سەرهەڵدانی زانست لە شارستانەتی ئیسلامیدا (ئەلف) - جووڵانەوەی وەرگێڕان

نووسینی: بنار جەبار
پێشەکی 2024-02-17 کۆمێنت 8 خولەک بۆ خوێندنەوە 620 جار بینراوە

لانکەی ئایینی ئیسلام تا ڕادەیەکی دیاریکراو و گۆشەگیر و دابڕاو بوو، بەڵام بە تەواوەتی نا. عەرەبستان لە نێوانی چەند زلهێزێکدا بوو، لە لایەکەوە ئیمپڕاتۆریەتی بێزەنتینی، لە لایەکیشەوە ئیمپڕاتۆریەتی ساسانی. سەدەیەکی پێ نەچوو، موسوڵمانان کۆتاییان بە ئیمپڕاتۆریەتی ساسانی هێنا و هەندێک لە گرنگترین ناوچەکانی بندەستی بێزەنتییەکانیشیان فەتح کرد. لە ئەنجامدا، موسوڵمانان بە گەل و ئایین و کلتوری نوێ ئاشنا بوون.

بە پێچەوانەی بۆچوونی باوەوە، ئەو گەل و نەتەوانە دەستبەجێ موسوڵمان نەبوون، بەڵکو پاش ساڵانێکی زۆر لە بەرکەوتنی نزیک لەگەڵ موسوڵماناندا ئیسلامیان قبووڵ کرد. دیسانەوە بە پێچەوانەی بۆچوونی باوەوە، موسوڵمانان دامەزراوە و شێوازی ژیانی ئەو گەلانەی وێران نەکرد، بەڵکو سوودی لێ وەرگرتن.

ڕیچارد بوڵیەت، پڕۆفیسۆری مێژوو لە زانکۆی کۆڵۆمبیا، لەم بارەیەوە دەڵێت:

"دەگوترێت ئەزموونی فراوانخوازیی موسوڵمانان لەگەڵ هیی ئەورووپییە مەسیحییەکاندا جیاوازە، چونکە بە پێچەوانەی موسوڵمانانەوە، ئەورووپییە مەسیحییەکان بە ڕووی بیرۆکەی نوێدا کراوە بوون... بەڵام ئەم قسەیە مشتومڕئامێزە، ئایا هەر بەڕاست موسوڵمانان بە ڕووی بیرۆکەی نوێدا داخراو بوون؟ بە کورتی، نەخێر. موسوڵمانان لەم سەدانەدا (مەبەستی سەدەکانی ناوەڕاستە) ئامێزیان بۆ دانیشتوانگەلی جیاواز لە ئەفریقا و ئاسیا کردەوە، فێری زمانەکان و دابونەریتەکانیان بوون، زەمینەی هاوبەشیان لەگەڵ دامەزراوە و هونەرە توراسییەکانیاندا دۆزییەوە، هەروەها هەروەکو سنگفراوانییەکی نایابیان هەبوو، هەروەکو چۆن ئیسلام لە سەدەی حەوت و هەشتیشدا بە هەمان شێوە سنگفراوان بوو. بە پێچەوانەوە، ئەورووپییەکان ڕووەک، ئاژەڵ، هەروەها کەلوپەلی بەنرخیان لە وڵاتانی تر کۆ دەکردەوە و سوودیان لێ وەردەگرتن. بەڵام ئامادە نەبوون فێری زمانی ئەو گەلانە ببن، لەگەڵ دابونەریتەکانیاندا ئاوێتە ببن، هەروەها ڕێزیشیان لە بەها کۆمەڵایەتی و هونەرییەکانیان نەدەگرت. ڕاستییەکەی، ئەوەی ئەورووپییەکان بە ڕوویدا کراوە بوون، تەنها بیرۆکەکانی خۆیان بوو."

ئەم سنگفراوانییەی ئیسلام ڕێگەی بە دانیشتووانی ڕەسەنی خاکە فەتحکراوەکان دا ژیانی خۆیان بکەن و بگرە بەرەوپێشیش بچن. لەم ژینگە هەمەڕەنگەدا چەندین بواری زانستی و مەعریفی گەشەیان کرد و بڵاو بوونەوە، لە نێویشیاندا بواری زانستە سروشتییەکان. زۆری نەخایاند جووڵانەوەی وەرگێڕان لە شارستانەتی ئیسلامی دەستی پێ کرد و موسوڵمانان بوون بە میراتگری زانست و مەعریفەی شارستانەتی یۆنانی، هندی، هەروەها ئێرانی. بەڵام شێوازی ئەم بەمیراتگرتنە قسە هەڵدەگرێت، بۆ نموونە موسوڵمانان چۆن بە زانست و مەعریفەی شارستانەتەکانی تر ئاشنا بوون، هەروەها چی وای لێ کردن وەریانبگێڕن؟

ڕۆژهەڵاتناسان لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا ڕوونکردنەوەی جۆراوجۆریان پێشکەش کردووە، خاڵی هاوبەشی زۆرێک لە ڕوونکردنەوەکانیشیان ئەوەیە عەباسییەکان دەستپێشخەرییان لە بڵاوکردنەوەی زانستدا کردووە. هەندێکیان باسیان لەوە کردووە عەباسییەکان مەیلێکی فارسییان هەبووە، هەربۆیە کتێبە فارسییەکانیان وەرگێڕاوە، بەڵام ناتوانن ڕوونی بکەنەوە بۆچی دواتر گرنگیی زیاتر بە کتێبە یۆنانییەکان درا. هەندێکی تریان باسیان لەوە کردووە زاڵبوونی فکری موعتەزیلە لە سەردەمی عەباسییەکاندا ڕێگەی بۆ ئەو کراوەییە زانستییە خۆش کردووە. بەڵام ئەم ڕوونکردنەوەیەیش سەرکەوتوو نییە و پاشتر دەزانین بۆچی.

گرفتی سەرەکیی ئەم ڕوونکردنەوانە ئەوەیە جووڵانەوەی زانستی دەخەنە سەردەمی عەباسییەکانەوە، واتە دەیخەنە نیوەی دووەمی سەدەی هەشت و سەدەی نۆی زاینییەوە، لە کاتێکدا زانستی ئەو سەردەمە تەواو پێگەیشتوو بوو، هیچ زانستێکیش یەکسەر بە پێگەیشتوویی دەست پێ ناکات. بۆیە باشتر وایە بگەڕێینەوە بۆ سەردەمی ئەمەوییەکان و لە دامەزراوەی دیوان ڕابمێنین.

لە دیوانەکانی سەردەمی ئەمەوییەکاندا کۆمەڵێک ئەرک ڕادەپەڕێندران پێویستیان بە شارەزایی لە هەندێک زانستدا هەبوو، بەڵام زانستێکی سەرەتایی. بۆ وێنە، ئەو کارمەندەی لە دیوانی خەراجدا کاری دەکرد، دەبوو زانیاریی لە ژمارە و حساباتدا هەبێت، بزانێت ڕێژەی باج حساب بکات، هەروەها بۆ بابەتی میرات و بازرگانییش پێویستی بە هەندێک زانستی سەرەتایی هەبوو، بۆ هەژمارکردنی کاتەکانی ساڵیش نیازی بە هەندێک زانیاریی گەردوونناسی هەبوو.

ڕاستییەکەی پێگەی ئەم کەسە شارەزایانە هێندە بەرز بوو، هەندێک لە کارمەندە دیارەکانی دیوان بێمنەتیی خۆیانیان بەرانبەر بە والییەکان پیشان دەدا. نموونەیەکی دیاری ئەم بێمنەتییە زادان فەروخ بوو کە لە سەردەمی حەجاجدا کاری دەکرد. لە کاتێکدا دیوانی خەراج لە عێراق بە فارسی بوو، زادان فەروخ خوێندکارێکی خۆیی بە ناوی ساڵحی کوڕی عەبدوڕڕەحمان بە حەجاج ناساند، حەجاجیش ساڵحی لا خۆشەویست بوو. پاش ماوەیەک ساڵح بە زادان فەروخی گوت تۆ سەرچاوەی داهاتی منیت و هەرتۆیش منت بە ئەمیر ناساندووە، ئەویش منی لا خۆشەویست بووە، بۆیە دەترسم من بخاتە پێش تۆوە و تۆیش وەلا بنێت، لێرەدا زادان فەروخ بە شانازییەوە گوتی، "مەترسە، ئەوەندەی ئەو پێویستی بە منە، من پێویستم بە ئەو نییە، چونکە کەسی دەست ناکەوێت حساباتی بۆ بکات من نەبێت." بەڵام ساڵح زادان سەرسام دەکات و پێی دەڵێت، "ئەگەر بمەوێت، دەتوانم حساباتەکان بۆ عەرەبی وەربگێڕم،" زادانیش داوای لێ دەکات چەند دێڕێک وەربگێڕێت و بۆی دەردەکەوێت لە توانایدایە، بۆیە پێی دەڵێت خۆت نەخۆش بکە و مەیەرەوە، بەڵام کاتێک پزیشکەکانی حەجاج دەیپشکنن، دەبینن هیچی نییە، بۆیە زادان پێی دەڵێت وەرەوە. زادان فەروخ درکی بەوە کرد وەرگێڕانی ئەو چەند دێڕە شتێکی کەم نییە، بۆیە بە فارسەکانی وت، "بڕۆن پەناگەیەکی تر بۆ خۆتان بدۆزنەوە." دواتر دەگەڕێینەوە لای ئەم وتەیە. هەرچۆنێک بێت پاش ماوەیەک، لە شۆڕشەکەی ئیبن ئەشعەسدا زادان دەکوژرێت و حەجاجیش پلەی ساڵح بەرز دەکاتەوە و دیوانەکە وەردەگێڕێت.

بەپێی گێڕانەوەکەی ئیبن نەدیم، ئەمە دووەم وەرگێڕانە لە شارستانەتی ئیسلامیدا. هەرچی یەکەم وەرگێڕانە، پەیوەندیی بە خالیدی کوڕی یەزید و عەبدولمەلیکی کوڕی مەڕوانەوە هەیە. لە مێژوودا، خالید وەکو کەسێکی زانستخواز و خوێندەوار ناسراوە، بەڵام حەزە زانستییەکەی تەنها حەزێکی ئەکادیمی نەبووە، بەڵکو ئامانجی تریشی هەبووە.

کاتێک عەبدولمەلیکی کوڕی مەڕوان بڕیاری دا لەسەر پەڕاوە فەرمییەکان سوورەتی ئیخڵاس و ناوی پێغەمبەر بنووسێت، پاشای بێزەنتییەکان تووڕە بوو و لە نامەیەکدا پێی گوت: لەسەر تۆمارە فەرمییەکانتان باسی پێغەمبەرەکەتان دەکەن. ئەوانە لابدەن، ئەگەرنا لەسەر دینارەکانمان شتانێک دەنووسین پێتان ناخۆش بێت. ئەوە عەبدولمەلیکی تووڕە کرد، بۆیە ناردی بە دوای خالیدی کوڕی یەزیددا و بابەتەکەی بۆ باس کرد، ئەویش پێی گوت، "هیچ ترست نەبێت ئەمیری باوەڕداران! دینارەکانی ئەوان قەدەغە بکە و سکەیەک لێ بدە ناوی خودا و پێغەمبەری لەسەر بێت، دروودی خودای لێ بێت. ئەوەیش لەسەر پەڕاوە فەرمییەکان لامەدە کە ئەوانی بێتاقەت کردووە."

لەم ڕووەوە بوو خالید فەرمانی بە کۆمەڵێک شارەزای زمانەکانی یۆنانی و قیبتی کرد کتێبی لەسەر کیمیا بۆ وەربگێڕن، چونکە بۆ جیاکردنەوەی ماددەکان و جیاوازیکردن لە نێوان ئاڵتوونی ڕەسەن و ناڕەسەندا، زانستێکی پێویستە.

ئەگەر بگەڕێینەوە لای دیوانەکان، دەبینن لە هەمان سەردەم و دواتردا، واتە سەردەمی فەرمانڕەوایی عەبدولمەلیکی کوڕی مەڕوان و هیشامی کوڕی، زۆرێک لە دیوانە پێویستەکان کراون بە عەرەبی، لە نێویشیاندا دیوانەکەی سوریا، کە لە زمانی یۆنانییەوە وەرگێڕدرا.

ئەم گێڕانەوەیە دەتوانێت هۆکاری سەرەتایی جووڵانەوەی وەرگێڕان ڕوون بکاتەوە، بەڵام وەرگێڕانی کتێبە قورستر و زانستیترەکان پاڵنەری تری دەوێت. ئەو پاڵنەرەیش دیسانەوە هەر پەیوەندیی بە دیوانەکانەوە هەبوو.

بە گوتەی ئەبو عەبدوڵای جەهشیاری، نووسەری کتێبی وەزیرەکان و کاتبەکان، کاتێک ساڵح دەستی بە وەرگێڕانی دیوان کرد، کۆمەڵێک لە فارسەکان بەرتیلیان پێ دا شکستی پرۆسەکە ڕابگەیەنێت، بەڵام ڕەتی کردەوە. بۆچی زادان فەروخ بە فارسەکانی گوت پەناگەیەکی تر بۆ خۆتان بدۆزنەوە، ئەی بۆچی فارسەکان لە وەرگێڕانی دیوان دەترسان؟

هۆکارەکە ئەوە بوو ئەو پێگەیەی فارسەکان بەهۆی زانینی هەندێک زانست و زمانی فارسییەوە هەیانبوو، وردەوردە لەدەست دەردەچوو. هەمان دۆخ لە ناوچەکانی تریش هەبوو. ئەو خانەوادانەی پێشتر بەهۆی زانینی هەندێک زانستی سەرەتاییەوە پێگەی بەرزیان لە دیوانەکاندا هەبوو، وردەوردە پێگەی خۆیانیان لەدەست دا. وەکو کاردانەوەیەک بۆ ئەم گۆڕانکارییە، هەندێکیان دەستیان بە کارێک کرد عەرەبەکان نەیاندەتوانی ئەنجامی بدەن. ئەوان دەستیان کرد بە لێکۆڵینەوە لە سەرچاوە ئاڵۆزترە زانستییەکان و هەوڵیان دا کتێبە زانستیترەکان فێری منداڵەکانیان بکەن. لەبەرئەوەی زمانی فەرمییش بووبوو بە عەرەبی، دەبوو منداڵەکانیان فێری عەرەبییەکی باش بکەن، تاکو لە ڕکابەرایەتیی بەدەستهێنانی پێگە بەرزەکانی ناو دیوان و دامەزراوەکانی تردا پێشی ئەوانی تر بدەنەوە.

لە پاش یەک دوو نەوە، واتە لە سەردەمی عەباسییەکاندا، منداڵەکان پێگەیشتن و شارەزاییەکی باشیشیان لە زانستی فارسەکان و یۆنانییەکاندا پەیدا کردبوو، بۆیە پێگەی پێشتر و بگرە باشتریشیان دەست کەوتەوە. بۆ نموونە، هەندێک لە ئەندامانی خانەدانی بەختیشوع بوون گەیشتن بە پێگەی چارەسەرکاری تایبەتی خەلیفە و بۆ ماوەیەک پێگەی بەرزیان هەبوو. هەروەها هەندێک لە ئەندامانی خانەدانی نەوبەخت بەهۆی زانیاریی زۆریانەوە لە زانستی گەردوونناسیدا گەیشتن بە پلەی بەرز.

حونەینی کوڕی ئیسحاقیش، کە دیارترین وەرگێڕەکانی سەردەمی عەباسی و ژمارەیەکی زۆر کتێبی لە یۆنانییەوە وەرگێڕا، هەر لەم ژینگەیەدا پێگەیشت. حونەین خۆی مەسیحی بوو، بەڵام هەستی بە ڕکابەریی لەگەڵ مەسیحییەکانی تردا دەکرد. بۆ وێنە، کاتێک حونەین هەندێک پرسیاری پزیشکیی لە یۆحەننای کوڕی ئیسحاق کرد، یۆحەننا ڕەتی کردەوە فێری بکات و پێی گوت، "بۆ ئەهلی حیرە نەهاتووە فێری زانستی پزیشکی ببن." جێی باسە یۆحەننا خۆی سەر بە گوندیشاپور بوو.

بەم شێوەیە، لە ئەنجامی ڕکابەریی کۆمەڵێک خانەوادە و کەسایەتییەوە جووڵانەوەیەکی فراوانی وەرگێڕان لە شارستانەتی ئیسلامی دەستی پێ کرد. ڕکابەرییەکە ئەوەندە بەهێز بوو حونەین وازی لە وەرگێڕانی ئاسایی هێنا و ئەگەر بیزانیبایە دەقە یۆنانییەکە هەڵەیەکی تیادایە، یان نووسەرە یۆنانییەکە بە هەڵە لە بابەتێک تێگەیشتووە، ڕاستی دەکردەوە. حونەین پێشتر ڕەخنەی ئەوەی لێ گیرابوو تەنها وەرگێڕە و پزیشک نییە، بۆیە هەوڵی دەدا هیچ هەڵەیەکی زانستی لە وەرگێڕانەکانی ئەوەوە دەرنەچن. ئەمە ڕوونی دەکاتەوە زانستە سروشتییەکانیش دوای جووڵانەوەی وەرگێڕانەکە پەیدا نەبوون، بەڵکو لەگەڵیدا بوون، چونکە ئەگەر وەرگێڕەکان خۆیان لە زانستەکاندا شارەزا نەبوایەن، نەیاندەتوانی بە شێوەیەکی زانستی وەریانبگێڕن و هەڵەی فەیلەسووف و زانا یۆنانییەکان ڕاست بکەنەوە.

ولە هەمانکاتدا، وەرگێڕێکی بەتوانای وەکو سابیتی کوڕی قوڕڕە لەژێر سەرپەرشتیی موحەممەدی کوڕی مووسادا کاری دەکرد، کە یەکێک بوو لە برایانی بەنوو مووسا. هەم خودی سابیت جیا لە وەرگێڕان لە بیرکاری و گەردوونناسیدا زانا بوو، هەم موحەممەدی کوڕی مووسایش گەردوونناسێکی بەتوانا بوو و ڕەخنەی لە هەندێک لە سەرنجەکانی بەتلیمۆس دەگرت.

شکستی گێڕانەوە باوەکە لێرەدا تەواو ڕوون دەبێتەوە، چونکە ئەگەر جووڵانەوەی وەرگێڕان و زانست لە سەردەمی عەباسییەکاندا دەستی پێ کردبێت و بە تایبەتییش لە سەردەمی مەئمووندا، ئەی ئەو هەوڵانەی پێشتر چین، هەروەها چۆن دەکرێت لە ماوەی چەند ساڵێکی کەمدا وەرگرانی زانستەکان بە جۆرێک زانستەکان هەزم بکەن بەوپەڕی متمانەبەخۆبوونەوە ڕەخنە لە گالینۆس و بەتلیمۆس بگرن؟ هەروەها هەندێک لە زانا موسوڵمانەکان دەستپێشخەری لە زانستی نوێدا بکەن، هەروەکو چۆن خواریزمی زانستی جەبری خستە سەر پێ؟ هەوڵی گێڕانەوەی جووڵانەوەی وەرگێڕان و زانستیش بۆ سەردەمی دەسەڵاتی موعتەزیلەکان هەر شکست دەهێنێت، چونکە ئەو سەردەمە زۆر کورت بوو و پێش ئەویش وەرگێڕان و زانایان چالاک بوون. جیا لەوە، هەمان جووڵانەوەی زانستی لە ئەندەلوس و ناوچەکانی تریش سەری هەڵداوە، لە کاتێکدا هیچ پەیوەندییەکیان بە فکری ئیعتیزالەوە نەبووە. دیسانەوە پاش سەردەمی مەئموون، فکری ئیعتیزال پشتگوێ خرا، کەچی جووڵانەوە زانستییەکە بەهێزتر بوو.

هەرچۆنێک بێت، گەرچی جووڵانەوەکە پێش عەباسییەکان دەستی پێ کرد، لە سەردەمی ئەواندا تەواو ڕێک خرا و پاڵپشتیی زیاتری لێ کرا. یەکێک لە ئەنجامە ڕوونەکانی بریتی بوو لە دەوڵەمەندکردنی زمانی عەرەبی، چونکە وەرگێڕ و زمانناسەکان ناچار بوون وشە و زاراوەی نوێ دابهێنن. لە هەمانکاتدا، لەگەڵ وەرگێڕانی کتێبە فەلسەفییە یۆنانییەکاندا، هەندێک بیروباوەڕ هاتنە ناو شارستانەتەکەوە کە لە ڕووی ئایینییەوە مشتومڕئامێز بوون، بۆیە زاناکان ناچار بوون دەستوپەنجە لەگەل بیرۆکەگەلێکی نوێدا نەرم بکەن و ئەوانە پووچەڵ بکەنەوە کە پێیان وابوو لەگەڵ ئیسلامدا ناگونجێن. بە تێپەڕینی کاتیش گرنگیی زیاتر بە وردیی وەرگێڕانەکان دەدرا، بۆ نموونە تۆپیکی ئەرستۆ سەرەتا لە دەوروبەری ٧٨٢دا، لە سەردەمی مەهدیی سێیەمی خەلیفەی عەباسیدا، لە سیریانییەوە کرا بە عەرەبی. ئەم وەرگێڕانە لە لایەن تیمۆسیی یەکەمی پەتریاکی نەستورییەوە کرا، بە یارمەتیی ئەبو نووحی سکرتێری مەسیحی لە مووسڵ. هەمان کار دوای یەک سەدە دیسان وەرگێڕدرایەوە، بەڵام ئەمجارەیان ڕاستەوخۆ لە یۆنانییەوە و لە لایەن ئەبوو عوسمانی دیمەشقییەوە ئەنجام درا، دوای پەنجا ساڵی تریش بۆ جاری سێیەم لە نوسخەیەکی سیریانییەوە لە لایەن یەحیای کوڕی عەدییەوە (٩٧٤ مردووە) وەرگێڕدرایەوە.

لە قۆناغی دواتریشدا، کە دەکاتە سەدەی دە تاکو سەرەتای سەدەی یازدەی زایینی، چاکسازیی زیاتر لە وەرگێڕانەکاندا کرا و شەرح و ڕەخنەی زانستی و فەلسەفیی وردتریش دەرکەوتن.

لە ناوەڕاستی سەدەی یازدەدا، جووڵانەوەی وەرگێڕان کۆتایی هات و چیتر بەو شێوازە ڕێکخراوە کتێب وەرنەگێڕدرا. هەندێک لە ڕۆژهەڵاتناسان ئەمەیان وەکو ئاماژەی داڕمانی زانست لە شارستانەتەکەدا لێک داوەتەوە، بەڵام ئەو بۆچوونە دروست نییە و لە بەشێکی تردا ڕوونمان کردووەتەوە. هۆکاری دروستتری جووڵانەوەکە ئەوە بوو چیتر ئەو پێویستییە بۆ هاوردەکردن نەما، چونکە زاناکان تەواو کەوتبوونە سەر پێی خۆیان. جیا لەمەیش، لە ماوەی ئەو سێ سەد ساڵەدا گرنگترین ئەو کتێبە زانستی و فەلسەفییانە دەستیان پێ دەگەیشت وەرگێڕدران، بۆیە لۆجیکی نییە چاوەڕێی وەرگێڕانی کتێبی نەبوو بکرێت.

لێرەدا ئەوەندە ماوەتەوە بڵێین، پێویستە جووڵانەوەی وەرگێڕان و جووڵانەوەی زانستی لە یەکتری جیا بکەینەوە. ئەم دوو جووڵانەوەیە کاریگەرییان لەسەر یەکتر هەبوو، بە تایبەتی جووڵانەوەی وەرگێڕان بەهێزترین پاڵپشتنی پێشکەوتنی زانستی بوو، بەڵام ئەمە لە کۆتاییدا لە یەکتری سەربەخۆ بوون و کاتێک وەرگێڕان کۆتایی هات، زانست کۆتایی نەهات.

تاگەکان    
تەلارسازی سیاسەت دوعا شەڕ بوووژانەوە دەروونناسی ئەیاد قنێبی مێژوو قەدەر موناجات لۆجیک بووژانەوە ڕەزا بابایی کتێبی هاوسانی بوومەلەرزە
پێشەکی
2024-02-17 کۆمێنت 8 خولەک بۆ خوێندنەوە 620 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی