له‌باره‌ی یاریی په‌بجییه‌وه‌

فیقهی 2018-10-29 کۆمێنت 1080 جار بینراوە

یاریی په‌بجى له‌ نێوان به‌كارهێنه‌ران و حه‌رامبوونى لێژنه‌ى فه‌توادا!


ڕۆژى ٢٤-١٠، لێژنه‌ى فه‌تواى هه‌رێمى كوردستان-سلێمانى، به‌كۆى ده‌نگ یاریی -په‌بجى-یان حه‌رام كرد. له‌م بابه‌ته‌دا به‌نده‌ وه‌كو كه‌سێكى ئه‌كادیمى و شاره‌زا له‌ بوارى ته‌كنه‌لۆژیا، به‌وردى تیشك ده‌خه‌مه‌ سه‌ر به‌كارهێنه‌رانى یارییه‌كه‌ و تێڕوانین له‌ فه‌تواى حه‌رامبوونى...

سه‌ره‌تا یاریی په‌بجى(PlayerUnknown’s Battlegrounds ) له‌ ئێسته‌دا یه‌كێكه‌ له‌ پڕهه‌وادارترینی یارییه‌كان له‌سه‌ر ئاستى جیهان و ژماره‌ى یاریكه‌رانى پێنجسه‌ت ملیۆنى تـێپه‌راندووه‌.

ئه‌م یارییه‌ له‌ ساڵى ٢٠١٥ه‌وه له‌ لایه‌ن كۆمپانیاى بلو هۆڵ Blueholeى كۆریاى باشووره‌وه‌ دیزاین كراوه‌ و په‌ره‌ى پێ ده‌درێت، به‌ڵام له‌ ٢٠١٧ه‌وه‌ به‌ شێوه‌یه‌كى چاوه‌ڕواننه‌كراو له‌ جیهاندا هه‌واداره‌یلێكی زۆرى له‌ ده‌ورى خۆى كۆ كرده‌وه‌.

داهاتى ڕۆژانه‌ى ئه‌م یارییه‌ ٦٥٠ هه‌زار دۆلارى ئه‌مریكییه‌، واته‌ مانگانه‌ نۆزده‌ ملیۆن و پێنجسه‌ت هه‌زار دۆلار، ساڵانه‌ دووسه‌ت و سیوچوار ملیۆن به‌ واتایه‌كى تر، بیستوسێ هه‌زار و چوارسه‌ت ده‌فته‌ر دۆلارى ئه‌مریكی.

یه‌كه‌م جار ڕووى ده‌مم ده‌كه‌مه‌ لێژنه‌ى فه‌تواى هه‌رێمى كوردستان-سلێمانى، ده‌مه‌وێت ئه‌وه‌یان بیر بخه‌مه‌وه‌ كه‌ ده‌كرا وردتر بوونایه‌ له‌سه‌ر فه‌تواكه‌ و پرسیاریان له‌ خه‌ڵكى شاره‌زا بكردایه‌ له‌و بواره‌، وه‌كو خواى گه‌وره‌ ده‌فه‌رمووێت (فاسألوا اهل الذكر ان كنتم لا تعلمون)، بۆیه‌ هه‌ركه‌سه‌ و له‌ بوارێك شاره‌زاییى هه‌یه‌ و ده‌كرا كه‌سێكى شاره‌زاى ته‌كنه‌لۆژیا یان ڕوونتر بڵێم گه‌یمینگ(Gamingبه‌دروستی به‌م یارییه‌ى ئاشنا بكردنایه‌‌، ئه‌وكات فه‌تواكه‌یان ده‌ركردبا، به‌ڵام به‌م شێوه‌یه‌ى ئێسته‌ نا.

جاری دووه‌میش ڕووى ده‌مم ده‌كه‌مه‌ ئه‌و خه‌ڵكه‌ و ده‌پرسم، چه‌ند كه‌س فه‌تواكه‌ى خوێندووه‌ته‌وه‌؟ ئه‌سڵه‌ن چه‌ند كه‌س بڕواى به‌ مه‌بادیئـ و قییه‌مه‌كانى ئایینى پیرۆزى ئیسلام هه‌یه‌؟ چه‌ند كه‌س گوێڕایه‌ڵى فه‌تواكانى لێژنه‌ى فه‌تواى هه‌رێمى كوردستانه‌؟ له‌ كوێى فه‌تواكه‌ به‌ قه‌تعى یارییه‌كه‌ حه‌رام كراوه‌؟ ئه‌مانه‌ و ده‌یان پرسیارى تر...

ماوه‌ى چه‌ند ڕۆژێكه‌ فه‌یسبووك پڕ بووه‌ له‌ باس و خواسى حه‌رام و حه‌ڵاڵبوونى یاریی په‌بجى، من ده‌توانم سوێند بخۆم به‌ خودا كه‌ له‌سه‌دا نه‌وه‌توهه‌شتی ئه‌وانه‌ى بابه‌تیان نووسیوه‌، نه‌ فه‌تواكه‌یان خوێندووه‌ته‌وه‌، نه‌یش‌ ده‌زانن چیی تێدا نووسراوه‌، به‌ڵكو هه‌مووى چاولێكه‌ریه‌!

من ده‌یان جار له‌ نووسینه‌كانم ئاماژه‌م پێ داوه‌، ئاسانترین ڕێگه‌ بۆ خۆده‌رخستن و به‌ناووبانگبوون له‌ ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست به‌گشتى و هه‌رێمى كوردستان به‌تایبه‌تى، سووكایه‌تی و هـێرشكردنه‌ بۆ سه‌ر ئایین و ڕه‌مزه‌ ئایینییه‌كان و خودی ئایینى پیرۆزى ئیسلام.

تۆ كه‌ نوێژ ناكه‌یت، ئاره‌ق ده‌خۆیته‌وه‌، داوێنپیسى ده‌كه‌یت، چی خودا و عه‌بدى خودا پێى ناخۆشه‌ ئه‌نجامى ده‌ده‌یت، ئیتر به‌ تۆ چی یارییه‌كه‌ حه‌رام كرابێت یان حه‌ڵال؟

تۆ كه‌ تا ئێسته‌ نازانى جیاوازیی نێوان ئه‌ركانه‌كانى ئیسلام و ئیمان چییه‌؟ چه‌ند دانه‌ن؟ حه‌ڵاڵ و حه‌رامكردنى به‌ تۆ چی؟

تۆ كه‌ نازانیت نوێژكردن ڕۆژانه‌ چه‌ند جاره‌، چه‌ند ڕه‌كعا‌تن، به‌ مانگ ئه‌و مزگه‌وته‌ى گه‌ڕه‌كى خۆتان نابینیت، نازانیت ژماره‌ى سووره‌ته‌كانى قورئان چه‌ندن، ئیتر حه‌ڵاڵى و حه‌رامى بۆ تۆ چیین؟
ئایینى پیرۆزى ئیسلام قوتابخانه‌یه‌، په‌روه‌رده‌یه‌، ئاسانكارییه‌ بۆ ژیان، هه‌رچى سیفه‌تى جوان هه‌یه‌ تیایدا هاتووه‌، خۆشه‌ویست ده‌فه‌رمووێت "يسروا ولا تعسروا، وبشروا ولا تنفروا"، ئاسنكارى بكه‌ن، شت قورس مه‌كه‌ن، موژده‌ده‌ر بن، توقێنه‌ر مه‌بن....

هیچ ده‌قێكى ئایینى نییه‌ كه‌ ڕێگرى بكات له‌ چێژوه‌رگرتن و خۆشیى مرۆڤه‌كان، به‌ مه‌رجێك له‌ چوارچێوه‌ی شه‌رعی و كلتوریی ئه‌و گه‌له‌ ده‌ر نه‌چێـت، یاریی په‌بجى و هه‌ر یارییه‌كى تر ئاساییه‌ و حه‌رام نییه‌. به‌ڵام بیرمان نه‌چێت خواى گه‌وره‌ ده‌فه‌رمووێت (كلوا واشربوا ولا تسرفوا)، بۆیه‌ هه‌ر شتێك زیاده‌ڕۆییی تێدا بكرێت حه‌رامه‌.

له‌ ئایه‌تێكى تردا ده‌فه‌رمو‌وێـت (ولا تلقوا بأیدیكم إلی التهلكة)، واته‌ به‌ ده‌ستى خۆتان، خۆتان به‌ هیلاكدا مه‌به‌ن.

كاتێك ڕۆژانه‌ ده‌یان كاتژمێر له‌ یاریكردن یان هه‌ر شتێكى تر به‌سه‌ر ببه‌یت، بێگومان حه‌رامه‌، كاتێك نوێژه‌كه‌تى له‌سه‌ر داده‌نێیت و ئاگات لێى نییه‌، به‌دڵنییایه‌وه‌ حه‌رامه‌، ته‌نانه‌ت قورئانخوێندنیش حه‌رامه‌ گه‌ر وات لێ بكات دنیات بیر چێت و نوێژه‌‌كانت بفه‌وتێت و تۆ ئاگات لێیان نه‌بێـت!

یاریی په‌بجى و هه‌ر یارییه‌كى تر ده‌كه‌یت حه‌ڵاڵه‌، به‌ڵام بیرت نه‌چێت كه‌ زیاده‌ڕۆیت تیادا كرد، گومانت له‌ حه‌رامبوونى نه‌بێت!

١. كاتێك تۆ قوتابیت و یاریكردنه‌كه‌ وات لێده‌كات دوا بكه‌ویت له‌ خوێندن و بكه‌ویت، به‌ڵێ په‌بجى حه‌رامه‌.

٢. كاتێك كارمه‌ندى حوكومه‌تیت و ڕۆژانه‌ ده‌یان كه‌س له‌ ژووره‌كه‌ى تۆ مامه‌ڵه‌كانیان دوا ده‌كه‌وێت به‌ حوكمى ئه‌وه‌ى جه‌نابت سه‌رقاڵى یارییت، بێگومان حه‌رامه‌.

٣- كاتێك له‌  كۆمپانیا، ڕێكخراو، دامه‌زراوه‌یه‌ك كار ده‌كه‌یت و شه‌وانه‌ تا نزیك به‌ره‌به‌یان سه‌رقاڵى یارییت و به‌ ڕۆژیش له‌به‌ر خه‌و، ناتوانیت كاره‌كه‌ت به‌ڕێكى ئه‌نجام بده‌یت، به‌ڵێ یاریكردن حه‌رامه‌.

٤. كاتێك ئه‌وه‌نده‌ به‌ دیار یارى دانیشتوویت و چاوت سوور بووه‌ته‌وه‌ و به‌دڵنیاییشه‌وه‌ كاریگه‌ریی نه‌رێنیی ده‌بێت له‌سه‌ر بڕبڕه‌كانى مل و پشتت، به‌ڵێ حه‌رامه‌.

خوداى گه‌وره‌ ئه‌وه‌نده‌ ئه‌قڵى به‌ مرۆڤ داوه‌، كه‌ چاكه‌ و خراپه‌ لێك جیا بكاته‌وه‌، حه‌ڵال و حه‌رامیش دیاره‌ گه‌ر خۆمان له‌ گێلى نه‌ده‌ین "الحلال بين والحرام بین "، بۆیه‌ هه‌موو كار و شتێك زیاده‌ڕۆییى تێدا بكرێت، حه‌رامه‌.

تۆ كه‌ مووچه‌ى بندیوار وه‌ر ده‌گریت، درۆ ده‌كه‌یت، جاسووسى ده‌كه‌یت، غه‌یبه‌تى خه‌ڵك دەکەیت، سوێندنى درۆ ده‌خۆیت، ده‌وامه‌كه‌ت به‌چاكى ناكه‌یت، به‌ تۆچی یارییه‌كه‌ حه‌ڵاڵه‌ یان حه‌رام؟!

ئه‌وه‌ى من بینیم و قسه‌ى له‌سه‌ر كرا، زۆرینه‌ى خه‌ڵك چاویان كراوه‌یه‌، بۆ ئه‌وه‌ى به‌ بچووكترین هه‌ڵه‌ى كه‌سایه‌تییه‌كى ئایینى، پۆخڵه‌وات و پیسیی ناخ و دڵى خۆیان بڕێژن دژی ئایینى ئیسلام!

كۆتاییی بابه‌ته‌كه‌م به‌ دێڕێك ده‌هێنم و بیرى خۆم و ئێوه‌ى ده‌خه‌مه‌وه و‌ ده‌ڵێم "به‌ ئاره‌زووى خۆت چێژ له‌ ژیان وه‌ر بگره‌، به‌ڵام وریا بە، بە بیانووی ئازادی، سنوورەكانی خوا مەشكێنە..."

 

ئه‌ندام عومه‌ر

شاره‌زا له‌ ته‌كنه‌لۆژیا و سه‌رۆكى ڕێكخراوى تێك ئای بۆ ته‌كنه‌لۆژیاى زانیارى

تاگەکان    
زانایان یاری حزبی ئیسلامی بوومەلەرزە مردن #پیری دەربارەی کتێب فەلەستین حەج قودس موناجات ئەنیمی یادەوەری کورد مۆدێرنیتە
فیقهی
2018-10-29 کۆمێنت 1080 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی