جا خودا سزادانیانی لەسەرە، لەبەر خاتری خۆی نا، بەڵکوو غەیری خۆی. بەهۆی هۆکاری دیکەوە نەک مەبەست و مەرامی خۆی. جا گەر ئەوەی ئەو هۆکارە دەیەوێت بەدەست هات ئیتر حوکمەکەی نامێنێت. ناز و نیعمەتەکانی بەهەشت بە بەردەوامی و هەتاهەتاییی سزادانی ئەهلی ئاگرەوە نەوەستاوە. خۆ گەر بەهەشتییان دڵڕەقترین دروستکراوی خودایش بن، ڕۆژێک دێت لە بەرانبەر درێژیی ماوەی سزابینی دۆزەخییان دڵنەرم و بەبەزەیی بن.

بەردەوامیی سزا لە قازانجی خراپەکاران نییە، گەرچی لە بنچینەدا سزا بۆیان قازانجە.

٤. خودا پێی ڕاگەیاندووین کە سۆز و میهرەبانییەکەی هەموو شتێکی گرتووەتەوە:

ڕەحمەت و میهرەبانییەکەی پێش غەزەب و تووڕەیییەکەی کەوتووە و، سۆز و میهرەبانی لەسەر خۆی نووسیوە. بۆیە پێویستە سۆز و بەزەیییەکەی ئەم سزادراوانەیش بگرێتەوە، گەر بۆ ئەبەدی و هەتاهەتایی لەنێو ئاگردا بن ئەوا سۆز و بەزەییی خودا نەیگرتوونەتەوە. ڕوون و جێگیرە کە سۆز و بەزەییی خودا-لە هەر شتێکدا- کاتێک کۆتاییی پێ دێت، کە زانست(علم)ی خودایش کۆتاییی پێ بێت! زانستی خودایش لە هیچ شتێکدا کۆتاییی بۆ نییە. وەکو خودا لەسەر زاری فریشتەکان دەیگێڕێتەوە: [رَبَّنَا وَسِعْتَ كُلَّ شَيْءٍ رَحْمَةً وَعِلْمًا](غافر: 7) پەروەردگارا میهرەبانی و زانستی تۆ هەموو شتێکی گرتووەتەوە.

خودایش بە لێخۆشبووی میهرەبان(الغفور الرحیم) ناوی خۆی ناوە، نەک بە سزادەر و تۆڵەسێن. بەڵکوو سزا و تۆڵەی لە کردارەکانی داناوە، وەکو دەفەرموێت: [نَبِّئْ عِبَادِي أَنِّي أَنَا الْغَفُورُ الرَّحِيمُ (49) وَأَنَّ عَذَابِي هُوَ الْعَذَابُ الْأَلِيمُ (50)](الحجر: 49 ـ50) بە بەندەکانم ڕابگەیەنە کە بەڕاستی هەر من لێخۆشبووی میهرەبانم، هەر سزای من سزای بەتین و بەئازارە. جگە لەم ئایەتانەیش.

ئەو زاتە بە لێبووردە، لێخۆشبوو، بەبەزەیی، نەرمونیان و... ستایش دەکرێت و بانگی لێ دەکرێت. بە سزادەر و تووڕە و... ستایش نەکراوە، جگە لە فەرموودەیەک کە ژمارەیەک لە ناوە جوانەکانی خودای تێدایە، بەڵام جێگیر نەبووە!

٥. خودا مرۆڤی هەر وا بێئەنجام و بێکەڵک دروست نەکردووە و، بۆ ئەوەیش دروستی نەکردووە تا سزای بدات:

بەڵکوو دروستی کرد تا لەگەڵیدا بەسۆز بێت، دوای دروستکردنی سزای لەسەر پێویست کرد. سزادان مەبەست و ئامانجی خودا نییە، بەڵکوو لەبەر حیکمەت و ڕەحمەت سزای دەدات. هەر ئەو حیکمەت و ڕەحمەتە ڕێگری لە ئەبەدییەت و هەهەتاییی سزا دەکەن. ڕەحمەت؛ ئاشکرایە و ڕوون بوویەوە. حیکمەتیش؛ ئەوەیە، سزا دەدرێت بەهۆی کارێک کە لە سروشت(فیترەت)یدا یان جگە سروشتیدا هەیە. ئەو سزایە لە پێکهاتە و بنچینەی دروستکردنەکەیدا دروست نەکراوە، چونکە خودا بەندەکانی بە پاکی و بێتاوانی دروست کردووە. واتە لە بنچینەدا سزای لەگەڵدا دروست نەکردوون. دروستی نەکردوون نە بۆ هاوەڵدانان نە بۆ سزادان، بەڵکوو بۆ پەرەستن و ڕەحمپێکردن دروستی کردوون. بەڵام پێویستیی سزابینین لەسەریان بە دیارکەوت و بوون بە شایستەی چەشتنی سزا. ئەوەیش کە ئەو شایستەیییە لەسەریان پێویست دەکات، بێباوەڕی(کوفر)ە. بۆیە بەردەوام نابێت. چۆن دەبێت ئەو کوفر و بێباوەڕییە هەمیشەیی بێت؟!

6. بە لای ئەهلی سوننەوە هەڵگرتن و لادانی سزا دروستە:

بەڵکوو هەڵگرتنی سزا بەخشندەیی و لێبووردەییی بێسنووری خودا دەردەخات و، خودای پێ ستایش دەکرێت. چون لادانی سزا واتە خۆشبوونی خودا لە حەققی خۆی. ئەو بەخشندەیەی لە مافی خۆی خۆش نەبێت، چۆن دەبێت بە بەخشندەترینی بەخشندەکان؟! دواتر ئیبنولقەییم چەند فەرموودە و شیعرێکی بە بەڵگە بۆ ئەوە هێناوەتەوە. ئەمە بۆ سزا و هەڕەشەی ڕەها، ئەی دەبێت بۆ سزایەک کە خودا بەم ئایەتە [إِنَّ رَبَّكَ فَعَّالٌ لِمَا يُرِيدُ] جیای کردووەتەوە چۆن بێت؟! بەو هۆیەیشەوە دەڵێن: هەر سزایەک کە لە قورئاندا هاتووە، ئەم ئایەتەی بەسەردا جێبەجێ دەبێت.

دووەم: ڕەددانەوەی ئیبنولقەییم بۆ بەڵگەی ئەوانەی دەڵێن ئاگر هەتاهەتایییە، گرنگترینیان:

١. ئەو ئایەتانەی دەکرێنە بەڵگە لەسەر هەمیشەییی بێباوەڕان لە ئاگردا:

ئیبنولقەییم دەفەرموێت: باسکردنی ماوەیەکی زۆر و ئەبەدی(الخلود و التأبید) واتای هەمیشەیی و بێکۆتایی(عدم النهاية) نادات. «خلود» واتە ماوەیەکی زۆر و دوورودرێژ، وەکو دەڵێن: فڵان ماوەیەکی زۆر(مخلد) بە گوێرەی پێویست بەند کرا. کە ئەو ماوەیەیش ماوەی ژیان و دونیا دەگرێتەوە. جا وشەی «خلود» لە چەند دەقێکدا بۆ هەندێک لە تاوانە گەورەکان هاتووە، وەکو بکوژی باوەڕدار بە ئەنقەست: [فَجَزَاؤُهُ جَهَنَّم خَالِدًا فِيهَا](النساء:٩٣) بۆ ماوەیەکی ئێجگار زۆر لە دۆزەخدا دەمێنێتەوە. یاخود ئەو کەسەی خۆی کوشتووە، پێغەمبەر(دروودی خودای لەسەر بێت) دەفەرموێت: {فحديدته في يده يتوجأ بها في نار جهنم خالدا مخلدا فيها أبدا} ئەو ئاسنەی کە خۆی پێکوشتووە بە دەستییەوەیە، لە دۆزەخیشدا بۆ ئەبەدی و ماوەیەکی ئێجگار زۆر بە هەمان شێوە خۆی پێ سزا دەدات.

٢. ئەو ئایەتانەی بەڵگەن لەسەر دەرنەچوونیان لە دۆزەخدا:

خودا دەفەرموێت: [وَمَا هُمْ بِخَارِجِينَ مِنَ النَّارِ](البقرة:167) ئەوان دەرچوونیان بۆ نییە لە ئاگردا. [وَمَا هُمْ بِخَارِجِينَ مِنْهَا](المائدة:37) دەرچوونیان بۆ نییە تێیدا. [لَا يُقْضَى عَلَيْهِمْ فَيَمُوتُوا](فاطر:36) بڕیاری مردنیان بەسەردا نادرێت تا بمرن تێیدا. هەتا دوایی لە نموونەی ئەم ئایەتانە.

دواتر ئیبنولقەییم دەفەرموێت: کۆمەڵێک دەڵێن: "ئەم ئایەتانە ڕەها(مطلق)ن و بە ئایەتی مەشیئە[إلا ما شاء ربك] بەستراونەتەوە و موقه‌یيه‌د کراون. هەروەها گشتی(عام)ن و تایبەت(خاص) کراون. ئەمەیش وەکو قسەی ئەوانە وایە کە دەڵێن[إلا ما شاء ربك] بۆ هەموو ئایەتێکی سزا هاتووە."

ئەوەی کە ئیبنولقەییم بە ڕاستی داناوە و بۆی چووە: ئەم ئایەتانە لەسەر گشتگیری و ڕەهاییی خۆیانن، ئەوان تێیدا دەمێننەوە و دەرناچن تا ئەو کاتەی دۆزەخ بمێنێت. هەتاهەتاییی دۆزەخییان مانای هەتاهەتاییی خودی دۆزەخ نادات. مانای وا نییە دۆزەخ بە بەردەوامیی خودا هەتاهەتایی بێت و، جیاوازیی هەیە ئەوەی کە سزای خەڵکەکەی هەمیشەیی و بەردەوامی بە دۆزەخ بدات یان خودی دۆزەخ هەمیشەیی بێت و کۆتاییی پێ نەیەت.

٣. کۆڕای زانایان لەسەر هەمیشەییی دۆزەخ:

ئیبنولقەییم دەفەرموێت: ئەوەی وتوویەتی ئیجماع لەسەر هەمیشەییی ئاگرە، ئاگای لە مشتومڕ و جیاوازییەکان نەبووە. ئەوە زانراوە لە کۆن و لە ئێستایشدا جیاوازیی بەردەوام لەسەر ئەم بابەتە هەبووە و هەیە. چۆن جیاوازی نەبووە؟! لەکاتێکدا چەندین گوفتاری سەحابە و شوێنکەوتووانیانمان پێ گەیشتووە، کە پێچەوانەی ئەوەن ئەوان بانگەشەی بۆ دەکەن.

سێیەم: دوای هەموو ئەمانە ئیبنولقەییم بێدەنگیی هەڵبژاردووە و بابەتەکەی بۆ ویستی خودا(مشيئة الله) جێهێشتووە:

نە کۆتایهاتنی ئاگر بڕیاری یەکلاکەرەوەیە و نە هەمیشەییی بوونی.

ئیبنولقەییم لە(شفاء العلیل)دا دەفەرموێت: من لەم بابەتەدا لەسەر قسەی ئەمیری باوەڕداران(عەلی)م، کە باسی چوونەناوەوەی بەهەشتییانی بۆ بەهەشت و دۆزەخییانی بۆ دۆزەخ بە باشترین شێوە کرد و، پاشان فەرمووی: دواتر خودای گەورە لەگەڵ دروستکراوەکانیدا هەر کارێک مەیلی لێی بێت دەیکات.

لەسەر مەزهەبی ئیبنوعەبباسم کە فەرموویەتی: بۆ هیچ کەسێک نییە بڕیار بەسەر خودادا بدات، کە چی لە دروستکراوەکانی دەکات، یاخود کێ بەهەشتییە و کێ دۆزەخی. ئەمەی لە تەفسیری ئایەتی[قَالَ النَّارُ مَثْوَاكُمْ خَالِدِينَ فِيهَا إِلَّا مَا شَاءَ اللَّهُ..]دا باس کردووە. لەسەر مەزهەبی ئەبوسەعیدی خودریم کە فەرموویەتی: هەموو قورئان بەم ئایەتە[إِنَّ رَبَّكَ فَعَّالٌ لِمَا يُرِيدُ] کۆتاییی هات. واتە پەروەردگارت چی بوێت، دەیکات. لەسەر مەزهەبی قەتادەم کە سەبارەت بە ئایەتی[إِلَّا مَا شَاءَ رَبُّكَ] فەرموویەتی: خودا زاناترە لەوانەی قسەی لەسەر دەکەن، ئایا لە زانایەتییەکەی کەوتووە وا لە جیاتی ئەو قسان دەکەن؟!

لەسەر مەزهەبی ئیبن زەیدم کە فەرموویەتی: خودا پێی ڕاگەیاندووین چی بۆ بەهەشتییان دەوێت[عَطَاءً غَيْرَ مَجْذُوذٍ] لە ناز و نیعمەتی هەمیشەییدان. پێی ڕانەگەیاندووین چی بۆ دۆزەخییان دەوێت!

ئەو وتەیەیش گوایە دۆزەخ و سزاکەیشی هەمیشەیین بە هەمیشەییی خودا، هەواڵێکە و دراوەتە پاڵ خودا. گەر خودا یەکلای نەکردبێتەوە، دەبێتە قسەکردن لەسەر خودا بەبێ زانست(علم) و، ئەو دەقانەی باسمان کردن ئەوەی لێ ناخوێندرێتەوە. خودایش زاناترە.


تاگەکان    
گێڕانەوە کورد قەدەر گەڕان خێوەتگە دیزاینی زیرەک کۆمه‌ڵه‌ بەڵگه‌یه‌ک که‌ له‌ شوێنی خۆیاندا نین گفتوگۆ مۆدێرنە ئیلحاد ژیانی پێغەمبەر چیرۆک فیکر ژن جنۆکە
فیقهی
2019-09-10 کۆمێنت 3384 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی