خەمۆکى
2017-11-01      1878 جار بینراوە        کۆمێنت
خەمۆک دەردێکی بڵاوی سەردەمە، نازانین خەمۆکین یان دەمانەوێت ئێمەش وەک دەوروبەرمان خۆمان دەربخەین. ئەم دەردە وەک ئەو کچە ناشرینەیە کە عاشقی دەبین هەموو دنیا دەزانن ناشرینە بەس تۆ بەجوانی دەزانی، لە دوای دامرکانەوەی کەفوکوڵی گەنجێتی خۆشمان دەزانین ناشرینە، چارچییە؟ تاکە چارە خۆ ڕاهێنانە لەتەک ئەو شێوازە ژیانەدا، پێدەچێت کەمێکی کەممان توشی ئەو حاڵەت ببین، بەڵام خەمۆکی لەگەڵ تاک بە تاکی مرۆڤەکاندایە، چون لەسەر دەرگای ژیان نووسراوە بە گریانەوە دێیت و بە گریانیشەوە بەجێی دەهێڵی، واته‌ سه‌ره‌تا و كۆتاى ژيان خه‌مه‌، جۆری خەمەکە و قەبارەکەی لای خۆمانە چەند گەورەی دەکەین و چەندیش بچوکی دەکەین، ئەگەر بتەوێت گەورەی بکەی سەرت لە خۆکوژییەوە دەردەکات، بتەوێت بچوکی بکەی دەتوانیت، بۆیە خۆ ڕاهێنانێکی درۆزنانە لەگەڵ ناسۆرییەکانی ژیاندا زۆرباشترە لە ڕاستێکی پڕ لە ئازار. چیرۆکێک دەگێڕنەوە: پیاوێک لە پیریدا، باسی ئەزموونی خۆی بۆ نەوەکەی کرد
وتی کوڕم دوو گورگ لە ناخی مرۆڤدان
گورگێکیان(حەسودی، ڕق، دوژمنی، خەم 
گورگەکەی تریان( جوانی، پاکی عشق، شادیی
ئەم دووانە بەردەوام لە شەردان
منداڵەکە پرسی: باپیرە کامیان سەردەکەوێت   
باپیرە پێکەنی و گوتی: ئەوەیان خۆراکی زیاتری پێبدە.
هیچ یەکێک نییە دەردێک دڵی نەگرتبێت، و بە پەنهانی فرمێسکی بۆ نەڕێژێت، تەمی خەم بە ئاسمانی هەموومانەوەی و ناهێڵێت ساماڵ و خورشید بۆ جارێک دەست لەملان بکەن تا جارێك شه‌ربه‌تى شادى بنۆشى ده‌يان جار زه‌هراوى خه‌م ده‌خۆينه‌وه‌. هەوڵمەدە خەمەکانت ئاشکرا ببن، چون تا خەمت ناسراو تربێت خوێنتاڵ تری، وەک بۆنی ناخۆش دەوروبەرت لێت ڕادەکەن، نزیکترین هاورێت هەر چەند جارێک تاقەتی گوێگرتنی هەیە، پاشان ئەویش پشتت تێدەکات، سروشتی مرۆڤ وایە کاتێک شادی دەبەخشێتەوە هەرکەسەوەی کەمێک دەبات، بەڵام بۆ خەمەکانت تەنها خۆت و خۆتی، هەوڵدە وەک پەشێوی شاعیر دەست و پەنجەی لەگەڵ نەرمکە
گەر سێوێک بوو، لەتی دەکەم
لەتێک بۆ خۆم، لەتێک بۆ تۆ

بزەیەک بوو، لەتی دەکەم

لەتێک بۆ خۆم، لەتێک بۆ تۆ
خەفەتێک بوو، بەشت نادەم،
هەڵی دەمژم وەک دوا پەتۆ!

هاوڕێ، یار، هاوپیشە، گەر خۆشت دەوێن، نابێت هەرچی خەمت دەستکەوت، تورەکەیەکی پێ ببەخشیت، لەو کاتەدا تۆ دەبیتە کەسێکی خۆپەرست و ناتەوێت دەوروبەرت شادبن. فێربە خەم بەش مه‌كه‌. 


سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی