دادپه‌روه‌ری و عه‌فرین
2018-01-22      1813 جار بینراوە        کۆمێنت

نووسینی: هێمن خورشید

شێخی پایەرز، بەدیعووززەمان سەعید نوورسی دەفەرموێت، یەکێک لە چوار ئامانجە سەرەکی و توخمە بنچینەییەکانی قورئان، دادپەروەرییە .

لەسەر ئەو گوتە زێڕینە، بنەمای تەلاری بابەتێک هەڵدەچنم، ئەویش بابەتی پەلاماردانی (عەفرین)ە لە لایەن سوپای تورکیاوە .

بابەتەکە لە هیچ گۆشەنیگایەکی غەیری دادپەروەرییەوە تەماشا ناکەین، واتە باسی ئایین و نەتەوە دەخەینە دەرەوەی بازنەی باسەوە، تەنیا لە جەغزی دادپەروەرییەوە، تەتەڵەی دەکەین .

ماڵە دراوسێیەکت هەیە، خەریکی ژیانی خۆیانن و تۆ خۆشت ناوێن، گومانی خراپیشت بەرانبەریان هەیە و دەترسیت لە داهاتوودا زیانت لێ بدەن، لێ تا ئێستا هیچ زیانێکیان لێ نەداویت، ئایا هیچ یاسایەک ڕێگەت دەدات هەڵبکوتیتە سەریان و ماڵەکە بڕووخێنیت بەسەریاندا؟

ئێستا با بێینەوە بۆ لای پارتی داد و گەشەپێدان و پرسیارێکی سادەیان لێ بکەین: داد دەخوازێت عەفرین وێران بکەن یان ئەوەی دەیکەن بە گەشەپێدانی دەزانن؟ !

ڕەجەب ت. ئۆردوگان ئێستا لە کەسێتییەکی خۆشەویستی جەماوەرییەوە گۆڕاوە بۆ کەسێکی بوغرای خۆسەپێن و تا ڕادەیەک هەڵەیشەش، بۆیە لێی چاوەڕێ دەکرێت بڕیاری نادروست و ناڕەوا دەربکات، لێ پرسیار ئەوەیە، ئایا کەسانێک جگە لە ئۆردوگان، لەناو ئەو پارتەدا نیین، ڕایان هەبێت و بتوانن ڕێ لە وەها بڕیارێک بگرن؟ یان کۆڕای ئەندامەکانی بڕوایان وایە، هەر شتێک ناوی کوردی پێوە بێت دەبێت نەمێنێت؟ !

لێرەدا پرسیارێکی تر دێتە ئاراوە، کە ئەمجارە پەیوەندیی بە دینیشەوە هەیە، ئایا ئیسلام ڕێگەی تەنیا بە گەلی تورک داوە بژێت و کیانی هەبێت یان ئیسلامەکەی داد و گەشەپێدان ئیسلامێکی دیکەیە؟ ئیسلامێکی چەشنی سێکۆلاریزمی تورکی، مینا کەمالیزمی توندڕۆ، کە چاوی بە ناوی کورددا هەڵنەدەهات و هەڵنایەت؟

ئەگەر ئەمەی دواییە، دوا پرسیار چاوەڕوانی وەڵامە:

بۆ منێکی غەیرە تورک، بەتایبەت بۆ منێکی کورد، جیاوازیی کەمالیزم و ئۆردوگانیزم چییە؟ ئەمەی دواییان نوێژ دەکات؟ مزگەوت دروست دەکات؟ قورئان بڵاودەکاتەوە؟ ئەو کارانە لەگەڵ بوونی ستەم و دەستدرێژیدا، تینوویەتیی تینوویەک دەشکێنن؟ دەبنە نەوا بۆ بێنەوایەک؟

کاتێک دادپەروەری غائیب بێت، دینداری و بێدینی جیاوازییەکی ئەوتۆیان نییە.

سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی