چۆن ڤایرۆسی کۆرۆنا دەبێتە هۆی پاشەکشەکردنی ئابووریی جیهان؟

زانست 2020-03-03 کۆمێنت 865 جار بینراوە

نووسینی: لان بریمەر
لە ئینگلیزییەوە: نەورەس غەریب


بە چەند ڕێگایەک دەتوانین بڕی تێچوونەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا ئەژمار بکەین، لە ئێستادا زیاتر لە ٢٤٠٠٠ حاڵاتی تووشبوون بە ڤایرۆسەکە بە شێوەیەکی فەڕمی تۆمار کراوە، هەروەها نزیکەی ٥٠٠ کەسیش گیانیان لەدەست داوە بە هۆی ڤایرۆسەکەوە، بەڵام ئاساییە گەر باوەڕ بەم ژمارانە نەکەین. بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی دامەزراوەی (Lancet)، دەرکەوتووە کە لە ٢٥ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٠دا؛ ژمارەی دروستی تووشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە پارێزگای هووبەی کە شاری وهانیش دەگرێتەوە، ٧٦١ حاڵەت نەبووە هەروەکو ڕاگەیەندراوە فەرمییەکان ئاماژەیان پێ کردبوو؛ بەڵکو بریتیبووە لە ٧٥٨١٥ حاڵەتی تووشبوو. 
ئەم ڤایرۆسە کاریگەرییەکی بەرچاوی لە سەر ئابووریی چین هەیە. ڕێوشوێنەکانی جیاکردنەوەی مرۆڤ (کەرەنتین) و دانانی چاودێریی ورد و توند لەسەر سنوورە نێوخۆییەکان دەگیرێتە بەر. لە ئێستادا، دەسەڵاتە ناوخۆییەکان هەموو هەوڵێکی خۆیان خستوەتە گەڕ وەک وەڵامێک بۆ ئەو ڕەخنانەی کە لە شاری پەکین ئاڕاستەیان کرابوو، تیایدا هاتبوو کە حکوومەتە خۆجێیەکان هەنگاوی خێرایان نەناوە بۆ چارەسەرکردنی ڤایرۆسەکە لە یەکەم هەنگاوی سەرەتای بڵاونەوەیدا. پرۆسەی خوێندن لە قوتابخانەکان بۆ ماوەی چەندین هەفتە ڕادەگیڕێن. چالاکییە ئابوورییەکان لە زۆربەی شار و شارۆچەکەکانی وڵاتی چیندا، بە شێوەیەکی بەرچاو کەم کراونەوەتەوە.  
هەروەها، زیانێکی گەورە بەر ئابووریی جیهان کەوتووە. بەگوێرەی خەمڵاندنەکان، بە هۆی بڵاوبوونەوەی ئەنفلۆنزای سارسەوە لە ساڵی ٢٠٠٣دا، بە ڕێژەی دوو لە سەد زیانی بە ڕیژەی گەشەی وەبەرهێنانی ناوخۆیی چین گەیاندووە، کە دواتر بە ڕێژەی یەک لەسەر سێ زیانی بە ئابووریی جیهان گەیاند. زۆریی ژمارەی تووشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا، دەبێتە هۆی ئەوەی ئابووریی چین و جیهان زیانێکی گەورەی بەربکەوێت. ئەوەی لە چین ڕوو دەدات، پەیوەندیی بە هەموو جیهانەوە هەیە و کۆی مرۆڤایەتی لە مەترسیدایە. لە کاتێکدا، چین لە ساڵی ٢٠٠٢دا بە ڕێژەی هەشت لە سەد و لە ئەمڕۆدا بە ڕێژەی نۆزدە لە سەد بەژداریی ئابووریی جیهانی کردووە، هەروەها ئێستایش دووەم گەورەترین ئابووریی جیهانە. 
ئەو کۆمپانیا بیانییانەی کە پشتئەستوور بوون بە کاڵا و کەلوپەلی چین، لە ئێستادا کەمتر بەکاری دەهێنن. هەریەکە لە وڵاتانی یابان، ئوسترڵیا، نیوزیلاند، سینگاپوورە، ئیتاڵیا و ئەمریکا ڕێوشوێنی قەدەغەکردن و سنووردارکردنی هاتووچۆیان بۆ چین پەیڕەو کردووە. لە ئێستادا، وڵاتانی ئاسیا ڕووبەڕووی دابەزینی ڕێژەی گەشتیارە چینییەکان دەبنەوە، کە سەرچاوەیەکی گرنگی گەشەکردنی ئابووری بووە بۆ ئەو وڵاتانە.
لە ماوەی مانگی ڕابردوود، نرخی نەوت بە ڕێژەی بیست لە سەد دابەزینی بە خۆیەوە بینی، بە هۆی پێشبینییەکانی کەمبوونەوەی داواکاریی سووتەمەنی لە چین و، هەروەها کەمبوونەوەی فرۆشتنی سووتەمەنیی فڕۆکە بە هۆی ڕاگرتنی گەشتە ئاسمانییەکانەوە. ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە ڕێژەی ڕۆژانەی بەکارهێنانی نەوتی خاو لە چین بە ڕێژەی بیست لە سەد دابەزینی بە خۆیەوە بینیوە، کە ئەمەیش هاوتای هەمان بڕی بەکارهێنانە لە هەریەک لە وڵاتانی بەریتانیا و ئیتاڵیا بەیەکەوە. لە ئێستادا، دەسەڵاتدارانی ئۆپیک و ڕووسیا گفتوگۆی ئەوە دەکەن ڕێژەی بەرهەمهێنانی نەوت کەم بکەنەوە بە مەبەستی هێشتنەوەی نرخی نەوت لەو ئاستە بەرزەدا. سەرەڕای ئەوەی نرخی کانزا و کەلوپەلەکانی دیکەی بوونیادنان دابەزینییان بە خۆیانەوە دیوە. 
سەرباری ئەمانەیش، ئەم ڤایرۆسە زیانی بە ڕێکەوتنە ئابوورییەکەی نێوان ئەمریکا و چین گەیاندووە کە لە مانگی ڕابردوودا واژۆی لەسەر کرا. بە جۆرێک چین پێویستبوو بڕی دووسەت ملیار دۆلاری زیادە بۆ کڕینی کەلوپەلی ئەمریکی خەرج بکات. هەروەکو ڕێککەوتنیشی لەسەر کرابوو، پێویستبوو لە ماوەی دوو ساڵدا جێبەجێی بکات. بەڵام ئەم پاشەکشەی چین لە مەیدانەکەدا بە هۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە، وا دەکات جێبەجێکردنی ئاستەم بێت.
بەڵام گەورەترین زیانێک کە چین تووشی ببێت بریتییە لە زیانگەیاندن بە ناو و ناوبانگی چین وەک هاوبەشێکی سەرەکیی بازرگانیی جیهانی. لە وڵاتە پێشکەوتووەکاندا سیستمەکانی چاودێریی تەندروستی بە شێوەیەکی خێرا و دەستبەجێ مەترسییەکانی تەندروستیی کۆمەڵگا دەستنیشان دەکەن و بەخێرایی چارەسەری بۆ دەدۆزنەوە. بەڵام بەپێچەوانەوە سیستمە سیاسییە چەقبەستووە سنووردارەکەی چین بارودۆخەکەی خراپتر کردووە. بە جۆرێک لە قۆناغە سەرەتاییەکانی ئەم جۆرە قەیرانانەدا دەسەڵاتە خۆجێیەکان هەوڵ دەدەن پەکین تۆمەتبار بکەن بە شاردنەوەی زانیاری دەربارەی ئەنفلۆنزا و درمەکان. هەروەها تا چەند ئاستی پێداویستییە تەندروستییەکان گونجاو و پێشکەوتوون. سەرباری ئەوەی، لە قۆناغەکانی کۆتایی قەیرانەکەدا، ئەوەیان ڕاست کردەوە کە پەکین بەرپرسیارێتیی قەیرانەکەی لە ئەستۆ گرتووە. 
لە پڕۆسەی ڕوبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنادا، چین وای پیشان دا لە قەیرانەکانی ئەنفلۆنزای سارس ەوە وانەیەک فێر بووبێت، بەڵام سەرەڕای ئەمەیش هۆکارێکی دا بە هەموو وڵاتانی جیهان بۆ ئەوەی کەمتر پشت بە چین ببەستن بۆ بەرهەمهێنان و گەشەسەندن.
لە ئێستادا هەنگاو دەنێین بەرەو ڕۆژێک، تیایدا ئابورییە گەورە و مەزنەکەی چین نەک ئابوورییەکەی ئەمریکا، زۆرترین ڕەخنەی ئاڕاستە دەکرێت، بە هۆی ئەوەی بووەتە هۆی پاشەکشەی ئابووریی جیهانی.

 
زانست
2020-03-03 کۆمێنت 865 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2020 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی