ڕۆشنیری کورد کێیە؟
2020-03-26      1797 جار بینراوە        کۆمێنت

لە ئێستادا بە هۆی ئەو پێشکەوتنە خێرایەی لە بواری تەکنەلۆژیادا هاتۆتە ئاراوە، جیهان بووە بە گوندێکی بچووک. ڕووداوێک بەسە بۆ ئەوەی زۆربەی خەڵكی لە جیهاندا بیزانن، کە زۆرجار بەشێک لەم ڕووداوانە دەبنە مایەی هەڵوێستەلەسەرکردن لەلایەن ڕۆشنبیرانی کوردەوە و بەتایبەت لە باشووری کوردستان.

ڕۆشنبیران لە باشووری کوردستان هەڵوێست و قسەکانیان لە چوارچێوەی ئەوەدایە، پێیان وایە ئەوان لەپێناو مرۆڤایەتیدا دەنووسن و دژی هەر جۆرە ئازاردان، کوشتنی مرۆڤ و ئاژەڵ و تەنانەت زیانگەیاندن بە دارێک یاخود ژینگەی کۆمەڵگان.

هیومانیزم (مرۆڤدۆستی) چییە؟

واتای مرۆیی، یان مرۆڤایەتی دەبەخشێت. بە هەموو ئەو تیۆریانە دەگوترێت کە بڕوایان بە بەختەوەری و ڕێزدانان بۆ کەسایەتیی مرۆڤ و پێشکەوتنی هەمەلایەنی مرۆڤ و پێکهێنانی هەلومەرجێکی لەبار بۆ ژیانی کۆمەڵایەتیی مرۆڤ هەیە.

هیومانیزم بریتییە لە پەیوەندی و کۆنتاکتی ڕەوشتی ناسک، کە بنەما و بناغەکەی دەرهاتووی ناخی مرۆڤە، بەمەبەستی توندوتۆڵکردنی پەیوەندییەکانی مرۆڤ لەگەڵ ژیان، ژینگە و کۆمەڵگاکەیدا. لێرەوەیش ئەوە دەگەیەنێت کە هیچ شتێکی مرۆڤانە نییە کە نامۆ بێت بە مرۆڤ.

هیومانیزم، وەک شێوازێکی ژیان بە واتای مرۆڤدۆستی و ڕوانینەمرۆڤ، وەک ئەوەی کە بوونەوەرێکی هۆشمەندە و دەبێت ڕێز لە توانا و کەرامەتی بگیرێت، بۆ ئەمەیش مرۆڤەکان هیچ جیاوازییەکیان نییە.

ئەگەر ئەم دێڕانەی سەرەوە بخوێنینەوە، کە لەسەر مرۆڤدۆستی نووسراون و، بیرێک لە ڕابردوو بکەینەوە دەبینین ڕۆشنبیری کورد لەبارەی ڕووداوی هێرشکردنەسەر گۆڤارى شارلی ئیبدۆ لە فەرەنسا هەڵوێستیان هەبوو، ڕۆشنبیرێک دەنووسێت: «پەلاماردانی گۆڤاری شارلی ئیبدۆ لە سەرەتای ٢٠١٥دا، پەلاماردانی ئازادیی ڕادەربڕین بوو.»

هەروەها هەر بە هۆی مرۆڤدۆستییانەوە زۆر گرنگی بە وەرگێڕانی کارەساتی هوڵۆکۆست دەدەن زۆر زیاتر لەوەی کار بکەن بۆ ئەوەی ئەنفال بناسێنن بە جیهان بۆ ناساندنی جینۆسایدی جوولەکەکان لای گەلی کورد، ڕاستییەکەی ڕۆشنبیرانی کورد ئەو شەڕەی دەیکەن بە ناوی مرۆڤدۆستییەوە و پێان وایە دەبێت پێکەوەژیانی ژێر دەسەڵاتێکی سیکۆلار دروست بێت، لەسەرو تێڕوانینی ئایینەوە بەدیاریکراوی ئایینی ئیسلام بڕواننە مرۆڤ تەنیا دروشم و قسەی زلە. کاتێک دێتە سەر ئازارەکانی مرۆڤی موسوڵمان بێدەنگ دەبن و وشەیەکیان لە دەم نایەتە دەرەوە لە کاتێکدا لە وڵاتێکی گەورەی وەک چین کە سیستمێکی شیوعی باڵادەستە کەمینەیەکی موسوڵمانی تێدا دەژی، نزیکەی سەد ملیۆن کەسن بەگوێرەی په‌یمانگای سیاسه‌تی ستراتیژیی ئوسترالیا له‌ ڕاپۆرتێكدا كه‌ له‌ ڕۆژنامه‌ی واشنتۆن پۆست بڵاو كراوه‌ته‌وه‌، باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ به‌ هه‌زاران موسڵمانی ئیگۆر كه‌ ده‌ستبه‌سه‌رن له‌ زیندانێكدا وێڕای ئه‌وه‌ی پێشتر سزا ده‌دران و ته‌لقینی بیروباوه‌ڕیان ده‌كرا، ئێستا به‌زۆره‌ملێ بۆ كاركردن ڕاپێچی ٢٧ كارگه‌ ده‌كرێن له‌ ٩ كه‌رتی جیاجیای چین، له‌ نێویاندا كارگه‌ی پێڵاوی براندی نایکی (Nike) كه‌ براندێكی جیهانییه‌ له‌ چین.

به‌پێی راپۆرته‌كه‌ ئه‌و ده‌ستگیركراوه‌ موسڵمانانه‌ له‌ نێوان ساڵانی (2018 – 2019) له‌ كه‌رتی شینگیانگ له‌ شوێنی كاركردن و نیشته‌جێبوونیان دوور خرانه‌وه‌ و به‌ره‌و كه‌مپێكی زۆره‌ملێی هاوشێوه‌ی زیندان بردیانن به‌ بیانووی بنبڕكردنی په‌ڕگیریی ئایینی، به‌ڵام له‌ دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا و بۆ پڕكردنه‌وه‌ی زیانه‌ ئابوورییه‌كان، حكومه‌تی چین له‌نێو كارگه‌كاندا كاریان پێ ده‌كەن بێ ئه‌وه‌ی هیچ هه‌قده‌ستێكیان بۆ سه‌رف بكات.

یاخود لە وڵاتێکی وەک هندستان کە زۆرینەی هندۆسن ڕۆژانە ئازار و ئەشكەنجەی کەمینەی موسوڵمانانی ئەو وڵاتە دەدرێت، کە ژمارەیان زیاترە لە سەد و حەفتا ملیۆن موسوڵمان، لە تازەترین بڕیاریدا پەرلەمانی ئەو وڵاتە ڕایگەیاند ڕێگە نادەین ڕەگەزنامە بە هاووڵاتیانی کۆچبەری موسوڵمانی هەرسێ وڵاتی دراوسێی کە ئەفغانستان، پاکستان و بەنگلادیشن، بدرێت. کاتێک خۆپیشاندانی ناڕەزاییش دەستی پێ کردووە زیاتر لە پێنج هەزار کەسیان دەستگیر کردووە و چەند کەسێکیان کوشتووە، هەروەها هێڵەکانی پەیوەندییان لە ناوچە موسوڵماننیشینەکان ڕاگرتووە.
بەڵام لەم کاتەدا ڕۆشنبیران بێدەنگییان هەڵبژاردووە، بە بڕوای من دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی لە ناخی زۆرینەیاندا هەڵگری ڕقن بەرانبەر مرۆڤی موسوڵمان، نەک هەر مرۆڤدۆست نین، بەڵکو دژی ئایینەکەیشن کە ئیسلامە، پشتگیریکردن لە موسوڵمانانیش وەک ڕێگایەک نابینن بۆ پەیداکردنی پارە، ئەگینا ئەوان کەمپینی پاراستنی مافی ئاژەڵان، دار، سەوزایی و ژینگە دەکەن، بە دەیان ڕێکخراوی ژینگەیی و سروشتییان دروست کردووە و ساڵانە پارە و نەسریەی بۆ وەردەگرن لە حسابی ئەم میللەتە، لەولایشەوە ئێوارەیان لێ هات بەرەو باخی گەورەپیاوانی حیزب دەڕۆن بۆ خواردنی گۆشتی ئاسک و برژاندنی بە دارودرەختی وڵات!

لە هەرێمی کوردستانیش، لە ئێستادا کە نەخۆشیی کۆرۆنا پرسێکی گەرمە، ئەم قەڵەمبەدەستانە وەک بڵێی زۆر خەمی خەڵکیان بێت، گەورەترین هەرایان لەسەر مامۆستایانی ئایینی و یەکێتی زانایان دروست کرد، کە ئەنجومەنی باڵای فتوای هەرێم وتیان ناتوانین لەم كاتەدا نوێژی هەینی بوەستێنین، بەڵام خۆیان گێل سەکەن لەوەی کە هەمان ڕۆژ ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی هەوڵی کۆبوونەوەی دا بۆ ڕاگرتنی دەوامی فەرمانگەکان و ڕێکاری پێویست بۆ خۆپاراستنی هاووڵاتیان، بەڵام حیزبە دەسەڵاتدارەکان هاتنە سەر خەت و نەیان هێشت بڕیاری لەسەر بدرێت، ئەی بۆ بێدەنگبوون؟ لە خەمی بڕینی پارەی سەنتەرەکانی بەناو توێژینەوە و ناوەندەکانی بەناو ڕۆشنبیری و پەرەپێدانی سیاسی و میدیا سێبەرەکانتاندا بوون؟ کە تا ئێستا بەردێکتان نەخستۆتە سەر بەردێک، یاخود ئێوەی ڕۆشنبیر وەک ڕۆبۆت دەبێت حیزب بتانجووڵێنێت و کات و شوێنی قسەکانتان بۆ دیاری بکات؟

ئەمەیە ڕۆشنبیری کورد، نەک هەر خەمی مرۆڤێتی لەوسەری دونیادا خەمی ئاژەڵ و ڕووەک و سەوزاییەتی، بەڵام بە هۆی ئەوەی حیزبەکەی لە هەناوی خۆیدا دژایەتیی ئیسلامی هەڵبژاردووە لە ئاست ئازاری ملیۆنان مرۆڤی موسوڵمان لە جیهاندا کەڕ و ڵاڵە، دەستی قەڵەم ناگرێت هیچ بنووسێت.


سەرچاوەکان:
١. ئومێد ناسح جیهانی، ناسیۆنالیزمی و مرۆڤدۆستی و عیرفانی تەبایەتییان هەیە؟

http://www.kurdistanpost.nu/?mod=news&id=85881 


٢. حەمەسەعید حەسەن، دەوڵەتی یاسا و دەوڵەتی فەتوا.

http://www.basnews.com/index.php/so/opinion/552110

 

٣. لوقمان غه‌فوور، قۆناغێكی نوێی پێشێلكردنی مافی موسڵمانانی ویگۆر له‌ چین.

https://www.facebook.com/profile.php?id=100001209901146

٤. مسوڵـمانانی هندستان.

https://ar.wikipedia.org/wiki/%D8%A7%D9%84%D8%A5%D8%B3%D9%84%D8%A7%D9%85_%D9%81%D9%8A_%D8%A7%D9%84%D9%87%D9%86%D8%AF

 

٥. توانا ئەمین، کەمپینی پاراستنی ئاژەڵی بێلانە.

https://www.facebook.com/PageTwanaAmin/posts/2765059566922413  
 

سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی