کاتێک باشبوون بەس نییە بۆ مانەوە

نووسینی: ئەحمەد هادی
هونەری 2026-03-29 کۆمێنت 6 خولەک بۆ خوێندنەوە 187 جار بینراوە

دوای گەڕانەوەم لە پۆڵەندا، هیچ بەرهەمێکی سینەمایی نەیانتوانیبوو سەرنجم ڕابکێشن؛ زۆربەیانم لە نیوەدا بەجێ دەهێشت. بەڵام ئەم فیلمە، سەرەڕای ئەوەی بەهۆی سەرقاڵییەوە بە چوار دانیشتنی جیاواز تەواوم کرد، ئەزموونێکی جیاواز بوو و کە تەماشای هەر بەشێکیم دەکرد دەمێک لە دیاری وڕ دەمام، کە دەگەیشتمە ئەو حەقیقەتەی تەنها من ئەو کێشە و بابەتانەم لە خەیاڵدا نەبووە. هەوڵ دەدەم بە چەند ئەڵقەیێک، ئیشەڵڵا هەموو ئەو بابەتە قووڵانە باس بکەم کە هەستم پێ کردوون.

ئێمە لەسەر ئەو باوەڕە پەروەردە بووین کە باشبوون گرەنتیی مانەوەی هاوڕێیەتی و دڵخۆشییە، بەڵام فیلمەکە پێمان دەڵێت هەندێک جار تەنها باشبوون بەس نییە بۆ هێشتنەوەی کەسەکان. کارەساتەکە لەوێوە دەست پێ دەکات کە هاوڕێیەکی نزیکت، بێ ئەوەی شەڕ یان تووڕەییەک لە ئارادا بێت، لەناکاو و زۆر بەسادەیی دەڵێت: «چیتر نامەوێت قسەت لەگەڵدا بکەم.»

مرۆڤ بە سروشتی خۆی لە بۆشایی بێهۆکار دەترسێت. ئەگەر تۆمەتبار بکرێین، دەتوانین بەرگری لە خۆمان بکەین، بەڵام کاتێک تەنها دەوترێت: «چیتر تۆم بەدڵ نییە»، هیچ شوێنێک بۆ بەرگریکردن نامێنێتەوە. پەیوەندییەکان گرێبەستێکی دوولایەنەن؛ کاتێک لایەنی بەرانبەر بە هەر پاڵنەرێک بێت یان بەبێ پاڵنەر بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی دەدات، تۆ هەرچەند مەلەوانێکی کارامە بیت، ناتوانیت لەو گێژاوە ڕزگارت بێت، چونکە بنەمای گرێبەستەکە شکاوە.

سەرقاڵیی «پادرایک» بە دۆزینەوەی هۆکارەکەوە شێتی نییە، بەڵکو هەوڵێکە بۆ چارەسەرکردنی مەتەڵێک کە هیچ پارچەیەکی لەبەردەستدا نییە. ڕستەی (I just don't like you no more: من چیتر کەیفم پێت نایە) قورسترین ڕستەی فیلمەکەیە. لێرەدا پێکدادانی نێوان دوو جیهان دەبینین، یەکێکیان ئازادیی دەوێت و ئەوی تریان ڕوونکردنەوە. «کۆڵم» خۆی بە بەرپرسیار نازانێت بەرانبەر ڕوونکردنەوەی بڕیارەکەی بۆ پادرایک، بەڵام پادرایک ناتوانێت بەبێ هۆکار بژی. کاتێک پادرایک وەڵامی دەست ناکەوێت، دەست دەکات بە دروستکردنی هۆکار لە خەیاڵی خۆیدا، زۆربەی جار بەوە کۆتایی دێت کە بڵێت: دیارە من کەسێکی بێکەڵکم یان بێزارکەرم. یاخود لە ژیانی واقعیدا، بە هەزار شێواز و بیرکردنەوەی تری جیاواز کۆتایی پێ بێنین.

ئەمە وێنەی ڕاستەقینەی زۆربەی پەیوەندییە تێکچووەکانی ژیانمانە؛ یەکێک ڕادەکات و ئەوی تر شوێنی دەکەوێت. شوێنکەوتووەکە وا دەزانێت بە گفتوگۆیەکی تر دەتوانێت هەموو شتێک چاک بکاتەوە، بەڵام لەو کاتەی شوێنی کەسێک دەکەوێت کە ئەمی ناوێت یان تەنیا ئازادیی دەوێت، لەجیاتیی چاککردنەوەی پەیوەندییەکە تەنها بابەتەکە ئاڵۆزتر دەکات. بۆ کەسێکی وەک کۆڵم، میهرەبانییەکەی پادرایک وەک قورساییەکی خنکێنەر وایە. بڕینی پەنجەکانی کۆڵم، ڕق نەبوو لە پادرایک، بەڵکو دروستکردنی دیوارێکی خوێناوی بوو بۆ پاراستنی ئەو سنوورەی کە پادرایک نەیدەویست بیبینێت. لە کاتێکدا پادرایک ئاوا تێنەگەیشتووە و هەر جارێک بە هیوایێکەوە دەکۆشێت. جارێک وا دەزانێت یەکی نیسانە بۆیە، دوایی وا دەزانێت کۆڵم نازی بەسەردا دەکات. ئەم دوو هاوڕێیە و بەتایبەتییش کۆڵم، ناتوانێت بۆ پادرایکی بسەلمێنێت، چونکە هیچ هۆکارێکی بەدەستەوە نەداوە و پادرایکیش هەر خەریکی دۆزینەوەی ڕێگای نوێیە بۆ چارەسەکردنی!

پاشان ململانێیەکی فەلسەفی سەرهەڵدەدات: ئایا مرۆڤ بۆ دڵخۆشیی خۆی و دەوروبەری دەژیێت، یان بۆ جێهێشتنی ناو و ناوبانگ؟

کۆڵم ترسی مەرگ و لەبیرنەمان دایدەگرێت، بۆیە دەیەوێت پارچە میوزیکێک بەجێ بهێڵێت تا دوای ١٠٠ ساڵی تریش ناوی بمێنێتەوە. ئەو پێی وایە باشبوون لەگەڵ پادرایکدا کاتبەفیڕۆدانە، چونکە پاش مەرگی هەردووکیان، کەس ناویانی لە بیر نامێنێت. بەڵام لۆژیکی پادرایک مرۆییترە؛ ئەو خەمی داهاتوویەکی نادیار ناخوات، دەڵێت: «من هاوڕێتم، ئەو کاتانەی بێتاقەت و بێکەسیت من لێرەم بۆ ئەوەی لەگەلتدا بم، چ پێویستە بیر لە ١٠٠ ساڵی تر بکەیتەوە؟»

ڕاستییەکی تاڵ هەیە کە ئێمە هەمان شت لە ژیانماندا دەبینین، ئەمە ئەو دووڕێیانەیە کە هەموومان تێیدا دەژیین: یان وەک کۆڵم هەفتەی ٨٠ کاتژمێر کار دەکەین بۆ سەرکەوتن بەڵام کەسمان نییە نانێکی لەگەڵدا بخۆین، یان وەک پادرایک بە ژیانێکی سادە ڕازیین بەڵام هەست دەکەین لە کاروانی پێشکەوتن دوا کەوتووین.

فیلمەکە لە ڕێگای «شیۆبان»ی خوشکی پادرایکەوە پێمان دەڵێت کە هیچکامیان بەتەواوی سەرکەوتوو نین. ئەم فیلمە هێندە ڕەهەندی قووڵی تێدایە، کە هێشتا زۆری ماوە بۆ باسکردن...

چوارشەممە - 11/03/2026

10:53 PM

قاوەخانەی شار، هەولێر، کوردستان

تاگەکان    
کتێب گەشتە بەهیواکەم زانکۆ فەرهەنگ هاوڕەگەزخوازی ئایا سۆفیا تەکنۆلۆژیا ژن کۆمه‌ڵه‌ بەڵگه‌یه‌ک که‌ له‌ شوێنی خۆیاندا نین فیکر کوردستان دەربارەی کتێب موناجات نیشتیمان باران
هونەری
2026-03-29 کۆمێنت 6 خولەک بۆ خوێندنەوە 187 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2026 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی