سۆز و په‌یبردن

زانست 2018-09-26 کۆمێنت 902 جار بینراوە

بەشی یەکەم

وه‌رگێڕانی: ئارام شاهۆ

پێش ئەوەی باسی بابەتەكه‌ بکەم دەمەوێ ئاماژە بە شتێک بدەم، وشەی په‌یبردن لە جێی وشەی (cognition)ی ئینگلیزی دانراوە. ئەم وشەیە پرۆسەی وەرگرتنی شتەکانی دەوروبەر و لێکدانەوە و بڕیاردان لەسەریان دەگرێتەوە، بە واتایەكی تر، پرۆسەی وەرگرتن و كه‌ڵه‌كه‌بوونی مەعریفە.

هەوڵ بدە کاتێک بهێنە پێش چاوت کە تێیدا به‌توڕەییه‌وه‌ ئۆتۆمبیل لێ دەخوڕیت، دەبینی شۆفێرەکەی پێشه‌وه‌ت زۆر به‌هێواشی ئۆتۆمبێله‌كه‌ی لێ دەئاژوێ و ئەوەندەی تر تووڕە ده‌بی، گەڕایتەوە ماڵ، پێشتر بڕیارت دابوو ئەم ئێوارەیە لەگەڵ هاورێیەکت بچیته‌ ده‌ره‌وه‌، بەڵام ئێستا بڕیاره‌كه‌ت دەگۆڕی و حەوسەڵەی ئەوت نییە، دەزانی ئەمە لە کات بەسەربردن زیاتر هیچی دی نییە، ئەسڵەن ئەو بۆ كه‌یفی خۆی وا دەکات دەنا هیچ گرنگییەکت لای ئەو نییە.

هەست ناکەی ئەم حاڵەتە نامۆ نییە؟

هۆشت، دیقەتت، یادهێنانەوەت، بۆچوون و بڕیارەکانت، هەموو ئەمانە دەکەونە ژێر کاریگەریی ئەو بارە سۆزییەی کە تێیدای. گەر تێبینی بکەین کاتێ دەڵێین "سۆز کاریگه‌ریی لەسەر تێگه‌ییشتن هەیە" ئەوا ئێمە سۆز جیا دەکەینەوە لە پرۆسەیەکی وەک یادهێنانەوە. بەس ئایا لە ڕاستیدا سۆز و فام  لە مێشکدا دوو پرۆسەی جیان؟ تۆ بڵێی سۆزیش جۆرێک له‌ په‌یبردن نەبێ؟ لەوانەیە دووانه‌ی سۆز و درككردن به‌ بوونی یه‌كه‌وه‌ پێوه‌ست بن. لە هەردوو باردا، چۆن دەتوانین بڵێین کە سۆز کاریگەریی لەسەر درككردن هەیە؟

 ئەم پرسە (ئایا سۆز و په‌یبردن دوو شتی جیان یان نا؟) بابەتی گفتوگۆی چەندین سەتەی فەیلەسووفان بووە. بەم دواییەیش، دەروونناسان ئاوڕیان لەم پرسە داوه‌ته‌وه‌. هەیه‌ ده‌ڵێت کە سۆز و فام دوو سیستەمی جودان لە هزری مرۆڤدا، هه‌روه‌ها دەیشڵێن بوونی سۆز لە پێش دروستبوونی تێگه‌ییشتنەوەیە. بۆ هەنێكی تریش په‌یبردن پێش سۆز دەکەوێت و دەبێتە پێویستییەک بۆ بوونی -سۆز-.

گرێی ناساندنی سۆز و په‌یبردن هێشتا نەکراوەتەوە و بە داخراوی ماوەتەوە. ئێمە ناتوانین وەڵامی ئەوە بدەینەوە کە ئایا سۆز و په‌یبردن جودان یان نا، گەر جودا بن، کامیان لە پێش ئەوی دی بوونی هەیە؟

بۆ ئێسته‌مان بە‌وەندەوه‌ ده‌وه‌ستین کە بڵێین سۆز و په‌یبردن هەردووکیان لەسەر یەکدی بەندن. پرۆسەی په‌یپێبردن لەوانەیە سۆز بگۆرێت. سۆزیش بە چەندین رێگا کار لەسەر فام دەکات و ڕێکی دەخات.

سەرەتا بۆ ڕوونتر کردنه‌وه‌ی ئاسۆی تێگه‌ییشتنمان، باس لە -چۆنییه‌تیی كۆكرد‌نه‌وه زانیارییه‌ سۆزییه‌كان له‌ بیروهۆشی ئێمه‌دا- ده‌كه‌ین.

لەم سەردەمەدا دوو مۆدێل دانراون بۆ ئەم باسە، مۆدێلی تۆڕی پەیوەندیدار (associative network models) و، مۆدێلی لاساییی بەرجەستەکراو (embodied simulation models). لێرەدا بە کورتی لەسەر هەر یەکێک لەم مۆدێلانە دەدوێین.

مۆدێلی باو لە دەرونناسیی ئیدراکیدا، مۆدێلی تۆڕی پەیوەندیدارە. بە پێی ئەم مۆدێلە، بیرەوەرییەکان وەک تۆڕێکی چەمکە زارەکییەکان وان، ئەم چەمکانە وەسفی ڕووداو و شتەکان دەکه‌ن، واتا هەر ڕووداوێک یان شتێک بە کۆمەلێک وشەی وەسفی لە بیرەوەرییەکانمان تۆمارکراوە.

 بۆ نموونە: کاتێک تەماشای پشیلەیەک دەکەین، ئەوا زانیارییەکان سەرەتا لە سیستەمی هەستی دەبردرێن، ئەم سیستەمە بەرپرسە لەوەی کە بینین، بیستن و سۆزت، بەرانبەر شتەکان چۆن بێ، پاشان ئەم زانیارییە هەستییانە لە مێشکدا کۆ دەکرێنەوە و وەک یەکەیەکی زانیاری تۆمار دەکرێن، دەتوانین بڵێین ئەم یەکەیه‌ وەکوو خانەیەکی دەماری (neuron) وایە، له‌وانه‌یه‌ ئەم یەکەیه‌ وشەی (پشیلە) تۆمار بکات، ئەم وشەیه‌یش بە چەند یەکەیەکی تره‌وه‌ بەستراوە، کە خه‌سڵه‌تەکانی زۆربەی پشیلەکان هەڵ دەگرن، وەک -نەرموشلی و بێوەفایی و تاد...- پاشان کاتێک دەتەوێ بیر لە پشیلەیەک بکەیتەوە، ئەوەی لە یادەوریت دەری دەهێنیت و بە کاری دێنی تا پشیلەیەکی پێ دەستنیشان بکەی، بریتییە لەو چەمکانەی کە نیشانەن بۆ ناوی (پشیلە).

لە مۆدێلی تۆڕی پەیوەندیداردا یەکەکان پێکەوە گرێ دراون، ئەم گرێدانەیش بە ئەزموون دروست دەبێت. بۆ نموونە: دیوار و دەرگە، دوو چەمکی جیاوازن بەڵام پێکەوە گرێ دراون. کاتێک یەکەیەک چالاک دەبێت، ئەوا ئەو یەکانەیش کە بەمەوە گرێ دراون چالاک دەبن، ئەم پرۆسەیه‌ پێی دەڵێن: "بڵاوکردنەوەی چالاککردن (spreading activation)". بۆیە هەندێ جار کە بیر لە شتێکی دیاریکراو دەکەیتەوە، ئەوا ئەو شتانەی کە پەیوەندییان بەو بابەتەوە هەیە ئاسانتر دێتەوە یادت. هەموو یەکەکان لەگەل گرێدراوەکانیان، تەواوی یادەوەریی کەسێک دروست دەکەن.

(گۆردن باوەر-Gordon Bower) زاراوەسۆزییەکانی بۆ ئەم مۆدێلە زیاد کردووە، ئەو پێی وایە کە ئێمە یەکەمان هەیە، تایبەتە بە ئەو باوەڕەی کە هەمانە بۆ بارە سۆزییەکان. تێبینیی بکە کە ئێمە باسی ئەوە دەکەین، لێکدانەوەی مێشکت بۆ سۆزەکان چییە، نەک خودی سۆزەکان. لە مۆدێلەکەی (باوەر)، هەر یەکەیەکی سۆزی لەگەڵ چەند یەکەیەکی نیشاندەری ئەو سۆزە بەستراوەتەوە. ئەو یەکانەیش بەرپرسن لەسەر ئەوەی چی لەسەر ئەو سۆزە دەزانین و، دەربڕینەکانی دەموچاو بۆ ئەو سۆزە چۆنە. ئەو هۆکارانەی کە وا ئەکەن ئەم سۆزە دروست ببێت، هه‌روه‌ها ئەو یادەوەرییانەی کە ئەم سۆزە تێیاندا دروست بووە. بۆ نموونە کاتێک یەکەی دڵخۆشی چالاک دەبێت، ئەوا چالاکییەکە بە نێو تۆڕەکەدا بڵاو دەبیتەوە، لەهەمان کاتدا یەکەی کاردانەوە، هەڵسوکەوت، یادەوەریی پەیوەست بە ڕووداوەکە و یادەوەریی خودی کەسەکە، چالاک دەبن. هەر بۆیە کەسێ کە دڵخۆش ببێ، باشتر وەسفی خۆشبەختی دەکات، هه‌روه‌تر بە بیرهێنانەوەی ئەو کاتانەی کە تێیدا دڵخۆش بووە، ئاسانتر دەبێت بۆی.

باوەر، لە ١٩٨١ ئەوەیشی بۆ ئەم مۆدێلە زیاد کرد کە پەیوەندیی نێوان یەکەکان تەنها چالاککردن نییە، بەڵکوو هەندێ جار یەکەیەک دەبێتە هۆی وەستانی یەکەیەکی تر، بۆ نموونە، چالاکبوونی یەکەی خۆشبەختی، وا دەکات یەکەی خەمباری ناچالاک ببێ.

دوو خاڵ هەیە لەسەر ئەم مۆدێلە کە شایەنی لەسەر وه‌ستانن. یەکەم: وشە تەنها نیشانەیەکە و ئەزموون لەگەڵ خۆی هەڵناگرێ، هەموویشمان ئەوەمان لا ڕوونە کە هەندێ جار شتانێک ئەزموون دەکەین، کە هیچ وشەیەک شک نابەین وەسفی بکات.

دووەم: لەم مۆدێلە ئەوەی کە سەبارەت بە سۆز دەزانیت پەیوەندیی بە ئەزموونی جەستەییه‌وه‌ نییە.

مۆدێلی لاسایی بەرجەستەکراو ڕێگه‌یەکی دی هەیە بۆ ڕوونکردنەوەی چۆنیەتیی تۆمارکردنی سۆزەکان. لەم مۆدێلە زانیارییە سۆزییەکان لەگەڵ سیستەمی جووڵە و وەرگرەهەستییەکان (sensory-motor system) جودا نین، ئەمە واتای ئەوەیە کاتێ دەتەوێ ڕووداوێک یان شتێک بهێنیتەوە یادت، ئەوا بەشێکی سیستەمی جووڵە-وەرگری مێشک کە لە کاتی ڕووداوەکە یان بەرکەوتن لەگەڵ شتەکە دروست بووە، دووبارە کارا دەبێتەوە.

واتای ئەوەیە بۆ ئەوەی لە سۆزی ڕووداوێک تێ بگەی، ئەوا بەشێکی ئەو سۆزە دروست دەکەیتەوە و کاریگەریی ئەو سۆزە لەسەر ڕوخسار، لاشە و دەروونت دەر دەکەوێ. ئەمە ئەوە ڕوون دەکاتەوە کە بۆ لە کاتی یادهێنانەوەی ڕووداوێکی دڵتەزێن، کەمێک خەمبار دەبین. لەوانەیە وەک کاتی ڕووداوەکە خەم نەخۆین، بەڵام ئەوەندە خەم دەچێژین، کە بتوانی بڕیار بدەین گەر کەسێکی تر بکەوێتە حاڵەتێکی وەکوو ئەوە، هەستی چۆن دەبێت.

نموونەیەک تا زیاتر ڕوون ببێتەوە: کاتێک دەتەوێ باسی پشیلەیەک بۆ هاورێکەت بکەیت، ئەوا ئەو شتانەی بە پێنج هەستەکەت هەستت پێ کردوون، لەگەڵ ئەو جووڵانەی لەگەڵ پشیلەکە کردووتە، دێتەوە یادت، لەوانەیە دەنگی پشیلەکە دووبارە دروست بکەیتەوە یان ئەو هەستانەی کە پشیلەکە لە لات دروستی کردوون، دیسان دروست بکەیتەوە.

لێرەدا زاراوەی پشیلە بریتییە لە کۆمەڵێک زانیاریی جووڵە و وەرگرەکان لەگەڵ ئەو کاریگەرییەی پشیلەیەک دروستی کردووە بۆت، بۆیە لە کاتی بیرکردنەوە لە پشیلەیەک شێوەی پشیلەکە و دەنگی و نەرمیی لاشەی لە کاتی دەستلێدانی و هەستی ئارامی یان ترس لە پشیلە دروست دەکرێتەوە لە مێشکت.

لە ٢٠٠٩ تاقیکردنەوەیەک کرا و تێیدا بەشداربووان کۆمەڵێک وشەیان پێشکەش كرد کە واتایەکی سۆزییان هەبوو، وەک خۆشی (joyful)، تەمبەڵ (slug)، گەمژە (foul)، پاشان بۆ دوو کۆمەڵە دابەش کران، کۆمەڵەیەک سەبارەت بە شێوازی پیتەکان ئایا بە کەپیتاڵ یان سمۆڵ نوسراوە پرسیاریان لی کرا، هه‌روه‌ها کۆمەڵەکەی تر پرسیاری ئەوەیان لێ کرا کە ئایا ئەم وشەیە واتایەکی سۆزیی هەیە یان نا؟ لە کاتی تاقیکردنەوەکە، چالاکیی ماسولکەکانی دەموچاوی بەشداربووان بە ئامێری -EMG- پێوانە دەکران. ئەو کۆمەڵەیه‌ی کە پرسیارەکەیان سەبارەت بە شێوازی نووسینی وشەکان بوو، هیچ شتێکی وایان دەر نەخست کە جیاواز بێ لە حاڵەتی ئاسایی، بەڵام ئەوانەی وا داوای لێ کرا، واتای سۆزیی وشەکان چییە، بەشێوەیەکی خودکارانە و بێ ویستی خۆیان دەموچاویان ئەو سۆزەی دەردەبڕی کە واتای وشەکە بوو! ئەمە ئەوە دەردەخات کە ئەوان ئەو سۆزەیان لە ناخی خۆیاندا دروست کردەووە، بۆ ئەوەی بتوانن بڕیار لەسەر واتای سۆزیی وشەکان بدەن.

ئەم دوو مۆدێلەی پێشوو دوو رێگه‌ی سەرەکین کە باس لەوە دەکەن، ئەوەی ئێمە سەبارەت بە سۆز دەیزانین و دەیبینین چۆن لە مێشکدا تۆمار دەکرێن، هەردووکیان بە دوو شێوازی جیاواز ئەوە ڕوون دەکەنەوە، کە چۆن زانیارییە سۆزییەکان لە هەستەکانمان وەر دەگرین، چۆن تۆماریان دەکەین لە مێشکماندا و، چۆن دووبارە دەیانهێنینەوە یادمان تا ئەو زانیارییانە بەکاربێنین.

لە بەشەکانی داهاتوودا پشت بە هەردوو مۆدێلەکە دەبەستین بۆ ڕوونکردنەوەی ئەوەی چۆن سۆز کار لەسەر پرۆسەی په‌یبردن دەکات.

سەرچاوە:

Psychology of Emotion (Second Edition):Paula M. Niedenthaland François Ric



زانست
2018-09-26 کۆمێنت 902 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2020 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی