خزمه‌تكردنی پیاو له‌ لایه‌ن هاوسه‌ره‌كه‌یه‌وه‌

فیقهی 2017-11-27 کۆمێنت 2915 جار بینراوە

نووسينى: د. يوسف قه‌ره‌زاوی
وه‌رگێڕانی: میران مه‌جید 


پرسیار له‌ دكتۆر یوسف قه‌ره‌زاوی ده‌كرێت: گوێم له‌ یه‌كێك له‌ زانایان بوو له‌ مزگه‌وت ده‌یوت: له‌ڕاستیدا ئافره‌ت پێویست نییه‌ له‌سه‌ری خزمه‌تی هاوسه‌ره‌كه‌ی بكات، ئایا ئه‌مه‌ له‌ ڕووی دینییه‌وه‌ ڕاسته‌؟ مانای وایه‌ كه‌ ده‌بێت پیاو هه‌ستێت به‌ كاروباری ماڵ و خزمه‌تی منداڵ؟ له‌ ڕاستیدا ئه‌مه‌ – ئه‌گه‌ر ڕاست بێت- جورئه‌تی ئافره‌ت زیاد ده‌كات به‌سه‌ر پیاودا و، بارودۆخی ماڵ و كۆمه‌ڵگه‌كان ده‌گۆڕێت
.

وه‌ڵام: ئه‌مه‌ی كه‌ ئه‌م زانایه‌ باسی كردووه‌ بۆچوونی هه‌ندێك له‌ فه‌قیهه‌كانه‌ و، ئه‌وه‌شی كه‌ فه‌قیهه‌كان وتیان مه‌رج نییه‌ له‌ سه‌داسه‌د وا بێت، به‌ڵكو ئه‌وان موجته‌هیدن هه‌ڵه‌ ده‌كه‌ن و ده‌یشپێكن، هه‌ر كه‌سێكیش بۆچوونه‌كه‌ی ڕاست بوو دوو پاداشتی بۆ هه‌یه‌ و، هه‌ر كه‌سێكیش نه‌یپێكا یه‌ك پاداشتی بۆ هه‌یه‌، ئیمامی مالیكیش ده‌فه‌رموێت: هه‌موو كه‌سێك قسه‌ی وه‌رده‌گیرێت و ڕه‌تیش ده‌كرێته‌وه‌، ته‌نها پێغه‌مبه‌ر (د.خ)  نه‌بێت كه‌ هه‌موو قسه‌یه‌كی وه‌رده‌گیرێت.

له‌به‌ر ئه‌وه‌ ئێمه‌ وا ده‌بینین بۆچوونه‌كه‌ی تر دروستتره‌ كه‌ خزمه‌تكردنی پیاو له‌ناو ماڵدا ده‌خاته‌ ئه‌ستۆی ژنه‌كه‌ی و، به‌ڵگه‌كانیشمان له‌سه‌ر ئه‌م بۆچوونه‌ ئه‌مانه‌یه‌ :

یه‌كه‌م: خوای په‌روه‌ردگار له‌ باره‌ی هاوسه‌رانی ئافره‌ته‌وه‌ ده‌فه‌رموێت "ولهن مثل الذي عليهن بالمعروف" {البقره‌: 228} واته‌: ژنان مافیان هه‌یه‌ به‌سه‌ر پیاوانه‌وه‌ به‌وێنه‌ی ئه‌و مافانه‌ی كه‌ بۆ پیاوانه‌ له‌سه‌ر ژنان به‌ گوێره‌ی باو و نه‌ریتێك كه‌ په‌سه‌نده‌ له‌ ئیسلامدا. خزمه‌تكردنی پیاوانیش له‌ لایه‌ن هاوسه‌ره‌كانیانه‌وه‌ باو و نه‌ریته‌ (المعروف) له‌ لای ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ خوای گه‌وره‌ له‌ ڕێی كه‌لامه‌كه‌یه‌وه‌ ده‌یاندوێنێت، به‌ڵام ئافره‌ت دانیشێت و پیاو هه‌ستێت به‌ گسكدان و هاڕین و هه‌ویرشێلان و نانكردن و ششتن و... ئه‌مانه‌ شتانێكی باو نین بۆ پیاو به‌ تایبه‌تیش كه‌ پیاو له‌ ده‌ره‌وه‌ی ماڵ ئیش ده‌كات و خۆی ده‌ڕه‌نجێنێت، بۆیه‌ دادپه‌روه‌ری ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئافره‌تان له‌ناو ماڵدا كاربكه‌ن.

دووه‌م: له‌ به‌رامبه‌ر هه‌موو مافێكدا ئه‌ركێك هه‌یه‌، خوای په‌روه‌ردگار واجبی كردووه‌ له‌سه‌ر پیاوان كه‌ هه‌قی نه‌فه‌قه‌ (مه‌سره‌فی ڕۆژانه‌) و جلوبه‌رگ و ماڵ و مه‌سكه‌ن –جگه‌ له‌ ماره‌یيش- بۆ ئافره‌تان دابین بكه‌ن، ڕوونیشه‌ ئه‌م ته‌كلیفانه‌ی سه‌ر شانی پیاوانیش به‌رامبه‌ر ئه‌و مافانه‌یه‌ كه‌ بۆ ئافره‌تان دانراوه‌، بۆچوونی ئه‌و زانایانه‌ش كه‌ ده‌ڵێن: ماره‌یی و نه‌فه‌قه‌ له‌ به‌رامبه‌ر چێژوه‌رگرتنی پیاودا واجب كراون، ڕه‌ت ده‌كرێته‌وه‌ به‌وه‌ی كه‌ چێژوه‌رگرتن هاوبه‌شه‌ له‌نێوان ژن و پیاودا.

سێیه‌م: ئیبن قه‌یيم له‌ ( الهدی)دا ده‌فه‌رموێت: گرێبه‌سته‌ ڕه‌هاكان ( العقود المطلقة‌ ) ده‌وه‌ستێته‌وه‌ سه‌ر عورف و عاده‌ت و، عورفیش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئافره‌ت له‌ناو ماڵدا خزمه‌ت بكات و به‌ كاروباره‌كان هه‌ستێت. هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: حوای گه‌وره‌ ده‌فه‌رموێت "الرجال قوامون على النساء" {النسا‌ء:34} ئه‌گه‌ر بێت و ئافره‌ت خزمه‌تی نه‌كات –به‌ڵكو پیاو خزمه‌تی بكات له‌ ماڵدا- ئه‌وا ئه‌و كاته‌ ئه‌و قه‌وامه‌یه‌ بۆ ئافره‌ت ده‌بێت له‌ جیاتی پیاو.

چواره‌م: ئه‌وه‌ی ڕیوایه‌ت كراوه‌ له‌ ژنانی هاوه‌ڵانه‌وه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هه‌ستاون به‌ خزمه‌تكردنی مێرده‌كانیان و ماڵیان به‌ڕێوه‌ بردووه‌، به‌ سه‌حیحی هاتووه‌ له‌ ئه‌سمائی كچی ئه‌بوبه‌كره‌وه‌ كه‌ وتویه‌تی: من خزمه‌تی زوبه‌یرم (مێرده‌كه‌ی) ده‌كرد به‌ هه‌موو جۆرێك له‌ ماڵدا و، ئه‌سپێكی هه‌بوو من گرنگیم پێ ده‌دا و گژوگیام ده‌دایه‌ و سه‌رپه‌رشتیم ده‌كرد، هه‌ر به‌ سه‌حیحی لێیه‌وه‌ ڕیوایه‌ت كراوه‌ كه‌ ئه‌و ئاڵفی ده‌دا به‌ ئه‌سپه‌كه‌ی و ئاوی هه‌ڵده‌گۆزی و مه‌شكه‌ی دروست ده‌كرد و هه‌ویری ده‌شێلا و دانه‌وێڵه‌ی له‌سه‌ر سه‌ری له‌ ئه‌رزێكی زوبه‌یره‌وه‌ ده‌گواسته‌وه‌ بۆ مه‌سافه‌یه‌كی دوور و درێژ.

فاتیمه‌ی زه‌هرا سه‌ركرده‌ی ئافره‌تانی جیهان، خزمه‌تی حه‌زره‌تی عه‌لی ده‌كرد و ماڵداری ده‌كرد، هه‌ر له‌ دانه‌وێڵه‌ هاڕین و هه‌ویرشێلان و نان دروستكردن و سه‌رپه‌رشتی كردنی ئاشێكیشه‌وه‌، ته‌نانه‌ت كایگه‌ری له‌سه‌ر ده‌سته‌كانی دروست كرد، ڕۆژێك له‌گه‌ڵ مێرده‌كه‌یدا چوون بۆلای پێغه‌مبه‌ر (د.خ) و سكاڵای ئیشكردنیان لا كرد، ئه‌ویش فه‌رمانی به‌ فاتیمه‌ كرد كه‌ ئیشی باتنى بكات (خزمه‌تی ماڵ) و، فه‌رمانی به‌ عه‌لیش كرد خزمه‌تی زاهیری بكات ( كاروباری ده‌ره‌وه‌)، ئیبن حه‌بیب ده‌ڵێت: خزمه‌تی باتنی: هاڕین و لێنان و داخستن و گسكدانی ماڵ و ئاو هه‌ڵگۆزین و هه‌موو كاری ماڵ ده‌گرێته‌وه‌.

ئه‌وانه‌ی خاوه‌نی ڕای دووه‌من ده‌ڵێن: ئه‌م فه‌رموودانه‌ ده‌لاله‌ت له‌سه‌ر سوننه‌ت و ئه‌خلاقی به‌رز ده‌كه‌نه‌وه‌ نه‌ك له‌سه‌ر واجب بوون، خزمه‌تكردنی فاتیمه‌ و ئه‌سمائیش ره‌زای خوایان لێ بێت هه‌ر له‌ خۆبه‌خشی و چاكه‌ی خۆیانه‌وه‌ بووه‌، له‌ڕاستیدا بیریان چووه‌ كه‌ فاتیمه‌ سكاڵای بردۆته‌ لای پێغه‌مبه‌ری خودا له‌ باره‌ی ئه‌و خزمه‌تكردن و ئیش و كاره‌وه‌ و، پێغه‌مبه‌ریش (د.خ) سكاڵاكه‌ی قبوڵ نه‌كردووه‌، به‌ عه‌لیشی نه‌فه‌رموو: فاتیمه ئه‌ركی‌ خزمه‌تی تۆی نییه‌ و، پێویسته‌ خۆت خزمه‌تی خۆت بكه‌یت (له‌ ماڵدا)، پێغه‌مبه‌ریش(د.خ) لایه‌نگیری بۆ هیچ كه‌سێك ناكات له‌ حوكمه‌كاندا، بۆیه‌ كردار و گوفتار و په‌سه‌ندكردنه‌كانی شه‌رعن بۆ ئێمه‌. ئه‌سمائی بینی ئاڵفی به‌سه‌ر سه‌ره‌وه‌ بوو و زوبه‌یریشی له‌گه‌ڵدا بوو به‌ڵام پێی نه‌فه‌رموو: نابێت خزمه‌تت بكات و، ئه‌مه‌ زوڵمه‌ بۆ ئه‌و، به‌ڵكو ئیقراری له‌سه‌ر ئه‌م خزمه‌تكردنه‌ی ئه‌سما‌ء كرد، ئیقراریشی له‌سه‌ر خزمه‌تكردنی هه‌موو ئافره‌تانی سه‌حابه‌ش كردووه‌ بۆ مێرده‌كانیان، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كه‌ ده‌یزانی تێیاندایه‌ پێی ناخۆشه‌ و هه‌بشه‌ پێی ڕازییه‌، ئه‌مه‌ گومانی تێدا نییه‌.

به‌مه‌ حه‌ق ڕوون ده‌بێته‌وه‌ و ڕاستی ده‌رده‌كه‌وێت له‌م پرسه‌دا و، كه‌سی به‌ ویژدانیش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ مه‌ردووم به‌ هه‌قدا ده‌ناسێته‌وه‌ و هه‌ق به‌ مه‌ردوومدا ناناسێته‌وه‌.

له‌ بیریشم نه‌چێ‌ ئه‌وه‌ بڵێم: ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ خۆی له‌ خۆیدا چاره‌سه‌ر بووه‌، ئافره‌تی مسوڵمان به ‌ڕاستی هه‌ڵده‌سێت به‌ خزمه‌تكردنی ماڵ و میردی خۆی هه‌ر به‌ فیتره‌ت و، به ‌هۆی ئه‌و نه‌ریته‌ی كه‌ كۆمه‌ڵگه‌ی ئیسلامی نه‌وه‌ به‌ نه‌وه‌ به‌ كه‌له‌پوور بۆی ماوه‌ته‌وه‌ و، ئافره‌تی سه‌ركێش یاخود خراپیش سه‌یری بۆچوونی دین ناكات و، وته‌ی هیچ شه‌رعزانێكیشی به‌لاوه‌ گرنگ نییه‌ جا له‌ به‌رژه‌وه‌ندی بێت یاخود نا.

تاگەکان    
فەرهەنگ کۆمەڵکوژیی بۆسنە حەوتەمین کۆڕبەندی هاوسانی زانکۆ سەرفیترە فیکر زمان ستەم بۆ ئەوانەی وەكو خۆمن سۆفیگەری باران فەڵەستین بوونەوەری ئاسمانی ئاوی زەمزەم عەبدولکەریم سرووش
فیقهی
2017-11-27 کۆمێنت 2915 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی