بێسەرپەرشتان

نووسینی : شاناز کاوە
کتێب 2020-04-25 کۆمێنت 468 جار بینراوە

تێبینی: ناوەڕۆکی چیرۆکەکە باس کراوە!

پێناسی کتێب:

نووسەر: قودسی نەسيرى
وەرگێڕان: حسێن نەجمەدین

بەسەرھاتەکانی نێو ئەم ڕۆمانە، باس لە سەختییەکانی ژیانی مناڵێکی بێدایک دەکات، کە چۆن بە هۆی زوڵمی باوەژن و دەرکردنی لە ماڵەوە، تووشی تاوانێک دەبێت و لەسەری سزا دەدرێت، لە کاتێکدا هەرگیز ویستی ئەنجامدانی ئەو تاوانەی نەبووە.
بەڵام کلیلی هەموو دەرگا داخراوەکان کە ئومێدە، هەمیشە لە دڵی ئەم مناڵەدا دەمێنێتەوە و، بەم چەکەیش ڕووبەڕووی هەموو ئەو نەهامەتییانە دەبێتەوە کە دێنە ڕێی.


   ویستی ئەم مناڵە بۆ خوێندن وای لێ دەکات هیچ کات واز نەهێنێت و بە هەر شێوەیەک بێت قۆناغەکانی خوێندنی تەواو بکات و، بەم کارەیشی زیاتر گەشە بە خۆی و تواناکانی دەدات و، دەرگای خۆشبەختی بە ڕووی خۆیدا دەکاتەوە.
ئەم مناڵە کە ناوی بێژەنە، لە تەمەنی دوو ساڵیدا دایکی لەدەست دەدات و، لە دوانزە ساڵیدا باوکی بڕیار دەدات ژن بهێنێتەوە بە نییەتی ئەوەی ژیانیان خۆشتر بێت و، ئازاری نەبوونی دایک لە دڵی کوڕەکەیدا نەهێڵێت، بەڵام بێئاگا لەوەی کە بەم کارەی ژیانی خۆی وێران دەکات و، کوڕەکەیشی تووشی دەربەدەری دەکات!

   ئەوەبوو دوای هاوسەرگیریکردنیان، باوکی لەژێر کاریگەریی ژنە تازەکەیدا و بە ھەردووکیانەوە ئازارێکی زۆری بێژەن دەدەن، تا ئەوەی لە ماڵ دەریدەکەن و ئاوارەی کۆڵانە ساردەکانی شاری دەکەن.
لەو کاتەیشدا لەلایەن بنەماڵەی هەژارەوە سەرپەرشتیی دەکرێ، ئەم بنەماڵەیە گەلێک ھەژارن و نەبوونی و برسێتی تەنگی پێ ھەڵچنیون، دوای ئەوەی بێژەن بۆ یارمەتیدانی ئەم بنەماڵەیە تا لە برسا نەمرن هەوڵی دزیکردن دەدات، ئاشکرا دەبێت، پاش ئاشکرابوونی ناچار دەبێت شارەکەی جێ بهێڵێت و بەرەو شارێکی تر بچێت.
لەوێیش بە کچێک ئاشنا دەبێت کە ناوی نێرگزە، ئەم کچە لە بنەماڵەیەکی هەژار و بێماڵ و جێ بووە و وەک بێژەن ژیانی پڕ مەینەتی و حەسرەت بووە، کاتێ بێژەن حاڵی ئەم بنەماڵە بێباوکە دەبینێت، بڕیاری دزیکردن دەدات تا ئەو مناڵانە لەو مەینەتییە ڕزگار بکات، ئەم دزییەکە دەکات، بەڵام چونکە دایکی نێرگز لەسەر تاوانی دزییەکە دەستگیر دەکرێت،  بۆیە بێژەنیش ناچار دەبێت خۆی بدات بەدەستەوە و، ماوەی ساڵێک لە زینداندا بەسەر ببات. سەرەڕای هەموو کێشە و ناخۆشییەکانی زیندان، ئەم مناڵە بەردەوام خەریکی خوێندن دەبێت. ئیدی لە دوای تەواوبوونی ماوەی زیندانییەکەی بە نەخۆشییەکی سەختەوە زیندان جێ دەهێڵێت.


   بەو حاڵەیەوە ماوەی چەندین مانگ لەگەڵ ھێندێک سەگدا لە کەلاوەیەکدا دەژی، تا کەمێ باشتر دەبێت و دەست دەکات بە ئیشکردن، ڕۆژێکیان دەبینێ یەکێ لە سەگەکان مردووە، ئیدی بڕیار دەدات کەلاوەکە جێ بهێڵێت تا بە کوشتنی ئەو سەگە داماوە تاوانبار نەکرێت، ڕاستە نەیکوشتووە، بەڵام کێ بڕوای پێ دەکات؟!
دوای جێهێشتنی کەلاوەکە لای بنەماڵەیەک کە باری گوزەرانیان زۆر باش دەبێت، دەست بە ئیشکردن دەکات و بۆ ماوەی چوار ساڵ لایان دەبێت. لەو ماوەیەیشدا هەرچی خزمەتێک هەبێت پێشکەشی بێژەنی دەکەن و هاوکاریی دەکەن تا لە خوێندنەکەی بەردەوام بێت و، هەموو خەرجییەکانی دەگرنە ئەستۆی خۆیان، دوای چوار ساڵەکە ئەمانیش دەڕۆنە ئەورووپا و بێژەن دەدەن بە قازییەکی ناسراوی خۆیان.

   جەنابی قازییش وەک زۆربەی ئەو کەسانەی بێژەن بینیبوونی، چارەی بێژەنی نەدەویست، تا ئاستێک کە ئازاری ئەم کوڕە دەدات و ڕێگری لە خوێندنی دەکات، بۆیە بێژەن ناچار دەبێت ماڵی قازی جێ بهێڵێت.
دواتر لە گەراجێکدا دەبێتە نووسەر و ماڵێکیش بە کرێ دەگرێت و بەردەوام دەبێت لە خوێندنەکەی. ڕۆژێکیان لە کاتی گەڕانەوەیدا بۆ ماڵەوە چاوی بە قازی دەکەوێت، لەو کاتەدا قازی بە دزی تاوانباری دەکات کە گوایە دزیی لە قازی کردووە و ڕای کردووە، بۆیە ڕادەستی پۆلیسی دەکات، بەڵام لەبەر ئەوەی سەرۆکی پۆلیسەکان بێژەن دەناسێت و دەزانێت شتێکی وا ناکات، بۆیە بە بەڵگەوە بێژەن ڕزگار دەکات.
ئیتر بێژەن سەرگەرمی تاقیکردنەوەی دەرەکی دەبێت و شەهادەی دبلۆم وەردەگرێت. کاتێ بارودۆخی دارایی و حاڵ و گوزەرانی باشتر دەبێت، بڕیار دەدات بە دوای نێرگزدا بگەڕێت، دوای دۆزینەوەی نێرگز داوای هاوسەرگیری لێ دەکات و دەیباتە لای خۆی.
هەر لە تەنیشت ژوورەکەی خۆی ژوورێک بە کرێ دەگرێت و وانە بە قوتابیان دەڵێتەوە و واز لە کاری گەراجەکە دەهێنێت، پاشان بەردەوام دەبێت لە خوێندن و لە بواری پزیشکیدا تا دوای حەوت ساڵ خوێندنەکەی تەواو دەکات و بە هۆی ئەوەی هەموو ساڵێک بە یەکەم دەرەچێت، بۆیە دەوڵەت دەینێرێتە دەرەوە بۆ خوێندن.

    نێرگز و بێژەن بەیەکەوە دەچنە ئینگلتەرا بۆ خوێندن، دوای تەواوبونی خوێندنەکەیان دەگەڕێنەوە شارەکەیان و دەست بە خزمەتکردن دەکەن و هەردووکیان لە نەخۆشخانەیەکدا دادەمەزرێن، بێژەنیش نۆرینگەیەک دەکاتەوە کە ئێواران لەوێدا چارەسەری نەخۆشەکانی دەکات. ڕۆژگار هەر چۆنێک بێت ئەوا لە کۆتاییدا تەرازووی گەردوون کەسانی ستەمکار دەهێنێتە چۆک، ئا بەو جۆرەیش هەر یەکە لە قازی و باوکی و باوەژنەکەی بە گوزەرانێکی خراپ و نەخۆشی و چەندین خەمی دنیا دەکەونە بەردەستی بێژەن و پێویستیان پێی دەبێت، بێژەنیش وەڵامی کارە خراپەکانیان بە لێبووردەیی و هاوکاریکردنیان و چارەسەرکردنی نەخۆشییەکانیان دەداتەوە، تا لە ئەنجامدا چاوی باوکی چارەسەر دەکات و دەیگەڕێنێتەوە بۆ شارەکەی خۆیان و خانووە کۆنەکەی خۆیانی بۆ دەکڕێتەوە.

   کچەکەی قازییش چارەسەر دەکات و قازییش خانویەک دەدات بە بێژەن تا بیکاتە نەخۆشخانە. چارەسەری باوەژنەکەیشی دەکات، بەڵام باوەژنەکەی بەرگەی ئازاری ویژدان ناگرێت و ژەهرێکی کوشندە دەخوات و خۆی دەکوژێت. لە کۆتایی چیرۆکەکەدا بێژەن دەچێتەوە لای ئەو بنەماڵەیەی کە ئەو کاتەی باوکی دەریکردبوو و خەریک بوو لە سەرمای زستاندا دەمرد، ئەمان دەرگای خۆیان بە ڕوویدا کردەوە و یارمەتییان دا. بە زانینی ئەوەی کوڕەکەیان زۆر نەخۆشە، خەرجیی چارەسەری کوڕەکەیان دەگرێتە ئەستۆی خۆی و بە برای خۆی دەیناسێنێت بە هەموو کەسێک، لە کۆتاییشدا بێژەن بۆ ئاهەنگی هاوسەرگیرییەکەی بانگێشتیان دەکات.

   ئەمە چیرۆکی منداڵێکی ھەژار بوو، بەو ھیوایەی بۆ خۆتان بیخوێننەوە و پەند و ئامۆژگاری لێ وەربگرن و، ویژدانتان ڕۆشنەوە بکەن.


تاگ    کتێب
کتێب
2020-04-25 کۆمێنت 468 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2020 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی