تۆڕی کۆمەڵایەتی یان تۆڕی تێکدانی پەیوەندیی کۆمەڵایەتی؟
2018-03-20      2102 جار بینراوە        کۆمێنت


بەهۆی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە، پەیوەندیی نێوان ئەندامانی چەندین خێزان تێکچووە و چەندین ئارێشەی کۆمەڵایەتی سەریان هەڵداوە
.

تۆڕی کۆمەڵایەتی ساردیی خستووەتە نێوان سەدان دۆست و هاوڕێی دێرینەوە.

بۆ؟

تۆڕی کۆمەڵایەتی، بووەتە هۆی پەیدابوونی ژیانێکی دیجیتاڵی، کە لە وەهمێک زیاتر نییە. ئەم ژیانە وەهمییە هاوتەریب لەگەڵ ژیانە ڕاستەقینەکەدا، دەڕوات.

زۆر کەس تەنیا لەبەر ئەوەی لە ڕێی تۆڕی کۆمەڵایەتییەوە، یەکێک دەناسن، ئیتر وا دەزانن هەر بە ڕاستی دەیناسن و چاوەڕێیان لێی هەیە. ئەها کاتێ کەسێک خزمێکی دەمرێت، چاوەڕێیە ناسیاوەکانی بڕۆن بۆ پرسەکەی، یان یەکێکی نەخۆش دەکەوێت، چاوەڕوانی ئەوەیە دۆستەکانی سەردانی بکەن، کە نەڕۆنە پرسەکەیەوە یان سەر لە نەخۆشەکەی نەدەن -لەبەر هەر هۆکارێک بێت- دڕدۆنگ دەبێت و لووتیان لێ دەکات بەولاوە، پەیوەندیی موزەییەفی نێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش وای لێ هاتووە، وەختێ کەسێک وێنەیەکی خۆی بڵاودەکاتەوە و هاوڕێیەکی لایکی ناکات -که ئەگەری بەهێز ئەوەیە وێنەکەی نەیبینیبێت- ئەم لەخۆوە لێی لووتەلا دەبێت و لە دڵی خۆیەوە بڕیار دەدات بە لایکنەکردنی پۆستێکی، تۆڵەی لێ بکاتەوە!

خاڵێکی تری جەوهەری ڕووتبوونەوەیە..

دەروونی مرۆڤ جیهانێکی ئاڵۆزە، ئیرەییبردن هەستێکی شاراوەی نێوناخی هەموو بنیادەمێکە. گشت کەسێک حەزدەکات خۆی له هەموو شتێکدا لەپێشتر بێت، تۆڕی کۆمەڵایەتی بەردوام فوو بە پشکۆی ئەو هەستە پەنهانەدا دەکات و ناهێڵێت دامرکێتەوە..

سفرەی حەوتڕەنگی خزمەکەت بەردەوام بە بەرچاوتدا ڕەتدەبێت، دیوەخانی ڕازاوەی فڵانە کۆنە دۆستت دەبینیت، گوێت لە تریقەی پێکەنینی هاوڕێکەت و مناڵەکانیەتی، هاوڕێکەی دوێنێت لەپڕ وێنەی خۆی و دەزگیرانەکەی بڵاودەکاتەوە و دەنووسێت سوپاس بۆ خوا ئەمڕۆ لەگەڵ خاتوو .... ئەڵقەمان گۆڕییەوە، تۆیش دەزوولەیەک ئومێد شک نابەیت پێنج ساڵی تریش بتوانیت ئەڵقە بگۆڕیتەوە.. فڵانە هاوڕێت گەشتی پاریس و بەرڵینی کردووە و کۆمەڵێک وێنەی خۆی لەتەنیشت بورجی ئیڤڵ و لەفیسارە کەنار دەریا بڵاودەکاتەوە و دەنووسێت: ڕۆژێکی خۆشمان بەسەربرد، تۆیش پارەی کرێ سەیارەی شارەکەی دەستەڕاستت لە گیرفاندا نییە.. ئەو هاوڕێیەت هەر ڕۆژەی دەستە جلێکی تازەی لەبەردایە و خۆی پێیانەوە بادەدا، تۆیش ئەسپێ لە بەرکتدا سەوزەڵەخانم دەچڕێت..

مرۆڤ کائینێکی ناسکە، لە هەمانکاتدا بوونەوەرێکی تا سەرئێسقان خۆپەرستیشە، ئەو هەموو شتێکی بۆ خۆی دەوێت، تەنانەت وەختێ کەسێکیشی خۆش گەرەکە، بۆ خۆی خۆشی دەوێت نەک بۆ خۆشویستراوەکە!

هەندێ جار بیستنی هەواڵێک دوو ڕۆژ خەو لە چاوی کەسێک دەتارێنێت. بۆ نموونە گەنجێک کە خەون و خەیاڵی ژنهێنان یان شووکردنە، کاتێ هەواڵی هاسەرگیریی هاوڕێ زۆر نزیکەکەی دەبیستێت، ترپەی دڵی زیاد دەکات و دەمی وشک دەبێت و نانی پێ ناخورێت.. بۆ؟ چونکە هەست بە بەجێمان دەکات ...

بەهۆی چالاکیی تۆڕی کۆمەڵایەتییەوە، چەندین هاوڕێ دڵیان لە یەکتر ڕەنجاوە.. ژن و مێرد پشتیان لە یەک کردووە.. قوتابی بەر نەفرەتی مامۆستاکانی کەوتووە، خزم تەرکی ماڵی خزمی کردووە..

خوڵاسە، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بنیادەمیان لە هەموو جلوبەرگ و دیوارێک ڕووت کردووەتەوە و بە ڕووتوقووتی خستوویانەتە بەرچاوی هاوڕەگەزەکانی، نە هیچی شاراوەی ماوە و نە هیچیش ماوە لێی شاردرابێتەوە.. ئەمەیش بەردەوام هەستی ئیرەپێبردن لە لای ئەوانیدی دەوروژێنێت..

ئەمەیە کرۆکی کێشەکان.

بۆ گێڕانەوەی ژیانی ڕاستەقینە و چێژبردن لێی، پێویستە ڕۆژێک کۆتایی بەو ژیانە وەهمییە بێت، ئەگەرچی ئاسانیش نییە.

سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی