سیانەی بارودۆخی مرۆڤ، ڕووبەڕووبوونەوەی گەنجێک لەگەڵ سیستمێکی گەندەڵدا

نووسینی: عەلی قوبادی
هونەری 2024-02-08 کۆمێنت 4 خولەک بۆ خوێندنەوە 600 جار بینراوە

جەنگ بکوژی جوانییەکانە. ئەمە ناسێنەری فیلمی بارودۆخی مرۆڤە. ئەم فیلمە ڕیالیزمییە لە سێ بەشی سێ کاتژمێری پێکدێت و کاری دەرهێنەری یابانی ماساکی کۆبایاشییە.

بارودۆخی مرۆڤ 1: ئەوینێکی گەورەتر نییە (1959)

بارودۆخی مرۆڤ 2: ڕێگەی نەمری (1959)

بارودۆخی مرۆڤ 3: نزاکانی سەربازێک (1961)

فیلمەکە باس لە بارودۆخی گەنجێک دەکات بە ناوی کاجی لە کاتی دووەمین جەنگی جیهانی. کاجی گەنجێکە کە عاشقی جوانییە و تاڵیی ڕۆژگاری نەچەشتووە و نەبووتە کەسێکی دنیاویست.

ئەوینی کچێک لە دڵیدایە، ئەم ئەوینە تا کۆتایی فلمەکە دەبێتە ڕۆشنکەرەوەی ژیانی. دوای ئەوەی کاجی بانگ دەکرێت بۆ سەربازی، ئەویندارەکەی خۆی دەکاتە قوربانی و لەگەڵیدا دەچێت. بۆئەوەی نەبرێت بۆ سەربازی، کاجی ڕازی دەبێت بەوەی بنێردرێت بۆ کانێکی خەڵووز و لەوێ ببێتە بەڕێوەبەری بەشێک. لێرەدا بە سەدان کرێکار تا ئەوپەڕی ماندووبوون کار دەکەن. مرۆڤ تەنیا وەکو ژمارەیەک و ئامێرێکی کارکردن لێی دەڕوانرێت. هەم بەڕێوەبەرەکان گەندەڵن، هەم سیستمەکە پووکاوەتەوە.

مرۆڤ کە چووە نێو سیستمێکی گەندەڵەوە، دەبێت یان سیستمەکە ڕیشەکێش بکات -کە ئەمە بە ڕای زۆرینە کارێکی قورسە و بە تاک ناکرێت- یان ئەو سیستمە وەکوو مەکینە ئەمیش دەهاڕێت، چەشنی لافاو ئەمیش لەگەڵ خۆیدا دەبات و دەیخنکێنێت. دواتر نابێتەوە بە کەسەکەی پێشوو.

کاجی هەوڵ دەدات نەهامەتیی کرێکارەکان کەم بکاتەوە، ژیانێکی باشتریان هەبێت، خواردنی باشیان پێ بدرێت، چونکە سیستمەکە گەنیوە -گەر دروست بێت پێی بوترێت سیستم- لەگەڵ هەر هەنگاوێکی کاجیدا بەرەو باشتر، سیستمەکە دوو هەنگاو بەرەو خراپتربوون دەچێت. لەم شوێنانەدا، چونکە سەرلەبەری شوێنەکە خراپە و داڕووخاوە، مرۆڤ تەنیا بە چوونەنێوەوەی ئازار دەچێژێت، ڕەنگی ئەوێ دەگرێت، هەوڵ بۆ خۆی دەدات، بیانوو بۆ کاری خراپ دێنێتەوە و چاوپۆشیی لە هەڵەی دەسەڵاتداران دەکات. بۆیە کە کاجی جیاواز لەو خەڵکەی تر بیر دەکاتەوە، هەم سیستمەکە، هەم ئەوانەی سیستمەکەیان خراپ کردووە و هەم ئەوانەیشی کە ئەو جێگایە بیری بۆگەن کردوون؛ دژی دەوەستنەوە و تا پێیان بکرێت هەوڵی لەناوبردنی دەدەن.

مرۆڤ لە هەر بارودۆخێکدا بێت، پێویستە بە لانکەیەکی ئارام هەیە، گەر ئەم لانکە ئارامەی هەبوو، لە توانایدا دەبێت بەرگەی تەواوی ناخۆشییەکانی ژیان بگرێت. ئەوین گڕێکە، کەوتە دڵەوە بەستەڵەکی جەمسەرەکان ناتوانن بیکوژێننەوە. ئەوینی میچیکۆ کاجی ناچار دەکات ژیانی خۆش بوێت و هاوسەرگریی لەگەڵدا دەکات، هەمیشە لە کاتە سەختەکاندا ئەو ئەوینە بیری خۆی دێنێتەوە و دەڵێت پێویستە بژیم و بگەڕێمەوە بۆ لای میچیکۆ.

خاڵی گرنگ و جێی سەرنج لێرەدا ئەوەیە کە کاجی سەرەڕای خۆشەویستیی بۆ میچیکۆ، بەڵام هەرگیز وای لێ نەکردووە کارێکی نامرۆڤانە بکات و مافی خۆی بەسەر یەکێکدا بدات. بەڵکو بەپێچەوانەوە، زیاد لە جارێک ژیانی خۆی دەخاتە مەترسییەوە بۆئەوەی ژیانی کەسێکی تر ڕزگار بکات، ئاخر مرۆڤ گەر ئەوینێکی پاک ڕێی لێ گرت، دەبێت ئەم ئەوینە وای لێ بکات حەقیقەت و بەرخوودانی خۆش بوێت، جوانیی خۆش بوێت و دژ بە ناشرینی بێت. ئایا کاجی پێش ئەوەی عاشقی میچیکۆ بێت هەر خۆی کەسێکی مرۆڤدۆست بووە، یان ئەوینی میچیکۆ وای لێ کردووە مرۆڤدۆست بێت؟

مرۆڤ هەرکات شەڕی ناشرینی و خراپەی کرد، نازانێت لە کۆتاییدا خۆیشی دەبێتە قوربانیی شەڕەکە و خراپ دەبێت، یان بەسەلامەتی لێی دەردەچێت. هەر وەک نیچە دەڵێت: "ئەوی دگەل دێوەزمەدا دەجەنگێت، دەبێت وریا بێت خۆیشی لە نیوەی ڕێدا نەبتە دێو. گەر بۆ ماوەیەک لە کەندەڵانێک ورد ببیتەوە، ئەویش چاوی دەبڕێتە تۆ." بۆیە کە شەڕی ناشرینی دەکەیت، دەبێت وریا بیت.

مرۆڤ نابێت زۆری لێ بکرێت بۆ هیچ کارێک تا خۆی نەیەوێت. ئەمە ئەو کارەیە کە میچیکۆ بەرانبەر کاجی دەیکات، زیاد لە جارێک دژی کاجی دەوەستێتەوە بۆئەوەی کارێک نەکات، بەڵام هەمیشە دوای ئەوەی دەزانێت کاجی شەڕی ناشرینی دەکات، لەپێناو بەها باڵاکاندا تێدەکۆشێ، پێی دەڵێت بڕۆ کارەکە بکە، نامەوێ ببمە ڕێگرێک لە پێشتدا.

ئەم فیلمە جیاواز لە فیلمەکانی هۆڵیوود، چیرۆکی کەسێک لە شکستەوە دەگێڕێتەوە، هەم شکستی وڵاتەکەی، هەم شکستی خۆی. هۆڵیوود هەمیشە چیرۆکی سەرکەوتنی ئەمریکا و دروستکردنی کارەکتەرێکی خەیاڵیی درۆینە پیشانی بینەر دەدات. تەنانەت گەر باسی شەڕی ڤێتنام و ئەمریکات بۆ بکات، لێهاتوویی سەربازێکی ئەمریکییت پیشان دەدات و وێنە گەورەکەی شەڕەکەت ناخاتە بەرچاو. بەڵام بارودۆخی مرۆڤ وەک لە ناوەکەیدا دیارە، ڕۆدەچێتە نێو دەروونی مرۆڤەوە و لە بارودۆخە جیاوازەکاندا پیشانی دەدات.

چیرۆکی فیلمەکە تا ڕاددەیەک هاوشێوەی چیرۆکی کاتژمێر بیست و پێنجی کۆنستانتین ڤێرجڵی نووسەری ڕۆمانییە و بارودۆخی ناهەمواری سەردەمی جەنگ دەگێڕنەوە. ماساهیرۆ شینۆدای دەرهێنەری یابانی لە باسی فیلمەکەدا دەڵێت: "پێم وایە ئەم فیلمە لەژێر کاریگەریی فیلمی وەهمی گەورەی ژێن ڕینۆری فڕەنسیدایە. دەتوانین فلمەکە لە پۆلینێ ئەو فلمانەدا دانێین کە پێیان دەڵێن فلمی ڕێگا. چیرۆکی بارودۆخی مرۆڤ پێمان دەڵێت کاردانەوەی چینە جیاوازەکانی کۆمەڵگە بۆ شەڕ چۆنە."

سینەماتۆگرافیی فیلمەکە لە ئاستێکی بەرزدایە. لە چەندین دیمەندا کەشی جوانی خوڵقاندووە. زۆر جار بۆئەوەی مرۆڤ لەو بارودۆخە سەختەی جەنگدا پیشان بدات، لە کێلگەیەکی گەورەدا چەند سەرباز لە دوورەوە پیشان دەدات. لە دیمەنێکی تردا، کامێراکە لەسەر گۆشەی چل و پێنج سەربازەکان دەردەخات، وەکو ئەوەی پێمان بڵێت شکست و نائارامیی دەروونی بەم شێوەیەیە.

دەربارەی فیلمەکە:

- ئەم ژیانە هیی ئەوە نییە چاوەڕوانی دادپەروەریی لێ بکەیت.

خۆشەویستی لانکەی یەکەم و کۆتایی مرۆڤە. دوای هەر سەوکەوتنێک یان شتکستێک مرۆڤ دەبێت خۆشەویستێکی هەبێت و لەگەڵیدا بەشی بکات. (ئەم وتەیە لە فیلمی بەرەو ژیانی کێوی بەم شێوەیە هاتووە: بەختەوەری لەو کاتەدا ڕاستە کە لەگەڵ ئەوانی تردا بەش کرا.)

- باشبوون و هەوڵدان بۆ خزمەتکردنی بەها باڵاکان هەمیشە باجدانی پێویستە و بە گشت مرۆڤێک ناکرێت.

- پەیامی شەڕ؛ تێکدانی جوانی و ناشرینکردنیەتی.

 

سپاس بۆ هاوڕێم کاک بنار جەبار بۆ پێشنیارکردنی فیلمەکە.

تاگەکان    
ئەدەبیاتی فارسی زانست کرێکار کۆرۆنا شیعر خاڵبەندی ئیلحاد دەروونی قودس ئەنیمی مۆدێرنە بووژانەوە هاوڕەگەزخوازی ئیسرائیل ئازادی
هونەری
2024-02-08 کۆمێنت 4 خولەک بۆ خوێندنەوە 600 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی