نووسینی: ئاکار عوسمان زەڵمی
کێشزیادی (قەڵەوی) چییە؟
کێشزیادی-قهڵهوی-: حاڵەتێکە کە تێیدا کەسێک بڕێکی زیاد لە پێویست چەوری لە لەشیدا کۆدەبێتەوە. کە پێ دهچێت کاریگەری خراپی لەسەر تەندروستی کەسەکە ھەبێت .قەلەوی حاڵەتیکی زۆر بهربڵاوە، لە وهڵاتی ئەمهریکا لە ھەر سێ کەسێکدا، کەسێکیان قەڵەوە یان کێشی زیاده. لە ساڵی ٢٠١٤ دا نزیکەی %٣٧ گەنجانی ئەمەریکا کهسانی قەڵەو بوون.
چۆن بزانین کە ئایا کێشمان ئاساییە یان زیادە؟
بە دیاریکردنی (BMI) هکەت دهتوانیت دیاری بکهیت که قهڵهوی یاخود نا. BMI دیاری دەکرێت لەڕێی ئەم ھاوکێشەیەوە: کێش دابەشی دووجای باڵا (بە مەتر).
بۆ نموونە : کەسێک کێشی ٦٥کیلۆگرام بێت و باڵای ١.٧٠سانتیمهتر بێت ئەوا ) ٦٥ / ٢ ( ١.٧٠ = ٢٢.٨، ئەگەر ڕێژەکە لەنیوان (18 - 24.9) بوو، كێشت ئاساییه .ئەگەر ڕێژەکە لەنیوان (25 - 29.9)بوو، کێشت زیاده. ئەگەر ڕێژەکە لەنیوان (30 - 39.9)بوو، قەڵەوی.
ھۆکارەکانی قەڵەوی چین؟
ھۆکارە گشتییهکانی قەڵەوی بریتین لە:
١- زۆر خواردن.
٢- جۆری خواردن (خواردنی ئەو خۆراکانەی کە ڕێژەیەکی زۆر چەوری و شەکریان تێدایە(.
٣- جۆر و شێوازی ژیان (کەمی جوڵەو وەرزش نەکردن).
ھۆکارەکانی تر:
١- ھۆکاری بۆماوەیی: ھەندێک لەو کەسانەی کە کێشیان زیادە ھۆکارەکەی بۆماوەییە، کە بە شێوەیەکی بۆماوەیی بۆیان دەگوازرێتەوە لە دایبابیانهوه، کە کار دەکاتە سەر ڕێژەی ھۆرمۆنەکان و حاڵەتی ھەرسکردنی خۆراک و بڕی خواردنی خۆراک.
٢- کۆمەڵێک نەخۆشی کە دەبنە ھۆی قەڵەوی، وهک:
Hypothyroidism کەمی غودەی دەرەقی، Cushing’s syndrome زیاددهردانی هۆرمۆنی کۆرتیزۆڵ.
٣- کۆمەڵێک دەرمان کە دەبنە ھۆی قەڵەوی، وەک:
دەرمانەکانی (دژەخەمۆکییەکان، پەرکەم، ھەندێک دەرمانی شەکرە و بەرزی پەستان، کۆرتیکۆستیرۆیدەکان و ئەو دەرمانانەی بۆ ڕێگریکردن له منداڵبوون بەکاردێن).
٤- تێکچوونی حاڵەتی دەروونی: ھەندێک کەس کاتێک توشی خەمۆکی یا سترێس و دڵە راوکێ دەبن، پەنا دەبەنە بەر زۆر خواردن.
٥- سکپڕی: زۆربەی ئەو ئافرەتانەی کە دووگیان دەبن کێشیان زیاد دەکات و، دوای منداڵبوونەکەش کێشیان ناگەڕێتەوە بۆ حاڵەتی ئاسایی، بۆیە توشی قەڵەوی دەبن.
زیانەکانی قەڵەوی چین؟
قەڵەوی دەبێتە ھۆی:
١- شەکرەی جۆری دوو: بەھۆی پەیداکردنی بەرگری دژی ھۆرمۆنی ئینسۆلین کە بەرپرسیارە لە ڕاگرتنی باڵانسی ڕێژەی شەکر لە خوێندا، بە پەیداکردنی بەرگری لە لایەن خانەکانەوە دژی ئینسۆلین، باڵانسی شەکر لە خوێندا تێک دەچێت.
٢- بەرزی پەستانی خوێن.
٣- بەرزی چەوری کۆلیستڕۆڵ.
٤- جەڵتەی دڵ.
٥- نەخۆشییەکانی دڵ.
٦- دروستکردنی بەردی زراو.
٧- تەنگەنەفەسی لە کاتی خەودا.
چارەسەری قەڵەوی چییە؟
زۆری کێش دەبێت وەک نەخۆشییەکی درێژخایەن سەیر بکرێت، چونکە ئەگەر ھەوڵ بدەیت کێشت دابەزێنیت لە ماوەیەکی کەمدا و دواتر وازی لێ بھێنیت، ئەوا بە ئاسانی کێشەکەی جارانت بۆ زیاد دەبێتەوە، بۆیە وەک چۆن نەخۆشی درێژ خایەن، چارەسەری درێژ خایەنی ھەیە، قهڵهویش پێویستە چارەسەر و بەرنامەی درێژ خایەنی ھەبێت , ئەوانیش:
١- جوڵە و وەرزشی بەردەوام، یەکێکە لە ڕێگا ھەرە سەرەکییەکان بۆ دابەزاندنی کێش، بۆ ئەوەی ئەو چەورییە زیادەیەی کە خەزنکراوە بکەیت بە وزە و له ناوی ببهیت.
وەرزش و ڕاھێنانەکان: ٢٠ -٣٠ خولەک ڕۆژانە(ڕاکردن، پاسکیلسواری، ڕێکردن، مەلەکردن).
٢- کەم خواردنی ئەو خواردنانەی کە ڕێژەیەکی زۆر چەوری یان شەکریان تێدایە، چونکە : چەوری ڕێژەیەکی زۆر وزە (کالۆری)ی تێدایە.
شەکر:دەبێتە ھۆی زیاتر دەردانی ھۆرمۆنی ئینسۆلین کە ئەویش دەبێتە ھۆی دەردانی ھۆرمۆنی گەشە، کە دەبێتە ھۆی زیادکردنی کێش.
٣- پێویستە زیاتر ئەو خواردنانە بخورێت کە وزە(کالۆری)یەکی کەمتریان تێدایە. وەکو سەوزە و میوە.
٤- کۆمەڵێک دەرمانی تایبەت کە کێش دا دەبەزێنن.
پێویستە ئەوە بزانرێت کە رێگای سەرەکی بۆ دابەزاندنی کێش (وەرزش کردن , جۆری خواردنە) بەڵام ئەگەر کێش زیادەییەکە ئاریشهی گهورهی بۆ سەر تەندروستی کەسەکە دروست کرد، ئەوا دەبێت سەردانی دوکتۆری تایبەت بکات و پاشان دەرمان وەربگرێت، چونکە ئەو دەرمانانەی کە بۆ کێش دابەزاندن بەکاردێن لایەنی خراپ (side effect )یان زۆرە و نابێت لە خۆوە بەکار بھێنرێن.
بۆیە لێرەدا باسی ھیچ دەرمانێک ناکەین، چونکە دەبێت بۆ ھەر حاڵەتێکی لەو جۆرە، سەردانی دوکتۆر بکرێت و، بڕ و جۆری دەرمانی گونجاو وەربگرێ تا کێشەی تەندروستی تری بۆ دروست نەبێت.
٥- نەشتەرگەری: لە ھەندێک حاڵەتی قورسدا رێگای نەشتەرگەری بەکاردەھێنرێت بۆ دابەزاندنی کێش، ئەویش بە بچوککردنەوەی قەبارەی ناو گەدە تا وای لێدێت کەسەکە زوو ھەست بە تێری بکات و کەمتر خواردن بخوات، ئەمەش دەبێتە ھۆی دابەزاندنی کێش.