تایبەتمەندییەکانی «فەرهەنگی زانستگای کوردستان»

نووسینی: عەلی حسێن
کتێب 2020-12-07 کۆمێنت 3908 جار بینراوە
تایبەتمەندییەکانی «فەرهەنگی زانستگای کوردستان»

تا پێش دوو سێ ساڵێک، تاکی کورد گەر پێویستی بە فەرهەنگی کوردی با، پەنای دەبردە بەر «هەنبانە بۆرینە» و «خاڵ» و «کوردستان». ئەم سێ فەرهەنگە و هاوشێوەکانیان، سوودی خۆیان گەیاندووە، بەڵام لەو سۆنگەوەی کەلێنی بنەڕەتی و میتۆدییان زۆرە، نەیانتوانیوە لە ئاستی داخوازیی خوێندەواراندا بن و تینووێتییان بشکێنن. چۆڵیی کتێبخانەی کوردی لە فەرهەنگێکی سەردەمیی گشتگر و چڕوپڕ، بەردەوام دڵسۆزانی خەفەتبار کردووە. ساڵی «2018»، ڕووداوێکی گرنگ لە مێژووی فەرهەنگنووسیی کوردیدا ڕووی دا: بڵاوبوونەوەی «فەرهەنگی زانستگای کوردستان». «فەرهەنگی زانستگای کوردستان»، فەرهەنگێکی چواربەرگیی کوردی کوردییە و جاری یەکەم ساڵی «2018» و جاری دووەم، ساڵی «2020» چاپ بووە. ئەم ئیشە دانسقەیە، بە سەرپەرشتیی فەرهەنگنووسی بلیمەت، ماجد مەردۆخ ڕۆحانی و بە یارمەتیی کۆمەڵێک کوردیزانی دڵسۆزی تر دانراوە. ئەم فەرهەنگە چواربەرگییە، تێکڕا «3161» لاپەڕەیە.

   «فەرهەنگی زانستگای کوردستان»، کۆمەڵێک تایبەتمەندیی بێوێنە و ناوازەی هەیە کە وایان لێ کردووە، هیچ فەرهەنگێکی کوردیی دیکەی پێشی خۆی، نەتوانێت شان لە شانی بدات. ئەم تایبەتمەندییانە، زۆرن و من هەوڵ دەدەم بە کورتی لە چەند خاڵێکدا گرنگترینیان بخەمە ڕوو:

1. گشتگری: ئەم فەرهەنگە لە چاو فەرهەنگەکانی پێشی خۆیدا، زۆر گشتگرە و دەتوانین بڵێین، دەوڵەمەندترین فەرهەنگی کوردییە. هەر ئەوندە بەسە بزانین، بۆ وشەی «پیس»، زیاد لە بیست هاومانا نووسراون.

2. دیاریکردنی بەشەئاخاوتنی وشەکان: پێش ئەوەی مانا یان ماناکانی هەر وشەیەک بنووسرێن، بەشەئاخاوتنی وشەکە (ناو، هاوەڵناو، هاوەڵکار، چاوگ، ئامراز...) دیاری کراوە.

3. جیاکردنەوەی ڕۆڵە ڕێزمانییە جیاوازەکان بە سەرواژەی جیاواز: لەم فەرهەنگەدا ئەو وشانەی زیاد لە ڕۆڵێک لە ڕستەدا دەبینن، بەپێی ڕۆڵە جیاوازەکانیان، سەرواژە (مدخل)ی جیاواز و سەربەخۆ دانراوە و تێکەڵ نەکراون. بۆ نموونە، وشەی «چاک»، وەک ناو، هاوەڵناو و هاوەڵکاریش بە کار دێت و لەم فەرهەنگەدا، بۆ ئەم سێ ڕۆڵە جیاوازە، سێ سەرواژەی سەربەخۆ هاتوون.

4. دیاریکردن و جیاکردنەوەی مانا جیاوازەکانی وشە: زۆربەی وشەکانی زمان، زیاد لە مانایەک هەڵدەگرن و ئەم فەرهەنگە، بە ژمارە، مانا جیاوازەکانی هەر وشەیەکی لێک جیا کردووەتەوە. بۆ نموونە، بۆ وشەی «سەر»، بیستودوو مانا نووسراون و ئەم مانایانە، بە ژمارە لێک جیا کراونەتەوە.

5. هێنانەوەی نموونە: هەندێک جار لە دوای ماناکردنی وشەوە، نموونەی دەقێکی وێژەیی یان ڕستەیەکیان داناوە و ئەمەیش یارمەتیی کاربەر دەدات، ئاسانتر ماناکان تێبگات و فێری بەکارهێنانی ڕاستی وشەکان لە ڕستەدا ببێت. بۆ وێنە، لە دوای مانای دووەمی وشەی «کردەوە»وە، ئەم دێڕەشیعرەی مام هەژاریان وەک نموونە داناوە: «هەر کردەوەی من، بردەی ئاغا بێ/ هەتا کەی ئەبێ ئەم کارە وا بێ؟»

6. هەبوونی چاوگ و دەستەواژە و پەند: لە دوای مانای وشەوە، زۆر جار ئەو چاوگانەی وشەکەیان تێدا دێت، دانراون و گەر وشەیەک لە دەستەواژە یان پەندێکدا هاتبێت، ئاماژەی پێ کراوە و بڕێک جار مانای دەستەواژە و پەندەکەیش لێک دراوەتەوە. بۆ نموونە لە دوای وشەی «سەر»ەوە، دەستەواژەی «سەر تەتەی بن مافەتە» و چاوگی «سەرئێشان»، «سەربادان»، «سەربردن»، «سەربڕین» و دەیان چاوگی دیکە کە «سەر»یان تێدایە، هێنراون و مانایان لێک دراوەتەوە. لە دوای وشەی «چەم»یشەوە، پەندی «چەم بێ چەقەڵ نابێ» وەک نموونە هێنراوەتەوە.

7. کۆکردنەوەی بێژە جیاوازەکانی وشە: زۆر وشەیەک لە ناوچە جیاوازەکاندا، بە شێوەی جیاواز دەدەرێنرێت، لەم فەرهەنگەدا زۆرێک لەم بێژە جیاوازانە تۆمار کراون. نموونە: «هاواڵ: ئاواڵ، ئاوەڵ، هاڤال، هاڵا، هاوەڵ، هەڤال، هەڤاڵ».

8. باری مانایی: باری مانایی، جیایە لە مانای وشە؛ هەندێک وشە سەرباری مانا، باری ماناییشیان هەیە. واتە دەکرێت وشەیەک ئەرێنی یان نەرێنی بێت، یان دەکرێت ڕێزگرتن یان سووکایەتیی تێدا بێت و هەتا دوایی. لەم فەرهەنگەدا ئاوڕ لەم لایەنەیش دراوەتەوە. بۆ نموونە، لە تەنیشتی وشەی «سەرسواڵکەر»دا نووسیویانە «پلار» و لە تەنیشتی «دەستکورت»یشەوە نووسیویانە «کینایە».

9. بواری بەکارهاتن: وشەکان بەسەر بواری جیاوازدا دادەبەشرێن؛ وشە هەیە سەر بە جیهانی پزیشکییە و هەیشە سەر بە ڕامیارییە و جگە لەمانە، کۆڵێک بواری تریش هەن. لەم فەرهەنگەدا سیویەک بواری بەکارهاتن دیاری کراون.

10. هەبوونی ڕێنووسی وشەکان بە ئەلفبێی لاتینی: پیت و دەنگ لە زمانانی جیهاندا هەمیشە جیاوازییان لەنێواندا هەیە، بۆیە گەر وشە بە دوو ئەلفبێ بنووسرێت، شێوازی خوێندنەوەی ڕوونتر دەبێتەوە. ڕێنووسی وشەکان بە ئەلفبێی لاتینی یارمەتیمان دەدات، لە خوێندنەوەی درووستی وشە نامۆکان دڵنیا ببینەوە.

11. هەبوونی بەرانبەری فارسیی وشەکان: ئەمە یارمەتیی ئەو بەکارهێنەی ئاشنای زمانی فارسییە، دەدات، باشتر لە مانای وشەکان بگات و بۆ ئەو کەسەیشی لە زمانی فارسییەوە وەردەگێڕێت، یەکجار بەسوودە.

12. پێڕەوکردنی میتۆد: ئەم فەرهەنگە، لە زۆر ڕوویەکەوە میتۆدێکی ورد و ڕوونی تێدا پێڕۆ کراوە، هەر بۆیە کاربەر دەتوانێت بە زووترین کات وشەی جێمەبەستی بدۆزێتەوە. ڕیزبەندیی ئەلفبێیی وشەکان، کورتی و درێژیی پێناسەکان، دیاریکردنی سەرواژەکان و جیاکردنەوەی ماناکان و کۆمەڵێک لایەنی تری فەرهەنگەکە، لە کۆی کارەکەدا بەپێی میتۆدێکی دیاریکراو ڕێک خراون و هەوڵ دراوە لەم میتۆدە لا نەدرێت. ئەمەیش بۆ فەرهەنگی سەردەمی هەتا بڵێیت پێویستە.

13. کاری لیژنەیی و دامەزراوەیی: ئەمڕۆ نزیکەی هەمووان دەزانن، دانانی فەرهەنگی گشتگر، کاری کەسێک و دووان نییە و ئیشی لەم جۆرە، پێویستی بە لیژنە و دەزگایە. ئەم فەرهەنگە بە جوانی پێیەوە دیارە، ئیشی تاکەکەس نییە و بەری ڕەنجی چەندان خەمخۆری زمانی کوردییە. بەم پێیە، سەلیقەی تاکەکەس بەسەر ئیشەکەدا زاڵ نییە و گەلێک جێی متمانەیە.

14. دیزاینی ڕێکوپێک: جیاکردنەوەی سەرواژەکان بە ڕەنگی جیاواز، نیشاندانی پیتەکان لە سەرەتای لاپەڕەوە، لارکردنەوەی نووسین لە شوێنی تایبەتدا و گۆڕینی ئەندازە و جۆری فۆنت بەپێی پێویستی، بەشێکن لە تایبەتمەندییەکانی دیزاینی ناوەوەی فەرهەنگەکە و تێکڕا بە بەرنامە کراون و لە خزمەتی ڕازاندنەوەی کارەکەدان.

15. پێداچوونەوە: زۆرێک لە فەرهەنگە کوردییەکانی پێشوو، دوای چەند دەیە لە چاپی یەکەمیان، هێشتا دەستیان پێدا نەهێنراوە و هەر بە شێوازی یەکەم جاریان چاپ دەکرێنەوە، بەڵام ئەم فەرهەنگە، دوای دوو ساڵ لە چاپی یەکەمی، دەستی تێ خراوە، ئینجا جاری دووەم چاپ کراوە. فەرهەنگیش وەک زۆر دیاردەیەکی تر، پێویستی بە نۆژەنکردنەوەیە و هیوا هەیە فەرهەنگی زانستگای کوردستان، زوو زوو نوێ بکرێتەوە و لە سەردەم جێ نەمێنێت.

   ئەم فەرهەنگە، دەستێکی باشی بە ماڵی شپرزی فەرهەنگووسیی کوردیدا هێنا و تەواو بۆی ڕازاندینەوە و لە تاریکستانەوە هێناینی بۆ چراخان. حەق وایە خوێندەواران و قەڵەمبەدەستان و میدیاکاران، ئاوڕی جیددیی لێ بدەنەوە و بیناسێنن. ئەوانەیشی بایەخ بە زمان و فەرهەنگنووسی دەدەن، لەسەریانە بەسەری بکەنەوە و بە وردی تایبەتمەندی و کەلێنەکانی بخەنە ڕوو. ئەوەیش دیارە، هیچ ئیشێک بێکەلێن نییە و ئەم فەرهەنگەیش پێویستی بە لالێکردنەوەی ڕەخنەگرانەیە.

   ئەوانەی بە ئامادەکردنی ئەم فەرهەنگەوە کۆشاون، جێی ڕێز و پێزانین و دەستخۆشیی کۆی نەتەوەی کوردن؛ پشکی شێری ئەم پێزانین و دەستخۆشییەیش، بەر مامۆستا ماجد مەردۆخ ڕۆحانیی دڵسۆز و قەدرگران دەکەوێت.
تاگەکان    
سۆفیگەری ڕۆژاوا نیشتیمان تەکنۆلۆژیا کۆمەڵکوژیی بۆسنە دەروونی بوووژانەوە چیرۆک کتێبی هاوسانی فەلەستین سەرفیترە مێژوو دیزاینی زیرەک یاری چەواشەکاریی_لۆژیکی
کتێب
2020-12-07 کۆمێنت 3908 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی