کۆت و بەندی نائومێدی
2017-12-06      2354 جار بینراوە        کۆمێنت

دقێكى شیعریی قانع خورشید وه‌ك نموونه‌

 بۆچی دەڵێن

پزدانی ژین،

منداڵدانی دنیای بەرین

بەس منداڵی غەمی دەبێت؟

بۆ وا باوە

گوایە وەفا وەکو عەنقا

تەنیا ناوە و

لای هیچ کەسێ

بوونی حەقیقی نەماوە!


ئەو کاتەی نائومێدى وەک هەورێکی ڕەش ئاسمانی ژیانمان دەتەنێت و، خۆری هیواکانمان دەخاتە ژێر باڵەکانیه‌وه‌، جگە لە تاریکییەکی ئەنگوستەچاو هیچی تر بەدی ناکەین و، ئەگەر کوڕەشا بیت یاخود گەدا، ئەوا تۆ دیلی دەستی بیرکردنەوەکانتی و بەرەو نائومێدی پەلکێشت دەکەن و، هەموو ڕۆژگارەکانت تاریک و تاریکتر دەکەن. ئێمە لە ژیانی ڕۆژانەماندا هەرچیمان هەیە دەیبەخشین، بە مەرجێک نەخرێینە گرتووخانەی تاکەکەسییەوە، چون خۆمان دەناسین و بەرگەی ناگرین، بەڵام زۆرێکمان بە بێ ئه‌نجامدانی هیچ تاوانێک خۆی لە زیندانی نائومێدیدا بەند کردووە و، چاوەڕوانی هیوایه‌كیش ناکات. ئاخر هیچ هەورێک هه‌تاهەتایه‌ توانای ڕێگەگرتنی لە تیشکی خۆر نییە، چون هه‌رچه‌نده‌ تیشکەکان هەزاران جار بشکێنەوە، بۆ جاری هەزار و یەک هەوڵدەدەنەوە و هیوابڕاو نابن، مرۆڤیش هەرچەند ڕه‌شبین بێت، ئومێدێک له‌به‌رده‌مدا هەر ماوە. شاعیر جوانتر بە ئومێدەکانی ژیندا ڕۆ دەچێت و دەڵێت:
کەس کاسەی غەمی کەسی دی

ناخواتەوە،

هیچ مرۆڤێک بۆ خۆشحاڵیی

ئەوانی تر

ناخۆشی لەبیرى خۆى

ناباتەوە!

زۆرجار وا ڕێک دەکەوێت ئێمە غەمبارین و هاوڕێیەکمان بەهۆی خۆشییەکی خۆیەوە داوەتێکمان دەکات و، دەوروبەرمان جەوێکی خۆش بەسەر دەبەن، ئێمەش مڕومۆچ دەڕوانینە دەوروبەرمان و ئەڵێی ئەمان خۆشییان لە ئێمە تێکداوە، وەک پچڕانی کارەبای هاوینی گەرمیان، ئه‌و كاتانه‌ی دوای ماندوو بوونێکی زۆر، خۆمان دەگەیەنینە ماڵ و کۆنترۆڵی سپلیتەكه‌ هەڵدەگرین و کە دەست بە دوگمەی پێکردندا دەنێین، کارەبا دەبڕێت، ئا بەو شێوەیە خۆشی لە چواردەورمان تێکدەدەین، تۆيه‌ك فێر نه‌بوویت خۆشحاڵ بيت، فێر ببه‌ خۆشى له‌وانى تر مه‌شێوێنه‌.

ئەگەر وایە،

بۆچی هێشتا گوڵ لە باخان

دەشنێتەوە؟

بۆ تا ئێستەیش ساوای تازە

چاوی بە ڕووی ڕووناکیدا

دەکرێتەوە؟

بۆچی تا ڕۆژگاری ئەمڕۆیش

نیوەی دۆزراوەی عومری من،

ئامادەیە تاڵاوی دووری و تەنیایی

بکاتە نێو پەرداخێک و

بەئارامی و دڵنیایی

نۆشی بکا،

تا هاوسەری دوورەماڵی

هەست بە کەمێ خۆشی بکات؟!

شاعیر لێرەدا ڕووى ده‌مى له‌ ئێمەیه‌، ئەوەی ئەو باسی دەکات تاک بە تاکی ئێمە، ڕۆژانە مامەڵەی لەتەکدا دەکەین و بە بێ ئەوەی هەستی پێ بکەین، پێمان دەڵێت چاویلکەڕەشەکەت داکەنە و کەمێک سەیری دەوروبەرت بکە، بزانه‌ ئه‌وه‌ ئومێده‌ ‌ چواردەوری تەنیویت یاخود خەم و کەسەر؟ بۆ ناڕوانیتە ئەو هەموو وەفایە کە ڕۆژانە پێشکەشت دەکرێت، کەمێک وەخۆ کەوە، وا خەریکە لە کاروانی ژیان دوا دەکەوی.

ئەگەر ڕاستە وەفا تەنیا

هەر ناوێکە و

بوونی ڕاستەقینەی نییە،

ئەی پێم ناڵێن

ئەمەی من دەیبینم، چییە؟!

تەنها وەفایەک چەند ئێمە دڵخۆش دەکات، تۆ کە دنیا بە بێوەفا سەیر دەکەی، هاتوویت ڕۆژێک دابنیشیت و وردبیتەوە تا بزانی وەفا چییە؟، یان لە جێی گلەیی، خۆت کام وەفات هەبووه‌؟، لە جێگه‌ی سه‌رزه‌نشتكردنی خەڵکی پێویستە خۆمان لۆمە بکەین، بزان ئەوسا چەندە وەفا دەبینیت. به‌ڵێ ئه‌گه‌ر ته‌نها گله‌یی له‌ خه‌ڵكى بكه‌يت و به‌رپێى خۆت نه‌بينى، به‌ڕاستى جگه‌ له‌ نائومێدييه‌كى ڕه‌ها هيچى تر نابينيت.

ئەرێ گەلۆ!

دایکان بە مرۆڤ حسێب نین؟

کەس هەیە؟ کەس

بە من بڵێ دایکێک هەس

گشت ژیانی،

جەستە و گیانی

ناکاتە فیدا و قوربانی

بۆ ڕۆڵەی بێ غەم و دەربەس!

ئەرێ ئێمە چەندجار دایک و بابمان تا ئەوپەڕی نائومێدی بێزار نه‌کردووە؟! دەتەوێت چۆن شەوانی ئێشکگری دایک و، ڕۆژانەی ماندووێتی باوکت قەڕەبوو کەیتەوە؟ گه‌ر بە دوای ئومێددا دەگەڕێیت، ده‌سا لە کەناریان دانیشە و بپرسە با پێناسەیەکی ژیانت بۆ بکەن، بزانه‌ ئەوەی ئەوان بۆ گەورەبوونی تۆ چەشتویانە، تۆ دەتوانی بە ۱۰۰۰ساڵ قەرەبووی بکەیتەوە.
دەی کەواتە

تکا دەکەم

دووکەڵی ڕەش،

سەرگوزەشتەی کەسی بێبەش،­­­

مەکەن بە نێو چاو و گوێمدا!

وەرە دووکەڵی ڕەشی ناخت پاک بکەره‌وە و، سەیرکە ژیان چەند تژییە لە ئومێد و كامه‌رانيى، ئەگەر ژیان نائومێدییەکی ڕووت بووایە، چۆن دەیتوانی بەردەوام بێت؟! کەواتە تەنها پێوستمان بە تەکانێکە، شەو هەرچەند تاریک بێت گڕی مۆم ناشارێتەوە. كه‌وایه‌ زلله‌يه‌ك له‌ خۆت بده‌ تا لێت نه‌دراوه‌ و، چاوێ بگێڕه‌ و ببينه‌، هێشتاش بولبول له‌ باخان ده‌خوێنێت و، په‌روانه‌ خه‌ريكى سوتانه‌ و عاشقان خه‌ريكى نووسينى نامه‌ى پڕ له‌ ميهرن.

داوا ده‌كه‌م:

ئه‌و دڕكانه‌ فه‌رش مه‌كه‌ن له‌سه‌ر ڕێمدا...

تا گوڵێكى گه‌شى ڕواو،

تا ساوايه‌كى ناونه‌نراو،

تا ژنێكى چاو له‌ ڕێگاي مێردى ڕۆيشتووى،

تا دايكێكى ده‌م به‌ دوعا بۆ ڕۆڵه‌ى ناو جێدا خه‌وتووى

له‌م سه‌رزامينه‌دا هه‌بن.

چه‌ند له‌ ئێمه‌ ڕۆژانه‌ خه‌ريكى ڕواندنى دڕكى ژان و سته‌مه‌ و، گله‌يى له‌ نائومێدى ده‌كات! تۆيه‌ك كه‌ خه‌ريكى كارى ئاسنگه‌ريت، سه‌رى خۆت و ئه‌وانى ديش به ‌ژان دێنیت، وه‌ره‌ ببه‌ به‌ گوڵاوفرۆش و بزانه‌ چه‌ند گه‌نجى جوانى پڕ له‌ ئومێد له‌ ده‌رگاتت ده‌ده‌ن، چه‌ند پيرى چه‌ماوه‌ هێشتاش به‌ ئومێدى گه‌يشتن به ‌يارى نادياريان خۆيان بۆنخۆش ده‌كه‌ن، وه‌ره‌ بۆ باخچه‌ى ئومێد و گوڵى تازه‌پشكوت و بولبولى تازه‌باڵگرتوو ببينه و‌، واز له‌ خه‌وش و خاشاڵ بێنه‌‌‌ و, بۆنى گوڵى ئاڵى يه‌خه‌ى دڵداران بكه‌.

ژيان پڕپڕه‌ له‌ جوانى

لێوانلێوه‌ له‌ ئومێد و

تژيشه‌ له‌ كامه‌رانى!


سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی