ڕامانێک له‌ ڕۆمانی «چاوه‌کانی»ی بوزورگ عه‌له‌وی

کتێب 2019-08-19 کۆمێنت 1884 جار بینراوە

نووسینی: ڕێناس ئه‌حمه‌د


«ئەوەی وتراوە لە کتێبەکەوە نەگواستراوەتەوە، بەڵکو ڕامانێکە لەژێر سێبەری کاوی ڕۆمانەکەدا»

- بۆ نسکۆکانی خۆمان، هەمیشە پاساوێک دەدۆزینەوە کە ڕەنگە هیچ وابستەیییەکیشی پێوە نەبێت، لێ دوای چەند جارێک فریودانی بەرانبەر، خۆیشمان بەو پاساوە درۆینانە فریو دەخۆین.

-  سامان، جوانی و خۆشخوانی مەرج نییە هۆکارێک بن بۆ بەختەوەری. ئەوانە تا نەبن، دەبن بە ئامانج و مرۆڤ دوایان دەکەوێت، کاتێک بە دەستی هێنان، ئەوجا بە دوای دۆزینەوەی خود و مانا و مەغزای بوونی خۆی و دەوروبەریدا دەگەڕێت. لێ کاتێک مرۆڤ دارای هەموو شتێکە، بەوە ئۆقرە ناگرێت و هێندە بە دوای خۆیدا دەگەڕێت، کە زۆر جار زیاتر لێی بزر دەبێت.

تاڵیی ژیان ئەزموونگە و تاقیگەیە و خودی خۆتت پێ دەناسێنێت، وەک خولێکە تا مرۆڤ ئامادە بکات بۆ بەرەنگاربووەنەوەی کرۆکی ژیان و، بەهێزکردنی ئاوەز و جەستەی بۆ گەیشتن بە وەڵامی پرسیارە گەوهەرییەکانی، ئەدی نابینیت خودا پەیامبەرانی بە ژیانێکی سەختدا بردووە و، زۆرینەیشیان دوای تەمەنێک لە ئازار ئەوجا وەڵامی پرسە ئاڵۆزەکانی ژیان و ئامانج و مەرگی وێداون!

- ئەوین بۆ پیاوی پەیامدار، زۆرجار مایەی شکستە، ئاخر چی لەوە قورسترە کە ناچاری هەڵبژاردن بیت لە نێوان مانەوەت بە دیار یارەوە یان خزمەتکردن و ژیان لە پێناوی ئامانجەکانتدا. هەڵبژاردنی هەر یەکەیان مەرگێکە و ڕەنگە مایەی شکستی ئەویتریشیان بێت کە هەڵتبژاردووە.

ئەوینداری؛ چیرۆکێکی مانابەخشە بۆ کەسێک تینووی مانا بێت، لێ  بۆ کەسێک لەنێو مانادا بژیێت، زۆر جار مانای لێ ون دەکات.

- چاو؛ کانگای سیحری ڕووخساری مرۆڤە و، زۆری لەسەر وتراوە، لێ زیاتریش هەڵدەگرێت. دوو چاوی گەورە و زیتەڵ، کە هەمیشە نیگای گەرمیان لێوە دەر دەچێت، بۆ یار و یاوەریش، هەم دەردە و هەم دەرمان.

دوور نییە دۆزەخێکت بۆ داگیرسێنێت و، پەڕە-پەڕەی تەمەنت بسووتێنێت، دوور نییە تیماری دەردی گرانتیشت بێت.

- «ماکان»ی نیگارکێش، وێنایەکی هەڵەی هەبووە بۆ چاوانی کیژێک کە لە پێناویدا قوربانیی بە ژیانی داوە، تەنیا لەبەر ئەوەی دیوێکی باسەکەی زانیوە. لێ نیگاری چاوی ئەو کیژە بە جۆرێک دەکێشێت کە پڕ بێت لە فرتوفێڵ و تەفرەدان، دواتر ئەم نیگارە دەگاتەوە دەستی کیژە و، تەمەنی تا کۆتایی دەکاتە ڕەژوو. بەداخەوە زۆرمان واین!

- دەروونی مرۆڤ، ئاپۆڕایەکی شڵەژاو، ماڵێکی پشکاو و بەنێکی ئاڵۆسکاوە، کە زۆر جار سەرەبەنەکەیشی لە خۆمان ون دەبێت. هیچ کەس وەکو خۆمان ناتوانێت بە ناخماندا شۆڕ ببێتەوە و بمانناسێت. لێ مرۆڤگەلێک هەن بینایییان هێندە تیژە، پەردەکانی دەروونمان دەبڕن و شتانێک دەبینن کە تەنیا خۆمان دەیبینین.

پانتاییی ڕووداوەکانی ئەم ڕۆمانە، هێندە لە ناوەوەی مرۆڤدان، هێندە لە دەرەوە نین.

شایەنی خوێندنەوەیە.

وەک گشت، ئەم وەرگێڕانەی کاک «سەردار حەسەنخاڵی» جوانە، لێ هەڵەی تایپی تێدا زۆر بەرچاو دەکەوێت.


کتێب
2019-08-19 کۆمێنت 1884 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2020 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی