ئاریشه‌کانی ئه‌وین

کتێب 2019-09-14 کۆمێنت 2291 جار بینراوە
نووسینی: ئارام شاهۆ



لەو رۆژەی مرۆڤ چاوی بە دنیا هەڵهێناوە و هاتووەتە بوون، باسی ئەوین یەکێک بووە لە باسە گرنگەکانی ژیانی نەوە لە دوای نەوە و لە هەر سەدەمێکدا، ئەم باسە بە زیندوویی ماوەتەوە. کە باسێکیش تا ئێستا زیندوو بێت، دیارە کە فرە ڕەهەندە و دیوی شارەوەی زۆرە. ئەوینیش وەک هەر بابەتێکی تری ژیان، بێکێشە نییە، لە هەر قۆناغێکی ژیاندا، کۆمەڵە کێشەیەک بە هۆی ئەوینەوە دروست دەبن. ئەم کێشانە وا لە ئێمە دەکەن، درک بە ڕەهەندێکی تری ئەوین بکەین. هەندێک جاریش کێشەکان دەبنە چرایەک و بەهۆیانەوە ڕووی ڕاستیی ئەوین دەبینین، ئاخۆ ئەمە بە ڕاستی ئەوین بوو، یان هەستێکی ترە کە بە بەرگی ئەوینه‌وه‌ لە ناخماندا چێنراوە؟ 

ئاریشەکانی ئەوین کتێبێکی ناوازەی مستەفا مەحموودە، پەنجا و پێنج نامە لە خۆ دەگرێت، بە وتەی بنووس، لەنێو ئەو هەزار نامەیەی کە بۆی هاتوون، ئەمانەی بە شایستە زانیوە، لە دوو توێی کتێبدا کۆیان بکاتەوە. ئەوەی جێی سەرنجە، دەکرێت لە نامەیەک یان زیاتر ئاشنایییەکت لەگەڵ کەسایەتیی نامەنووسدا هەبێت. دەکرێت خۆت لە بەرگی یەکێک لە نامەنووسەکان ببینیت، یاخود وا هەست بکەیت کە ناسراوێکت ئەو نامەی نووسیوە. وەڵامی نووسەریش لە هەندێک شوێندا چاوەڕوانکراوە، بەڵام لە جێی تردا راتدەچڵەکێنێت، لە شوێنێکدا چاوەرێی سەرزەنشتیت؛ ئەو ستایش دەکات، لە هێندێک جێی تردا پێچەوانەیە، هەندێ جێی دیش وشک دەبیت بەرانبەر وردبینی و چاوتیژی نووسەر. 

وەک پێشتریش باسم کرد، باسی ئەوین فرەڕەهەندە، هەر جارێک بەشێوەیەک کێشە دروست دەبێت، هەر جارەو یەکێک لە ڕەهەندەکانی ئەوین کێشەی تێ دەکەو‌ێت. بۆیە مەرج نییە کە هەندێ حاڵەت ڕوویاندا، دەقاودەق شێوازی مستەفای بەسەر بکوتیت و هەمان بڕیاری ئەوی بەسەردا بدەیت، لە هێندێک جێدا دەکرێت کێشەکە بە شێوەیەکی تر بێت. یەکێک لەو شتانەی کە مستەفا زۆر جار ئاماژەی پێ دەکات، ئەوەیە کە یەکەم ئەوین تەنیا بۆ ئەزموون باشە، نەک بۆ ئەوەی ببێتە ئەوینێک بۆ ژیان. بەڵام لە واقعدا، چەندین هاوسەر هەن تا کۆتاییی ژیانیان دەسی یەکدییان گرتووە، ئەڤینەکەیشیان یەکەم ئەوین بووە! بۆیە نابێ وەڵامەکانی بە پیرۆز بزانرێت، چونکە ئەمیش مرۆڤە، ئەگەری هەڵەکردنی هەیە. بەڵام دەتوانین سوود لە شێوازی بیرکردنەوەی ببینین، کە چۆن بابەتەکان شی دەکاتەوە، گرنگی بە وشە بە وشەی نامەکان دەدات و هەندێ شتی ورد دەبینێت، کە زۆرێکمان بازی بەسەر دەدەین.  

من دوو ساڵ پێش ئێستا بە عەرەبی خوێندمەوە، ئاشکرایە کە زمانی مستەفا مەحموود زمانێکی زۆر سادە و ئاسانە، هەرچەند بیخوێنیتەوە هیچ هەستێکی ماندووبوون ناچێژی، ئەو بە ڕوونی دەدوێت. کاتێک  کە سەرمەدی هاورێم کتێبەکەی وەرگێڕاوە سەر کوردی؛ دووبارە کتێبەکەم بە کوردی خوێندەوە. زمانێکی شیرین و جوانی بەکار هێناوە، زمانێک وەک زمانی مستەفا مەحموود، ئاسان و ڕوون، هیچ شەکەتت ناکات. دەتباتە ناخی بابەتەکە، بە ئاشکرا هەست بە ماندووبوونی وەرگێڕ دەکەیت. وەک خۆیشی دەڵێت، بۆ وەرگێڕانی ئەم کتێبە ڕووی لە بیارە کردووە، بۆ ئەوەی تەواو خۆی بۆ ئەم کتێبە یەکلا بکاتەوە، هەر لەوێیش وەرگێڕانەکەی تەواو کردووە.

لە هەردوو جارەکەدا تەواو وابەستەی کتێبەکە بووم، بە جۆرێک کاتێک کۆتا لاپەڕەیم هەڵداوە، تووشی شۆک بووم، چونکە خۆم بۆ نامەیەکی دی ئامادە کردبوو، بەڵام تەنیا خۆزگەم زووتەواونەبوونی ئەم کتێبە بوو.(تەنیا شتێک بۆم مایەوە ئەوە بوو، کە ئاوات بخوازم، ئاوها زوو لە خوێندنەوەی ئەم کتێبە نەبوومایەتەوە.)

تاگەکان    
ئیسرائیل بۆ ئەوانەی وەكو خۆمن کۆرۆرنا تەکنۆلۆژیا کونە ڕەشەکان خێوەتگە جنۆکە مردن گێڕانەوە ئیلحاد فەلەستین ژن تەلارسازی دیمانە دوعا
کتێب
2019-09-14 کۆمێنت 2291 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی