کتێبی باسوخواسی بەندایەتی و ئەوینداری

نووسینی: ڕێکەوت عەبدوڵڵا
کتێبەکانی هاوسانی 2020-03-24 کۆمێنت 3206 جار بینراوە

ئەم کتێبە لە نووسەر و فەیلەسوفی ئێرانی دکتۆر عەبدولکەریم سرووش و بە وەرگێڕانێکی جوانی کاک عەلی حسێنی گەنج و لەناو چوارچێوەی پرۆژەی بیری میانڕەودا چاپ کراوە. وەک زێڕێکی پاڵفتەکراوی پوخت دەیبینم کە بە کوورەی دڵی دەیان ئەوینداردا تێپەڕیبێت و دانە دانە مرواریی نزای دەیان پێغەمبەر و شاعیر و ئەوینداری ڕێی مەعشووقی حەقیقی بۆ کردووین بە تەسبیحێکی سەدویەکدەنکی و لە گەردنی هەریەکێکمانی کردبێت، نەک بۆ ئەوەی ئێمەیش بیگرین بەدەستەوە و هەمان نزا بڵێینەوە، بەڵکو بۆئەوەی فێرمان بکات بەوسادەییەی کە هەین پریاسکەی دڵی خۆمان لەبەردەم مەعشووقی نازداردا بکەینەوە. حەلاج ڕاستی دەوت، «مەعشووق سەرتاپا نازە نەک ڕاز.»
خودا ڕازێکی دژەئاوەز نییە بەڵکو نازدارێکی خۆشەویستە، لەبەر ئەمەیە پەیامبەران بەپێچەوانەی فەیلەسووفانەوە لەناو خەڵکیدا جێی خۆیان کردۆتەوە و دڵی خۆشەویستانیان ڕفاندووە، ئەوەیە جیاوازیی نێوان خوای فەیلەسووفان و خوای پێغەمبەران. خودای فەیلەسووفان تەنیا دەبێت مشتومڕی لەسەر بکەیت، بەڵام خودای پێغەمبەران دەتوانرێت لە ڕێگەی نزاوە بانگ بکرێت و هەندێکجار نیازەکانتی لەگەڵ باس دەکەیت و هەندێکجاریش هیچ نیازێکی ئەوتۆت نییە و هەر بانگکردنەکە بۆ خۆی دەبێتە ئامانج. نزا و پاڕانەوە بەرلەوەی کەرەستەی ژیان بن پیشاندانی بەندایەتین، پتر لەوەی خواستی لەش بەدی بهێنن پێویستیی دڵ دابین دەکەن و زیاد لەوەی سفرە بڕازێننەوە خۆراک بە ڕووح دەبەخشن. لێرە لە خزمەتی خودادا نەک مێزەر، بەڵکو بە ویستی خۆت سەریشی پێوە دەدۆڕێنیت.
ئەوەیش دەزانیت کە نزا و وەڵامی نزا هەر هیی ئەوە و خۆی فێری کردووین. حەزرەتی ئادەم ئەوکاتەی لە بەهەشت سەرپێچیی کرد نەیدەزانی چی بکات و چی بڵێت هەر خۆی فێری کرد بڵێت، (رَبَّنَا ظَلَمْنَا أَنفُسَنَا وَإِن لَّمْ تَغْفِرْ لَنَا وَتَرْحَمْنَا لَنَكُونَنَّ مِنَ الْخَاسِرِينَ.)
هەر بۆیە مەولانا باشتر ئەمەی درک کردبوو، دەیفەرموو:
«هم دعا از تو اجابت هم ز تو
ایمنی از تو مهابت هم ز تو»
(خوایە گیان هەم نزا لە تۆوەیە هەم وەڵامی نزا
هەم تەنیایی لە تۆوەیە و هەم ترسیش)

ـ بابەتی ترس و ئومێد، خەوف و عیشق هەمووی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو!
ئەسڵی بابەتی ترس بۆ شکاندنمان نییە، بەڵکو بۆ کردنەوەی چاوەکانمانە.
«یک لحظە داغم می کشی یک دم بە باغم می کشی
پیش چراغم می کشی تا وا شود چشمان من»

مەولانای دڵبراو جارێکی تر دەڵێت:
(یەک چرکە داخم بە جەرگەوە دەنێیت، واتا ڕووداوە تاڵەکانم بەسەرا دەبارێنی و ساتێکی تر بە باغم دەبەیت، بارودۆخی شادیم پێ دەبەخشیت و دەمبەیتە بەردەم چرا و ڕووناکی تەنیا بۆئەوەی چاوی من بکرێتەوە و باشتر ببینم و زێتر تۆ بدۆزمەوە، واتا هەرچیی خێر و شەڕت هەیە هەمووی بۆ خێری منە نەک شتێکی تر بۆ کرانەوەی چاوی دڵی منە نەک ئامانجێکی تر.)

تێبینی:
- بابەتی نزاو پاڕانەوە وەک بابەتی گوناهـ‌ بەتەواوی بابەتێکی دینییە و مەیبەنە ژوورە سنوردارەکانی عەقڵەوە بیبەنە ناو باخەکانی دڵەوە.
- ئەم کتێبەم لە کاتی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و لە کاتی خۆدابڕینم لە ماڵەوە خوێندۆتەوە و بۆ خۆی چێژی تایبەت و دەرگای نوێی لێ کردوومەتەوە و ئەم نوسینەیشم بۆ پرۆژەی ئاسۆی گەشەپێدان نووسیوە.
- کتێبەکە ٤٠٧ لاپەڕەیە و دیزاینێکی جوانی بەرگ و ناوەڕۆکی بۆ کراوە و بە زمانێکی تا بڵێیت پاراو وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی کوردی و ئەوپەڕی ماندووبونی پێوە دیارە.

تاگەکان    
شەڕ باران دەروون شیعر کتێبی هاوسانی ستەم یاسا قودس حەوتەمین کۆڕبەندی هاوسانی کۆمەڵکوژیی بۆسنە پۆدکاست دەروونی ڕەخنە سایکس-بیکۆ زانست
کتێبەکانی هاوسانی
2020-03-24 کۆمێنت 3206 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی