جاهیل چۆنە؟
2018-06-12      1582 جار بینراوە        کۆمێنت

ئایا جاهیل (نەزان/نەفام) ئەگەر پەیامی حەقی لەڕێگەی کاروانی بازرگانی وڵاتەکەیەوە پێ بگات باوەڕ بە پەیامی حەق دەکات، یان نەخێر ئەوە تێگەیشتوو و تینوو بە حەق و ڕاستییە کە لە بەسیتترین ڕێگاوە حەقی پێ بگات باوەڕ دەکات؟!

ئیندۆنیزیا بە نموونە وەردەگرین، کە لە ڕێگەی کاروانە بازرگانییەکانەوە پەیامی حەقی پێ گەییشت و ئێستا وڵاتێکە لایەنگرانی حەق زۆرینەن لەوێ.

ئەبوجەهل کە خاڵی عومەری کوڕی خەتتاب و ئەبولەهەب کە مامی پێغەمبەری حەق (صلی اللە علیە وسلم) بوون، لەگەڵ ئەم خزمایەتییە نزیکەیاندا و لەگەڵ بینینی پەیامبەری حەقدا (صلی اللە علیە وسلم) باوەڕیان بە حەق نەهێنا!

وەک هەمووان دەزانن کە جاهیل بە مانای (نەزان) یان (نەفام) دێت، بە کەسێک دەگوترێت کە نکۆڵی لە حەق بکات، نەک کەسێک کە نەتوانێت بخوێنێتەوە یان نەیخوێندبێت. خوێندەوار کەسێکە کە خوێندنەوە بۆ مەخلووقەکانی خودا بکات و دان بە حەقیقەتی بوونی دروستکارێکدا بنێت کە سنووری دەسەڵاتی لە سەرووی هەموو دروستکراوەکان و گەردوونەوەیە.

هەندێکجار خوێندەواری لەوانەیە بە ئاراستەی گەییشتن بە جەهلتدا ببات، لەوانەیە ئەو پلە و پۆستەی کە بەدەستی دێنیت، ئەو بڕوانامەیەی کە بەدەستی دێنیت وات لێ بکات کە لووتت بکەیت بە ئاسماندا و بگەیت بە خاڵێک کە پێت وابێت هەموو شتێک دەزانیت، کە ئەوکاتە ئەوە لووتکەی جەهل و نەزانینتە کە پێت وایە هەموو شت دەزانیت.

هەر لەم سەردەمەی خۆماندا نموونە زۆرن، کەسانێک زۆرن کە خاوەنی دکتۆران یان پڕۆفیسۆرن بەڵام بڕوانامە و پلەکانیان خستووەتە خزمەتی کەسانێکی جاهیل و نەفامەوە، ئەمیەش هۆکارێکی سەرەکییە کە کۆمەڵگا بەرەو نەزانین و نەفامی دەبات، چونکە هەمووان ئێستا عەقڵیان لە چاویاندایە و کاتێک کەسێک بە پێشگری (دکتۆر) یان (پڕۆفیسۆر)ەوە قسەی بۆ دەکات، پێی وایە هەرچی بڵێت حەقە، لەکاتێکدا ئەوە گەورەترین نەفامییە ئەگەر بیرکردنەوەت وابێت.

بەشێکی ترمان باوەڕ بەو کەسانە دەکەین کە خاوەنی کۆشک و تەلار و سامانی زۆرن، ئاخر ئەگەر حەق لای دەوڵەمەند و پارەدار بوایە ئەوە پەیامی بێباوەڕانی سەردەمی پێغەمبەر سەردەکەوت و پێغەمبەری شوانی مەڕوماڵاتیش پەیامەکەی هەر ئەوکات دەپووکایەوە، بەڵام پەیامی حەق ئەوە بوو کە لای شوانێکی نەخوێندەواری (نەخوێندەوار لەڕووی نووسین و خوێندنەوەوە) هۆشیار بوو، لای کەسێک بوو کە لە مەخلووقەکان ڕادەما و بە ڕاستی دانی بە حەقیقەتدا دەنا، تا دواجار پەیامەکەی دوای هەزار و ئەوەندە ساڵ لە گەشەیەکی خێرادایە، گەشەی خێرایش لەناو چیدا؟! لەناو جیهانێکدا کە هەموو شتێک پێشکەوتووە جگە لە عەقڵەکان!

بۆیە لەخۆتانەوە کەس کافر مەکەن و بە جاهیل ناوی کەس مەبەن، بە شتێک کە بەلای تۆوە هەڵەیە خەڵک زەربی سفر مەکەن، بەتایبەتی ئەگەر کەسەکە هاوفکرت بێت دەبێت سەد جار و هەزارجار بیربکەیتەوە ئینجا نابێت بە کافر و جاهیل ناوی ببەیت.

سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی