گەشتێک لەگەڵ کتێبی «لەبارەی تەنیاییەوە»

نووسینی: محەمەد نەجمەدین
کتێبەکانی هاوسانی 2021-01-03 کۆمێنت 1010 جار بینراوە
دوای گەڕانەوەم لە پێشانگای نێودەوڵەتیی سلێمانی بۆ کتێب، لەناو کۆمەڵێک لەو کتێبانەی کڕیبوومن، چاوم دەگێڕا لە کامیانەوە دەست پێ بکەم. دەستم بۆ هەر کامیان دەبرد، دواتر دڵم بۆ کتێبی «لەبارەی تەنیاییەوە» لێی دەدا، بۆیە بڕیارم دا سەرەتا دەست بە خوێندنەوەی ئەو کتێبەیان بکەم. هەرگیز لەو بڕوایەدا نەبووم بەو جۆرە تێکەڵی ببم و گیرۆدەی ببم. بە جۆرێک، تا کاتی تەواوکردنی پێم خۆش بوو بەردەوام نزیکم بێت و، کات بەفیڕۆ نەدەم، بەڵام مەخابن زوو بە پایان گەیشت.

   لە سەرەتاوە، بەجوانی جیاوازیی نێوان تەنیایی و تەنیابوون باس کراوە. تەنیایی واتە بێکەسی، ژاکانی دەروونی، خەمۆکی، نائومێدی و نەرێنیبوون. بەڵام تەنیابوون واتە خەڵوەتکردن، دۆستایەتیکردنی خۆت و ئاسودەبوون. تەنیابوون خۆت هەڵیدەبژێریت و، لە جەنجاڵی دوور دەکەویتەوە، بۆ مەبەستێک کە خۆت خولیاتە. هەموومان پێویستمان بە تەنیابوون و کارلەسەرخۆکردنە. بەڵام تەنیایی، بە پێچەوانەی تەنیابوونەوە، لەناوبەر و فەوتێنەری ڕۆحەکانە.

   لەم کتێبەدا، بە زمانێکی شیرین و سادە، چەندین جۆری تەنیایی باس کراوە. جا لە زمانی واقیعەوە بێت، یان نووسەران و ئەدیبانەوە. یەک لەوانە تەنیایی وجوودییە، کە تەنیاییەکی گشتگیرە و لە ناخی هەموواندا بوونی هەیە. بە ئیمانێکی دامەزراو و، خواناسی و خۆدانەپاڵی خودا نەبێت، بە هیچ پڕ نابێتەوە. تەنیاییەکی تر، کە ڕۆحی مرۆڤی خواردووە، نەبوونی هاودەم و گوێگری قسە نەوتراوەکانی ناخمانە. زۆرمان، تاقە کەسێکمان بەسە، تاوەکو ئەم تەنیایی و بێکەسییەمان بڕەوێنێتەوە. خۆزگەمان بە حاڵی ئەوانە نەبێت، کە کەسیان دەست ناکەوێت ببنە هاودەمیان، ناچار پەنا بۆ دار، بەرد و ئاژەڵەکان دەبەن قسەی دڵیان لەتەکدا هەڵڕێژن.

   کامە دەوڵەمەند، پایەدار، عاشق و خاوەنشکۆیە لە خۆشترین سات و شادومانیەکانیدا وردە ئازار و دەردێکی هەیە، کە هۆکارەکەی جۆرێکی تەنیاییە و، دڵنیایە کەسێک نییە بەتەواوی قسەی دڵیی بۆ هەڵڕێژێت و، لەو خەم و خەفەتەی هەیەتی، تێبگات. گشت کەسێک بەشی خۆی ئازار و مەینەتییەکی هەیە، کە ناتوانێت بۆ هیچ کەسی هەڵڕێژێت و باسی بکات. بۆیە کەسی ژیر، باش لەوە تێ گەیشتووە کە هیچ مرۆڤێک نییە لەم دنیایەدا، بەتەواوی ئاسوودە و بێئازار و بێکێشە بێت. ئایا دەکرێت ئەم جۆرە تەنیاییە وا لێ بکەین ڕۆحمان نەخوات؟ بەڵێ، بێگومان بۆ کەسێکی خاوەن ئیمانی پتەو بە خودا ئەم حاڵەتە زۆر ئەرێنییە، چونکە ئیمان نوورێکی بەتینە و، گەرمی بە گیانی مرۆ دەبەخشێت و، دەرمانی ئەم دەردەی دەکات. ئیمان، ڕازونیاز لەگەڵ خودا و پەرستش و نزا، ئازارشکێنێکە خەیاڵیش پەیی پێ نابات. کاتێک ئیمانمان بەوە هەیە خودا دوور دەکەوێتە تیلەی چاو، بزەی لێو، ترپەی دڵ و یەک-یەکی هەناسەکانمانە و، بە تێکڕای بەرزی و نزمییەکانی ژیانمان ئاگادارە و، هیچی لێ ون نابێت. لە ڕووکەشدا وا دیارە ئەمە زۆرێک لە خۆشی و کەیفمان لێ بسەنێت، بەڵام لە ڕاستیدا ئەمە ئارامی، هێمنی و ئاسودەییەک دەبەخشێتە ئەو گیانە؛ لە قەلەقی و خەفەتی نەبوونی پەیبردوویەک بە حاڵمان، موعجیزەئاسا ڕزگارمان دەکات.

   دەکرێت بگوترێت هەمووان پێویستە لە دایک ببینەوە و ڕابچڵەکێین، کە ئەم لەدایکبوونەوەیە ئازار و دەردەسەری و مەینەتیی خۆی هەیە. مرۆڤەکان -زۆربەیان- وەک گۆمێکی مەنگ وان و پەنگیان خواردووە، پێویستیان بە شڵەقان و دەردێکی سەختی وەک هاتنە دنیایە، تاوەکو دەست بکەنەوە بە ژیان. ئەم دووبارە لەدایکبوونەوەیە ڕەگی لە عیرفانیشدا هەیە، ئەم  لەدایکبوونەوە و ڕاچڵەکینە هێندێک کات بە هۆی عیشقێک، مامۆستایەک، ناسینی پەیامێک، یان هەر شتێکی ترەوەیە، ئەمە لەکەسێکەوە بۆ کەسێکی تر جیاوازە.

  بەشێکی دیکەی کتێبەکە ناوی «خەمۆکیی لاڵ»ـە، کە دەقی جوبران خەلیل جوبران‌ـە و کوردێنراوە و ڕاڤەی بۆ کراوە. زۆر بەزوویی تێکەڵی ئەم بەشەی کتێبەکە دەبیت و، دوور نییە زۆربەمان وەک ئاوێنەیەک خۆمانی تێدا ببینین؛ باسێکی گرنگی تێدایە، ئەویش ئەوەیە هەندێک کات مرۆڤ خەفەتبارە، وەلێ گەر لێی بپرسیت هۆکار چییە، دەڵێت نازانم. زۆرجار هۆکاری ئەوەی نازانین بۆ خەمبارین و خەمێکی قووڵمان هەیە، ئەوەیە کە هیوایەکمان هەیە و، دەمانەوێت پێی بگەین و کارێکی بۆ بکەین؛ بەڵام بارودۆخ یان هەر هۆکارێکی تر ڕێگر و کۆسپە و، ناهێڵێت هەنگاو بنێین؛ ئەمانە دەبنە هۆی پەژارە و خەمێک، کە خۆیشت هۆکارەکەی نازانیت و درکی ناکەیت.

   جۆرێکی دیکەی تەنیایی هەیە، سەرچاوەکەی لە بێکارییەوەیە و زۆر ئازاربەخشە. لە ڕاستیدا، کار مرۆڤ ماندوو دەکات، بەڵام بێکاری مرۆڤ تەنیا دەکات، دەردی بێکاری لەناوبەرە. بێکاری بۆ زەنگین و هەژاریش هەر دەردە، چونکە ناسنامەی ئەو کەسە دەخاتە ژێر پرسیارەوە و، پێی وایە ئەو بێکەڵکە و، بۆ خۆی و دەوروبەر هیچ سوودی نییە و بارگرانییە بۆ دەوروبەری. ئازاری ئەم بێکارییە بۆ هەژاران چەندان قاتە و هەر ڕۆژێکی مردنە.

   لە پاشدا باسی پیری دێت کە ناکرێت لەتەکیدا تەنیایی باس نەکرێت، تەنیایی و پیری دوانەیەکی لێک دانەبڕاون. بە تەبیعەتی حاڵ، مرۆڤ لە پیریدا هەستی تەنیایی لا دروست دەبێت، چون هاوڕێکانی کەم دەکەن، جا بە هۆی کۆچکردنەوە بێت، یان ناسینی باشتری کەسەکانەوە بێت. بۆیە بەردەوام دەیەوێت هاودەمێکی هەبێت تا تەنیایی ناخی نەخوات. گەر پیرێک هاودەمێکی نەبێت، یان دەستی نووسین و شیعری نەبێت، تاوەکو هەستی تەنیایی تێدا خاڵی بکاتەوە، ئیدی تەنیا ماوە بڵێین لە چاوەڕوانیی کۆچدا ڕۆژ دەباتە سەر.

   کۆمەڵێک باسوخواسی گرنگی دیکە هەن، وەک تێڕوانینەکانی سادقی هیدایەت، چیخۆف، دۆستۆیڤسکی و سەرگوزەشتەی گوڵخاس، کە زیاتر تێکەڵی بابەتەکەت دەکەن و بەرەو خۆیانت دەکێشن، جێی دەهێڵم خۆت بچیتە خزمەتیان.

   ئەوەی گرنگە بوترێت، تەنیایی هەستێکی وجودییە لە ناخی ئینسانەکاندا بوونی هەیە، بەڵام پێویستە نەهێڵین گەورە بێت و ببێتە لەناوبەری ڕۆحەکانمان، بەڵکو دەبێت ئەو بۆشاییە پڕ بکەینەوە و، بە هەر هۆکارێک بووە خۆمانی لێ دەرباز بکەین، لە هەمان کاتدا، پێویستە چێژی تەنیابوون و خەڵوەتیش بنۆشین و، لەگەڵ خۆماندا ئاشت و ئاشنا بین.
تاگەکان    
دەربارەی_کتێب مۆدێرنیتە کۆیلایەتی گێڕانەوە کرێکار #پیری وەلی_ئەمر سەرفیترە چیرۆک ژن ژیانی پێغەمبەر خاڵبەندی ئەدەبیاتی فارسی بوونەوەری_ئاسمانی کۆرۆنا
کتێبەکانی هاوسانی
2021-01-03 کۆمێنت 1010 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2020 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی