سۆز و په‌یبردن

زانست 2018-11-04 کۆمێنت 1364 جار بینراوە

وه‌رگێڕانی: ئارام شاهۆ

بەشی سێیه‌م


- کاریگەریی سۆز لەسەر یادگە

یادگە (ذاکرة) کۆمەڵە پرۆسەیەکە، ئەزموون و بیرۆکەکانی ڕابردوو تۆمار دەکات، پاشان بەکاریان دەهێنێتەوە. یادگەی ئێمە وەک هاردی کۆمپیوتەر نییە، وێنەیەک بخەیتە ناو فۆلدەرێک و کەی پێویستت پێی هەبوو برۆیتە سەر فۆلدەرەکە و وێنەکە دەربهێنی. یادگە پرۆسەیەکی چالاکیی بونیادییە، واتا ئەو شوێنەی کە لێییت، ئەوبارەی کە تێیدایت، دەتەوێ چی بکەیت و گرینگی بە چی دەدەی، هەموو ئەمانە وەک خشتی بینایەکەن، کار لەسەر شێوازی تۆمارکردن و بەبیرهێنانەوەی یادەوەرییەکان دەکات. لەم پرۆسەیە سۆز ڕۆڵێکی گرینگی هەیە. بەدەر لەوەی کە کاریگەریی هەیە لەسەر بیركه‌وتنه‌وه‌ بەگشتی، دەیشتوانێت ئەوە دیاری بکات کە لە هەنێ باردا، چ یادەوەرییەکمان بە بیر بێتەوە.

کۆنترین و باوترین پەیوەندییەك کە دەروونناسان لە نێوان سۆز یادگه‌دا تێبینییان کردووە، ئەوەیە کە ئەو ڕووداوانەی هەستبزوێنن، بەئاسانی دێنەوە بیرت. بۆ نموونە گەر تۆ ڕووداوی پیاکێشانی پاسکیل و ئۆتۆمبیلێک ببینیت، ئەوا ئەو ڕووداوە لە مێشکتدا بەباشی دەچەسپێت و، بۆ کاتێکی تر بەئاسانی دەتوانی ڕووداوەکە بهێنیتەوە پێش چاوت. بەڵام ئەگەر ئەو پاسکیل و ئۆتۆمبیلە بەشێوەیەكی ئاسایی، هەریەکە بە ڕێی خۆیاندا بڕۆن، ئەوا شتێكی وا لە یادگەتدا نامێنێ، وەک چۆن لە دیاردەی سەرنج خستنە سەر چەک باسمان کرد کە دیوی سۆزیی ڕووداوێک باشتر تۆمار کرا، ئەوا دیوە ناسۆزیییەکەی هەمان ڕووداو بەباشی لە یادت نامێنێ. بگەڕێینەوە سەر ڕووداوی پاسکیلەکە، پاسکیل و ئۆتۆمبیلەکە، کە چەقی ڕووداوەکەن، بە باشی لە بیرت دەمێنێتەوە، بەڵام ناتوانیت ڕەنگی ئۆتۆمبیلێک، کە لە ئەودیوی شەقامەکە ڕاوەستا بوو، بهێنیتەوە یادت، چونکە ئەمە لە پەراوێزی ڕووداوەکەدا بووە.

ئەی چی دەربارەی ڕووداوە ئەرێنی و نەرێنییەکان؟ ئایا هەردووک وەک یەک ئاسانن بۆ یادهێنانەوە. توێژینەوەکان ئەوەیان دەر خستووە، کە خەڵک ڕووداوە نەرێنییەکانیان باشتر لە یادە! لەوانەیە ئەمە لەبەر ئەوە بێت کە ڕووداوە نەرێنییەکان بارێکی زۆر دژوار دروست دەکەن، لێڕاهاتنی ئاسان نییە، هه‌روه‌ها بۆ سەلامەتی و ڕزگاربوونمان گرینگترن. جگە لەوەیش، بەشێوەیەكی گشتی ڕووداوە نەرێنییەکان زیاتر هەستبزوێنن، لەوانەیە هۆکاری لەبیرمانەوەی ئەو ڕووداوە، لەبه‌ر زۆریی ورووژانەکە بێت، نەک لەبەر ناخۆشی و خۆشیی ڕووداوەکە.

ئەوەی دەبێتە مەتەڵی ئەم توێژینەوەیانە ئەوەیە، کە سۆزەکە لەبەر خودی ئەو شتەی، کە پێویستە لە یادمان بمێنێتەوە، دروست دەبێت. بۆیە نازانین ئاخۆ زانیارییە سۆزیییەکان خۆیان باش لە مێشکدا دەچەسپێن، یان ئەو سۆزە وامان لێ دەکات کە زانیارییەکان باشتر لە یادگەمان جێگیر بێت.

بۆ ئەوەی ئەم مەتەڵە شی بکرێتەوە تاقیکردنەوەیەک ئەنجام دراوە. لەم تاقیکردنەوەدا بەشداربووان کۆمەڵێک وشەیان پێ درابوو، دەبوو لەبەری بکەن. پاشان بۆ چەند گروپێک دابەشکران، گروپێکیان دوای خوێندنی وشەکان چوونەوە. گروپێ تر یەکسەر ڤیدیۆیەکی کۆمیدیان نیشاندرا، گروپێ تر دوای ١٠ خولەک ڤیدۆکەیان نیشاندا، دانەیە تریش دوای ٣٠ خولەک. دوای هەفتەیەک بەشداربووان هاتنەوە و وشەکانیان دەوتەوە، دەرکەوت هەموو ئەوانەی ڤیدۆکەیان بینی بوو، بەشێوەیەكی زۆر باشتر وشەکانیان لە بیر مابوو. لێرەوە ئەوە یەکلا بووەوە ئه‌وە سۆزە وا دەکات زانیارییەکانمان باشتر لە یاد بمێنێتەوە نەک خودی زانیارییەکان.

جگە لە ڕێگه‌ی پێشوو، کە سۆز وای دەکرد هەنێ ڕووداو باشتر لە یاد بمێنێتەوە، دوو ڕێگەی تر هەن کە سۆز کار لەسەر یادمان دەکات. ئەوانیش پێیان دەڵێن: یادگه‌ی هاوجووتی ده‌روونی(mood-congruent memory ) و یادگه‌ی پشتبه‌ستوو به‌ باری ده‌روونی(mood-state–dependent Memory ).


- یادگه‌ی هاوجووتی ده‌روونی

بۆ ساتێک بیر لە ڕووداوێک بکەره‌وە کە هەفتەی پێشوو ڕووی دا. گەر لەم ساتەدا تۆ دڵخۆش بیت، ئەوا ڕووداوێکی خۆشت بەیاددا دێ، بەڵام گەر دڵتەنگ بیت، ئەوا ڕووداوێکی ناخۆشت دێتەوە یاد.

یادی هاوتای میزاج مەیلی کەسێکە، لە بارێکی سۆزیدایە، بۆ بەبیرهێنانەوەی ئەو زانیارییانەی کە هەمان کاریگەریی ئەو سۆزەیان هەیە. ئەمەش لەگەڵ مۆدێلی تۆڕی پەیوەندیداردا زۆر دەگونجێت، چونکە بیرۆکەکە ئەوەیە، ئەو سۆزە چالاکییەک بەنێو تۆرەکەدا بڵاو دەکاتەوە، لە ئەنجامدا ئەو (گرێیانەی یادەوەری)، کە پەیوەندییان بەو سۆزەوە هەیە، چالاک دەبن، بۆیە ئەو بیرەوەریانەی کە پەیوەندیان بە ئەو سۆزەوە هەیە، دێنەوە یادمان.

دەروونناسان بۆ ئەوەی توێژینەوە لەسەر ئەم یادگەیه‌ بکەن، سەرەتا دۆخێکی سۆزی دروست دەکەن و وا لە کەسی بەشداربوو دەکەن هەست بەو سۆزە بکات، پاشان دەست دەکەن بە تاقیکردنەوە. لە یەکێ لە لێکۆڵینەوەکان بەشداربووان بە مۆسیقا خرانە چەند بارێکی سۆزی جیاوازەوە، پاشان توێژەران دەستیانکرد بە خوێندنەوەی وشە هاودەنگەکان (ئەم وشانە لە دەنگدا زۆر لەیەکەوە نزیکن بەڵام لە واتادا جودان)، بەشداربووەکان دەبوو ئەو وشە بنووسنەوە کە گوێیان لێ دەبێت. لەبەر ئەوەی وشە هاودەنگەکان لە ڕووی ڕێنووسەوە جیاوازن، بۆیە زۆر ئاسان دەتوانین بزانین، لە کاتی دەربڕینی دەنگەکە، ئەو کەسە چ وشەیەکی بە بیر هاتەوە. هەر وەک پێشبینی کرابوو، هەر کەسە ئەو وشەی دەنووسی کە هاوتای دۆخی سۆزیی خۆی بوو، بۆ نموونە لەکاتی وتنی (دایی)، کەسی خەمبار زیاتر وشەی (die ) دەنووسی کە واتای مەرگ دەدات، بەڵام کەسانی دڵخۆش وشەی (dye ) دەنووسی کە مانای بۆیەیە.

ئەوەی جێی سەنجە، کاتێک سۆز ڕێنوێنیی بەبیرهێنانەوە دەکات، وا دەکات شتانێک بێنە زەینمان کە لە ڕاستیدا ڕوویان نەداوە، بەڵام هاوتایە لەگەڵ ئەو کەشە سۆزییەی کە تێیداین. بۆیە دەکرێ کەسێک بە شێوەیەكی هەڵە، زانیارییەک بێنێتەوە یادی کە لەگەڵ باری دەروونی هاوتایە، بەڵام هەرگیز ئەزموونی نەکردووە و شتی وای نەبینیوە.


-یادگەی بەند لەسەر سۆز

ئەمەیش دیاردەیەکە وه‌ختێ کەسێک لە باری سۆزیدا، ئەو زانیارییانەی باشتر بە یاد دێتەوە، وا لە هەمان کەشی سۆزیدا فێری بووه‌. دەکرێ زانیارییەکە شتێکی سادە بێت و هیچ واتایەکی سۆزی لەخۆ نەگرێ، ئەوەی گرنگە هاوتابوونی دۆخە سۆزییەکەیە لەو کاتەی کە زانیارییەکە وەردەگری، لەگەڵ ئەو کاتەی کە دەتەوێ بیهێنیتەوە یادت. بۆنموونە گەر لە کاتی خوێندندا دڵت خۆش بێ، ئەگەر لە تاقیکردنەوەکە هەمان جەوت هەبێ ئەوا شتەکان بەباشی دێنەوە یادت.

ئەمە چۆن ڕوودەدات؟ کاتێک کە تۆ لە بارێکی تایبەتیدا شتێک فێر دەبی، ئەوا زانیارییە وەرگیراوەکان، لەگەڵ زانیاریی باری دەروونیت، پێکەوە تۆمار دەکرێن. لێرەوە باری دەروونیت ڕێخۆشکەرێک دەبێت تا ئەو زانیارییەی کە لەگەڵیدا گرێ دراون، دووبارە بێنەوە یادت.

گەر بیر لە مۆدێلی تۆڕی پەیوەندیدار بکەینەوە، دەتوانین لە یادگەی بەند لەسەر سۆز بە باشی تێبگەین. کاتێک کە ئەزموونی دۆخێکی دەروونی دەکەیت ئەوا ئەو گرێیانەی یادت کە تایبەت بە ئەو بارە دەروونییەن چالاک دەبن. پاشان چالاکییەکە بە گرێیە پەیوەندیدارەکان بڵاو دەبێتەوە، ئەم گرێیە پەیوەندیدارانە ئەو زانیارییانە لە خۆ دەگرێ کە پێشتر لە هەمان دۆخدا وەرتگرتوون. بۆیە ئەو زانیارییانە لەو کەشە تایبەتە باشتر دێنەوە یادت، وەک لەوەی لە بارێکی تری دەروونیدا بی.

یادگەی بەند لەسەر سۆز، زیاتر بۆ ئەو کاتانە بەهێزە کە کەسەکە خۆی ئەو زانیارییە وەر بگرێت و لەگەڵ کەشەکە بەندی بکات، نەک کەسێکی تر پێی بکات. بۆ نموونە ئەگەر کەسێک داوات لێ بکات، لە کاتی بیستنی وشەیەکی دیاریکراودا، یەکەم وشە چی بوو کە بە مێشکتدا هات، لە مێشکدا بچەسپێنی. ئەگەر ئەو کاتە لە بارێکی باشدا بی، ئەوا لە داهاتوودا، لە هەمان باردا دەتوانیت بە ئاسانی ئەو دوو وشە بهێنیتەوە یادت. بەڵام ئەگەر هەم وشەکەت پێ بدەن و هەم ئەو وشەیه‌یشی کە پەیوەندیی پێوە هەیە، ئەوا کاریگەرییەکی وا دەر ناکەوێت.

هەمان شت بۆ بەیادهێنانەوەی زانیارییە تۆمارکراوەکانیش ڕاسته‌. یادگەی بەند لەسەر سۆز زیاتر لە کردەی یادهێنانەوەی ئازاددا کارایە، (کاتێک کە داوایان لێ دەکرێت ئەوەی پێشتر نیشانیان دراوە بیڵێنەوە)، بەڵام لەگەڵ کردەی ناسینەوە زۆر چالاک نییە (کاتێک دوو شت نیشانی بەشداربووان دەدرێت و پێیان دەڵێن کامەیانت پێشتر بینیوە). ئەمە بۆ وایە؟ لە کردەی بەبیرهێنانەوەی ئازاددا هیچ نیشانەیەک نییە تا یارمەتیی بەبیرهێنانەوەت بدات، بۆیە زیاتر پشت بە کەشە دەروونییەکە دەبەستی بۆ بیركه‌وتنه‌وه‌. بە پێچەوانەوە، لە کردەی ناسینەوەدا، ئەو شتانەی پێشانتدراون دەبنە نیشانە بۆ ئەوەی زانیارییەکان بێنەوە یادت، بۆیە ئەوەندە گرنگی بە کەشە دەروونییەکە نادەیت.



لینکی به‌شه‌کانی تر:

بەشی یه‌که‌م

بەشی دووه‌م




تاگەکان    
گەڕان عێڕاق ئەدەبیاتی فارسی شیرک ژن گێڕانەوە مێژوو دوعا باران هاوڕەگەزخوازی چەواشەکاریی لۆژیکی حزبی ئیسلامی شەڕ کۆرۆرنا سیاسەت
زانست
2018-11-04 کۆمێنت 1364 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی