ڕووداوگەلێک نوێژی بەکۆمەڵیان لە مێژوودا ڕاگرتووە-بەشی دووەم

نووسینی : بەڕا نزار ڕەیان وەرگێڕانی : یووسف مەلا خەلیل
فیقهی 2020-04-02 کۆمێنت 669 جار بینراوە

درمە مەککییەکە:

کتێبە مێژووییەکان لە چەندین شوێندا، داخستن و چۆڵبوونی مزگەوتەکانیان بە هۆی دەرد و بەڵاوە تۆمار کردووە و وەک دەگێڕنەوە، ئەو بەڵایانە بە جۆرێک دژوار و گشتگیر بوونە، هیچ جێگایەکیان لێ پارێزراو نەبووە، تەنانەت بە مەککە و ماڵی پیرۆزی خودایشەوە، یەک لەو کەسانەی لەو بارەیەوە قسەی کردووە، حافز ئیبنولحەجەرە -کە خۆی ساڵی 852ی کۆچی مردووە- لە کتێبی «إنباء الغُمر بأبناء العُمر»دا وەختێک لەمەڕ ڕووداوەکانی ساڵی 827ی کۆچییەوە دەپەیڤێت، دێتە سەر باسی ئەو بەڵایە و دەڵێت: «لە سەرەتاکانی ئەو ساڵەوە، پەتایەکی سەخت بە ناو مەککەدا بڵاو بوویەوە، گشت ڕۆژێک چل کەس بە هۆیەوە دەمردن، تا گەیشتە ئەو ڕادەیەی، بەس ژمارەی مردووان لە مانگی ڕەبیعی یەکەمدا 1700 کەسێک دەبوون، تا وای لێ هات، دەیانگوت پێشنوێژی مەقام، واتە ئەو کەسەی لە مەقامی ئیبراهیمدا پێشنوێژیی دەکرد، لە دوو کەسێک بترازێت، کەسی دیکەی بە دەوردا نەمایەوە، بگرە هێندێک لە زانایانی دیکەی ئەو وەختە، ئەوانەی لەسەر مەزهەبەکانی تر بوون، لەبەر ئەوەی کەسانێکی وایان شک نەدەبرد نوێژیان لە پشتەوە بکەن؛ وازیان لە نوێژی بەکۆمەڵ هێنابوو.»

ڕاستییەکەی هێشتا نازانم، ئاخۆ ئەو دوورکەوتنەوەیەی خەڵکی لە ماڵی خودا و نوێژی جەماعەت، لە سۆنگەی ناچارییەوە، بە هۆی زۆریی ژمارەی نەخۆش و مردووان و سەرقاڵبوونیان بە چارەسەرکردن یان کفنکردن و ناشتنی موسوڵمانانەوە بووە، یاخود بە هۆی دوورەپەرێزی و خۆپارێزیی خەڵک لە ترسی پەتاکە بووە؟! هەرچەندە وا نازانم مردنی 1700 کەس لە ماوەی دوو سێ مانگێکدا، بەڵگەی ئەوە بێت کە مردن یان نەخۆشی، هۆکاری ئامادەنەبوونی خەڵکەکە بووبێتن، بەڵکو وا دیارە چۆڵکردنەکەیان، زیاتر بە هۆی سڵەمینەوە لە پەتاکە بووە نەوەک شتێکی دی.

چەند سەدەیەک بەر لە ئەویش، ئیبنو عيزاری مەراکوشی -کە ساڵی 695ی کۆچی مردووە-  لە کتێبی «البيان المُغرٍب في أخبار الأندلس والمغرب»دا دەڵێت: «لە ساڵی 395ی کۆچیدا، پەتایەکی دژوار لە وڵاتی توونسدا بڵاو بوویەوە، ئەو درمە هێندە پیس و تۆقێنەر بوو، خەڵکی بە جارێ شڕ و شپرزە و شێواو کردبوو، نرخی بازاڕ و پێویستییەکان گشتیان بە جارێ هەڵکشان، پەردەی ئابڕووی لەسەر خەڵکانێک هەڵماڵی، زۆرێکی دیکەی ڕووت و ڕەجاڵ، بێماڵ و حاڵ، لانەواز و پەرێشان کرد، هەژار و دەوڵەمەندی نەدەناسی، لە هەردوو چین، خەڵکانێکی زۆری بە فەوتاندا برد، لە وەرگرتنی دەرمان یان سەردانی پزیشک یاخود ئامادەکردنی مردوو بەرەر گۆڕستان بترازێت، هیچ کەسێکت نەدەبینی پارە بۆ شتێکی دی خەرج بکات، ڕەوشەکە بە جێگایەک گەیشت، مزگەوتەکان لە شاری قەیرەواندا چۆڵ و هۆڵ بووبوون.»
لە وڵاتی ئەندەلوسیشدا، کارەساتێکی لەو شێوەیە ڕووی داوە، ئەوەتا پێشەوا زەهەبی لە کتێبی «تاريخ الإسلام»ەکەیدا، لە میانەی گێڕانەوەی ڕووداوەکانی ساڵی 448ی کۆچیدا، دێتە سەر باسی ئەو کارەساتە و دەڵێت: «یەکێک لەو ڕووداوانەی لەو ساڵەدا ڕووی دا، ئەو قاتوقڕی و پەتا و گرانییە بوو کە بەسەر خەڵکی ئەندەلوسدا هات، ئەوەندە مرۆڤ لە ئیشبیلییەدا مردن، مزگەوتەکان بەداخراوی مانەوە، ئاخر کەسێک نەبوو نوێژیان تێدا بکات!» دیسان لە کتێبی «سير أعلام النبلاء»ەکەیدا، هەمان نەهامەتی دەگێڕێتەوە و دەڵێت: «ئەو قاتوقڕی و نەهاتییەی ئەندەلوس بەڕاستی گەورە بوو، بە هیچ شێوەیەک نەبوونی و گرانی وا لە مێژووی قورتوبەدا ڕووی نەداوە، تەنانەت مزگەوتەکان بەداخراوی و دوور لە نوێژخوێنان مانەوە، ئەوە بوو ئەو ساڵەیان ناو نا، ساڵی برسێتییە مەزنەکە.»
ئەوجا لە 449ی کۆچیدا، ڕێک ساڵێک دوای ئەو کارەساتەی ئەندەلوس، ئیبنولجەوزی بە شێوازێکی زۆر داچڵەکێنەر، وردەکارییە ترسناکەکانی پەتایەکی گەورەمان دەخاتە پێش چاو، کە زۆر بکوژ بووە و خێرایش تەشەنەی سەندووە، لەو ناوچانەیشدا بڵاو بووەتەوە کە ئێستا بە وڵاتانی ئاسیای ناوەڕاست ناسراون و نزیکەی دوو ملیۆن بەس مرۆڤی بە فەوتاندا بردووە، دواتر بە لای ڕۆژئاوادا کشاوە، تا لە نیشتمانی عێراق نزیک بووەتەوە، ئیبنولجەوزی دەڵێت: «لە مانگی جەمادی دووەمی ساڵی 449ی کۆچیدا، لە بازرگانانی وڵاتانی پشت دوو ڕووبارەکە «ما وراء النهر»ەوە نووسراوێکمان بەدەست گەیشت، باسی بڵاوبوونەوەی پەتایەکی سەخت و بێئەندازە دژواری لەو شوێنانەدا دەکرد، تەنانەت دەیگوت لەو هەرێمەدا، هەموو ڕۆژێک هەژدە هەزار تەرم بەرەو گۆڕستان دەبرێن، ژمارەی مردووان -تا ئەو ساتەی نووسراوەکە بە دەست ئێمە گەیشتبوو-
 تۆمار کرابوو، هەزار هەزار و شەشسەد هەزار و پەنجا هەزار مردوو بوو!»
ئیبنولجەوزی، وەختێک وێنەکانی ئەو درمە کوشندەیەمان لە ڕێگای گێڕانەوەکانیەوە بۆ دەگوازێتەوە، هەر دەڵێیت لەم سەردەمەی خۆماندایە و دیمەنە سامناکەکانی کۆرۆنامان بۆ دەگێڕێتەوە، ڕێک باسی هەمان ئەو چەقبەستن و کشوماتییە دەکات کە ئەمڕۆ ئێمە بە دەستیەوە دەناڵێنین، ئەوەتا دەڵێت: «خەڵکی کە بە ناو وڵاتدا دەڕۆیشتن، جگە لە بازاڕی خاڵی، ڕێگاوبانی چۆڵ، دەرگای کڵۆمدراو، هیچ شتێکی دیکەیان نەدەبینی، هەرچی مامەڵە و کڕین و فرۆشتن و کاروبارەکانی دیکەی ژیان هەبوو، بە جارێ پێچرانەوە و هەڵگیران، ئەو خەڵکە جگە لە مردووشۆدرن، کفنکردن و پێچانەوەی تەرمەکان بە شتێکی تردا نەدەگەیشتن، تا وای لێ هات، زۆربەی مزگەوتەکان چۆڵ کران و جەماعەتیان تێدا نەدەکرا.»

شادییە دواخراوەکان:
لە ساڵی 749ی کۆچیدا، تاعوونێکی گەورە لە وڵاتی میسردا بڵاو بوویەوە، ئەورووپییەکانی ئەو سەردەمە ناوی «مەرگی ڕەش»یان لێ نابوو، مەقریزی -کە خۆی لە ساڵی 845ی کۆچیدا گیانی لە دەست داوە- لە کتێبی «السلوک لمعرفة دول الملوک»دا، بەوردی کاریگەرییە کۆمەڵایەتییەکانی ئەو پەتا دڕندەیەمان بۆ دەگوازێتەوە و دەڵێت: «خۆشی و شادی، شایی و لۆغان، ئاهەنگ و بۆنەکان بە جارێ لەنێو خەڵکیدا هەڵگیران، لە ماوەی ئەو درمەدا، کەسێک نەدەبینرا شادی بگێڕێت، کەس دەنگی گۆرانیی نەدەبیست، زۆربەی مزگەوتەکان بانگیان تێدا نەما و تەنیا لە جێگایەکی دیار و ناسراوەوە، یەک بانگ بۆ هەموو ناوچەکە دەدرا.» ئیبنو تەغری بەردی ئەتابەکییش لە کتێبی «النجوم الزاهرة»دا هەمان قسەکانی مەقریزی گێڕاوەتەوە و ئەو بڕگەیەیشی بۆ زیاد کردووە کە دەڵێت: «زۆربەی مزگەوت و تەکیە و خانەقاکانیش، لەو ساڵەدا داخران!»

 بە پێچەوانەوە، هەر لە کتێبە مێژووییەکاندا باسی ئەو کۆمەڵە خەڵکانەیش گێڕدراوەتەوە، کە لە ڕێگای جەمبوونەوە لە دەوری یەک، ڕۆیشتن بۆ مزگەوت و پەرستشی بەکۆمەڵەوە، ڕووبەڕووی پەتای تاعوون بوونەتەوە، ئەوەتا مێژوونووسی دیمەشقی، کە ناوی تەواوی شەمسەددین محەمەدی کوڕی عەبدوڕڕەحمانی قەڕشیی دیمەشقیی شافیعییە -کە لە ساڵی 780ی کۆچیدا مردووە- لە کتێبە دەستنووسەکەیدا بە ناوی «شفاء القلب المحزون في بيان ما يتعلق بالطاعون» دەڵێت: «لە ساڵی 764ی کۆچیدا تاعوونێکی گەورە ڕووی دا، بەو هۆیەوە خەڵکی تووشی خێر و چاکەیەکی زۆر هاتن، بە شەو خەریکی شەونوێژ و بە ڕۆژیش خەریکی ڕۆژووگرتن بوون، لە ماڵ و سامانیان دەبەخشی و بۆ لای خودا دەگەڕانەوە، ئیدی بە ژن و پیاو و منداڵانەوە، هەموو بە جارێک پشتمان لە ماڵەکانمان کرد و بە مزگەوتەوە وابەستە بووین.»
حافز ئیبنولحەجەر لە کتێبی «أنباء الغُمر»ەکەیدا، چەند تێبینییەکی فرە ورد و دانسقەی، لەبارەی زیاترتەشەنەکردنی دەرد و درمەکان بە هۆی ئەو جۆرە کۆبوونەوانەوە یاداشت کردووە، ئەوەتا دەڵێت: «لە ساڵی 833ی کۆچیدا تاعوونێک لەو خەڵکەی دا، یەکێک لە پیاوانی دەسەڵات کە ناوی شەهابوددین شەریف[1] بوو، نزیکەی چل کەس لە دەمڕاست و پیاوماقووڵانی کۆ کردەوە، کە ناوی هەر هەموویان محەمەد بوو، بڕێک پارەی بەسەریاندا بەخشییەوە تا پێکەوە قورئان بخوێنن، دوای نوێژی هەیینی و لەنێو مزگەوتی ئەزهەردا، تا لە توانایاندا بوو قورئانیان خوێندەوە، وەختێکیش لە نوێژی عەسر نزیک بوونەوە، بە دەنگی بەرز پاڕانەوە و هاوارهاواریان لێ هەستا، خەڵکانێکی دیکەی زۆریش لەملا و ئەولاوە هاتن و تا دەهات دۆخەکە قەرەباڵغتر دەبوو، هەر وەختی بانگی عەسریش هات؛ یەکسەر هەر چل پیاوەکە چوونە سەر سەکۆکە و بە یەک دەنگ و بە یەک ئاواز، بانگی عەسریان دا و دواتر بڵاوەیان لێ کرد، لەو ساتەدا خەڵکانێکی بێگانە بە شەریفیان دەگوت: ئەم کۆبوونەوە و دووعاکردنانە، بەڵا و تاعوون دوور دەخەنەوە.» پاشان ئیبنولحەجەر لەسەر ئەم جۆرە هەڵوێستە، ڕوونکردەوەی خۆی دەدات و دەڵێت: «ڕاستە ئەو هەمان کاری کرد، بەڵام هیچ شتێک هێندەی کۆبوونەوە و قەرەباڵغی، تاعوونی زیاتر و زیاتر نەکرد!»
هەر ئیبنولحەجەر، تێبینییەکی زۆر جوان و ژیرانەی لەبارەی زیاتربڵاوبوونەوەی تاعوون بە هۆی گەڕانەوەی حاجییان لە ماڵی خوداوە هەیە، ئەوەتا لەمەڕ ئەو تاعوونەوە دەدوێت کە لە ساڵی 848ی کۆچیدا لە میسر ڕووی داوە و تا ئەو وەختە، نزیکەی سێسەد کەسێکی کوشتووە، ئەوجا درێژە بە گێڕانەوەکەی دەدات و دەڵێت: «دواتر تا دەهات، پەتاکە زیاتر و زیاتر تاوی دەسەند و ژمارەی تووشبووان لە هەڵکشانێکی بەردەوامدا بوو، کە حاجییانیش لە مەککەی پیرۆز گەڕانەوە، بڵاوبوونەوەکە زۆر زیاتری کرد و ئەوە بوو، ژمارەیەکی زۆر لە ژن، منداڵ، کۆیلە، عێل و عەشیرەتیان تیا چوو، تەنانەت گوتوویانە: زیاد لە هەزار کەس، ڕۆژانە بە دەردی تاعوونەوە لەناو دەچوون!» پێدەچێت بە هۆی گەڕانەوەی حاجییانەوە، سەردانیکردن، تێکەڵبوون و خڕبوونەوە لە دەوری یەکدی، زیاتری کردبێت، دیارە هەر ئەوەیش هۆکاری سەرەکی زیادبوون و پەرەسەندنی پەتاکە بووە.
یەکێک لەو چیرۆکە سەرنجڕاکێشانەی هەر لەبارەی خۆدابڕین، دوورکەوتنەوە و جێهێشتنی شار  و تەنانەت شوێنی نیشتەجێبوونیش، بە مەبەستی خۆپاراستن لە درم و تاعوونەوە هاتووە، ئەو چیرۆکەیە کە ئیبنولحەنبەلیی حەلەبی لە ژیاننامەی یەکێک لە قوتابییەکانیدا بە ناوی محەمەدی دەکەنییەوە لە کتێبی «در الحبب في تاريخ الحلب»دا هێناویەتی و دەڵێت: «وەختێک تاعوون شاری حەلەبی گرتەوە، باوکی محەمەد لەگەڵ هێندێک لەوانەی بە دەوروبەریەوە بوون، بەرەو باخ و بێستانەکانی هەڵهاتن، ئەو پیاوە زۆر زۆر لە مردن دەترسا، ئەوە بوو ئەو جارەیان خودا قوتاری کردن، بەڵام دواتر لە پاش چەند ساڵێک، کوڕ و باوک هەردووکیان، بە دەردی تاعوونێکی دی تیا چوون و مردن.»


[1] شەریف، نازناوی ئەو بنەماڵە و كەسانە بووە كە لە مێژوودا، دەمڕاست و پیاوماقووڵی كەعبە بوون، كلیلی دەرگای كەعبەیش هەر لە كن ئەوان بووە.

تاگ    کۆرۆنا
فیقهی
2020-04-02 کۆمێنت 669 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2020 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی