سۆز و په‌یبردن

زانست 2018-10-24 کۆمێنت 3910 جار بینراوە

وه‌رگێڕانی: ئارام شاهۆ

بەشی دووەم


- سۆز و تێبینیکردن

شتێکی بەڵگەنەویستە لە لامان، ئەگەر کەسێک لە بارێکی سۆزیدا بێ، بە شێوەیەک ڕووداو و شتەکانی دەوروبەر دەبینێت، هەر ئەو کەسە گەر لە دۆخێکی ديكی سۆزیدا بێ هەمان ڕوودا و هەمان شت بە شێوەیەکی جیاوازتر لە یەکەمجار دەبینێت. لە کاتی دڵخۆشیدا هەموو شتێ جوانە، بەڵام لە کاتی خەمباریدا، شتەکان بەو جوانییە نین.

با ئەو بەڵگەنەویستە وەلا بنێین و تەماشایەکی توێژینەوەکان بکەین. توێژینەوەکان ئەوە دەردەخەن کە سۆزت، کاریگەریی لەسەر شێوازی تێبینیت هەیە، ئەمەيش بە کارکردن لەسەر شێوازی تێڕامانت لە شتەکانی دەوروبەر، لە پێش چاوت دەکەوێت کامیان وەر بگری و چۆن ئەو شتە وەربگری.

ژینگەی ئێمە زۆر ئاڵۆزە، بڕێکی ئێجگار زۆر لە زانیاریى تێدایە، ئێمە توانای ئەوەمان نییە هەموو ئەو زانیاریانە وەر بگرین، چونکە مەودای سەرنجدانمان سنووردارە. مەبەستمان لەسەرنجدان کۆمەڵێک پرۆسەیە کە ئەمانە لە خۆدەگرێ: توانای تەرکیز کردن لەسەر شتێکی دیاریکراو، بەردەوام بوون لەسەر تەکیزکردنەکە، وە لابردنی تەرکیز لەو کاتەی کە دەتەوێ.

وا دابنێ کە کەسێکی شیکپۆش بەرەو ڕووت دێ و خەندەیەک لەسەر لێویەتی، لەهەمان کاتدا سەگێکی تووڕەی لەگەڵە. گەر تۆ سەرنجت لەسەر دەموچاوی کەسەکە بێت، ئەوا خۆت بۆ پێشوازی کردن ئامادە دەکەیت، ئامادەی وەک دۆستێک مامەڵەی لەگەڵ بکەیت. بەڵام گەر سەرنجت لەسەر سەگە توڕەکە بێت، ئەوا هەست بە دڵەڕاوکێ دەکەیت و بڕیار دەدەی خۆتی لێ بەدوور بگری.

ئەو توێژینەوانەی لەسەر سەرنجدان هاتوونه‌ته‌ ئەنجامدان، ئەوەیان نیشان داوە کە سۆز کاریگەريی لەسەر ئەو شتە هەیە کە دەتەوێ سەرنجی بدەیت (دەموچاوی کەسەکە یان سەگەکە)، هەروەها لەسەر مەودای سەرنجدانمان، ئایا بەتەنها سەرنجی یەکێکیان دەدەیت یان هەردووکیان؟!

 

لەوانەیە ئەمەت بەسەر هاتبێ، کاتێک لە ناو قەرەباڵخیى زانکۆدا ڕێ دەکەیت. بێ ویستی خۆت لە نێو ئەو قەرەباڵخییەدا، سەرنجت بۆ بوونی کەسێک دەڕوات کە زۆر خۆشت دەوێ یان زۆر ڕقت لێیە. ئەمە چۆن ڕوویدا؟!

سەرەتا ئەو کەسە واتایەکی سۆزیی هەیە لە لات، بۆیە بەخێرایی کاردانەوەیەکی سۆزی بەرانبەر بەو کەسە پەیدا دەکەیت، هەنێ جار بەر لەوەی ئاگاداری ئەو پاڵنەرە بی، سەرنجت دەخەیتە سەری چونکە ئەوگرينگییەکی هەیە لەلات. لە دەرەنجامدا زیاتر ئاگات لە بوونی ئەو کەسە و شوێنەکەی دەبێت لە ژینگەکەتدا، ئیتر ئامادە دەبی خۆت بگونجێنیت لەگەڵ ئەو کەشە نوێیەی کە دروست بووە و، مامەڵەیەکی تایبەت بکەیت، چ هەوڵ بدەی ئەرێنيیانە مامەڵە بکەیت یان نەرێنيیانە.

ئەو شتانەی کە گرينگییەکی سۆزیيان هەیە زیاتر سەرنجمان ڕادەکێشن، جا هەستێکی ئەرێنی ببەخشن وەک ئاسوودەیی، یان هەستێکی نەرێنیی وەک ترسمان پێ ببەخشن. بە هەرحاڵ، ئەو شتانەی کە مەترسیدارن و تۆقێنەرن زیاتر لە هەرشتێکی تر سەرنج ڕادەکێشن، ئەمەیش لە چەندین تاقیکردنەوەدا سەلمێنراوە کە چەندین شتی جۆراوجۆریان بەکارهێناوە. وەک: دەموچاوی مرۆڤ و وێنەی شتە نازیندووەکان و، چەندین وێنەی تر.

بۆ نموونە لە تاقیکردنەوەیەکەدا دەرکەوتووە لەناو قەرەباڵخییەکدا دەموچاوێکی تووڕە و مەترسیدار زووتر دەبینی، وەک لەوەی تێبینیى دەموچاوێکی دۆستانە بکەی، هه‌روه‌ها زووتر تێبینیى مارێک دەکەی لە ناو کۆمەڵە گوڵێکدا، وەک لەوەی تێبینیی گوڵێک بکەی لە ناو کۆمەڵە مارێکدا.

تەنانەت لەوکاتانەی کە سەرنجمان زۆر سنووردارە و بە ئەستەم دەتوانین تێبینيی شتێکی تر بکەین، هەر ئەو کاردانەوەیەمان هەیە. بۆ نموونە کاتێک سەرقاڵی کارێکی ورد بین لەسەر کۆمپیوتەر، ئەگەر وێنەی دەموچاوێکی ترسناک لەسەر شاشەی کۆمپیوتەرەکە دەر بکەوێت و، بۆ ماوه‌ی تەنها ٢٠ میلیچرکە (20mS) بمێنێتەوە، ئێمە یەکسەر تێبینيی ئەو دەموچاوە دەکەین و چاومان بەرەو ڕووی دەجووڵێت. بەڵام ئەگەر لە جێی ئەو دەموچاوە تۆقێنەرە دەموچاوێکی ئاسایی بێ, ئەوا لەو ماوە کەمەدا ناتوانین تێبینیى بکەین.

 

هەر ئەوەندەی کە سەرنجمان خستە سەر شتێک کە مانایەکی سۆزیی بۆمان هەبوو، ئیتر بەردەوام دەبین لە سەرنجدانی، ناتوانین بە ئاسانی واز لە تێڕامانی بێنین، خۆ گەر شتەکە مەترسیدار بێت ئەوە زۆر زەحمەتە لە پێش چاومان ونی بکەین.

هەر لەسەر نموونەی پێشووتر، بەدەر لەوەی کە سەگە تووڕەکە زیاتر سەرنجت ڕادەکێشێ، کێشەی ئەوەيش پەیدا دەبێ کە ناتوانی سەرنج بدەیتە شتێکی تر. ئەمە جگە لەوەی گەر نیگەران بی، ئەوا زیاتر سەرنجت بۆ شتە مەترسیدارەکان دەڕوا.

هەندێ زانا ئەو ڕاستییەی کە شتە مەترسیدارەکان زیاتر سەرنج ڕادەکێشن، بە بیردۆزی پەرەسەندن ڕوون دەکەنەوە. بەپێی ئەم بیردۆزە ئەو پەرچەکردارە سۆزییانەی کە بەرانبەر مەترسییەکان هەمانە، وامان لێ دەکه‌ن لە نێو ئەو هەموو جۆرە زیندەوەرانە ڕزگارمان ببێت و بمێنینەوە.

 

- سۆز و مەودای سەرنجدان

بەدەر لەوەی سۆز کار لەسەر ئەوە دەکات کە سەرنجی چی بدەین، کار لەسەر مەودای سەرنجدانیشمان دەکات. لە کاتێکدا دڵمان خۆشە مەودای سەرنجمان فراوانتر دەبێت، بەڵام هەستێکی زۆر ناخۆش وا دەکات مەودای سەرنجدان تەسک ببێتەوە، وامان لێ دەکات زیاتر تەرکیزمان لەسەر ئەو نیشانە و زانیارییانە بێ کە پەیوەندییان بەو هەستەوە هەیە.

ئەم کاریگەرییە بە گریمانەی بەکارهێنانی نیشانە (cue-utilization hypothesis) ڕوون دەکرێتەوە، بە پێی ئەم گریمانەیە هاندەرەمەترسیدارەکان ئاستی ورووژان زیاتر بەرز دەکەنەوە، ئەمەيش وا دەکات مەودای سەرنجی تاک لەسەر نیشانەیەک تەسک ببێتەوە و نیشانەکانی چواردەور باش نەبینێت.

یەکێک لە نموونەکانی ئەم مەوداتەسکییە دیاردەیەکە پێی دەڵێن دیاردەی سەرنج خستنەسەر چەک(weapon focus phenomenon). لەم دیاردەیەدا کاتێک کە خەڵک شاهیدی تاوانێک دەبن کە چەکی تێدا بەکار هێنراوە، ئەوا چەکەکە سەرنجی خەڵک ڕادەکێشێت. بەم شێوەیە بەڕادەیەک مەودای سەرنجدانیان لەسەر چەکەکە تەسک دەبێتەوە، کە جگە لە چەکێک ناتوانن تێبینیى چ شتێكی تر بکەن، بۆیە ناتوانن وردەکاریى شێوەی تاوانبارەکە بهێننەوە یادیان.

هارمۆن-جۆنز و هاوکارەکانی پێیان وایە کە ئەم دیاردەیە لەبەر خودی هەستەکان نیيه‌، بەڵکو لەبەر تونديی پاڵنەری هەستەکەیە بۆ کردنی شتێک، ئەوان دەڵێن ئەو هەستانەی کە پاڵ بە مرۆڤەوە دەنێن کە شتێ بکات، وەک ترس و بێزکردنەوە، مەودای سەرنج تەسک دەکەنەوە. بەپێچەوانەوە، ئەو سۆزانەی کە پاڵنەر نیين، وەک خەمباری، ئەوا مەودای سەرنج فراوان دەکەن!

 ئەو کاتەی کە سەرنجت چووە سەر شتێکی سۆزى، سیستەمی وەرگرەکانی لەشت دەستبەکار دەبن تا زانیاری ببەن. بەشێوەیەکی خێرا هەنێ ڕێکخستن دەکەن لە مێشکدا. لە مۆدێلی تۆڕی پەیوەندیدار، تۆ ئەو زانیارییانە بە پێی گریمانەی هاوتابوونی سۆز (emotion-congruencehypothesis) وەر دەگریت، لەم گریمانەیەدا ئەو ڕووداو و شتانەی کە هاوتای باری سۆزیى کەسەکەن, باشتر درکیان پێ دەکرێت و دەناسرێنەوە وەک لەو شتانەی کە دژی ئەو بارەن یان هیچ پەیوەندییان بە سۆزەوە نییە. مەبەستمان لە باشتر فامکردن ئەوەیە کە پێویستت بە زانیاریى هەستیى کەمتر هەیە تا بتوانی بیناسیتەوە و لێی تێبگەی، ئەمەیش لەبەر ئەوەیە کە ئەو گرێیانەی وابەستەی ئەو شتەن پێشوەختە بەهۆی سۆزەوە چالاک بوونە، بۆیە کاتێک خەمباری، ئامادەیيی زیاترت تێدایە کە گۆرانییەکی خەماوی بناسیتەوە کە لە ڕادیۆ گوێت لێى دەبێ، یان ناوی تابلۆیەکی خەماویت بەبیر بێتەوە.

 

زانایان چۆن توێژینەوە لەسەر ئەم گریمانەیە دەکەن؟ یەکێک لە ڕێگه‌کان ئەوەیە کە کۆمەڵێ پیت ڕیز بکەن و لە بەشداربووەکان بپرسن، بزانن ئاخۆ ئەو پیتانە وشەیەکی واتادارن یان شتێکی هەڕەمەکین و هیچ واتایان نییە؟ دەرکەوت کە بەشداربووەکان ئەو وشانە زووتر دەناسنەوە کە ماناکەی هاوتای باری سۆزییان بووە، بۆ نموونە کەسانی دڵخۆش لەچاو کەسێکی خەمبار زووتر وشەی (Glee)یان ناسیوە کە واتای شادومانی دەدات.

ڕێگه‌یەکی تر ئەوەیە کە سەرەتا بەشداربووان بە مۆسیقا بخەنە سێ دۆخەوە، خەمبار و دڵخۆش و ئاسایی، پاشان شاشەیەک لە پێشیانه‌وه‌ دابنێن و داوایان لێ بکەن، ئەو وشانەی لەسەر شاشەکە دەر دەکەون بەخێرایی و بەدەنگی بەرز بخوێننەوە. لێرەدا ئەو کەسانەی کە دڵخۆش بوون بەشێوەیەكى خێراتر و بە دەنگێکی بەرزتر ئەو وشانەیان گۆ ده‌كرد کە مانای خۆشبەختیيان هەبوو، بەپێچەوانەيشه‌وه‌ بۆ ئەوانەی وا خەمبار بوون، وشە خەماويیه‌كانیان بەخێرایی دەوته‌وه‌.

ئەوەی جێی سەرنجە، دڵخۆشبوون هیچ کاریگەریى نەبوو لەسەر ئەو وشانەی کە پەیوەندییان بە ئەوینەوە هەبوو. خەمباریيش وای نەکرد ئەو وشانەی کە مانای توڕەیی لە خۆ دەگرن خێراتر بوترێن. واتا دڵخۆشی وای نەکردووە هەموو وشە ئەرێنییەکان بە ئاسانی بناسرێنەوە و، خەمباریش وای نەکردووە هەموو وشە نەرێنییەکان بە ئاسانی بێنە سەر زمان.

تاگەکان    
مۆدێرنە فەڵەستین ئازادی دیمانە #پیری كتێب سەرفیترە تەنیایی ئایین ئیلحاد نائومێدی بوومەلەرزە مۆدێرنیتە خاڵبەندی تەوبە
زانست
2018-10-24 کۆمێنت 3910 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی