بنیادەم بوونەوەرێکی دەروونییە!
2019-01-26      1379 جار بینراوە        کۆمێنت

نووسینی: هێمن خورشید

   مرۆڤ هەمیشە بەوە خۆی فریو دەدات کە خودان ئاوەزە و توانای بیرکردنەوەی هەیە و ئەمەیش دەکاتە خاڵی جیاکەرەوە و ئیمتیازی لە بوونەوەرانی دیکە، لێ بە وردبوونەوەیەکی سەرپێیی، دەردەکەوێت ئەوەی بنیادەم لێدەخوڕێت ئاوەز نییە، دەروونە!

ئادەمیزاد زۆر جار لە شتێک دڵی دێشێت و دڕدۆنگ دەبێت، کە ئەگەر بە ئەقڵ لێکی بدەیتەوە، مایەی دڵڕەنجان نییە، بە هەندێ شتیش دڵی خۆش دەبێت، کە ئەقڵ توانای لێکدانەوەیی نییە...

ئەقڵ لە باشترین باردا، کاری، داتاشینی پاساوە بۆ مەیلی دەروون... با نموونەیەکی سادە وەربگرین، کەسێکی گوندنشینی نێو کلتوورێکی داخراو، ئارەزووی ژووانی یارەکەی، لە نیوەشەوێکی تاریکدا، لە سەری دەدات، کەس دەتوانێت بڵێت ئەمە کارێکی ئەقڵانییە؟ ئاوەز دەزانێت وەها هەنگاوێک لە مەترسی خاڵی نییە، چونکە ئەگەری ئەوەی لە ژوواندا بگیرێت و دارکاری بکرێت و بگرە بیشکوژرێت، شیمانەیەکی لەجێیە، کەچی نەک هەر بڕیاری نەچوون نادات، بگرە پاساویش بۆ چوونەکە دادەتاشێت و دەڵێت؛ دەیان کەس لەم گوندە و لە گوندی دیکەیشدا شەوانە دەچنە ژووان و کەسیش لە قافا نایانگرێت، ئەم ژووانەیش وەکوو ئەو هەموو ژووانە...

ئادەمیزاد هەرچەند خۆی بە ئاوەزەوە هەڵدەنێت، کەچی هەرچی شەڕ دەکرێت، هەرچی کێشمەکێش و گوریسکێشەکێ ئەنجام دەدرێت هیچیان بە تەرازووی ئەقڵ نەکێشراون، هەرچی ماڵوێرانی و یەخەگرتن و کوشتوبڕ لە مێژوودا ڕوویان داوە، هیچیان لە مەحەکی ئاوەز نەدراون...

کاتێ تووڕەیی ڕوودەدات، ئەوەی بڕیار دەدات دەروونە، ئەوەی جنێو دەدات و هەڵمەت دەبات دەروونە، ئەوەی دەکوژێت دەروونە... لە کێشمەکێشە ناوەکییەکاندا هەمیشە ئەوەی سەردەکەوێت دەروونە، ئاوەز هیچ نییە جگە لە خزمەتکارێکی گوێڕایەڵ و گوێلەمشتی دەروون... کاتێ کەسێکی وەک هیتلەر نیوەی دنیا داگیر دەکات، مەیلی لێیە وای لێ بکات، کەچی ئاوەز بیانووی بۆ دێنێتەوە، کە ئەمریکا دوو شاری وڵاتی ژاپۆن بە بۆمبی ئەتۆم خاپوور دەکات، مەیلی شەڕ و دەستبەسەرداگرتنی ئەویدی پاڵنەرێتی، کەچی پاساوی ئەقڵانی بۆ خڕدەکاتەوە...

ڕاسکۆڵنیکۆف، پاڵەوانی شاکارەکەی دستۆیڤسکی (تاوان و سزا)، باڵاترین نموونەی ڕوونکەرەوەی ئەم بابەتەیە، ئەو کە دەیەوێت پیرەژنە سووخۆرەکەی شار بکوژێت، دەیان شەو و ڕۆژ بیر دەکاتەوە و بیانوو و پاساوی ئەقڵی بۆ ئەو تاوانەی بەنیازە ئەنجامی بدات، دەتاشێت!

بەڵێ دەروون چەقی هەنگاوەکانی ئینسانە و ئەقڵ تەنیا خزمەتکارێکی دەروونە...


سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی