مەجالیس
2020-03-13      1712 جار بینراوە        کۆمێنت

     ئەو حەلەی جوانییەکی ترسناک دەبینیت، تەنیا یەک هەست ناخت ناتەنێت، بەڵکو دونیایەک هەست بە جارێک دڵ و گیانت دەهەژێنن، هێندێک لەو هەستانەیش هێندە سەیر و لە ڕوواڵەتدا دژیەکن، مەگەر تەنیا لە بازنەی فراوانی ئەوین و عاشقیدا، بە یەک بگەنەوە.

وەختێک ڕووبەڕووی ئەو جوانییە ڕیشەییانە دەبیتەوە کە ئاگر لە هەناوت بەر دەدەن، بە دیار هەڵبژاردنی یەکێک لەو هەستانەی پێکەوە هاشاوڵت بۆ دێنن، دەستوپێ سپی دەمێنیتەوە.

ئەز بۆ خۆم وەختێک جوانییەک دەبینم، هەم دەمەوێت چرکەیەک زووتر بەوانی دی ڕابگەیەنم و خۆ لە دەست هەستی ناخهەژێنم قوتار بکەم، هەم دەیشترسێم، ئەو گوڵەی بە لای منەوە جوانێکی لەڕادەبەدەر بووە و ناخی منی بە جارێک بێقەرار کردووە، بە دەست ئەوانی دییەوە بژاکێت و هێندە بێپەروایانە بە لایدا تێپەڕ ببن، منیش لە ئاست جوانناسیی خۆمدا بکەومە گومانەوە!

هەرچەندە سروشتی من وایە، بچووکترین جوانی و چاکە ببینم، حەز دەکەم دەستخۆشی لە خاوەنەکەی بکەم و ئەو ڕێز و گەورەییەیش بۆ ئەوانی دی نەقڵ بکەم، ئاخر ئێمەی مرۆڤ فێرین، بە ناوی پیرۆزنەکردن و گەورەنەکردنی ئەوانی ترەوە، لە ئاست نیشاندانی گەورەپیاوان و سەردارانی ڕێبازی مرۆڤایەتیدا، تا ڕادەی بێئەمەکی کەمتەرخەم بین و بە پاساوی پاراستنی مرۆڤ لە پلە و پێگەی مرۆڤبوونی خۆیدا، خۆمان لە خستنەڕووی نموونە جوان و باڵاکاندا بدزینەوە. ئەوەیشی وامان لێ دەکات وا بین، جگە لە ئیرەیی و هەستی بێتوانایی لە ئاست گەیشتن بەو جۆرە ئینسانانەدا، چی دیکە نییە و نابێت!

کتێبی مەجالیسی پێشەوا ئەحمەدی غەزالی و ڕاڤەکردنەکەی لە لایەن مامۆستا قانع خورشیدەوە، یەک لەو جوانییە دانسقانەیە، کە بە بێدەنگبوون لە ئاستیدا، دەکەومە تەنگژەیەکی پڕ لە ئازاری ویژدانەوە!

ئاخر بەسەر دێڕ و بڕگەیەکدا تێناپەڕیت، فرمێسکی گەیشتن بە جوانییەکی نوێ، یان حەسرەتی بێئاگایی لە ئاست حەقیقەتێکی کۆندا، دۆشداماو و حەپەساوت نەکات.

پێشەوا ئەحمەد هێندە خۆی گوشیوە، تەنیا بەوەدا ڕادەگات، گوشراوی زانست و خواناسییت بە بەردا بکات، ئەو نەچووە وەکو عالەم، هەرچی کاڵوکوڵاو و قسەی سواو هەیە، دەردخواردتی بدات، بەڵکو پەنجە دەخاتە سەر ئەو برینە قووڵانەی کە خەڵکی تر دەستیان پێ ڕاناگات، وەختێکیش وەڵامەکانیت گوێ لێ دەبێت، ئەوجا دەزانیت ئەم پیاوە لەگەڵ پیت بە پیتی قورئان و سوننەتدا چەنێک ورد و قووڵ ژیاوە، وەها وشە بە وشەی قورئانی پەی پێ بردووە، جگە لە سەرسامی و دەمبەشکردنەوە لە ئاستیدا، چی دیکە بەشت نابێت.

ئەو وەختێک لەبارەی وەحی، پێغەمبەرایەتی، قورئان و فەرموودەوە دێتە قسە و ڕازی ئایەتەکانت بۆ ئاشکرا دەکات، ئەوجا هەست دەکەیت، تۆ هێشتا قورئانت وەک خۆی نەخوێندووەتەوە و زۆرت ماوە تا بتوانیت، مشتێک لەو خەروارە پڕ بەهایە بۆ خۆت وەچنگ بخەیت.

تا گوێت لە مەجالیس نەبێت، دەرک بەو تەنگبینی و خۆبچووکردنەوەیەی بەناو قورئانییەکان ناکەیت و ئەو حەقیقەتەت بۆ ڕووشن نابێتەوە کە هەر بەڕاست، ئەوانەی بە گژ فەرموودە و قورئان و دیندا دەچنەوە، لەوپەڕی نزمی و تەسکبینییانەوەیە نەوەک عاقڵی و ڕووناکبیرییان.

بە وێنەی دڵی عاشقێک، کە هەرچی لەبارەی مەعشووقەکەیەوە بێژێت، هەر تەسکینی نایەت و هێشتا وا بزانێت هیچی نەگوتووە، مینا شەیدای جوانییەک، کە تینووی ئاوازێکی جوان و ناخبزوێن بێت و لەپڕ سەدایەکی شیرین و غەریبی بە گوێدا بچرپێنن، وەکو قوتابییەکی پەرۆشی زانست، کە بە مەعریفەیەکی نوێدا بتەقێتەوە و دونیایەک هەست لە ناخیدا پەنگ بخواتەوە، کۆتایی بە قسەکانم دێنم، ڕێک لەو جێگەیەدا دەوەستم، کە شریتی قسەم وا خەریکە بەرەو کرانەوە دەچێت!

تەنیا داواتان لێ دەکەم، ئەم باسوخواسە بە گوتەی زل و ڕیکلام تێ مەگەن و بە دڵێکی ساف و پەرۆشەوە بڕۆنە خزمەت ئەو تۆمارە دەنگییانەی مامۆستا قانع، کە لەبارەی ڕاڤەی کتێبەکەوە تۆماری کردوون، تا بۆخۆتان ئەوە ببیستن، کە من ئێستا دەمەویست باسی بکەم، بەڵام جارێ توانای دەربڕینیم نییە.

 

تێبینی: هەفتانە لە تێلیگرامی هاوسانییەوە ڕاڤەی مەجالیس دادەنرێت، دەتوانن لەوێوە گوێبیستی بن.

https://t.me/hawsani

پێنووسەکانی تری ئەم نوسەرە
بێوه‌فایی
2017-11-12      1655 جار بینراوە
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی