پارچەیەک لە مرۆڤبوون و ئاوێتەیەک لە نووری خودایی

کتێب 2017-12-08 کۆمێنت 3585 جار بینراوە

نووسينى: بەهرۆز حسن

کتێبی "کاک ئەحمەدی موفتیزادە (دەروازەیەک بۆ خەباتێکی نەناسێنراو)" یەکێکە لەو کتێبانەی کە هەرگیز لە خوێندنەوەیان پەشیمان نیم، خۆم و چینێک لە کتێبدۆستان و کتێبخانەی کوردی بە قەرزارباری (سەروەت عەبداللە)ی نوسەری ئەم بەرهەمە دەزانم.

کتێبێک کە بۆ ئاشناکردنی خەباتێکی نەناسێنراوی کەسێکی نەناسێنراو دەلاقەیەکمان بە ڕوودا ئاوەڵا دەکات، خەباتێک کە زۆرێک لە ئێمەی کورد لێی بێئاگاین و پێی ئاشنا نیین، کەسایەتییەک کە ئێمەی کورد دەبێت فەخری پێوە بکەین.

کاک ئەحمەدی موفتیزادە لە ساڵی١٩٣٣ی زایینی لە شاری سنەی پایتەختی کوردستانی رۆژهەڵات، ناوەندی رۆشنبیری و زانست، لە نێو بنەماڵەیەکی دیار و زانستخوازدا لەدایکبووە. ناوی تەواوی، ئەحمەد کوڕی مەلا مەحموودی موفتیی کوڕی عەللامە مەلا عەبدوڵای کوڕی مەلا مەحموودی دشەییە. مرۆڤێکی دینناسی مرۆڤدۆستی کوردپەروەری بە بنەماڵە دەوڵەمەند و، مامۆستای زانکۆ و دۆستی هەژاران بووە. هەر یەک لەم وەسفانەی سەرەوە، تەنها قسە و سیفەتێک نیین بدرێنە پاڵ ئەم زاتە، بەڵکو بە شێوەیەکی پراکتیکی ئاوێتەی ژیانی بوونە. کاک ئەحمەد ئەو کەسە بوو، کە هەر کات ناوی محمد (صلی اللە علیە وسلم) لە زار بهاتایەتە دەر، ئەوا فرمێسک لە چاویەوە دڵۆپەی دەکرد، هەتا ئەوانەی لە دەوری دادەنیشتن ئاوێزانی ئەو وشانە بوون کە دەیگوتن. سەرۆکی کۆمیتەی حیزبی دیموکرات بووە لە تاران، کەسێکی زۆر ئەکتیڤ بووە و، رۆژنامەی کوردستانیان دامەزراندووە. لەبەر کار و چالاکییەکانی دەخرێتە نێو زیندانی ساواکی داپڵۆسێنەرەوە، شوێنێک کە عەلی شەریعەتی لە باسیدا دەڵێت: لە شەودا هەوڵ دەدەیت وێنەی ئازیزانت، وێنەی دایک بێنیتەوە بەر چاوت، لێ لەبەر ئاهـ و ناڵە و ئەشکەنجەی زیندانیان ناتوانیت و کۆنترۆڵ لە دەست دەدەیت.

ئەو کاک ئەحمەدەی لە دوای زیندان دێتە دەرەوە جیاوازە لە کاک ئەحمەدی پێش زیندان، دەتوانم بڵێم سەرلەنوێ لەدایکبوونەوەی کاک ئەحمەد بوو، تێیدا بارێکی ڕۆحیی قورسی بۆ دروست دەبێت، کە دەبێتە هۆکاری چوونەوە نێو خۆی و چاککردنی هەندێک ڕووگەی ژیانی. دامەزرێنەری مەدرەسەی قورئان بووە و، یەکێک بووە لەو کەسانەی دژی ڕژێمی شا و کۆماری ئیسلامیى ئێران بۆ نەهێشتنی ستەمی نەتەوەیی، مەزهەبی و چینایەتی تێکۆشاوە.  لەدەرەنجامی ڕامانی قوڵی کاک ئەحمەدەوە لە قورئان، کۆمەڵگای بۆ دوو جۆر گۆمەڵگا دابەشکردووە: کۆمەڵگای دینی و کۆمەڵگای تاغوتی، کە لێرەدا کۆمەڵگای دینی مەبەستی ئەوەیە هیچ چینایەتی و ئیمتیازاتێکى تێدا نەبێت و نابێت ببێت، کۆمەڵگای تاغوتییش واتا گۆمەڵگای پلە پلە و هەبوونی چینایەتی (کە مەبەستی موفتیزادە لە بەکارهێنانی دەستەواژەى تاغوتی بریتییە لە دەستەڵاتی شا)، ئەمەیش چاونەترسیی کاک ئەحمەد دژی دەسەڵاتدارانی خۆسەپێنەر دەسەلمێنێت. لە نێو ئەم دوو گۆمەڵگەیەشدا سێ چین دیاری دەکات، ئەوانیش دەسڵاتداران، سەرمایەداران و، هەژار و بێنەوایانن، کە دوو چینی یەکەمیان، سێهەمیان دروست دەکەن. پێیشیوایە بە هۆی سێ جۆر دەسەڵاتەوە، کە بریتین لە سیاسی، ئابووری و، سەربازی، دەتوانرێت ستەم لە نەتەوەیەک بکرێت و، هەموو هەوڵ و جوهدی ئەو زاتە بۆ نەهێشتی ستەم بووە و بەئاگاهێنانەوەی ئەو میللەتە بووە.

موفتیزادە دۆستی هەژار و لێقەوماوان بووە، داکۆکیکەرێکی سەرسەختی ئەو چینە بووە. یەکێک لە وتە هەرە بەنرخەکانی ئەوەیە کە دەڵێت: (هەموو میللەتێک ماف و ئیمتیازاتی خۆی هەیە، یەکەمین ماف و ئیمتیازاتێکی ئینسانیش داواکردنی مافەکانی خۆیەتی، گەر میللەتێک نەتوانێت داوای مافی خۆی بکات میللەت نیە)، هەژار وتەنی (بە مردووییش هەزار کۆمەنیستت بە قوربانبێ). هێندە خەمی هەژارانی بووە، مەلا و تێنەگەیشتووەکانی ئەو کات وایان زانیوە شیوعییە، هەتا جارێک مەلایەک دەڵێت من کەلیمەی تەوحیدم خۆشناوێت و بەکاری ناهێنم، چونکە شیوعییەکان بەکاریدەهێنن. کاک ئەحمەد پێیوایە ئایین و نەتەوە دوانەیەکی لێک دانەبڕاون، کوردایەتی شتێک نییە بۆ کاک ئەحمەد کە لە وێستگەیەکی ژیانی دا هەڵیگرتبێتەوە، بەڵکو وەک دەڵێن هەر لە منداڵییەوە لەگەڵیدا لەدایکبووە. بۆ بەئاگاهێنانەوەی خەڵک گەلێک رێکاری جوانی گرتووەتە بەر، سەرەتا دەستی کردووە بە گەڕاندنەوەی فەرهەنگی کوردی و کوردەواری، یەکێک لەو کەسایەتییە دیارانە بووە بە جلی کوردییەوە لە ناو شاری سنەدا گەڕاوە، لە نێو تاراندا بە جلی کوردییەوە هاتووچۆی کردووە، کە لەو کاتەدا جێی نەنگی بووە و خەڵکی پێیان دەگوت چێوار، داوای کردووە زمانی کوردی بکرێتە وانەیەکی سەرەکیی نێو خوێندنگاکان و خەڵکی دەبێت بە کوردی قسان بکەن.

هەر ئەم هەڵوێست و کارانەیەتی کە وای کردووە سەرکردەیەکی وەک قاسملۆ بڵێت: (ئەو ئامانجەی کاک ئەحمەد بۆی تێدەکۆشێت هەمان ئامانجی ئێمەیە، ئەو بە ڕێگەیەک و ئێمەیش بە رێگەیەکی تر). کاک ئەحمەد یەک لەو کەڵە پیاوانەی مێژووی ئیسلام و کوردایەتییە کە بە بنەماڵە دەوڵەمەند و خۆیشی دۆستی هەژار و لێقەوماوان بوو، مامۆستای زانکۆ لە وانەکانی فەلسەفە، حقوق و، ئیلاهییات و، یەک لە ڕابەرانی شۆرشی ئێران بووە.

دامەزرێنەری کۆنگرەی شمس (شورای مەرکەزیی سوننەت) بووە، کە تێیدا ئازایانە و جەریئانە دژی ئاغای خومەینی رادەوەستێت و پێی دەڵێت: (منیش کوردم و مرۆڤم، مافم هەیە)، کە پێم وابێت کەم کەس هەبێت بەم شێوەیە دژی زۆردار و زاڵم بوەستێتەوە و ئازایەنە داوای مافی خۆی بکات. هەر ئەوەیە وای کردووە لە نامەکەیدا بۆ خومەینی نوسیویەتی (سوپاس بۆ خودا لە پێشینەی سیاسیمدا، لەو کاتەوە خودا بەھرەی ئیسلامەتیی پێ بەخشیوم، شتێک نییە کە نیشانەى ڕێزگرتنم لە ھیچ دیکتاتۆر و تاغووتێک دەربخات).

یەک لە هەرە سیفەتە بەرزەکانی ئەم زاتە، وەستانەوەیە دژی بەکارهێنانی هەر نازناو و ئیمتیازاتێک کە بە ئەشرافی دەربکەوێت.

کاک ئەحمەد هێژێ هەر وەک چۆن پێویستە لە ماڵ و سامانمان ببەخشین، پێویستە لە ڕووی مەعنەویشەوە لە ئەخلاقمان ببەخشین. بۆئەوەی دەردی خۆبەگەورەزانین نەهێڵت ئەو فەرموودەی سەروەرمان(صلی اللە علیە وسلم) دەهێنێتەوە کە دەفەرموێت (التکبر علی متکبر صدقە) یەک لەو شتانەی کە دەبێت مرۆڤ بیبەخشێت ئەخلاقە، بۆیە لە ئاست مرۆڤی خۆ بەگەورەزاندا دەبێت مەرد بێت ئەو دەردە هەتوان بکات. ئەوەتا با هاوەڵانی دەڵێت هەر زۆر حەزتانکرد، بە کاک ئەحمەد یان برای ئازیزم بانگم بکەن ، لە کاتێکدا لەو کاتەی ئەوی تێدا ژیاوە نازناوی کاک عەیبە بووە بەکار هێنانی نەنگی بووە. دژی هەموو جیاکارییەکی چینایەتی بووە و سەرەتا لە ژیانی خۆیدا پراکتیزەی کردووە، دەڵێن کە سواری پەیکان ببوایە، کە پیکابی تاکی لای خۆمان دەکات، ئەوا دوو نەفەری لەگەڵ خۆی سەر دەخست هەتا ئەوەی جێگای تەنگ بێت، وەک ئەشرافی و بەرپرسی گەورە دەرنەکەوێت، بۆ ئەوەی لە شوێنێک بینران فەرق و جیاوازی نەکرێت کە ئەمە کاک ئەحمەدە یان کەسێکی ئاسایی.

یەک لە هەرە باسە گرنگەکانی، باسی بونیادنانی خێزان و پەروەردەی تاکە، کە بە قەناعەتی کاک ئەحمەد ئافرەتێک دەتوانێت دەوڵەتێک دروست بکات، لای وایە ئیشی پیاو تەنها پارە پەیداکردن و دابینکردنی بژێوی و ئێوارە لۆژ لۆژ چوونەوە ماڵ و خەو و ئەو شتانە نییە، بەڵکو ئیشیان بونیادنانی مرۆڤە، خێزانە، کۆمەڵگەیە، دەوڵەتە.

کاک ئەحمەد لە دوای ساڵرۆژی کۆنگرەی شمس دا کە ئەو ماوەیە قسەی زۆر توندی بەرامبەر بە دەسەڵات دەکرد، هەموو کارە دزێو و ناشرینەکانی دەردەخست، دووبارە دەخرێتەوە کونجی تاریک و شێداری زیندان، کە بۆ ئەو جێگای دیتنی یار و ئازیزانی بووە ، بۆ ماوەی ١٠ ساڵ کە حەوت ساڵ و نیوی سەرەتا ناهێڵن هیچ کەسێک ببینێت، هەر لە حەمەژیانی کوڕیەوە هەتا ئەندامێکی مەدرەسەی قورئان، تێیدا دەمێنێتەوە. لە پاش ئەشکەنجە و ئازار و ناڕەحەتییەکی زۆر، دوای شکاندنی چەند ئێسکێکی ملی و توشبوونی شێر پەنجە لە زینداندا مەرەخەس* بوو، کە زانیان هیچ چارەسەرێکی نییە و ئەستمە چاک بێتەوە مەرەخەسیان کرد و، سەرەنجام لە دوای شەش مانگ لە ساڵی ١٩٩٣ دڵە پاک و بێگەردەکەی، دڵە بێخەوش و پڕ پڕ لە ئەوینەکەی بۆ ئایین و نەتەوە ستەملێکراو و بێبەشکراوەکەی لە لێدان کەوت، خەمی ئەو نەتەوە بێبەش لە مافەی بردە ژێر خاك.

خودای گەورە لە بەهەشتدا بە دیداری ئەو ئازیزەمان شاد بکات.

پێم شەرم بوو منی سەرڕێژ لە تاوان شتێکی بێبەها لە ئاست زاتێکی پڕ لە ئەوین و پاکیدا بنووسم، سا قەسەم بە خوا گەر لە بەهایم کەم نەکردبێتەوە ئەوا زیادم نەکردووە، هەر دێڕێکیم بە کۆڵێک شەرم و ئارەقەکردنەوەوە نووسیوە.

والسلام.

لەنێو جەرگەی جەمی یارانی گیانی

تۆم نەبێ هێشتا خۆم پێ تەنیایە

تۆم هەبێ تەنیا لە ئینفرادی

لێم جەمە هەرچی خۆشیی دونیایە

*کاک ئەحمەد تێڕوانینێکی قوڵ و بێوێنەی بۆ بەکارهێنانی چەمک و زاراوە هەبووە، پێی ناخۆش بووە وشەی ئازادی بۆ بەکار بهێنن، چونکە ئەمە بۆ کەسێک بەکاردێت کە بە جەستە و ڕۆح لە زیندان بووبێت، بەڵام ئەو هێژێت کە تەنها بە جەستە لە زیندان بووە و بە ڕۆح لە مەنزڵی یاران بووە، بۆیە پێی خۆش بووە وشەی مەرەخەسی بۆ بەکار بهێنن.

تاگەکان    
باران لۆجیک ئاوی زەمزەم ئایین کۆرۆنا وەرزش فێمینیزم جوانی ژن شەڕ مۆدێرنیتە نوێژ دەربارەی کتێب مۆدێرنە هاوڕەگەزخوازی
کتێب
2017-12-08 کۆمێنت 3585 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی