بۆ ئەوانەی وەکو خۆمن

نووسینی: بەشدار ئیبراهیم
کتێبەکانی هاوسانی 2022-01-16 کۆمێنت 3 خولەک بۆ خوێندنەوە 2787 جار بینراوە

سەلام

هیوام سەلامەتیتە، خۆشم دەوێی، مامۆستاکەیشتم زۆر خۆش دەوێ.

ئەلحانەکە خەریکی خوێندنەوەی کتێبی (بۆ ئەوانەی وەکوو خۆمن)م، هەر بەڕاستی بۆ ئەوانەیە کە وەکوو خۆمن.

سەیری کتێبەکەم کرد، لەسەر بەرگەکەی وێنەی چا، یان قاوەیەکی تێدایە، لە تەنیشتیشی نووسراوە قانع خورشید، هەر وەک ئەوەی مامۆستا قانع بڵێت: وەرە مەلا گیان پێش ئەوەی دەست بە خوێندنەوەی کتێبەکە بکەیت، وەرە با چایەک یان قاوەیەک پێکەوە بخۆینەوە. جا لەبەر خۆمەوە دەمگوت: نا نا، ئەزیەت مەکێشە مامۆستا گیان، وەڵڵا ئەزیەتیشە، دواییش بە خۆمم دەگوت: دەی کورە قەی نا خۆ کەلاری زاوای خۆیان زۆر خۆش دەوێن، با دڵیان نەشکێنم، دەنا دوایی گوناحبار دەبم ها. یان مامۆستا قانع پێت بڵێت: نووسینی هەر بابەتێکی ناو ئەم کتێبە لە دوای خواردنەوەی چا"یەکی خەیاڵاوی نوسراوە، چونکە لەدوای چاخواردنەوە، مرۆڤ خەیاڵی باش دەڕوات و باشترین کاتێکە بۆ نووسین و ئەسپی خەیاڵ لە شەققەی باڵ دەدات، هەر بەڕاست پێم وا بێت هەر لەبەر ئەوە بوو کە دایمە کتریە چایەکەی ژوورەکەتان لە داخلی شەو و ڕۆژ ئیسراحەتی نەبوو، هەمیشە بۆ ئێوە دەسووتا، هەتا بەشکم یارمەتیتان بدات لە نووسینی چەند دێڕێکی جوانتردا.

یان وەک ئەوەی پێت بڵێت: خوێندنەوەی هەر بابەتێک لەو کتێبەیدا، هێندەی خواردنەوەی چایەک یان قاوەیەک ئارامت دەکاتەوە، چونکە ئەوانە قسەی ناخن، ئیتر مرۆڤیش بە گوێگرتن لە قسەی ناخ ئارام دەبێتەوە.

ئێستاکە شەوە، سەیرم کرد لەسەرەوەی کتێبەکە مانگێکی جوانیشی تێدایە، هەر وەک ئەوەی پێت بڵێت: جا ئەو بابەتانە بە شەوێ نووسراون، لەبەر تیشکی مانگی ئاسمانێ، ئاسمانێکی ساماڵی پڕ لە ئەستێرەی عاشق، ئەستێرە عاشقەکانیش لەکاتی نووسینی بابەتەکەدا کۆبوونەتەوەو جار جار لەدوای خوێندنەوەی چەند دێڕێک بەدزییەوە چاوێکیان لە یەکتری داگرتووە. یان پێت بڵێت: تخوا بەشەوێ بیانخوێنەوە و نقوم بە لە خەیاڵ، بەڵام چایە گەرمەکەشت لەبیر نەچێ، چونکە لە وێنەکەدا دیارە چایەکە گەرمە و هەڵمی لێ هەڵدەستێ، تیلە چاوێکیشم دایە ئەستێرە عاشقەکانی سەر بەرگەکەی، وەک ئەوەی پێت بڵێن: (شەو نەبێ ئەستێرە مەستوورن، بە کەم مەڕوانە شەو). خۆم پێڕانەگیرا، چوومە ناو کتێبەکە، هەر دەڵێیت برادەرێکی خۆشەویستە و دەمێکە نەتدیووە، جا هەر چی ئەتۆ لە ناخت دایە ئەویش وەک تۆیە، دەبینی هەمان شت لەویشدا هەیە، جاری وا هەیە دەڵێی: کورە خۆ ئەوە ئەو قسەیەی من بوو کە دەمێکە دەمەویست بیکەم، بەڵام نەمدەزانی چۆنی دەرببڕم، یان خۆ ئەوە منم قسە دەکەم، بەڵام لەویدا.

جا دەگەڵ برادەکەت دەکەویە قسان، ئەها برادەرێک کە هێندێک قسە هەیە نایگێڕیەوە و جار جاریش لە دوای قسەی برادەرەکەت کە هەمان قسەی ناخی تۆ بووە کردوویەتی دەڵێی: بەخوا خوێڕیت.

دەگەڵ کتێبەکەی ڕۆیشتم، ئاگام لەخۆ نەمابوو، هەتا وەختێکی سەرم هەڵێنا چۆکێک بەفر باریووە و چایەکەشم ساردوسڕ بووەتەوە، پەنجەرەکەم کردەوە، هەمووی هەڵم بوو، تنۆک تنۆک ئاوی پێدا دەهاتە خوارێ، کە سەیر دەکەم، سەیری چی بکەم! کورە خۆ بەفر باریوە، دەمێک بەدەم خەیاڵەوە چاوم بڕیە سەمای جوانی کلووەکان، دەستی یەکتریان گرتووە و بە یەکەوە بەدەم سەماوە دێنە خوارەوە، چاوەکیشم لە قەندیلی کرد، لە خوای بەزیاد بێت پڕی کردووە و مەترێک زیاتر باریووە، و ڕێی لێگرتووم، نازانم بۆچی؟ بەڵام دڵنیام بۆ منیەتی، ئێ خۆ کەس بەبێ هۆ ڕێ لە کوڕی خۆی ناگرێ، ئاخر خۆ هەموو دەزانن کە ئەمن کوڕی قەندیلم، بەڵام لەوانەیە ئەتۆش گوێت لێ بێت، ئەوە دەنگی قاسپەی کەوە، کەوەکان دەقەپێنن و قەندیلی ئەزیزم بۆی ناردووم، وەک ئەوەی بڵێت: بەشدار کوڕی خۆم سەرمایە، مێیە دەرێ، بەخوای دەقەسری، ئەها ئەوە وەک دیاری ئەو کەوانەم بۆ ناردووی، فەرموو، چیت دەوێ لەوان بپرسە، هەواڵی کام ڕەنووت دەوێ؟ ئەوان وەڵامت دەدەنەوە، پرسیاری هەر کانیەک، یان هەر لوتکەیەک دەکەیت، ئەوان خەبەردارن و بەواندا هەوڵم بۆ ناردوویت.

تەواو، بەڵام قەت تەواو نابێ.

تاگەکان    
هاوڕەگەزخوازی خوێندنەوە گفتوگۆ فەرهەنگ زانکۆ فێمینیزم بوووژانەوە یاسا ستەم ڕەزا بابایی کوردستان عێڕاق بووژانەوە لۆجیک كتێب
کتێبەکانی هاوسانی
2022-01-16 کۆمێنت 3 خولەک بۆ خوێندنەوە 2787 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی