ڕانانێک لەمەڕ لەبارەی تەنیاییەوە

نووسینی: شادان عوسمان
کتێبەکانی هاوسانی 2022-07-08 کۆمێنت 1 خولەک بۆ خوێندنەوە 1502 جار بینراوە

لەبارەی تەنیاییەوە لە نووسینی نووسەر قانع خورشیدە، ناونیشانی کتێبەکە  ڕەنگدانەوەی ناوەڕۆکەکەیەتی کە بە قەولی نووسەر خۆی شیکردنەوەی بامرنێی قووڵی ئەم چەرخەیە کە "تەنیاییە".
لەم کتێبەدا دوای شەنوکەوکردنی چەمکی تەنیایی و خستنەڕووی جیاوازییەکەی دگەل تەنیابووندا، لە میانەی چەند دەقێکەوە تەنیایی و هۆکارەکانی تەنیابوونی ئادەمی ورد و زەریف وێنا کراوە؛ دەقەکان لە نووسراوی گەورە نووسەر و ئەدیبانی جیهانن؛ لەوانە: چیرۆکنووسی مەزنی ڕووسیایی چیخۆف و تراژیدینووسی ئێرانی سادقی هیدایەت، مەنفەلووتیی میسریی ڕەوانبێژ و پێغەمبەری ئەدیبان جوبران خەلیلی بە ڕەگەز لوبنانی و چیخۆفەکەی ئێران مەنسووری یاقووتی.

دەقەکان بە وەرگێڕانێکی جوان وەرگێڕدراونەتە سەر زمانی شیرینی کوردی، زمانی هەر دانەیەکیان هەڵگری خاسیەتی خۆی بوو، لێ زمانی وەرگێڕانی گوڵخاس کە م.شڤان وەریگێڕابوو، بێئەندازە قەشەنگ بوو، گەرەکم بێت باسی بکەم لە تام و چێژی کەم دەکەم، بە جۆرێک جوان و شیرین وەریگێڕابوو، مرۆڤ دڵی نەدەهات بە کپی بیخوێنێتەوە، تا کۆتایی بە دەنگی بەرز هەموویم خوێندەوە بۆ ئەوەی لەگەڵ چاومدا گوێیەکانیشم لە چێژەکەی پشکدار بن.

دوابەدوای هەر دەقێکیش نووسەر بە پەیڤی خۆی هەستاوە بە شیکردنەوەی دەقەکان و تیشکخستنەسەر پەیامەکانی تەنیایی لە پشتی وێنە ناسکەکانی دەقەکانەوە.

هەر نووسەرێک چەشن و جۆرێکی تەنیایی لە ژیانی مرۆڤەکاندا پیشان داوە؛ کە هەموویان لەگەڵ ناڵە و هاواری ئادەمیزادانی ئەم چەرخەدا یەک دەگرنەوە، لێ ئەو دەقەی دڵخوازترینیان بوو لای من چیرۆکی (خەفەتەکەم بۆ کێ بگێڕمەوە)ەکەی چیخۆف بوو.
چیرۆکنووس لە ڕێی ئایۆناوە بە شکڵێکی فرە ورد و پوخت دەردی بێهاودەمی و هاودەردی خستۆتە بەر دیدی خوێنەر. لە کاتی خوێندنەوەیدا بۆ ساتێک بیرت دەچێت ئەتۆی چیرۆکخوێن و ئایۆنایش کەسێتییەکی ناو چیرۆکەکەیە، بەڵکو هەر وا هەست دەکەیت ئەوە خۆتی بەو هەموو داخەوە و بەسەر ماینەکەتەوە لە ڕۆژێکی بەفراوی لە شارێکی قەرەباڵەغدا بە دوای هاوکەلامێکدا وێڵیت، لێ سەرەنجام دۆشداماو و هیوابڕاو دەبیت کە سەرباری پڕبوونی شار لە خەڵک، دانەیەک نییە گوێی دڵ بە قسەکانی تۆ بدات.

ڕاستییەکەی (داودی قەمبوور)ی هیدایەتیش شتێکی لەوەی چیخۆف کەمتر نەبوو، لێ ئەوەی وای کرد من ئایۆنام لا سەرنجڕاکێشتر بێت، تەسککردنەوەی چەمک و پەیامی تەنیایی بوو لە چیرۆکەکەدا لە ڕێی ناشرینبوونی شکڵ و شێوەی داودەوە؛ چون بۆی هەیە خوێنەرێک سەر ڕاست بکاتەوە و بێژێت: ئەی من چی؟ خۆ من لە شکڵ و شێوەدا بێکێشەم، لێ هەر تەنیا و بێهاودەمم!

خاڵێکی تری کتێبەکە چیرۆکی گوڵخاس و باسی تەنیایی یەکێک لە کەسایەتییەکانی چیرۆکەکەیە کە "مام کازم"ە، هەرچەند م.قانع بە تێر و تەسەل ئەوەی ڕوون کردووەتەوە کە  مام کازمیش وەکی ئایۆنا تەنیایە، لێ سەرباری ئەمەیش من هێشتا لەگەڵ ڕای ئەوانەدام کە دبێژن: تەنیایی مام کازم بە هیچ جۆرێک ئەندازەی ئایۆنای گالیسکەوان پڕووکێنەر نییە. ئاخر جیاوازە کەسێک دەردەدار بێت و نەفەرێک نەبێت پێی بێژێت لێت دەگەم، دانەیەکی دیش بە چواردەورادا بە دڵنەوازکەر دەور درابێت. هەر لە مرادعەلی، پیرەمێردەکە و کاک مورتەزای چایخانە، بانوو خانمی خێزانی و فەرەیدوونی کوڕی تا دەگات بە ژنی خاوەنماڵەکەیش، لە دڵدانەوە و هاوغەمبوونیدا درێخییان نەدەکرد. ئیدی ئەم کاملای وەکو ئایۆنایە؟

تاگەکان    
مێژوو حەوتەمین کۆڕبەندی هاوسانی بوووژانەوە کونە ڕەشەکان سۆفیگەری پۆدکاست حەمەدۆک سیاسەت تەکنۆلۆژیا فیلم بۆ ئەوانەی وەكو خۆمن ڕەزا بابایی دەربارەی کتێب چیرۆک قوتابخانەکانی نوور
کتێبەکانی هاوسانی
2022-07-08 کۆمێنت 1 خولەک بۆ خوێندنەوە 1502 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی