حەمەدۆک لە گەرمەی هەواڵەکانی ئافەتی کۆرۆنادا

نووسینی: بیلال سەلمان
کتێب 2020-04-03 کۆمێنت 3457 جار بینراوە

تێبینی: ناوەڕۆکی چیرۆکەکە باس کراوە!

 

حەمەدۆک ناوێکی ئاشنایە بە کورد. زەمەنێ بوو نیازم هەبوو حەمەدۆک بخوێنمەوە بەڵام دەرفەتی گونجاوم نەبوو. سوود و چێژی خوێندنەوە لەوەیە کە کەمترین دابڕان و ناوبڕی تێدا بێ.

لەم سەردەمی ئافەتی کۆرۆنا و لەماڵمانەوەدا و دەرنەچوونی خەڵک، دەستم دایە حەمەدۆک و شوکر بۆ خوا خوێندمەوە.
وەک مەعلوومە حەمەدۆک شاکاری ڕۆماننووسی بە ڕەچەڵەک کوردی تورکینووس «یەشار کەمال»ە.
سێ بەرگی ڕۆمانەکە مامۆستا عەبدوڵڵای حەسەنزادە لە زمانی فاسییەوە وەریگێڕاوە، شارەزایی و لێهاتوویی مامۆستا و زمانزانییەکەی وەسفی ناوێ.
بەرگی چوارەم مامۆستا «ئاشق» لە سویدییەوە لێهاتووانە وەریگێڕاوە کە توانیویەتی چێژی بەرگەکانی پێش خۆی بداتێ.

خۆر لە لوتکەی شاخی توڕووسەوە دەرکەوت و لە ناوچاوی حەمەدی دا و لە خەو ڕایپەڕاند و بە خەبەری هێنا. چاوی هەڵگڵۆفی و لە جێی جووڵا و سەیری بنارەکەی کرد و چاوی گێڕا بەسەر لێڕەوار و دڕووەڵان و دەشتی پڕ لە چەقڵەشینکەدا، ئای چەنێ دڕک و داڵی ئەو پێدەشتانە جلە شڕ و کۆنەکانی حەمەدیان بزڕ بزڕ کردبوو و، قاچوقولی چەنبار هەڵقڵیشابوون. چەنێ ڕەنج و حەولی دابوو تا ئەوەی بتوانن لەگەڵ دایکی برسی نەبن. برایمی باوکی مردبوو.
عەبدی خان ئاغای گوندی ئاسیبا چەشمەی کە حەمەد یەکێکە لە ڕەعیەتەکانی هەرچی جەور و زڵم بوو لێی کردن و هەرچیێکیان هەبوو لێی ئەستاندن و برسی کردن. هەر بەوەش نەوەستا دەیویست خۆشەویستەکەشی  لێ بستێنێ.
حەمەد پەتی سەبری پساو ڕووی لە شاخ نا تاکو مافی خۆی و هەموو خەڵکی مەزڵووم لە دەست ئاغا و بەگەکان بستێنێ و بە سەربەرزی بژین.

ئاغا و بەگەکان ئەوانەی میداڵی شانازی و فەخر بە یەخەیانەوەیە، ئەوانەی دوێنێ پاڵەوانی نیشتمان بوون و لەپێناو خاکدا دەجەنگان دژی دوژمن، بەڵێ ئێستا لافی سەروەری لێ دەدەن و هەریەکەیان خۆی کردووە بە موڵکداری چەن دێهات و چەن دەشت، باخ و موڵک.
هەموو زەویوزاری خەڵکی بەشمەینەت و داماویان دەستبەردا گرت و قڕیان کردن. کەس قسە لە قسەی ئاغایان ناکا و قلە نەفەرێ ناتوانێ دژیان بدوێ. هەرکێ پێی لار بنێ هەڵیدەواسن و کەوڵی دەکەن.

حەمەد لە لوتکەی شاخ هاتە خوار و بە نێو دەرە و دۆڵی پڕ لە بەرددا و، بە ناو دار و دڕک و داڵدا گەیشتە ناو مەردوم و یەک لە ئاغایانی لە کۆڵی خەڵکی بەشمەینت کردەوە. مەردووم زاریان دەکردەوە ناوی حەمەدۆکیان دێنا، بەڵێ حەمەدۆک بوویە ویردی سەر زمان تەنیا باس باسی ئەوە. هەرچەند حەمەدۆک جگە لە مەینەت و دەردیسەری بۆ وان هیچی نەبووە و لە سایەی وی تەنیا ئازار و ئەشکەنجە کراون. بەڵام ئومێدیان هەیە و چەندان کەس ورەیان بەرز بۆوە و ڕەگەڵ حەمەدی کەوتن و تەنانەت ناوی خۆیشیان دەنا حەمەد.

ژاندرمە و پیاوی بەگ و ئاغا و ئوستاندار و هەرچی دەسەڵاتیان هەبوو لە ترسی گیانی خۆیان و لەپێناو بەرژەوەندیی خۆیان لە حەمەد ڕاپەڕین و شوێن نەما دوای نەکەون و ڕاوی نەنێن، لەم کۆ بۆ ئەو کۆ لەم دێهات بۆ ئەو دێهات. دوای ئەوەی نەیانتوانی بیگرن کەوتنە ئەشکەنجە و سزای دێهاتییەکان چونکە ئەوان ببوونە پەناگە و پشتیوانی حەمەد و، بڕیاری ڕاگواستنی مەردومە گوندییەکانیان دا و، لە ماڵ و حاڵیان دوور دەخستنەوە.
دوای ئەو هەموو جەور و زوڵمەی لە خەڵکی بناری توڕووس و چووکڕاوا کرا عاقیبەت لە نیوەشەوێدا و لەگەڵ دەنگی کەڵەباب حەمەد وەڕێ کەوت و ڕۆیشتە ماڵی گەورەترین بەگ و فەرمانبەردای ناوچەکە و ئەڵقەڕێزی دەرگاکەی ڕاکێشا و بێدەنگ لەسەر پەنجان ڕۆشتە ژوورێ و دەرگای ژووری خەوەکەی کردەووە و بەگ لەژێر لێفەیەکی جوانی گوڵدۆزیکراو بوو و تفەنگی ڕاکێشاو و پێنج گولەی لە ناوچاوی دا و لەکۆڵی کردەوە. پاشان ڕای کرد و بە سواری ئەسپی خەنەیی غاری دا. حەمەد گەیشتە لای هەموو دێهاتییەکان و مژدەی دانێ و ئیتر ڕۆیی.
دێهاتییەکان جەژنیان گێڕا و، هەموو ساڵێ لەو یادەدا ئاگر دەکەنەو و مۆسیقا لێ دەدەن و شایی دەگێڕن و، بەمەیش کەوتنە ناو شادی و خۆشی و نەجاتیان لە زوڵم و جەور بوو.


تاگەکان    
کۆمەڵکوژیی بۆسنە شیعر شەڕ کونە ڕەشەکان بووژانەوە دیزاینی زیرەک بوووژانەوە کوردستان مانا كتێب جوانی ئەدەبیاتی فارسی زانایان ئایین تەوبە
کتێب
2020-04-03 کۆمێنت 3457 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی