ڕانانێک بۆ کتێبی هونەری سادەنووسی و جواننووسی

نووسینی: زانا لاهووری
کتێب 2020-11-26 کۆمێنت 1044 جار بینراوە

«مەستانە بنووسە و هۆشیارانە پێیدا بچۆرەوە.»
ئێرنیست هێمنگوەی، لە کتێبەکەوە



ڕەنگە ڕۆژێک لە ڕۆژان، هەر یەکەمان نووسینێک دایتروسکاندبین و بەتاساوی بەدیاریەوە ڕامابین. دەکرێت جاروبار، ناوەڕۆک ئەو سیحرەی لێ کردبین، لێ زۆر جار زمانی نووسەرە، دەمانحەپەسێنێت. ئه‌گه‌ر بێت و لەو نووسەرە بپرسین، چی وای لێ کردی بەو زمانە جوانە بنووسیت، له‌وانه‌یه‌ وەڵامێکی وای لا نەبێت، بەڵام هەموو نووسینێکی جوان، خاوەن کۆمەڵێک خاڵی هاوبەشە و گەر بە گەڕانێکی ورد و کونجکۆڵانەوە تێی بڕوانین، بۆمان دەردەکەوێت داوی جوانیی ئەم نووسینە لە کوێدایە.

   کتێبی (هونەری سادەنووسی و جواننووسی)، یەکێکە لەو کتێبانەی، خوێندنەوەی بۆ هەر کەسێک کە لە کایەی فەرهەنگیدا کار دەکات، پێویستە. جا بۆ کەسێک خوولیای نووسینی هەبێت، دەبێت چەندهێندە پێویست بێت. ڕەنگە لەنێو فەرهەنگی کوردیماندا، کەمترین قسەوباس دەربارەی نووسەرێتی و نووسینی جوان کرابێت، یانی نووسەری زمانجوانمان هەیە، بەڵام کەمینەیان لەسەر زمانی جوان دواون. ئەم کتێبە بە شێوەیەکی زۆر ورد و جوان، کە نووسەر بە سوودوەرگرتن لە ئەزموونی نووسەرێتیی خۆی و کۆمەڵێک سەرچاوەی دیکە، شاکارێکی ئافراندووە. بەشی یەکەمی کتێبەکە باس لە دیوی تێوریی زمانی نووسین دەکات و کۆمەڵێک بنەمای گرنگ دەخاتە بەر باس.

    نووسەر بەوردی و وریاییەوە باسەکانی خستووەتە ڕوو، ئەو واى بۆ ده‌چێت هەموومان دەتوانین بنووسین ئەگەر کۆمەڵێک بنەما بزانین، مەرج نییە زمانی هەموومان جوان بێت، وەلێ هیچ نەبێت دەتوانین ناشیرین نەنووسین. نووسەر پێی وایە ڕاهێنانی زۆر و ئەزموون، کارگەرییەکی سەیریان لەسەر جواننووسی هەیە، لە هەمان کاتدا دەڵێت ئەو کەسەی ئەگەر بەهرەی نووسینی تێدا نەبێت، ئاسان نییە بتوانێ ببێت بە خاوەن نووسینێکی جوان. ئەو بەهرە بە مەرجێکی سەرەکی دەزانێت و دەڵێت با جگێکیش بێت، لێ هەر دەبێ هەبێت، چونکە هەبوونی بەهرە هەنگاوی یەکەمە بۆ نووسەرێتی.

   یەکێکی تر لەو باسانەی لە زۆر شوێندا جەختی لەسەر دەکاتەوە، کەسی دوێنراو(مخاطب)ە. نووسەر وای بۆ دەچێت، قەڵەمبەدەستان دەبێت زۆر ئاگاداری هەستی دوێنراو بن و بزانن بۆ کێ و بە چ شێوازێک دەنووسن. ئاخر ئەگەر نووسەر قسەبۆکەری خۆی نەناسێت، ئەوە بەئاسان نووسینەکەی دڵ ناگرێت و نابێتە جێی سەرنجی خوێنەران. نووسینی جوان بەلای نووسەرەوە، ئەو نووسینە نییە کە پڕە لە وشەی نامۆ و بیانی، بەڵکو نووسینێکە ساکار و بە دەربڕینی خۆی، خۆمانە و له‌دڵه‌وه‌ده‌رچوو.

   بەشی دووەمی کتێبەکە، باسی چۆنێتیی سادەنووسی و جواننووسی، زیاتر لە ئەزموونی نووسەرەوە دەکات. ئەو له‌و باوه‌ڕه‌دایه‌ نووسەر دەبێت، ئەو بابەتەی لەسەری دەنووسێت، زۆری لێ ڕامابێت، هەروەها لەگەڵ چەندین هاوڕێیدا و ئه‌گه‌ر نه‌بوو له‌گه‌ڵ خۆیدا، وتووێژی لەسەر کردبێت. ئاخر نووسەر بۆ ئەوەی شتێکی نوێ بڵێت، دەبێت زیاد لە خوێنەر لێی قووڵ بووبێتەوە. لە کتێبەکەوە ئەوە فێر دەبین، دەبێت لە کاتی نووسیندا، دوێنراوێکمان هەبێت، نەک چەندین دوێنراو، ئاخر ئەگەر لەباتیی چەند کەسێک، تەنیا کەسێک یان دوو کەسمان لە زەیندا بوو، ئەو کات نووسینەکەمان زیاتر دڵگر و خۆمانە دەبێت، ئاخر ئەوە وا دەکات فشارمان بۆ نەیەت لە کاتی نووسیندا و ئاسانتر و سروشتیتر هەستەکانمان دەرببڕین.

    هەر کات هەستت بە قورسیی نووسین کرد، یان لە کاتی نووسیندا وشە و واژەکان بەئاسان بە بیرتدا نەهاتن و نەڕژانە سەر کاغەز، ئەوە گومان لە نووسەرێتیی تۆ دەکرێت. ئەو پێی وایە نابێت ترسمان لە کاغەز هەبێت و نەوێرین دەستی بۆ ببەین، تەنانەت نابێ بۆ نووسین، شوێن و کاتی تایبەت تەرخان بکەین، بەڵکو نووسین دەبێ وەکو گفتوگۆ ساکار و خۆڕسکانه‌ بێت بە زەینماندا. نووسەر جەخت لەوە دەکاتەوە نووسین چەند سادە و ڕوون بێت، هێندەیش بۆ خوێنەر سەرنجڕاکێشترە.

    ئەو باس لە گرنگیی خوێندنەوە دەکات بۆ دەوڵەمەندبوونی زمانی نووسین و لەناو خوێندنەوەیشدا بەتایبەت باس لە شیعر دەکات، لە چەندین شوێندا ئەوە پاتە دەکاتەوە هەموو ئەو شیعرانەی ڕۆژێک لە ڕۆژان خوێندووماننەتەوە و ئێستا لە بیرماندا نەماون، یارمەتیدەرێکی زۆر باشن بۆ پێکهێنان و داڕشتنی وشە و ڕستەی جوان و دڵگر. ئەو دەڵێت تا دەتوانن دیوانی شاعیران بخوێننەوە و کەڵکییان لێ وەربگرن، چونکە شاعیران لە هەموو کەس زیاتر شارەزای پێکهێنان و چنینی ڕستەی جۆربەجۆرن.

  ئەو ئامۆژگاریمان دەکات هەموو ڕۆژێ بنووسین، با بڵاویشی نەکەینەوە، ئاخر لای ئەو کاری نووسەرییش وەکو هەر کارێکی تر، پێویستی بە ڕاهێنان و دووبارە کردنەوەی بەردەوامە و بۆ هەر نووسینێک، ئەزموونێکی نوێ فێر دەبین. نووسەر زۆر بەجوانی لەسەر جیاوازیی نێوان زمانی قسەکردن و نووسین، پەخشانی زانستی و وێژەیی دەدوێت، کە بۆ خۆیان ئەوانیش کۆمەڵێك خاڵی گرنگن و قسەوباسی زۆر هەڵدەگرن.

   ئەگەرچی لە کۆی کتیبەکەدا جەخت لەسەر ئەوە کراوه‌ته‌وه‌، نووسین تاکو ساکارتر و ڕوونتر بێ، هێندە جوانتر و باڵاترە، بەڵام باس لەوەیش دەکات ئەوە نووسەرانی ڕاستەقینەن، توانای نووسینی لەو شێوەیەیان هەیە، چونکە هەر نووسینێکی سادە و بێگرێوگۆڵ، کە دێتە بەردەستی ئێمە، نووسەرێک ئارەقەی شین و مۆری بە دیاریەوە ڕشتووە، ئاخر چەندە سادە بنووسین، هێندە قورستر و ئەستەمترە. بەڵام سادەنووسی و جواننووسییش نابێ بە شێوەیەک بێت ناوەڕۆکی بە قوربان بکەین، لە هەمان کاتدا نابێ بە ناوی ناوەڕۆکی ئاڵۆز و زانستییەوە، زمانی جوان لەبەین ببەین و پێمان وا بێت، ناکرێت بە زمانێکی سادە و جوان، ناوەڕۆکێکی قورس و ئاڵۆز بخەینە ڕوو.

چەند تێبینی و ڕەخنەیەک:
1. کتێبەکە لەبەر ئەوەی کۆکراوەی کۆمەڵێک وتار و پاژێک لە کتێبێکی نووسەرە، جۆرێک هەست بە پەرش و بڵاوی دەکرێت، واتە نووسەر نەهاتووە وەک توێژەرێک بەوردی لەسەر باسەکان ڕابوەستێت و کۆی باسی پێوه‌ندیدار دابڕێژێت و دووبارە نەیەتەوە سەری، بەڵکو بە شێوەیەکی تا ڕادەیەک پەرشوبڵاو -وەکو کۆ- ئەو مەبەستەی کە دەیەوێ بیگەیێنێت، لە چەند شوێنێکی جیاوازدا هاتووەتەوە سەری. هەر ئەو هۆکارەیش وای کردووە کە نووسەر لە چەندین جێگەدا قسەی دووبارە بکات، بەڵام بە داڕشتن و دەربڕینی جیاواز. ئەمەیش تاوانی نووسەر نییە، چونکە وتاره‌کان لە کات و شوێنی جیاوازدا نووسراون و وەرگێڕ کۆی کردوونەتەوە، نایشکرێ بڵێین وەرگێڕ تاوانبارە!

2. گومان لە ڕوونی و جوانیی زمانی وەرگێڕ و نووسەر ناکرێت، بەڵام کتێبەکە لە پەڕەی (٣٥) بە دواوە تاکو بەشی دووەم، واتە پەڕەی (٦٧)، کەمێک باسەکان قورس دەبن و خوێنەر بەزەحمەت لێیان دەڕواتە پێش، ئەمیش بەشێکی بۆ زانستیبوونی ئەو بابەتانە دەگەڕێتەوە، بەڵام لەبەر ئەوەی خوێنەر چاوەڕوانی ئەوەیە کتێبەکە وەک کانی ڕوون و ڕەوان بڕوا، کەمێک تووشی خاوخلیچی دەبێت.

3. لەبەر ئەوەی وەرگێڕ لە نزیکەوە دەناسم، دەزانم زۆر خۆشی لە چاوگی (کردن) نایەت و تا پێی بکرێت بەکاری ناهێنێت، بەڵام ئەم دیدەی وەرگێڕ وای کردووە لە هەندێک شوێندا کۆمەڵێک دەستەواژە زۆر ناخۆش بێنە بەرگوێی خوێنەر، بۆ نموونە لەجیاتیی ئەوەی بڵێت تۆمار نەکراون، دەڵێت «نەتۆمارێنراون»، یان لەباتیی ئەوەی بڵێت دابەش بکەین، دەڵێ «داببەشین»!

4. لە باسی مەرجی پەخشانی ستاندارددا «زۆرترین بەکارهێنانی وشەی باو و دەربڕینە ئاشنایەکان» بە یەکێک لە مەرجە سەرەکییەکان دەزانێت و کەچی، هەندێ وشەی ئینگلیزی لەباتیی عەرەبی یان کوردی، کە خوێنەری کورد کەمتر پێی ئاشنان، وەکو«دۆکترین و پەزڵ...» بەکار هێناوە. من دەزانم وەرگێڕ لەو کەسانە نییە بۆ خۆهەڵنان ئەو وشانە بەکار بهێنێت، بەڵام هۆی بەکارهێنانیان چییە، نازانم!

5. هەندێ وردە هەڵەی تر، کە ئەمانە لە نەزانییەوە نییە، بەڵکو هەڵەی مێشکین و ناکرێت وەرگێڕی لەسەر لۆمە بکرێت. بۆ نموون لە پەڕەی (٨٩)دا لەباتیی دیپلۆمات نووسیویە «دیلپۆمات». یان لە پەڕەی (٩٨)دا کە باس لە داڕشتنەوەی ڕستەیەک دەکات، دەڵێت: «مرۆڤ، واتە ئاژەڵ، بە زیادکردنی نەریتی کۆمەڵایەتی بۆی،» لە کاتێکدا دروست ئەوەیە بڵێت: ئاژەڵ، واتە مرۆڤ، بە زیادکردنی نەریتی کۆمەڵایەتی بۆی. ئەم وردە هەڵانەی زۆر کەمە و دەکرا لێره‌ هەر باسیشم نەکردایە.

   ماوەتەوە بڵێم، کتێبەکە هەم لە ڕووی ڕێنووس، زمان و تایپەوە، لە ئاستێکی زۆر باڵادایە و لە دێڕ بە دێڕیدا هەست بە ماندووبوونی وەرگێڕ بەدەست داڕشتن و ڕێکخستنییەوە ده‌کرێت. ئەگەر زمانی نووسەر تاڤگە بێت، ئەوە زمانی وەرگێڕ کانییە، هەردووکیان بەپێی ئەو بنەمایانەی لە کتێبەکەدا باس کراون، نووسیویانە و وەریانگێڕاوە. من جگە لە دەستخۆشی و سوپاسی بێپایانم بۆیان، هیچی دیکەم نییە.

   ئەوەی دەیەوێ بنووسێت یان نووسەرە، دەبێ زیاد لە جارێک ئەم کتێبە وەخوێنێ، من بۆ خۆم تازە لە خوێندنەوەی بوومەتەوە، کەچی دووبارەخوێندنەوەی لە که‌له‌ی داوم!

تاگەکان    
دەروون کتێب دیزاینی زیرەک ڕانانی_کتێب گۆرانی یاسا مۆدێرنە فەرهەنگ نوێژ ڕەخنە ڕەزا_بابایی هاوڕەگەزخوازی وەلی_ئەمر سەرفیترە سیاسەت
کتێب
2020-11-26 کۆمێنت 1044 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2020 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی